شارستانیەتی یۆنانی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-22-21:00:00 - کۆدی بابەت: 10754
شارستانیەتی یۆنانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارستانیەتی یۆنانی (بە ئینگلیزی: Greek Civilization، بە عەرەبی: الحضارة اليونانية)، وەک یەکێک لە سەرەتاییترین شارستانیەتیەکان ناسراوە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشکەوتنی مرۆڤدا هەبووە.

سەرەتای شارستانیەتی مرۆڤ

شارستانیەتی یۆنانی کۆن وەک یەکێک لە سەرەتاییترین شارستانیەتەکان هۆکاری پێشکەوتنی مرۆڤەکان بووە. بەگشتی وشەی کۆن لەم چوارچێوەیەدا، بە واتای ماوەی نێوان ساڵانی ٨٠٠ بو ٥٠٠ پێش زایین دێت. بەڵام وەک دەزانین سەرەتای شارستانیەت زۆر زووتر سەریهەڵدا، ئەویش ئەو کاتە بوو کە مرۆڤەکان لە ڕاوچی-کۆکەرەوەوە بوون بە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی. ئەم گۆڕانکارییە زۆر گرنگە لە یۆنان لە سەردەمی بەردیندا ڕوویدا. دوورگەنشینەکانی یۆنان لە فراوانکردنی کێڵگەکانیان بەردەوام بوون و دەستیان کرد بە گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی پلەبەندی، کە هەندێک کێڵگە قازانجیان زیاتر بوو لە هەندێکی تریان. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووانە و سەرچاوە خۆراکییە مۆدێرن و جێگیرانە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەریان بۆ ناوچەکە ڕاکێشا و ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕوویان لە ناوچەکە کرد. بەمەش ژمارەی دانیشتووانی دوورگەکە و ناوچە وشکاییەکان بەرزبوونەوە و بناغەی هەردوو یۆنانی کۆن و مۆدێرنیان دانا.

سەرەتاییترین دانیشتووانی یۆنان

دوورگەکانی یۆنان لە مێژە گەنجینەی دۆزینەوە شوێنەوارییەکان بوون. مەزەندە دەکرێت مرۆڤەکان لە سەردەمی نیۆلیسیک (نزیکەی ٦٫٠٠٠ تا ٢٫٩٠٠ پێش زایین)ـەوە لە دوورگەکانی یۆنان نیشتەجێبوون، چەندین بەڵگەی شوێنەواریش دۆزرابوونەوە کە پشت ڕاستی ئەوە دەکەنەوە. بەپێی تۆنی سپافۆرس (Tony Spawforth) لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (چیرۆکی یۆنان و ڕۆما)، شوێنەوارناسان لە ساڵی ١٩٦٨ تەرمی پیاوێکی ئەشکەوتنشینیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ ٧٫٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوە، چەندین ئامراز کە لە هەمان ئەشکەوتدا دۆزرانەوە کە ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕاوچییە کۆکەرەوەکانی ناوچەکە لە دەوروبەری ٨٫٥۰۰ی پێش زاییندا ئامڕازە پێشکەوتووەکانیان بەکارهێناوە. هەروەها ئەوەشی دەرخست کە دانیشتووانی ناوچەکە گەشت بۆ دوورگە جیاوازەکانی دەوروبەری دەریای سپی ناوەڕاست دەکەن. توێژینەوە مۆدێرنەکان دەریانخستووە کە زۆرێک لەو دانەوێڵە و خۆراکی مەڕوماڵاتانەی کە یۆنانییە سەرەتاییەکان دروێنەیان کردووە لە تورکیای ئێستاوە سەرچاوەیان گرتووە. لەگەڵ ئەوەی دانیشتووان دەستیان دایە کاری کشتوکاڵی یەکەم خانووی دار دروستکرا و پیشەی گۆزەگەری هاتە ئاراوە.

یۆنان لە سەردەمی بڕۆنزدا (نزیکەی ٣٫٠٠٠ تا ١٫٢٠٠ پێش زایین)

ئەوەی کە یەکەم گەل کێ بوو کە کانزاکانیان لە بەرد دەرهێنا و کاریان لەسەر کردن بۆ ئەوەی لە دروستکردنی ئامێرەکاندا بەکاریان بهێنن شتێکی نادیارە، بەڵام وەک بەڵگەکان ئاماژەی پێ دەکەن یۆنانییەکان لە ساڵانی ٣٫٠٠٠ پێش زایین دەستیان کردبوو بە ئیشکردن بە مس، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەبوو کە لە گوندی سێسکلۆودا سەری دوو تەوری مسین دۆزراونەتەوە. بوونی مس و دواتریش تەنەکە، لەو کاتەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچ و بازرگانی بە شێوەیەکی بەردەوام لە گەشەکردندا بووە. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کەناراوەکانی تورکیا ئەنجامدرا، بەو هۆیەشەوە‌ چڵووچێوەی کەشتییەکی گەورە دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٣٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند تۆنێک مس و تەنەکە لەسەر پشتی کەشتییەکە دۆزرانەوە کە کاتی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی بڕۆنز بەکارهاتوون. ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر کانزاکان کران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە مسەکە لە قوبرسەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام‌ پێدەچێت تەنەکەکە لە ئەفغانستان، لوبنان یان ئیسرائیلەوە هێنرابێت. لەوانەیە ئەوە زانینخوازی مرۆڤ بووبێت کە هانیداون تا ئەو دوو توخمە تێکەڵ بکەن و ماددەی زۆر بەهێزتر پێک بهێنن کە دەتوانرێت‌ لە دروستکردنی ئامڕازی پێشکەوتووی کشتوکاڵیدا بەکاریان بهێنن. گەلانی یۆنان لە سەردەمی بڕۆنزیدا لە هەموو بوارەکانی وەکوو بەکارهێنانی کانزا و کشتوکاڵکردندا پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینی.

شارستانیەتە گرنگەکانی پێش یۆنانی کۆن

سێ شارستانیەتی گرنگ و جیاواز هەبوون کە مێژووەکەیان بۆ پێش یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە. ئەو شارستانیەتانەش بریتین لە سیکلادی و مینۆ و مایسنی.

  1. شارستانیەتی سیکلادیک (٣٫٢٠٠ تا ١٫١٠٠ پێش زایین): شارستانیەتی سیکلادی لە دوورگەکانی سیکلاد لە دەریای ئیجە گەشەی سەند. دوورگەکانی سیکلاد لە کۆمەڵە دوورگەیەک پێکهاتووە کە لە زیاتر لە ٢٫٠٠٠ دوورگە و دوورگۆكەن، لە ئێستادا تەنیا ٢٥ دوورگەیان نیشتەجێی لێیە. شارستانیەتەکە بە گشتی تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگەیەکی ماسیگر بوو کە سەرچاوە سروشتییەکانی تایبەت بە دوورگەکانیان دەچاند، هەندێک لەو سەرچاوانەش بریتی بوون لە گەنم، جۆ، دار زەیتوون و مەڕمەڕ. هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی شتومەکەکانیان و تێکەڵاوبوونی کولتووری دوورگەکان بازرگانی لە نێوان دوورگەکاندا گرنگ بوو و خەڵکەکەی گەشتیان بۆ دوورگەکانی دراوسێ دەکرد بۆ دۆزینەوەی هاوبەش و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان. لەگەڵ ئەوەی هەوڵێکی زۆر بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان درا، بەڵام دوورگەکان زۆر بچووک و بێ بەرگری بوون تا خۆیان لە هێزە داگیرکەرەکان بپارێزن. بۆیە مینۆییەکان بە هێزە دەریاییەکانیانەوە بە ئاسانی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەسەر گەلانی سیکلادیکدا سەپاند.
  2. شارستانیەتی مینۆ (٢٫٧٠٠ تا ١٫٥٠٠ پێش زایین): شارستانیەتی مینۆ بە یەکەم شارستانیەتی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت. ئەم شارستانیەتە لە دوورگەی کریت دۆزرایەوە و (سێر ئارسەر) بە ناوی پاشا (مینۆس)ـەوە ئەو ناوەی لێ ناوە. کریت ناوەندێکی بازرگانی بوو. سامانە سروشتییەکانی وەک دار، خووری، تەنەکە و مس لە کریت و دوورگە داگیرکراوەکانی دەرهێنران و بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی بازرگانیدا بەکار دەهێنران، لەوانە بڕۆنزی و سیرامیک. نزیکەی ١٥٠ کوپ لە شاری نۆسس (Knossos) دۆزرایەوە. بەهۆی هێزی دەریایی مینۆس و تۆڕی بازرگانی بەرفراوانی کریتەوە شارستانیەتی مینۆ لەڕووی سامان و کولتوورەوە برەوی پێ درا. دیارترین ناوچە کە لەسەر دوورگەی کریت دۆزراوەتەوە ناوچەی نۆسسە کە کۆنترین شاری یۆنانە. سێر ئارسەر کۆبینایەکی گەورەی دۆزیەوە و زەویەکەی کڕی بە مەبەستی کنەکردنی ئەو شوێنەی کە پێیوابوو ناوچەیەکی شوێنەواریی گرنگە. ئەوەی ئەو دۆزییەوە پاشماوەی پێکهاتەیەکی گەورە بوو، کە لە سەردەمی گەشەسەندنیدا زیاتر لە هەزار ژووری هەبووە. سەبارەت بە لەناوچوون و کۆتایهاتنی شارستانییەکە، دەوترێت شارستانیەتی مینۆ دوای کۆمەڵێک کارەساتی سروشتی کۆتایی هات. تەقینەوەی گڕکانێک لە دوورگەی سانتۆرین بوومەلەرزەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی تسونامییەکی خۆڵەمێشی و زۆربەی زۆری دوورگەکانی دەریای ئیجەی گرتەوە. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک لەسەر زیانەکانی تسونامییەکەی کریت ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو زیانانەی کە بە دوورگە بچووکەکان گەیشتوون کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بازرگانی هەبووە و لەڕووی ئابوورییەوە زیانێکی زۆریان بە کریت گەیاندووە. ئەم پووکانەوەی شارستانیەتی مینۆ ڕێگەی بە مایسنیەکان دا وەک دەسەڵاتی ناوچەیی سەرهەڵ بدەن.
  3. شارستانیەتی مایسنی (١٫٩٠٠ تا ١٫١٠٠ پێش زایین): شارستانیەتی مایسنی لە وڵاتی یۆنانەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە سایەی شارستانیەتی مایسنیەوە، پەرە بە زمانێکی نووسراو درا کە بە هێڵی بی ناسراوە، بە پێچەوانەی هێڵی ئەی مینۆییەوە، هێڵی بی مایسنی، دەتوانرێت وەک ڕێگاخۆشکەرییەک بۆ یۆنانی کۆن دەستنیشان بکرێت و دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی وەربگێڕدرێت. شارستانیەتی مایسنی بازرگانی لە ناوچەکەدا بەهێز کردەوە و فراوانتری کرد. شتگەلێکی لە عاج، زێڕ و مس دروستکراو لە ناوچەکەدا دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان بۆ ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە، ئەمەش ئاماژە بۆ چینێکی سەرەوە دەکات کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەیەکی زۆر دوورتر لە ناوچەکانی پێشتر هەبووە. مایسنیەکان لە پێکهێنانی کولتوورێکی یەکگرتوو لە نێوان هەموو یۆنانییەکانی سەر وشکانی و دوورگەکاندا بەردەوام بوون. سەرەڕای ئەوانەش، زۆرێک لە ئەفسانە یۆنانییەکان لە سەردەم و دوای لەناوچوونی مایسنیەکان سەریان هەڵدا، ئەو بناغانەی کە لەڕووی کولتووری یۆنانییەوە دایاننابوو، هەتا کۆتایی سەردەمی تاریکیش مانەوە.

سەردەمی تاریکی یۆنانی

زۆر ڕوونکردنەوە دەربارەی ڕووخانی شارستانیەتی مایسنی هەن، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان یەکلاکەرەوە نین. لە نزیکەی ساڵی ١٫٢٠٠ پێش زایین، ژمارەیەک کۆشکی مایسنی دۆزراونەتەوە. هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی شەڕێکی گەورە لە دوای داگیرکاریی دۆریانەوە سەریهەڵداوە؛ هەندێکی تر دەڵێن کە پووکانەوەی شارستانییەتەکە سیاسی بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هۆکارەکانی دیکەی لەناوچوونی شارستانیەکە وەک گۆڕانی کەشوهەوا، ئاگرکەوتنەوەی گەورە و وشکەساڵی وەکوو‌ هۆکاری پووکانەوەی شارستانیەتی مایسنی ئاماژەیان پێکراوە. ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەزانرێت ئەوەیە کە لەناوچوونی مایسنیەکان یۆنانی خستە سەردەمێکی تاریکەوە، کە بەهۆی ڕەشبوونەوەی هەموو گێڕانەوە و هونەرە نووسراوەکانەوە بەم ناوە ناونراوە. بەبێ بوونی بەڵگەی نووسراو و هونەری، شوێنەوارناسان کەم تا زۆر دڵنیانین لەوەی کە لە قۆناغی ١٢٠٠ تا ٨٠٠ ـی پێش زایین چی ڕوویداوە.

پاشان مێژووی یۆنان لە ساڵانی ٨٠٠ پێش زایین دەستی پێکردەوە. بۆ ئەوەی ببێتە ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. شارستانیەتەکانی یۆنانی سەردەمی بڕۆنزی سەرەتای پێشکەوتنی مرۆڤ بوون. بەڵام یۆنانی کۆن لەم شارستانیەتانە و زمانی مایسنی فراوان بوو و گەشەی سەند.


سەرچاوەکان



1355 بینین