خووە خراپەکان و چۆنیەتی ڕزگاربوون لێیان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-23-19:05:00 - کۆدی بابەت: 10757
خووە خراپەکان و چۆنیەتی ڕزگاربوون لێیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خووە خراپەکان (بە ئینگلیزی: Bad habits، بە عەرەبی: العادات السیئة)، جێگیربوونی هەندێک ڕەفتار لە مرۆڤدا پێی دەوترێت خوو، مرۆڤەکان هەمیشە کۆمەڵێک ڕەفتار ئەنجام دەدەن، کە ئەم ڕەفتارانە نموونەی هەڵسووکەوتەکانی بەدرێژایی ڕۆژەکە دروست دەکەن، کاتێک کە نموونەیەی ڕەفتاری تایبەت بەردەوام لە کەسێکدا دووبارە بێتەوە جا بە هەر هۆکارێک بێت، ئەگەر بیەوێت لە هەر بارودۆخێکدا ئەو ڕەفتارە بکات، ئەوا دەبێت بە بەشێک لە ژیانی و لەکاتی ئەنجام نەدانیدا هەست دەکات شتێکی ون کردووە و هەستی نەرێنی و خراپی لا دروست دەبێت.

خووە خراپەکان چۆن دروست دەبن؟

خووەکان دەتوانن بە دوو شێوەی جیاواز لە مرۆڤدا بوونیان هەبێت، خووە باشەکان، کە مرۆڤ بە قۆناغە گونجاوەکانی ژیان دەگەیەنن و دەبنە هۆی ئەوەی هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەبچێت. خووە خراپەکان، کە هەموو شتێک دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و لەوانەیە بەهۆی دەرکەوتنیان لە کەسەکەدا، کەسانی دەورووبەری لێی دووربکەونەوە و زیانی زۆر بە کەسەکە و ژیانی دەگەیەنن. دەکرێت ئەو کەسە خۆی پێی خۆش نەبێت بەردەوام ئەو ڕەفتارانە دووبارە بکاتەوە، بەڵام بەبێ ویستی خۆی و لەناکاو خۆیان نیشان دەدەن.  

چۆن بزانین خووی خراپمان هەیە و بیانناسینەوە؟

بیر لەو شتانە بکەنەوە کە لە دەورووبەرتاندا بوونیان هەن، ئەو کتێبانەی لەناو کتێبخانەکەتاندا هەیە، شێوازی قۆپچەکانی کراسەکەتان یان ئەو شەقامەی هەموو ڕۆژێک پیایدا تێدەپەڕن، هەوڵبدەن بە وردەکارییەوە باسی هەموویان بکەن، دەبینن کە ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن لەبەرئەوەی هەموو ئەو شتانە بۆ ئێوە ئاسایی بوونەتەوە و ئەوەندە دووبارەبوونەتەوە کە چیتر گرنگییان پێنادەن. خووە خراپەکان و ڕەفتارە هەڵەکانیش بەتەواوی وەکوو ئەو شتانەن کە هەموو ڕۆژێک دەیانبینن و دوای ماوەیەک چیتر هەست بە بوونیان ناکەن، وادەزانن هیچ خوویەکی خراپ لە ئێوەدا بوونی نییە.

هەندێک ڕێگا هەن کە بەهۆیانەوە دەتوانن ئەگاداری خووە خراپەکانتان بن:

١. زانینی هۆکاری دڵگرانی کەسانی تر

بزانە هۆکاری دڵگران بوونی کەسانی تر لێت چییە تەنیا یەک کەس مەکە بە پێوەر، دەکرێت کەسەکان بەهۆکاری جیاواز دڵگرانبن، گرنگی بەو هۆکارە بدە کە لە چەند کەسێکدا هاوبەشە و هاوڕان لەسەری، بەم شێوەیە بەئاسانی دەتوانیت بزانیت ئەو خووە خراپانە چین کە لە تۆدا هەن و دەبنە هۆی دڵگرانی کەسانی تر.

٢. ئەو شتانە چین ڕوونکردنەوەی درۆیان بۆ دەکەیت

هەر یەکێک لە ئێمە لەکاتی ئەنجامدانی هەڵەیەک یان کارێک کە لای خەڵکی جێگای قبووڵ نییە، دەست دەکەین بە بیانوو هێنانەوە و ڕوونکردنەوەی ناڕاست. ئەم ڕوونکردنەوانە لەوانەیە هەندێکجار ڕاستی بن، بەڵام زۆرجار خۆشمان دەزانین تەنیا بۆ ڕزگاربوون لە سەرزەنشت بەکاریدەهێنین. کەواتە ئاگاداری ئەوە بە ئەم کارە بۆ چ شتانێک زیاتر ئەنجام دەدەیت، دڵنیابە ئەوانە خووە خراپەکانی تۆن.

٣. ڕاستەخۆ پرسیارکردن لە کەسانی تر

داوا لە کەسانی تر بکە با پێت بڵێن، بەڕای ئەوان خووە خراپەکانی تۆ چییە، تەنیا قسەکانی یەک کەس مەکە بە پێوەر، بزانە ئەو شتە چییە کە زۆربەی کەسەکان پەسەندی دەکەن و هاوڕان لەسەری، بەمشێوەیە بەباشی خووە خراپەکانی خۆت دەناسیت.

٤. ڕەفتارەکانت بنووسەوە

ئەو ڕەفتارانەی بەدرێژایی ڕۆژ ئەنجامیان دەدەیت، بەوردی بیاننووسەوە، دوای نووسینیان بیانخوێنەوە و وایدابنێ ئەو نووسراوانە دەربارەی کەسێکی ترن، دوای چەند ڕۆژێک لە نووسین و خوێندنەوە، گرنگی بەو شتانە بدە کە هەڵە و زیانبەخشن.

٥. چاودێریکردنی خووە خراپەکانی کەسانی تر

خووە خراپەکانی کەسانیتر بدۆزنەوە بەبێ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەن. بزانن چ شتێک لە ڕەفتاری ئەواندا بوونی هەیە کە ئازاری ئێوە دەدات. دوای ئەوە سەیری خۆتان بکەن و بزانن ئایا ئێوەش ئەو خوو و ڕەفتارانە ئەنجام دەدەن یان نا. ئەگەر ئەم ڕەفتارانە لە ئێوەشدا بوونیان هەبوو، بزانن کە خووی خراپتان هەیە.

خووە خراپەکان باشتر بناسە

- دواکەوتن: دواکەوتن و درەنگ گەیشتن ڕەفتارێکە لەوانەیە تا ڕادەیەک کەسانی دەورووبەرت بیزانن و لەگەڵیدا ڕابێن، بەڵام دەکرێت هەندێک جار دەرفەتە باشەکانت بخاتە مەترسییەوە، چونکە ئەم خووە کەسانی تر زۆر بێزار دەکات. 

- بڕیاردان لەسەر کەسانی تر: هیچ کەسێک لە پلەیەکدا نییە کە بتوانێت بڕیار لە سەر کەس بدات، هیچ کەسێک بە تەواوی باش نییە و بڕیاردان لە سەر کەسانی تر یەکێکە لە خووە خراپەکان و دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت.

- بەردەوام دواخستنی ئیشی ئەمڕۆ بۆ سبەی: دواخستنی کارەکان دەتوانێت زیانی زۆری بۆ تۆ و ژیانت هەبێت.

- زیادەڕەوی: زیادەڕەویکردن دەتوانێت لە زۆربەی ساتەکانی ژیاندا هەموو شتێک خراپ بکات، نەهێڵێت کارەکان بەوشێوەیەی کە خۆت دەتەوێت بچێتە پێش و زیانت پێبگەیەنێت.

- درۆکردن: خووی درۆ کردن لە ژیانی ڕاستەقینەت دوورت دەخاتەوە ئیتر هیچ کەس بڕوات پێناکات و دەکەویتە بارودۆخێکەوە لە ژێر کاریگەری درۆکانت، هەموو شتێک لە دەست دەدەیت.

- خووی خراپ لە پەیوەندی سێکسیدا: پەیوەندی سێکسی بابەتێکی گرنگە هیچ کات لە ژیانی هابەشی کەسەکە جیانابێتەوە، کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت. کەواتە خووە خراپەکان لەو پەیوەندییەدا دەتوانێت ئازاری هاوسەر بدات.

- ئالوودەبوون بە جیهانی ئەلیکترۆنی: تێکەڵی و ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان خوویەکی خراپە، کە کاتێکی زۆرت لێ بەفیڕۆ دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیت لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینەدا زۆر کەمتر بێت.

- بەراوردکردن: ئەم خووە وادەکات لە هەموو کەسێک بێزاریت و ڕازیبوونت لە ژیانی خۆت کەم دەکاتەوە.

وازهێنان لە خوو دەبێتە هۆی نەخۆشی؟

لەوانەیە دوای وازهێنان لە هەندێک خوو، ئەو کەسە بکەوێتە بارودۆخێکی سەختەوە و کەمێک ئازاری بدات، بەڵام دەبێت بزانن بەردەوامبوون لەسەر ئەو خووە خراپانە کاریگەری نەرێنی زیاتری دەبێت و دواتر زیانی زیاتری پێدەگەیەنێت.

چۆن واز لە خووە خراپەکانمان بهێنین؟

١. دیاریکردنی خەڵات: دوای ئەوەی بۆ چەند ڕۆژێک وازت لە خووە خراپەکانی خۆت هێنا و دووبارەت نەکردنەوە، خەڵاتێک بە خۆت بدە بۆ ئەوەی خووە خراپەکانت بەتەواوی لەناو بچن. هەروەها دەتوانیت لەکاتی ئەنجامدانی ڕەفتارێکی باشدا خۆت خەڵات بکەیت، بۆئەوەی بەردەوام بیت لەسەری و ئەو ڕەفتارە باشه ببێت بەجێگرەوەی خووە خراپەکە.

٢. سەرنج خستنە سەر یەکێک لە خووە خراپەکان: سەرنجت بخە سەر یەک خووی خراپ و لەناوی ببە پاشان بڕۆ سەر خوویەکی تر، ئەگەر بتەوێت بە جارێک هەموو خووەکان تەرک بکەیت و دووربکەویتەوە لێیان، دڵنیابە زۆر زوو شکست دەهێنیت و ناتوانیت دەستبەرداری هیچ یەکێکیان بیت.

٣. قبووڵ نەکردنی ماندوویەتی: لە شەڕکردن لەگەڵ خووە خراپەکەدا ماندوو مەبە هەرچەندە درێژە بکێشێت بەردەوامبە و خۆڕاگر بە، بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێگایە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانیت سەرکەوتووبیت و خووە خراپەکانت لەناوببەیت ئەگەر لەم ڕێگایەدا پەلە بکەیت هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنیت.

٤. قبووڵ نەکردنی شکست: شکست ڕووداوێکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم ئامانجەدا ڕووبەڕووی دەبیتەوە، ئەگەر بڕیار بێت دوای شکستهێنان ئیتر دەستبەرداری ئامانجەکەت بیت، خووە خراپەکانت دەمێننەوە. دوای چەندین جار شکست پێویستە دووبارە بۆ دوورخستنەوەیان هەوڵبدەیت، دڵنیابە ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنیت.

٥. دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی خووی خراپ: هەر خووێک لە کەسێکدا دروست دەبێت، هەندێک هۆکار هەیە بۆ دروستبوونی، بۆ نموونە لە خووی جگەرەکێشاندا ئەو هاوێیانەت کە جگەرە دەکێشن و هانی تۆش دەدەن بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بیکێشیت، هیچ کاتێک ڕێگە نادەن لەو خووە دوور بکەویتەوە و وازی لێ بهێنیت.


سەرچاوەکان



527 بینین