شۆڕشی بیست لە عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-23-19:30:00 - کۆدی بابەت: 10758
شۆڕشی بیست لە عێراق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆڕشی بیست یان ڕاپەڕینی بیست لە عێراق یاخود شۆڕشی سەدەی بیستەم (بە عەرەبی: ثورة عشرین، بە ئينگلیزی: Iraqi revolt یان 1920 Iraqi Revoltڕاپەڕین و شۆڕشێکە کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٠ لە دژی ئینتیداب و ژێرفرمانی بریتانی و داگیرکارییەکانی بەریتانیا بوو لە عێراق ڕوویدا، کە لە باشووری عێراق بە فەتوای مەرجەعییەتی ئایینی کۆمەڵێکی زۆر لە خێڵ و هۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساند.

ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە یەکێک بوو لەو زنجیرە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەی کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوویدا، بەهۆی ئەوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم وڵاتانی هاوپەیمانان لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە عەرەبەکانی ژێردەستەی دەسەڵاتی عوسمانییەکانیان دابوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی شکستیان هێنا، هاوکات ئەم شۆڕشە لەو سەردەمەدا بە گرنگترین هۆکاری دامەزراندنی شانشینی عێراق دادەنرێت.

لە ئێستادا هەندێک ئەم ڕاپەڕینە بە شۆڕش و دەسکەوتی گەلی عێراقی هەژمار دەکات و ساڵانە هەموو ڕۆژی ٣٠ حوزەیرانێک یادی ئەم بۆنەیە لە عێراق لە چەند ناوچەیەک دەکرێتەوە، هەندێک لایەنیش بە پێچەوانەوە ئەم ڕووداوە بە ڕاپەڕینی گەل دانانێن، بەڵکوو بە ڕاپەڕینی خێڵ و هۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی ئەو سەردەمەی دادەنێن کە لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تایبەتییان ئەم ڕاپەڕینەیان بەناوی گەل و نەتەوەی عێراقەوە ئەنجامداوە.

هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشەکە

گرنگترین هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی بیست لە عێراق بریتی بوون:

  • ژێرفرمانی و داگیرکارییەکانی هێزەکانی بەریتانیا بۆ سەر ناوچەکانی عێراق.
  • بەجێنەگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی کە ئینگلیزەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم بە عێراقییەکانیان دابوو، نموونەی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ.
  • بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراقی نموونەی ئاغا و خێڵەکان بوونە هاوبەشی ئینگلیز و بڕیارەکانی ئینگلیزیان پەسەند و جێبەجێ دەکرد.
  • بەشێک لە ڕۆشنبیران و شاعیرانی عێراقی لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هەڵگیرسانی ئەم شۆڕشە، چونکە دژی دەسەڵاتی بەریتانی شیعر و نووسراوی هۆشیارییان لەنێو خەڵکی بڵاودەکردەوە و هانی خەڵکییان دەدا کە بارودۆخەکە پەسەند نەکەن.
  • بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و گرانی خۆراک و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕێژەی هەژاری.
  • بەرزبوونەوەی باج لەسەر دانیشتووان.
  • دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵات.

بڵاوبوونەوەی شۆڕشەکە لە ناوچەکانی عێراق

هۆکار و بیانووی سەرەکی هەڵگیرسانی شۆڕشەکە لە عێراق بەهۆی زیندانی کردنی شێخ شەعلان ئەبوولجۆن بوو، کە شێخ و سەرکردەی هۆزی زەواڵمی شاری موسەننای باشووری عێراق بوو، لە ٣٠ حوزەیران شێخ ئامادە کرا کە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە بگوازرێتەوه بۆ ناوچەی دیوانییە. بەڵام خێڵی زەواڵم هێرشیان کردە سەر ئینگلیزەکان و شێخەکەیان لە زیندان ئازاد کرد و پشێوییان لەناوچەکە دروستکرد، ئەم ڕووداوە بەهۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی شۆڕشی بیست دادەنرێت.

پاشان خێڵی شممەر بەهەمان شێوە دژایەتی کردنی ئینگلیزی ڕاگەیاند، شێخ زاڕی کوڕی مەحموودی زەوبعی سەرۆک خێڵەکەیان بوو، کۆڵۆنێل لێچمان داوای کرد کە لەگەڵ سەرۆکەکە کۆببنەوە بەڵام لە سەرەتادا داواکەی لەلایەن شممەرییەکان ڕەتکرایەوە، پاشان بڕیاردرا لە ناوچەی خان لەنێوان بەغداد و فەلووجە کۆببنەوە، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی شێخ زاڕی و کۆڵۆنیڵ، کۆڵۆنیل بە ئاشکرا سووکایەتی بە شێخ و خێڵەکەی کرد، بۆیە شێخ و دوو لە کوڕەکانی کۆڵۆنیلیان دایەبەر دەستڕێژی گوللـه و ئەو کەسەشی کە لەگەڵی بوو کوژرا. ئەم ڕووداوە زیاتر دەنگۆی شۆڕشی لە ناوچەکای عێراق بڵاوکردەوە و بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

لە شاری بەغداد هەڵگیرسانی شۆڕشەکە سەرەتا لە شێوەی خۆپیشاندانێکی بچووک بوو کە خەڵکی بەغدادی پایتەخت ئەنجامیاندا، خۆپیشاندانەکان لە گردبوونەوەیەکی بچووکی نێو مزگەوتی حەیدەرخانە بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی فوڕاتی ناوەڕاست لە شەقامی ڕەشید دەستیپێکرد، ئەو مزگەوتە بووە بناغە و دەستپێکی شۆڕشی بیست لە بەغداد، پاشان ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی ئینگلیزەکان و خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.

دوای ئەم ڕووداوانە چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە نێوان خێڵە عەرەبەکانی باشوور و جەنگاوەرانی ئینگلیز ڕوویدا، نموونەی جەنگی بووحەسان و بۆردومان کردنی ناوچەی ڕومێسە بە فڕۆکەی جەنگی ئینگلیزەکان. دواتر بە فەتوای مەڕجەعە باڵاکانی سوننە و شیعە زۆرێک لە هۆز و خێڵەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەشداری ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەیان کرد. خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەموو ناوچە و پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو. هەر خێڵ و هۆزێک لە ناوچەکەی خۆیەوە دژایەتی ئینگلیزی دەکرد و بەرهەڵستی بڕیار و دەسەڵاتی بەریتانییەکانیان دەکرد.

لە کوردستانیش شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفید لەمانگی ماییسی ساڵی ١٩١٩ـەوە لە سلێمانی هەڵگیرسابوو، لە سەرەتادا چەند دەستەکەوتێکی بەدەستهێنا بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ بەریتانییەکان بە تەواوی کۆتاییان بەو شۆڕشە هێنا.

هۆکارەکانی شکستهێنانی شۆڕشی بیست لە عێراق

  • ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سەرکوتکرنی شۆڕشگێڕان بەزەبری هێزی بەریتانی و درێژەکێشانی شەڕەکە.
  • نەبوونی یەک سەرکردە و نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان ڕاپەڕینی شارەکان، یەکنەبوونی هێزە سوننی و شیعەکان و ڕاجیاییان.
  • خیانەت و سیخوڕیکردنی چەند خێڵ و هۆزێکی ناسراوی باشوور.
  • باڵادەستی سوپای ئینگلیز و بوونی چەک و تەقەمەنی پێویست و بەهێز، لە بەرانبەردا هێزی خۆپیشاندەران کەم بوون و پێداویستی جەنگییان زۆرکەم بووە.
  • چالاکی هێزی ئاسمانی بەریتانیا و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی.
  • گەمارۆدانی شۆڕشگێڕان لە ناوچەکانی فوڕاتی ناوەڕاست و ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوە.
  • پێرسی کۆکس کە سیاسەتوانێکی ئینگلیز بوو لە هەلومەرجی ڕاپەڕینەکە سەردانی عێراقی کرد، بەڵێنی پێکهێنانی حکوومەتێکی کاتی بەخشییە عێراقییەکان، بۆیە بەوهۆیەوە بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکان لە ڕاپەڕین پاشگەز بوونەوە.
  • نەبوونی پاڵپشتی دەرەکی.
  • کەم ئەزموونی سەرۆک خێڵ و هۆزە بەشداربووەکان و ڕاجیایی نێوانیان.

دەرەنجامی شۆڕشەکە

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان نزیکەی شەش بۆ دە هەزار عێراقی لەم شۆڕشەدا زیانیان بەرکەوتووە و کوژراون و بریندار بوون، هاوکات لە بەرانبەردا تەنها نزیکەی ٥٠٠ سەربازی بەریتانی و سەربازی هیندی کوژراون. ئەم ڕاپەڕینە تێڕوانینی ئینگلیزەکانی گۆڕی و ناچاری کردن ستراتیجی بەڕێوەبردن و دەسەڵات لە ناوچەکانێ عێراق بگۆڕن، ئەم ڕاپەڕینە زیانی نزیکەی چل ملیۆن پاوەندی بەریتانی لە بەریتانیا دا کە دوو ئەندازەی ئەو بوودجەیە بوو کە ساڵانە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق تەرخانیان کردبوو.

هەر بەهۆی دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپەڕینەوە لەلایەن چەرچڵەوە بڕیاری بەستنی کۆنگرەی قاهیرە درا، دواتر گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە شانشینی عێراق دابمەزرێنن و فەیسەڵی کوڕی حسێن بکەن بە یەکەمین پاشای عێراق، هەندێک لە چاودێرانی مێژوو هەڵگیرسانی شۆڕشی بیست بە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و شانشینی عێراق لەو سەردەمە دادەنێن.


سەرچاوەکان



977 بینین