کرماشان

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-12-25-18:38:00 - کۆدی بابەت: 10767
کرماشان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کرماشان (بە عەرەبی: كرمانشاه أو كرماشان، بە ئینگلیزی: Kermanshah، بە کوردیی باکووری: Kirmaşan، بە فارسی: کرمانشاە‎)، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کرماشان لە وڵاتی ئێرانە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، دانیشتووانی ئەو شارە نزیک بە ٦٥١،٩٤٦ هەزار کەس بووە. بەوهۆیەوە بە نۆیەمین شاری گەورەی ئێران و هەروەها گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژمێردرێت. شاری کرماشان گەورەترین شاری کوردنشین لە ئێران و گرینگترین شار لە ناوچەی ناوەندی ڕۆژاوای ئێرانە.

مێژووی پێکهاتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی و هەر لەو سەردەمەوە تا هێرشی عەرەبەکان، وەکوو دووهەمین پایتەختی ئیمپڕاتۆری ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان دا جێی سەرنجی حکوومەت بوو. لە سەردەمی سەلجوقیەکاندا کرماشان گەورەترین شاری کوردستان بوو و لە سەدەکانی ناوەڕاست بە ناوی قەرمیسین وەکوو یەکێک لە چوار ناوچەی عێراقی عەجەم ناسراو. لەو سەردەمە بە عێراقی عەجەم، ویلایەتی کوێستان یان جەبالیان دەووت تاکوو لەگەڵ ویلایەتی عێراقی عەرەب هەڵە لێکنەدرێتەوە. ویلایەتی کوێستان یان عێراقی عەجەم لە شوێنی ناوچەی میدیای کۆنە کەوتبوو. ١١ سەدە بە دوای هێرشی عەرەبەکاندا، لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکان لە ئێراندا دووبارە شارەکە بووژایەوە و بەهۆی کەوتنەوە لەسەر دوو ڕێگای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و هەروەها ڕێگای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەرەو باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و نزیکی بە بەغداد و کەربەلا گرینگی تایبەتی پەیدا کرد.

کرماشان لە بزووتنەوەی مەشرووتەخوازیی ئێران بەشێکی زۆر گرنگ بوو و لە ماوەی شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیدا لەلایەن هێزە داگیرکارەکانەوە داگیرکرا، بەڵام دوای شەڕ بەجێیانهێشت. ئەم شارە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا زیانی زۆری لێکەوت. لە باکووری شاری کرماشان کێوی فەڕۆخشاد، لە باکووری ڕۆژاوای کێوی تاقوەسان و لە باشوور کێوی سپی هەڵکەوتووە. کرماشان یەکێکە لە شا ڕێگاکانی پەیوەندیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و هەروەها کۆنترین ڕێگابوو بۆ چین لە ئێران بەرەو میزۆپۆتامیا.

خەڵکی کرماشان بە زاراوەکانی کوردیی باشووری (کەلهوڕی)، کوردیی سۆرانی (زاراوەی ئەردەڵانی و جافی)، لەکی و هەورامی قسە دەکەن. لە قوتابخانەکان و زانکۆکانی کرماشان تەنیا بە زمانی فارسی وانە دەخوێندرێت و زمانی کوردی بۆ وانە خوێندن قەدەغەیە.

زانیاری گشتی

شاری کرماشان
وڵات  ئێران، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
پارێزگا کرماشان
شار کرماشان
بوون بە شار سەدەی چوارەمی زایینی
ڕووبەر
 • سەرجەم ٩٥٫٩٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٧٫٠٥ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
 
١٣٥٠ مەتر (٤٬٤٣٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان  (٢٠١٦)
 • سەرجەم ٩٤٦،٦٥١ هەزار کەس
زمان و ئایین
 • زمان کوردی (کەلهوڕی، سۆرانی و لەکی)
 • ئایین ئیسلام (سوننە و شیعە)، یارسان، زەردەشتی، مەسیحی و جوو
کۆدی تەلەفۆن ٠٤٤+

پێشینەی ناوی کرماشان

کرماشانی ئێستا لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو خاوەنی کۆمەڵە ناوێکی جیاواز بووە، بەهۆی گۆڕینی حکوومەتەکانەوە. یەکێک لە کۆنترین ناوەکانی ئەم شوێنە لە سەردەمی پاشایەتیی کاسییەکان‌ بووە کە بەم کرماشانیان وتووە (ئێلیپییان). لە سەرچاوەکانی سەردەمی هەخامەنشی لە شارێک بەناوی کامبادن یان کامبادنەیان ناوەکەیان هێناوە کە لە شوێنی کرماشانی ئێستا بەدیار دەکەوێت. لە سەرچاوەکانی سەردەمی ساسانی ناو لە شاری کرمینشان و گلمیشەن هاتووە.

پاش لە ئیسلام، ناوی شارەکە لە سەرچاوە عەرەبییەکانەوە گۆڕاوە بە قەرماسین یان قەرمیسین، بەڵام دوای چەند سەدەیەک دووبارە ناوەکانی کرمانشاهان و کرمانشاه نووسراوە. ناوی شارەکە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ـی ئێران لە سەرەتا کرا بە قەهرمانشەهر و دوای ماوەیەک کرا بە باختەران، بەڵام گۆڕینی ناو بوو بە هۆکاری ناڕەزایی خەڵکی شارەکە. لە ئاکامدا بە هەوڵی ئیسماعیل تەتەری نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێراندا، یاسایەک لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا کە ناوی شارەکە دووبارە بکرێتەوە بە کرمانشاه.

ڕوانگەکان سەبارەت بە ناوی کرماشان

سەبارەت بە ناوی کرماشان ڕوانگەی جۆراوجۆر دەربڕاوە. هەندێک کەس پێیان وایە ناوی شارەکە کرمانشاهە و لە ئەسڵەوە نازناوی بەهرامی چوارەم بووە، کە لە سەدەی سێیەم تاکوو چوارەمی زایینی پاشای شاری کرمان بووە و دوای دامەزرانی کرماشان ناوی ئەو پاشایە لەسەر شارەکە دانراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی شارەکە لە زمانی کوردیی خۆیان (کرماشان)ـی پێ دەڵێن. محەمەد موکری، زمانزان و لێکۆڵەری کورد پێی وابوو ناوی کرمانشاه ئاخافتنێکی هەڵەیە لە وشەی کرماشان کە بە هەڵە هاتووە و لە وشەی کرمانچ یان کرمانج واتا وەرزێر (ڕەعیەت) گیراوەتەوە. بە باوەڕی ئەو بە واتای شاری ڕەعیەتەکانە.

مێژوو

مێژووی کۆن

کرماشان کە لە ناوەڕاستی زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا هەڵکەوتووە، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و کوێستانی بوون خاوەنی کۆمەڵە ئەشکەوت و حەشارگەیەکی سروشتییە و یەکێک بووە لە شوێنە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ لە سەردەمی بەردین. شاری کرماشان و ئاقاری لە بواری پاشماوەکانی شوێنی ژیانی سەردەمی پێش مێژوو زۆر دەوڵەمەندە و بۆ شوێنەوارناسەکان یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی کوردستان، ئێران، ڕۆژاوای ئاسیا و جیهان.

جگە لە شوێنەوارەکان، ناوچەکانی وەکوو هەرسین، دینەوەر یان ئارووناوا. کۆنترین نیشانە بۆ ژیانی مرۆڤ لە شاری کرماشانە لە ئەشکەوتی (دووئەشکەوت) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشاندا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پالئۆلیتیکە لە نێوان ١٢٠ هەزار هەتا ٤٠ هەزار ساڵ پێش زایین و شوێنی ژیانی مرۆڤ بووە.

شارستانییەتە کۆنەکان

بەپێی باوەری مێژوونووسان بەدرێژایی پێشینەی شارستانییەت لە کرماشان دەگەرێتەوە بۆ نێوانی ١٢ هەتا ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر و بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەکانی تر کە تەنیا لە یەک سەردەمی مێژوویی ئاوەدان بوون، ئەم شوێنە لە هەموو دەورەکانی مێژووی شارستانییەتی مرۆڤ شوێنێک بووە بۆ ژیان و ئاوەدانی. لە سەردەمی کۆنەوە شاری کرماشان وەکوو دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ ئاسیا لەلایەن میزۆپۆتامیا بووە و گەورەترین ڕێگای پەیوەندی لە نێوان ناوچەکانی ناوەندیی ئێرانی ئێستا و هەروەها وڵاتانی چین و هیندستان لەگەڵ دانیشتووانی میزۆپۆتامیا کە ڕێگای ئاوریشمی پێ دەوترێت، لە شاری کرماشان دەپەڕییەوە.

بەرزاییەکان

ناو ئاڕاستە بەرزی زنجیرە چیا
پەڕاو باکووری ڕۆژھەڵاتی کرماشان ٣٣٥٧ مەتر زنجیرە چیای زاگرۆس
کێوی سپی باشووری کرماشان ٢٨٠٥ مەتر زنجیرە چیای زاگرۆس
مەیێوەلە باکوری کرماشان ٢١٠٠ مەتر زنجیرە چیای زاگرۆس


سەرچاوەکان



557 بینین