مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-26-20:20:00 - کۆدی بابەت: 10776
مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان (بە ئینگلیزی: The dangers of the Internet for children، بە عەرەبی: مخاطر الإنترنت للأطفالیەکێک لەو بابەتانەی کە ئەمڕۆ بووەتە جێی بایەخ، بەکارهێنانی ئینتەرنێتە بۆ ئەنجامدانی جۆرەها کاری جیاواز لەلایەن تەمەنە جیاوازەکانەوە بەتایبەتی منداڵان، بەجۆرێک کە نەبوونی دەبێتە هۆی کێشە و پشێوی. بەکارهێنانی ئینتەرنێت کاریگەری جیاوازی لەسەر منداڵان هەیە، بۆیە پێویستە دایک و باوک سەرپەرشتی منداڵەکانیان بکەن. بۆیە لەم بابەتەدا تەواوی مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان دەخەینەڕوو.

كاریگەری و مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان

بەشێوەیەکی گشتی هەرزەکاران و منداڵان بە هۆکاری جۆراوجۆر ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەکاردەهێنن، وەک بەشداری کردن لە وانە ئۆنلاینەكان، پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان و یاری جۆراوجۆر، بەڵام لەم نێوەندەدا پێویستە مرۆڤ زانیاری پێویستی هەبێت سەبارەت بە مەترسییەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان و زیانەکانی بەکارهێنانی بەشێوەیەکی نادروست و بەبێ چاودێری بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی بکەن.

زیاد لە پێویست بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵان و تەرخانکردنی کاتێکی زۆر لە ژیانیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە وایکردووە زۆرێک لە منداڵان ئالوودەی ببن و بە توندی خووی پێوەبگرن، ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی هەیە. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین بە هەمان ئەندازەی كە ئینتەرنێت و تۆڕی كۆمەڵایەتی سوودی هەیە، وەك ماڵپەڕەكانی پەروەردەیی و سەرگەرمی، فێربوونی زانیاری بەسوود، یارییە سەرنجڕاکێشەكان، بە هەمان ئەندازە و زیاتریش زیانی بۆیان هەیە، وەک خراپ بەکارهێنانیان لەلایەن سایتەکان و کەسانی قازانجخواز، هەروەها کاریگەری لەسەر كەسایەتی و ڕۆحی منداڵەکە دەبێت و دەبێتە هۆی گۆشەگیری و شەڕانگێزی. لەم بەشەی خوارەوەدا باس لە جۆرەکانی زیان و کاریگەرییە خراپەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵان دەكەین.

زیان و کاریگەرییە خراپەکانی ئینتەرنێت

خووگرتن بە ئینتەرنێتەوە

لەنێو ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی زیانەکانی ئینتەرنێت، هۆگری و خووگرتنی بەکارهێنەران، بەتایبەتی منداڵان و هەرزەکارانە بە ئینتەرنێتەوە، چونکە ئاگاداری مەترسی و زیانەکانی زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت نین، هەروەها ئەگەری هەیە كەخووگرتن و ئالوودەبوون بە ئینتەرنێتەوە سەلامەتی جەستەیی و دەروونیان بخاتە مەترسییەوە.

گۆشەگیری کۆمەڵایەتی

ئەوانەی کاتێکی زۆر لە ئینتەرنێتدا بەسەر دەبەن، زۆرجار ناتوانن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی باشیان هەبێت لە کۆمەڵگادا. بەزۆری هاوڕێی نزیکیان نییە و پەیوەندییەکانیان دووچاری شکست دەبێتەوە و لەکۆتاییدا گۆشەگیر دەبن.

بواری گەیشتن بە زانیاری تایبەت و دارایی دایک و باوک

چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە تۆڕە كۆماڵایەتییەكان بڵاوکراونەتەوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە منداڵان وەڵامی داواکاری و ئیمەیڵی هاککەر و تاوانبارانی ئەلیکترۆنی بدەنەوە و زانیاری دارایی، کارتی بانکی و زانیاری تایبەتی دایک و باوکیان بخەنە بەردەستیان.

کاریگەری لەسەر باری جەستەیی

لە كاریگەرییە گرنگەکان و زیانەکانی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا دەتوانین ئاماژە بە کەمی چالاکیی و جووڵە، کێشەی بینین و وشکبوونەوەی چاو بکەین، کە دواجار کاریگەریی نەرێنی زۆری هەیە لەسەر تەندروستی منداڵان لە داهاتوو و تەمەنی گەورەییدا.

بێتوانایی لە بەردەوامبوون بەپێی پلان

هەرزەکاران ئینتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە جۆراوجۆرەکان وەک گەڕان بۆ دۆزینەوەی زانیاری، هەروەها هەمیشە بەدوای یاری نوێ و جیاوازدا دەگەڕێن و ئەم هۆکارانە وایان لێدەکات نەتوانن کاتەکانیان بەڕێوە ببەن و لە کۆتاییدا، ناتوانن بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە بەرەو پێشەوە بچن و لە کارەکانیان دوادەكەون.

ناوەڕۆکی نادروست و نەشیاو

زۆربەی پسپۆڕانی چالاک لە بواری دەروونناسی و زانستە ئاینییەکان لە جیهاندا هەمیشە ئاگاداری دایک و باوکان و کەسە پەیوەندیدارەکان دەکەنەوە لە زەرەر و زیانەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵ و هەرزەکارانەوە چونکە پێیان وایە تۆڕی كۆمەڵایەتی و ئینتەرنێت زۆرجار ژینگەیەکی بێ سنوورن و بۆ ئەو کەسانە ناگونجێت کە گەنجن.

بەفیڕۆدانی کاتی منداڵان

منداڵی یەکێکە لە بەنرخترین و کورتترین ماوەکانی تەمەن و بەکارهێنانی دروستی کات و پەرەپێدانی ژێرخانی پێویست بۆ دۆزینەوەی بەهرە و تواناكان دەتوانێت زۆر گرنگ بێت لە سەرکەوتنیان لە تەمەنی گەورەییدا.

درۆكردن

زۆربەی ئەو کەسانەی گیرۆدەی ئینتەرنێت دەبن، ئەو کێشەیە دەزانن کە هەیانە. هاوڕێیان، ئەندامانی خێزان و هاوکارەکانیان ئەم خووە خراپەیان بیردەخەنەوە، بەڵام هەوڵی ئینکاری دەدەن و لە ئەنجامدا دەبنە درۆزن.

فشاری دەروونی و خەمۆکی

ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە کاتێکی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەسەر دەبەن و ژیانی ڕاستەقینە پشتگوێ دەخەن، دوای ماوەیەک هۆگری ئینتەرنێت دەبن و کاتێک ئینتەرنێت لەبەردەستیاندا نەبێت، نیشانەکانی وەک ناڕەحەتی، خەمۆکی و هەروەها فشاری دەروونی تێیاندا دەردەکەوێت.

تێکچوونی خەو

زۆربەی منداڵان و هەرزەکاران لەم سەردەمەدا زۆر مۆبایل و تابلێت بەکاردەهێنن، ئەم ئامێرانە تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا لەبەردەستیاندایە، ئەمەش وایکردووە ڕووناکی دەستکردی ئەو ئامێرانە بۆ ماوەیەکی زۆر تێکچوون لە خەودا دروست بکات. بەگشتی منداڵان بەهۆی بەئاگابوونیان تاکوو نیوەشەو، پشوویەکی پێویست وەرناگرن، لە ئەنجامی ئەمەشدا تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دەکەوێتە مەترسییەوە.

ستراتیژی كرداری بۆ چاودێریکردنی منداڵان لە بەرامبەر مەترسییەکانی ئینتەرنێت

لە پێناو پاراستنی منداڵان لە مەترسی و زیانەکانی ئینتەرنێت دەتوانرێت ئەم زیانانە کەم بکرێتەوە و ڕێگری لێ بکرێت بە بەکارهێنانی ئەو چارەسەرانەی کە لە خوارەوە باسمان کردووە.

بەکارهێنانی سۆفتوێری ئاسایش و پاراستن

بەگشتی، جۆرەها سۆفتوێر هەیە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی منداڵ بۆ سایتە خراپەکان. هەروەها یارمەتیت دەدات لەوەی نەهێڵیت منداڵەكەت دەستی بگات بە زانیارییە تایبەتەكان و دەتوانیت چاودێری چالاکییەکانی منداڵان بکەیت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

فێربوونی بەکارهێنانی دروست و گونجاوی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

بە گشتی پێویستە منداڵەکەت فێری بەکارهێنانی ئینتەرنێت بکەیت بەشێوەیەکی دروست و گونجاو و کێشە بۆ خۆی و دەوروبەری بە کردەوەی مەترسیدار دروست نەکات. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانن سوود لەو چارەسەرانە وەربگرن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە.

- پێویستە بڵاوكردنەوەی وێنەی کەسی و خێزانی لێ قەدەغە بکەیت.

- لەکاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا یاوەری منداڵەکەت بکە و هەوڵبدە فێری ڕەفتاری دروستی بکەیت.

- منداڵەکەت فێربكە کە وشەی نهێنی خۆی نەخاتە بەردەستی کەسانی تر.

- ئەگەر منداڵەکە بەهۆی ئەزموونێکی تاڵەوە لە ئینتەرنێتدا هاتە لات، گوێ لە قسەکانی بگرە و گرنگی پێبدە.

- منداڵەکەت ئاگاداربکەرەوە کە هەرگیز بەبێ مۆڵەتی تۆ ئەو کەسانە نەبینێت کە بە ئۆنلاین چاوی پێیان دەکەوێت.

- هەوڵبدە کۆمەڵێک یاسای خێزان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت دابنێیت و هەموو ئەندامانی خێزان پابەند بکە بە پەیڕەوکردنی.

- سایتە دڵخوازەکانی منداڵەکەت دەستنیشان بکە بۆ ئەوەی زۆر بە ئاسانی و خێرا بتوانێت دەستی پێبگات.


سەرچاوەکان



1024 بینین