مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-26-21:03:00 - کۆدی بابەت: 10777
مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مامەڵە کردن لەگەڵ گریانی منداڵ (بە ئینگلیزی: Dealing with children's crying، بە عەرەبی: التعامل مع بكاء الأطفالتەواوبوونی خواردنە دڵخوازەکەی منداڵ، شەڕکردن لەسەر لەبەرکردنی جلوبەرگ لە میوانیدا، شەڕکردن لەگەڵ خوشك و برای گەورەتر و هتد، هەموو ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی گریانی منداڵێک. هەروەک کۆرپە، منداڵانی گەورەتریش دەگرین بە هۆكارەكانی وەك برسیبوون، ماندووبوون، دڵتەنگی یان كاتێک پێویستییان بە پەیوەندیكردنە لەگەڵ تۆ. هەندێکجار ئەم گریانە هێندە درێژە دەكێشێت کە دایک و باوکی بێزار دەکات. تەنانەت هەندێکجار منداڵان بە گریان ڕادێن و ئیدارەدانیان قورسە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا چ چارەسەرێک هەڵدەبژێریت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان؟ باشترین شێواز چییە؟ لێرەدا تەکنیکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان دەخەینەڕوو.

تەکنیکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان

١- هۆکاری گریانی منداڵەكە بزانە

کاتێک گریانی منداڵەکانت بێزارت دەکات، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە بزانیت بۆچی دۆخیان باش نییە. هۆکارە جەستەییەکان لە پێشینەن، بۆ نموونە بزانە هەست بە ئازار دەکەن لە جەستەیان یان تایان هەیە. ئەگەر پێت وایە کێشەیەک هەیە، سەردانی پزیشکی منداڵان بکە بۆ ئەوەی بزانیت بۆچی منداڵەكەت دەگری.

 ئەگەر هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای نەخۆشیت نەبینی، سەرئێشە یان ئازاری گوێ كە دەكرێت ببێتە هۆکارێک بۆ گریاندنی منداڵان. دواتر بۆ هۆکاری دەروونی بگەڕێ. ئایا منداڵەکەت لە شتێک نیگەرانە یان دڵەڕاوکێی هەیە؟ لەوانەیە منداڵەکەت نیگەران بێت یان دڵەڕاوکێی هەبێت لە چوون بۆ باخچەی ساوایان، گواستنەوەی ماڵ، یان منداڵێکی نوێ و گریان وەک ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی نیگەرانی بەکاردەهێنێت.

٢- بەڕێوەبردنی هەست و سۆز لە كاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵدا

منداڵەکەت پێویستە فێربێت کە گریان بەکارنەهێنێت بۆ دەربڕینی هەموو هەستەکانی. پێویستە جیاوازی نێوان گریان لە كاتی توڕەیی و گریان لە كاتی خەم و پەژارە بزانێت. دەتوانیت فێری بەڕێوەبردنی هەست و سۆزە جیاوازەکانی بکەیت بە کاردانەوەی دروست لە كاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵەكەت. بۆ نموونە گریمان لە ئاهەنگی لەدایکبوونی منداڵەکەتدا، یەکێک لە منداڵەکان بە هەڵە پەرداخە شەربەتەکەی دەڕێژێتە سەر جلەکانی و منداڵەکە توڕە دەبێت و دەگری.

ئەگەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵەكەتدا تووڕە ببیت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وا بیردەکاتەوە کە ئەمە بەڕاستی گرنگ و گەورەیە و زیاتر دەگری. ئەگەر منداڵەکەت فێری کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی کردبێت، دەتوانێت بە گۆڕینی جل و بەرگەكەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگەکە و چێژی لێ وەربگرێت. لەبیرت نەچێت کە پێویستە بزانیت چۆن هەست و سۆزت بەڕێوەببەیت لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵەكەتدا بۆ ئەوەی فێری ئەوانیشی بکەیت.

٣- قبوڵکردنی گریانی منداڵەكەت وەک کاردانەوەیەكی سروشتی

لەبیرت نەچێت کە گریان کاردانەوەیەکی سروشتی مرۆڤە لەبارودۆخی جیاوازدا. بۆیە هەڵەیە منداڵ لە کاتی گریاندا سەرزەنشت بکرێت یان سزا بدرێت. هەندێک جار دایک و باوک شتگەلێکی وەک: "تۆ پیاویت! خۆ پیاو ناگری" یان "تۆ ئیتر بوویت بە کچێکی گەورە، عەیبە بگریت" هەوڵدەدەن منداڵەکانیان نەگرین. لە كاتێكدا ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵ هەستەکانی سەرکوت بکات و ڕێگری بکات لە دەرکەوتنیان.

لەبری ئەوەی هەستی منداڵ سەرکوت بکەیت، باشترە ئەو هەستە ڕاستەقینەیەی کە تووشی دەبن، قبوڵ بکەیت. وتنی شتگەلێکی وەک "من تێگەشتم کە تۆ لەبەر نمرەی تاقیکردنەوەکەت دڵتەنگیت بۆیە دەگریت!" لە كاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان، یارمەتیان دەدەن باشتر هەستەکانیان بزانن و بتوانن شێوازی دەربڕینیان بەشێوەی زارەکی بگۆڕن. لە ئەنجامدا منداڵ دەتوانێت لە كاتی ئەزموونکردنی هەستێک ناوێک بەکاربهێنێت بۆ وەسفکردنی هەستەکەی. هەروەها دوای قبوڵکردن و چەسپاندنی هەستەکانی، دەتوانیت فێری بكەیت. بۆ نموونە بڵێ "بەڵام کاتێک توڕە دەبین یارییەكان فڕێ نادەین، بەڵکو هەوڵدەدەین بە چەند هەناسەیەکی قووڵ توڕەیی خۆمان دەربكەین".

٤- گۆڕینی خووی گریانی منداڵ

لەوانەیە منداڵەكەت ڕاهاتبێت لەسەر گریان یان هاواركردن وەک ڕێگەیەکی ئاسایی بۆ قسەكردن لەگەڵت. ئەم خووانە دووبارە كۆنتڕۆڵ بکەنەوە و یاسای نوێ بۆ پەیوەندیکردن لە ماڵەوە دابنێن. بۆ نموونە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵەی دەگری یاسایەک دابنێ لە ژێر ناونیشانی "هەرکەسێک شتێکی دەوێت با بیڵێت بەبێ ئەوەی بگری و هاوار بكات!". شێوازی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ئەوەیە کە تا منداڵ تۆنەکەی نەگۆڕێت، ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت.

دەتوانیت منداڵەکەت فێری تواناکانی پەیوەندیکردن بکەیت لە ڕێگەی یاریکردن و كاتبەسەربردن لەگەڵی. هەروەها ستایشی بکە بۆ ئەو کاتانەی کە بە هێمنی داوای یارمەتیت لێدەکات بەبێ ئەوەی بگری.

٥- سەرقاڵکردنی منداڵ لە كاتی گریان

ڕەنگە تۆش لە بیرتبێت كە منداڵ بوویت، کاتێک دەکەوتیتە خوارەوە، دایک و باوکت دەیانگوت: "سەیرکە چەند مێروولەت کوشتووە!" ئاخ ئاخ، چەندە مێروولەکان ئازاریان پێگەیشت، كاتێك تۆ کەوتیتە سەریان!" ئەم شێوازە ئامرازێکی بەهێزە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان. لە ڕاستیدا لەم تەکنیکەدا دایک و باوک منداڵەكە سەرقاڵ دەکەن. بۆ نموونە دەتوانیت بە منداڵەکە بڵێیت کە بە دەنگی بەرز تاکوو دە بژمێرێت کاتێک كە هەست دەکات فرمێسکەكانی دێتەخوارەوە.

شێوازی ژماردن تەکنیکێکی زۆرباشە بۆ سەرقاڵکردنی منداڵ لە كاتی گرتان. بە تایبەت ئەم ڕێگایە لە تەمەنی ٣ یان ٤ ساڵیدا کاریگەرە. 

٦- فێرکردنی چارەسەری کێشەکان 

هەنگاوی داهاتوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵ ئەوەیە کە هانی منداڵەکەت بدەیت بۆ ئەوەی بە تەواوی پێت بڵێت چی ناڕەحەتی دەکات، بۆ ئەوەی بتوانیت یارمەتی بدەیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت وتی پەریسا یاریم لەگەڵدا ناکات، لێی بپرسە چی بکەین بۆ ئەوەی هەست بە باشتر بوون بکەیت؟ ئەگەر هیچ بیرۆکەیەکیان نەبوو، ئەو شتانەیان بیر بخەرەوە کە هەستێکی خۆشیان پێدەبەخشێت، وەک بانگهێشت کردنی منداڵێکی تر بۆ یاریکردن یان سەیرکردنی کتێبێکی دڵخوازی. بە کەمێک ڕاهێنان، منداڵان لە گرنگی کارامەیی چارەسەرکردنی کێشەکان تێدەگەن.

٧- بۆ ئەوەی گریانی منداڵەكەت ڕابگرێت بەرتیلی پێمەدە

زۆرجار دایک و باوکان لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ گریانی منداڵەكەیاندا، هەوڵدەدەن بە خێرایی منداڵەکانیان بێدەنگ بکەن. هەوڵدان بۆ بێدەنگ كردنیان بە شێوازەکانی وەک بەرتیلدان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گریانی منداڵەكە. لە ڕاستیدا منداڵەکەت فێردەكەیت کە بە گریان جگە لەوەی كە بە خواستەكەی دەگات، باجیش وەربگرێت. لە ئەنجامدا گریان وەک چەک یان هەڕەشە بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانی بەکاردەهێنێت.

٨- لە باوەشكردن باشترین ڕێگایە بۆ وەستاندنی گریانی منداڵەكەت

هەندێکجار منداڵ لە کاتی گریاندا پێویستی بەوە هەیە كە ئارام ببێتەوە. کاتێک لە ناوەڕاستی كێشەیەكدایت، باوەشێکی گەرم دەتوانێت باشترین چارەسەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵان. لە ڕاستیدا منداڵەکەت ناتوانێت هیچ شتێکی لۆژیکی لەم بارودۆخانەدا ئەنجام بدات و ئارامبوونەوەی لە پێشینەی کارەکانیدایە. باوەشکردن جۆرێکە لە پەیوەندی نازارەکی لە مامەڵەکردن لەگەڵ گریانی منداڵدا. لەڕاستیدا بە لە باوەش گرتنی منداڵەکە نیشانی دەدەیت کە لێرەیت بۆ ئەوەی یارمەتی بدەیت ئارام ببێتەوە. سەرنج بدەن لە باوەشکردن بە واتای خۆ بەدەستەوەدان بۆ خواستی منداڵەکە نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ هێورکردنەوەی منداڵەکە.

هەروەها دەتوانیت ئەنیمەیشن و چیرۆک بەکاربهێنیت بۆ یارمەتیدانی منداڵەكەت لە کاتی نائارامی و گریاندا. منداڵەکەت دەتوانێت لە ڕێگەی سەیرکردنی کارتۆنە پەروەردەییەکانەوە فێری ڕێگاکانی یارمەتیدانی خۆی بێت.


سەرچاوەکان



311 بینین