ئیلام

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-12-26-22:42:00 - کۆدی بابەت: 10781
ئیلام

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شاری ئیلام (بە عەرەبی: عيلام، بە فارسی: ایلام، بە ئینگلیزی: Ilam)، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای ئیلامە. ئیلام لە شارە کوردنشینەکانی ئێرانە و زۆربەی دانیشتووانەکەی پەیڕەوی لە ئیسلامی شیعە دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢١٣،٥٧٩ کەس لە ٥٢،٤٧٤ خێزان بووە. ئەم شارە لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ چیای کڤەر و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ وڵاتی عێراق هاوسنوورە. هەروەها خەڵکی ئیلام بە زمانی کوردیی باشوور قسە دەکەن. ئیلام لە دوای شارەکانی کرماشان، ورمێ و سنە چوارەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

وڵات  ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەرێم ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پارێزگا ئیلام
شارستان ئیلام
ناوچە ناوەندی
بوون بە شار سەدەی چوارەم
ڕووبەر
سەرجەم ٣٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٠ میللی چوارگۆشە)
بەرزایی ١٤٠٣ مەتر (٤٬٦٠٣ پێ)
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦)
 سەرجەم ١٩٤،٠٣٠
زمان و ئایین
زمان کوردی (کەلهوڕی، سۆرانی، لەکی و لوڕی)
ئایین ئیسلام (سوننە و شیعە)، یارسان و زەردەشتی
ناوچەی کاتی UTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
هاوین (DST) UTC+٤:٣٠ (هاوین)
پۆستاڵکۆد
٦٩٣١١–٦٩٩٩١
پلانی ژمارەدان بە تەلەفۆن
٩٨٨٤+
تەلەفۆن ٠٤٤١

مێژوو

سەردەمی پێش مێژوو

لە سەردەمی پێش مێژووەوە کە ژیانی ئەشکەوتنشینی و کۆچبەری باو بووە، شوێنەوار و دەسکەوتگەلێکی زۆر لە جیهاندا لە بەر دەست نییە، بەڵام ئاکامی هەندێک لە توێژینەوەکان ئەوە دەردەخات کە ژیان بەشێوەیەکی بەربڵاو لەم سەردەمەدا لە ناوچەی ئیلام هەبووە. چەندین حەشارگە و ژینگەی بەردین کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زارزین و بە میراتی هەزاران ساڵەی ڕاوچیانی سەردەمی بەردین ئەژمار دەکرێن کە لە پارێزگای ئیلام دۆزراونەتەوە و تۆمارکراون کە زۆربەیان لە دۆڵی هەلیلان و تەنگەی قوچعەی و ئەرغەوانی شاری ئیلام دان. ئەم شوێنەوارانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش بەردین، کە مەکۆی ژیانی مرۆڤی سەرەتایی بووە.

سەردەمی شۆڕشی نوێی بەردین

لەم سەردەمەدا کە کاتی دەستپێکردنی ژیانی شارنشینی و کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵاتە، شوێنەواری گرنگ و جۆراوجۆر لە پارێزگای ئیلامدا لە بەردەستدایە کە دیارترینیان تەپی (عەلی کەش) لە (دێهلۆران)ـە. لەم تەپەدا، لە ئاکامی توێژینەوە و هەڵکەندن و گەڕانی لیژنەی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر (فرانک هۆل) لە ماوەی (١٩٦٢–١٩٦١)، چەندین شوێنەواری ژیان و بەردینی هەزارەی حەوتەم و شەشەمی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحە.

سەردەمی کانزا

ئەم سەردەمە کە هاوکات لەگەڵ سەردەمی نەتەوەی کاس و ئیلامییەکانە یەک لە سەردەمە ژێرینەکانی تەکنەلۆژی مرۆڤە کە کاسییەکان وەکوو پێشەنگی تەکنەلۆژی دۆزینەوەی مەفرەخ لە جیهاندا ناوبانگیان دەرکردووە. لەم سەردەمەدا، شوێنەوارەکان وەکوو کۆمەڵە ئامرازێکی جۆربەجۆر لەم ئامێر و کانزایانە بە تەکنیکی تایبەتی خۆیان دروستکراون. توێژینەوەکانی لیژنەی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر واندێبێرگ لەسەر گۆڕستانەکانی ئیلام بە تایبەت وەرکەبود، چەم ژییە، دەمگرپڕچینە، بەردباڵ و چنارباشی، لاپەڕەگەلێکی زێڕینی بە توێژینەوە کەونارا ناسییەکان بەخشیوە و پیشان دەدات کە لەم سەردەمەدا پارێزگای ئیلام، بەشێکی گرینگی ژیاری کاسی و ئیلامییەکان بووە. ژیاری ئیلام هاوکات لەگەڵ سەردەمی مەفرەقی کۆن دەست پێ بووە کە بەرچاوترین شوێنەواری ئەو سەردەمەیە، تەپی پەتەک لە موسیان و تەپی تیغەن لە دەڕەشار (سەردەمی ئیلامی ناڤین) و بەردەنووسی «گل گل ملکشاهی» کە بە خەتی بزمارینە ئاشوورییەکان لە کاتی زاڵ بوون بە سەر ئیلام نووسیانە.

سەردەمی ماد و هەخامەنشی

لەم سەردەمەدا، ئیلام بەشێک لە ژیاری ماد و هەخامەنشی بووە کە بەهۆی نزیک بوون بە پایتەختی کەونارایییەکانی شوش و هێگمەتانە (هەمەدان) و بێستون، خاوەن گرنگییەکی تایبەت بووە. لەم سەردەمەدا هەرچەند ژیاری ئیلام لاواز بووە بەڵام نووسین بەڕێنووسی ئیلامی لەلایەن پادشاکانی هەخامەنشی پیشاندەری گرنگی تایبەتی ئەم ناوچەیە وەکوو ناوچەیەکی بەرچاو بوو، تاکوو ڕادەیەک کە زۆربەی بەردەنووسەکان لە سەرەتادا بە خەتی ئیلامی و دواتریش بە فارسی کەونارایی وەرگێڕدراونەتەوە و نووسراون. ئیلام سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لەم ئیمپڕاتۆریەتە بووە، بەڵام هەمیشە سەربەخۆیی خۆی تاکوو ڕادەیەکی بەرچاو پاراستووە.

سەردەمی سلووکی - پارت

لەم سەردەمەدا بەپێی دەق و نووسراوە کەونارایییەکان، ئیلام هەر وەکوو شوێنەکانی تری ئێران لەژێر دەسەڵاتی سکۆلارییەکاندا بووە کە پاش هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئەوان و دەستپێکردنی سەردەمی ئەشکانی ئەم ناوچەیە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەشکانییەکان. ئاکامی لێکۆڵینەوە و گەڕان و پشکنینەکانی تەپی (فەڕوخ ئاوا)ـی دێهلۆران کە لەلایەن لیژنەیەکی جۆراوجۆری ئێرانی و نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، پیشان دەدات کە لەو سەردەمەدا ئەم تەپە بەشێک لە ئەیالەتی «ئەلیم»یان ئیلامی نوێ بووە.

سەردەمی ساسانی

بەهۆی ئەوەی کە لەم سەردەمەدا، پارێزگای ئیلام لە نێوان بەغداد وەکوو پایتەختی ساسانییەکان و دەوڵەتی شاری شوش و بێستون و فارسدا بووە، خاوەن گرنگییەکی تایبەت بووە و هەر بۆیە دەوڵەتی ناوەندی ئەم پارێزگایەی ئاوەدان کردووەتەوە. ئەم ئاوەدان کردنەوەیە سێ بەش بووە: تەلارەکانی ناو ڕێگا و پردە کەونارایی – شارییەکان و قەڵا کەونارایییەکان. بەناوبانگترینی ئەم شوێنەوارانە کە تاکوو ئێستا پارێزراون بریتین لە پردی گاومێشان، چەمی نەمشت، کوڕو دوێتە، کۆشکی قینفر، قەڵای شیاخ، قەڵای سام، شارە مێژوویییەکانی سیراوان، سەیمەرە و دەربەند و قەڵای پشت قەڵا، قەڵای هەزاردۆڵ و سیاگوڵ و چوار تاقی دەڕەشار و تاقی شیرین و فەرهاد.

شوێنەوارەکانی تەنگەی بارامی چوبینە کە لە دەڕەشاردایە هی بارامی چوبینە سەرکردەی ساسانییەکاندا بەهۆی کودتای دژ بە (خەسرەوپەرویز) پادشای ساسانی، ئەم پادشایە هەڵهات بۆ ڕۆم و دواتر پەیمانی هاوسەرگیری لەگەڵ کچی ئیمپڕاتۆری ڕۆم بەست، سوپایەکی کۆکردەوە و هێرشیکردە سەر ئێران و دووبارە پاشایەتی ئێرانی گرتە دەست.

سەردەمی ئیسلامی

لە نووسراوە مێژوویییەکاندا هاتووە کە ئیلامییەکان خۆیان ئیمانیان بە ئایینی ئیسلام هێناوە و ئەم پارێزگایە لە سەردەمی ئیسلامیدا وەکوو بەشێک لە ئەیالەتی (جیبال) لەژێر دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئیسلام و بە ناوەندی کوفە و بەسرە بەڕێوەدەبرا. گەورەترین شاری ئەم سەردەمە شاری سەیمەرە (دەڕەشار) کە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی کەوناراناساندا شوێنەواری بێ وێنە لە ژیان، شارسازی و ڕازاندنەوەی تەلار بەتایبەت گەچ بڕی بە نەخش و نیگاری تایبەت و بێ وێنە و هەروەها خەتی کوفی لەم ناوچەیە دۆزراونەتەوە. لە پارێزگای ئیلام تا نیوەی یەکەمی سەدەی چوارەم ژیانی شارنشینی زۆر باو بووە کە بەهۆی بوومەلەرزەیەکی گەورە کە بووە هۆی کاول بوون و تیاچوونی هەموو شارە گەورەکانی ئەم پارێزگایە، شێوەی ژیانی شارنشینی گۆڕدرا بە ژیانی کۆچبەری.

لە کتێبەکانی یاقوت حەمەوی، ئیبن ئەسیر، حەمدوڵڵا موستەوفی، مێژووی تەبەری، ئاماژەکراوە بەم بابەتە و نووسراوە کە بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزە، ٢٠ هەزار کەس لە خەڵکی شاری پڕ حەشیمەتی سەیمەرە مردوون و ئەم شارە بۆ هەمیشە چۆڵکرا. شوێنی شاری ئیلامی ئێستاش کە ئەو سەردەمە (ئەلەرد)ـی پێ دەوترا، بەهۆی کەشوهەوای خۆش و نزیک بوون لە شوێنی خەلافەتی خەلیفە عەباسییەکان، کە بەغداد یەکێک بووە لە گرنگترین جێگەکان بۆ گەشت و سەیرانەکانی ئەوان و لە کتێبە مێژوویییەکاندا هاتووە کە (المهدی بالله) برای هاروونە ڕەشید لە کاتی ڕاودا لەو شوێنە دا کوژراوە و بارەگاکەی کە بە (سەی مەی) بەناوبانگ بووە، ئێستاش ئەم شوێنە بووەتە پارکی منداڵان.

سەردەمی ئیلامی دواتر

ئەم سەردەمە حکوومەتی ئەفشاری و زەندییەکان دەگرێتەوە و ئیلامیش بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بووە. دیارترین شوێنەواری سەردەمی زەندییە بینای ئیمام زادە عەلی ساڵح (خاسەلی)یە. لە تەلارەکانی تری ئەم سەردەمە، بارەگای ئیمامزادە پیرمحەممەد و سەید سەلاحەدین محەممەدی ئاودانان و موعین ساڵح ماژین، سەید ئیبراهیمی زەڕین ئاوایە. سەردەمی حکوومەتی والییە فەیلییەکان (سەردەمی سەفەوییە تا پالەوی) پاش ڕووخانی حکوومەتی خۆجێیی (حەسەنویەی کورد) کاتێک کە شاوردینان لە زنجیرەی ئەتابەکان لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییە و دەسەڵاتی خوڕەمئابادی گرتە دەست، حسێن قولی خانی فەیلی کرد بە والی ناوچەی پشت کو.

گرنگترین شوێنەواری ئەم سەردەمە، قەڵاکانی والییە فەیلییەکانی لە ئیلام و دەورووبەری کەنجاچەمی مێهرانە. چەندی قەڵا و شوێن و بەردەنووسیش لەلایەن والییە فەیلییەکانەوە دروستکراون کە بەناوبانگترینیان بەردەنووسی تەختی خان لە ساڵح ئاوایە و نیشاندەری شێوەی حکوومەتی والییەکانە کە کۆچبەری بووە. هەندێک لە شوێنەواری والییەکان لەبەر بەرەو ئاوەدانی ڕووخاون و تیاچوون. لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم سەردەمە سەربەخۆیی زنجیرەی میرە خۆجێیەکانی دەڕەشار بوو کە لە ناوچە لوڕنشینەکانی پارێزگاکان لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بووە و سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن والی پیشکوه (لوڕستان) و بڕیاریان وەردەگرت بەڵام باجی بە والی پۆشتکوه (فەیلی) دەدا. هەرێمی دەسەڵاتی والییەکان لە باشوورەوە تا شووش، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا لوڕستان و لە ڕۆژاواوە تا ناوچەی کوێت و عەممارە لە باشوور و تاکوو خانەقین و مەندەلی لە باکووری عێراق بووە.

سەردەمی هاوچەرخ

پێنج ساڵ دوای گرتنە دەسەڵات لەلایەن ڕەزاشاوە، سوپای والی ئەو سەردەمەی ئیلام (غولامڕەزا خانی فەیلی) وەکوو دوایین حاکمی مولوکوتەوایوفی ئێران تێکشکاند و والی هەڵهات بۆ عێراق و لە شاری نەجەف مایەوە. گۆڕی والی لە گۆڕستانی نەجەفدایە. بە فەرمانی ڕژێمی بەعس و لە پێناو جێبەجێ کردنی سیاسەتی بە عەرەب کردنی کوردە فەیلییەکان، کێلی سەرگۆڕی ئەو و کوردەکانی تر کە بە فارسی یان کوردی لە سەریان نووسرابوو، تێداچوون و بەپێی بڕیاری ڕژێمی بەعس کێلێک لە سەرگۆڕی هەموویان دانرا کە بە عەرەبی ناونیشانی مردووەکانی لە سەردا نووسرا بوو. لە ساڵی ١٩٣٧ ی کۆچی هەتاوی وپاش دەسەڵات بە دەست گرتنی ڕەزاشای پاهلەوی، پارێزگای ئیلام بوو بە بەشێک لە پارێزگای کرماشان و پاشان لە ساڵی ١٩٦٤ بوو بە فەرمانداریی گشتی و گوندی حسێن ئاوای فەیلیش بە پێشنیاری ناوەندی فەرهەنگستانی ئێران، ناوی ئیلامی لەسەر دانراو لە ساڵی ١٩٧٤ ئەم ناوچەیە، لە کرماشان جیابووە و بوو بە پارێزگای ئیلام.

ڕاپەرینی ئیلام لە سەردەمی ڕەزاشادا

یەکێک لە کارەساتە بەرچاوەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان و ئێران کە لە ساڵی ١٩٢٩ زایینی ڕوویداوە، داگیرکردنی ئیلام بە دەستی ڕەزاشا و ڕاپەرینی هۆزەکانی کورد بە سەرۆکایەتی شامحەمەدی یاریە. ڕەزاشا دەیویست بە شەڕ تاکە فەرهەنگی نەتەوەیەک بەسەر هەموو گەلانی ئێرانیدا بسەپێنێ، بەڵام ڕووبەڕووی بەرگری و ڕاپەڕینی ئیلامییەکان دەبێتەوە و ڕەزاشا بەهێزی سەربازی و بۆمبارانکردن دەتوانێت ڕاپەرینەکە سەرکوت بکات و هەندێکیان زیندانی و هەندێکیان لە سێدارە بدات.

مرۆڤناسی

زمان زۆربەی خەڵکی ئیلام بە زمانی کوردی و شێوەزاری باشووری دەدوێن.
ئایین زۆرینەی خەڵکی ئیلام موسڵمانن و لە ئایینی ئیسلام و پەیڕەوی مەزهەبی شیعە دەکەن.
فەرهەنگ خەڵکی شاری ئیلام جلی کوردی لەبەر دەکەن.

کەسانی ناودار

  • ئیرەج خاڵسی
  • حیشمەت مەنسووری جەمشیدی
  • زاهیر سارایی
  • سیاوەش لوتفیکار
  • شاکەو مەنسوورخان
  • شامحەممەدی یاری
  • عەلی شادومان
  • عەلیدۆست فەلاحەتی
  • غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی
  • محەممەد عەبدوڵڵاهی
  • سەعید لوتفی
  • عەلی هاشمی


سەرچاوەکان



320 بینین