گریان لە کاتی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-20:14:00 - کۆدی بابەت: 10795
گریان لە کاتی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گریان لە کاتی سوڕی مانگانە (بە ئینگلیزی: Crying during period، بە عەرەبی: البكاء خلال الدورة الشهرية). هەستکردن بە خەمۆکی و دڵتەنگی و دڵەڕاوکێ لە پێش و لە کاتی سوڕی مانگانەدا حاڵەتێکی باوە. هەروەها گریانیش، تەنانەت ئەگەر بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک بێت. سوڕی مانگانە دەبێتە هۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەکان، لەبەر ئەم هۆکارەش چەند هەفتەیەک پێش کاتی دیاریکراو لایەنی دەروونی و هەستی کەسەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. 

ئایا گریان لە کاتی سوڕی مانگانە حاڵەتێکی ئاساییە؟ 

زیاتر لە ٧٥%ـی ئافرەتان لە کاتی سوڕی مانگانەدا لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە دووچاری چەند نیشانەیەک دەبنەوە. ئەگەر لەپێش و لە کاتی سوڕی مانگانەدا هەستت بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کرد، یان ئەگەر ئارەزووی گریانت کرد ئەوا حاڵەتێکی ئاساییە و زۆربەی ئافرەتان بەم قۆناغەدا تێپەڕدەبن، بەڵام جۆری نیشانەکان و تووندییەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. 

بۆچی گریان ڕوودەدات؟

هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە بە تەواوی دەستنیشان نەکراوە. بەڵام شارەزایان بڕوایان وایە بەهۆی گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن، کە دوو هۆڕمۆنی سەرەکی لەشی مێینەن، ڕوودەدات. ئەم هۆڕمۆنانە بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین کەم دەکەنەوە، کە دەمارە گوێزەرەوەیەکی لەشی مرۆڤە. بەگشتی دەشێت یەکێکە لەم هۆکارانە ڕۆڵیان لە گۆڕینی هەستی کەسەکەدا هەبێت و هەروەها هۆکاری گریانەکە بێت:

١. کەمیی ئاستی سیرۆتۆنین

سیرۆتۆنین لەنێو زۆربەی کەسدا بە پێکهاتەیەکی دڵخۆشکەر ناسراوە. یارمەتی ڕێکخستنی لایەنی دەروونی و ئارەزووی خواردن و سوڕی خەوتنی کەسەکە دەدات. کاتێک ئاستی سیرۆتۆنین کەم دەبێتەوە، کەسەکە هەست بە خەمباری دەکات تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیش ڕووی نەدابێت، واتە هەڕەمەکییانە کەسەکە هەست بە خەمباری دەکات. 

٢. کوالێتییەکی خراپی نووستن 

کوالێتی خەویش یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی کەسەکە هەیە. لەبەرئەوەی کەمبوونەوەی ئاستی سیرۆتۆنین تووشی ماندووێتیت دەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی هەستی ئارامی، کەواتە لە ئەنجامدا سووڕی خەو تێکدەچێت و لە ڕووی دەروونییەوە هەست بە ماندووێتی دەکەیت. بەمەش هەستکردن بە ماندووێتی و نەخەوتن بەپێی پێویست، وا دەکات کەسەکە زیاتر هەستیار بێت و بەئاسانی دەست بە گریان بکات. 

٣. گۆڕانی ئارەزووی خواردن 

گۆڕانی ئارەزووی خواردن و ئارەزووکردنی خواردنی ئەو خۆراکانەی کاربۆهیدرات و شەکریان زۆرە لە کاتی سوڕی مانگانەدا لەنێو خانماندا باوە. بەڵام دەکرێت ئەم خۆراکانە کاریگەری پێچەوانە و نەرێنی لەسەر لایەنی دەروونی کەسەکە دروست بکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ١٩٩٥، دەرکەوتووە خواردنی ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی سیرۆتۆنین زیاد دەکات، دواتر نزم دەبێتەوە و بە پێچەوانەوە کەسەکە خەمۆکی و دڵتەنگی زیاتر دەبێت. 

٤. ڕاهێنان نەکردن

هەندێک نیشانەی وەکوو هەستکردن بە ئازار و هەڵئاوسانی سک وا دەکەن، زیاتر ئارەزووی حەسانەوە بکەیت و ئارەزووی ڕاهێنان کردن نەکەیت. بێگومان جووڵە نەکردن و چالاک نەبوون وا دەکات هەست بە خراپییەکی زۆرتر بکەیت.

ڕێنماییەکان 

خەمۆکی و گریانی مامناوەند بەزۆری لەگەڵ گۆڕینی شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروست چارەسەر دەکرێت، بۆ ڕزگاربوون لەم حاڵەتە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکە:

  • لەجیاتی خواردنی ساردەمەنی، هەوڵبدە چەوری ماسی بخۆیت یان ئەو خۆراکانەی بە ئۆمێگا سێ دەوڵەمەندن، سەلمێندراوە ئەم جۆرە خۆراکانە خەمۆکی کەم دەکەنەوە.
  • هەوڵبدە ڕاهێنان کردن و وەرزشکردن بکەیت بە بەشێک لە ژیانت، تەنانەت ئەگەر هەستت بە ئازار و هەڵئاوسانی سک کرد ئەنجامیان بدە و پشتگوێیان مەخە. ڕاهێنانکردن یارمەتی دەردانی ئێندۆفرین دەدات، بەمەش جەوی کەسەکە بەرەو باشبوون دەچێت. 
  • ئەگەر ئازارەکەت زۆر توند بوو، بەجۆرێک لە تواناتدا نەبوو ڕاهێنان بکەیت، ئەوە بە لایەنی کەمەوە لە خواردنی خوێ دووربکەوە، لەبەرئەوەی خواردنی خوێیەکی زۆر ئاو لە جەستە کۆدەکاتەوە بەمەش نیشانەکان بەرەو خراپتر دەچن.
  • هەوڵبدە لەم کاتانەدا بەتەنها نەبیت و کات لەگەڵ هاوڕێکانت و خێزانەکەت بەسەر بەرە. 
  • گرنگی بە ئەنجامدانی یۆگا بدە، یۆگا بەشێوەیەکی سروشتی ئاستی سیرۆتۆنین زیاد دەکات، بەمەش جەوی کەسەکە بەرەو پێش دەچێت و کەمتر هەست بە فشار دەکات.
  • ئەگەر بەهۆی کەمخەوییەوە دووچاری ئەم حاڵەتە بوویتەوە، هەوڵبدە بەلایەنی کەمەوە شەش بۆ حەوت کاتژمێر پێش خەوتن لە خواردنەوەی کافایینەکان دووربکەویتەوە، هەروەها خۆت لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەدوور بگریت.

چارەسەرکردن

بەزۆری گریان لە کاتی لە کاتی سوڕی مانگانەدا لەماوەی چەند ڕۆژێکدا نامێنێت. بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بەردەوامبوو، هەروەها حاڵەتەکەت خراپتربوو، ئەوا سەردانی دکتۆر بکە تاکوو بەپێی نیشانەکان چارەسەری گونجاوت بۆ پێشنیار بکات. دەشێت دکتۆرەکە ئەو دەرمانانەت بۆ بنووسێت کە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردەهێنرێن، لەبەرئەوەی ئەم دەرمانە ڕێگری لە گۆڕینی هۆڕمۆنەکان دەگرێت و بەمەش دووچاری ئەو جۆرە نیشانانە نابیتەوە.


سەرچاوەکان



318 بینین