ڤیتامین B5

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-31-03:08:00 - کۆدی بابەت: 10814
ڤیتامین B5

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ڤیتامین B5 (بە ئینگلیزی: Vitamin B5, Pantothenic Acid، بە عەرەبی: فیتامین بی5)، لە هەمان کاتدا بە ترشی پانتۆثێنیک (pantothenic acid) ناسراوە. ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە واتە لە ئاودا دەتوێتەوە و سەر بە خێزانی ڤیتامین (B)ـە. ئەم ڤیتامینە بە شێوەیەکی سروشتی لە زۆربەی خۆراکەکاندا بەردەستە، هەروەها بۆ هەندێک خۆراک زیادکراوە و لە هەمان کاتیشدا بە شێوەی تەواوکەری خۆراکی بەردەستە. لەلایەن بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵەشەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ڕێژەکەی زۆر کەمە و بەپێی پێویست نییە و لەش ناتوانێت بەو بڕە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە دەبێت لەسەرچاوە خۆراکییەکانیشەوە وەربگیرێت. ڤیتامین B5 یەکێکە لە گرنگترین ڤیتامینەکان بۆ لەشی مرۆڤ، بۆ دروستکردنی خانەکانی خوێن پێویستە، هەروەها لە ڕێگەی تێکشکاندنی خۆراکە ماددەکانەوە بەشداری لە بەرهەمهێنانی وزە دەکات. لە هەمان کاتدا یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی پێست و قژ و چاو و جگەر دەدات. بەگشتی هەموو جۆرە خۆراکێک بڕێکی کەم لەم ڤیتامینەی تێدایە، لەبەرئەوە تووشبوون بە کەمیی ئەم ڤیتامینە حاڵەتێکی دەگمەنە. 

دەبێت ڕۆژانە چەندێک لە ڤیتامین B5 وەربگرم؟

دەستووری ڕۆژانەی ڕاسپێردراو (RDA)، واتە ئەو بڕەی کەوا دەبێ لە ڕۆژێکدا بخورێت بۆ پیاوان و ئافرەتانی تەمەن ١٩ ساڵ و بەرەو سەرەوە بریتییە لە پێنج میلیگرام لە ڕۆژێکدا. بەڵام ئەم بڕە لە خانمانی دووگیان و دایکانی شیردەردا بۆ حەوت میلیگرام لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات. 

سوودەکانی ڤیتامین B5

ئەم ڤیتامینە چەندین سوودی گرنگی هەیە، ئەوانەش بریتیین لە:

  • تێکشکاندنی خۆراک و بەرهەمهێنانی وزە.
  • دروستکردنی کۆلیستڕۆڵ.
  • بۆ ئەرکی کۆئەندامی دەمار و جگەر پێویستە.
  • بۆ دروستکردنی خانەکانی خوێن گرنگە، کە ئۆکسجین بۆ خانەکان دەگوازنەوە.
  • یارمەتی دروستکردنی هۆڕمۆنەکانی فشار و سێکس دەدات.
  • کۆئەندامی هەرس بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.
  • تەندروستی پێست و چاو و قژ بەرەوپێش دەبات. 

بەگشتی هەموو جۆرەکانی ڤیتامین B5 ، یارمەتی تێکشکاندنی کاربۆهیدرات و چەوری و پڕۆتین دەدەن، لە ئەنجامدا وزە بەرهەمدێت و یارمەتی بنیاتنانی شانەکان و ماسولکەکان و ئەندامەکان دەدەن. ئەم ڤیتامینە کۆئەندامی هەرس بە تەندروستی دەهێڵێتەوە و هەروەها یارمەتی ڤیتامینەکانی تر دەدات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا وەکوو ڤیتامین B2 بۆ ڕێکخستنی فشار، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی ئەم ڤیتامینە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی فشار هەیە. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە، ڤیتامین B5 وەکوو شێدارکەرەوەیەک لەسەر پێست کار دەکات و یارمەتی پڕۆسەی ساڕێژبوونی برین دەدات. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە، ئەم ڤیتامینە یارمەتی کەمکردنەوەی زیپکەی ڕووخسار دەدات ئەگەر وەکوو تەواوکەری خۆراکی بەکاربهێنرێت. هەروەها توێژینەوەیەکی تر پشانیداوە، ئەم ڤیتامینە یارمەتی کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵ و چەوری سیانی دەدات، بەڵام دەبێت تەنها لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنرێت. 

سەرچاوەکانی ڤیتامین B5

ئەم ڤیتامینە لە زۆربەی خۆراکەکاندا هەیە و بەئاسانی بەدەست دەهێنرێت، ئەو خۆراکانەی بەم ڤیتامینە دەوڵەمەندن بریتیین لە:

کەمیی ڤیتامین B5

لەبەرئەوەی ئەم ڤیتامینە لە زۆربەی خۆراکەکاندا هەیە، کەواتە کەمیی ئەم ڤیتامینە حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام دەکرێت لە ئەنجامی کەمیی پێکهاتە خۆراکییەکانی تر ڕووبدات، یان دەشێت لە ئەنجامی گۆڕانی جیناتی کەسەکەوە ڕووبدات. نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B5 بریتیین لە سەرئێشە، ماندووێتی، بێئارامی، تێکچوونی سووڕی خەو، هێڵنجدان و ڕشانەوە و ئازاری گەدە، سڕبوون یان سووتانەوەی دەست و پێیەکان و ئازاری ماسولکەکان. ئەو کەسانەی تووشی کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبنەوە، لە ئەنجامدا لەشییان هەستیاری بەرامبەر هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دروست دەکات.

ژەهراویبوونی ڤیتامین B5

هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوون بەم ڤیتامینە لە ئەنجامی زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی ئەم ڤیتامینەی تێدایە تۆمارنەکراوە. بە وەرگرتنی زیاتر لە دە میلیگرام لە ڕۆژێکدا، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک ئازاری گەدە و تووشبوون بە سکچوونێکی مامناوەند. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەمە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و لەناو خەڵکیدا باو نییە.


سەرچاوەکان



568 بینین