ئایا لە کاتی پژمیندا دڵ دەوەستێت؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-31-04:23:00 - کۆدی بابەت: 10815
ئایا لە کاتی پژمیندا دڵ دەوەستێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا لە کاتی پژمیندا دڵ دەوەستێت (بە ئینگلیزی: Does your heart stop when you sneeze، بە عەرەبی: هل يتوقف القلب أثناء العطاس؟)، ڕۆژانە بەردەوام کرداری پژمین دووبارە دەبێتەوە. پژمین کردارێکە جەستە لەڕێگەیەوە تەنۆلکە دەرەکییەکانی جەستە وەکوو تۆز یان هەر شتێکی تر لە ڕێگەی کۆئەندامی هەناسەوە دەکاتە دەرەوە. دەشێت ڕۆژێک گوێت لەوە بووبێت کە دەوترێت لە کاتی پژیمیندا دڵ بۆ ساتێک دەوەستێت. ئەو ئاماژە کارەباییانەی کۆنتڕۆڵی لێدانی دڵ دەکەن، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە کاتی پژمیندا ڕوودەدات، ناگۆڕێن. بەڵام دەشێت دڵ بۆ ماوەی چرکەیەک یان زیاتر لە گەڕانەوەی بۆ لێدانە ئاساییەکەی خۆی دوابکەوێت. پێویست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات، دوای پژمەکە ڕاستەوخۆ دڵ بە ئاسایی لێدەداتەوە، واتە مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروست ناکات. 

لە کاتی پژمیندا چی ڕوودەدات؟

بێگومان لە کاتی پژمیندا دڵ لە لێدان ناوەستێت، بەڵام چەند گۆڕانکارییەک هەیە ڕوودەدەن و ئەم کردارە بە چەند قۆناغێکی زۆر خێرا ڕوودەدات، بە شێوەیەک کەسەکە سەرنجی نادات:

  • پێش ئەوەی بپژمیت هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەمژیت، ئەمەش پەستانێکی زۆر لەناو سنگ دروست دەکات. لە ئەنجامدا ڕۆیشتنی خوێن بۆ دڵ بەهێواشی کەم دەبێتەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێت. بەمەش لێدانی دڵ زیاد دەکات.
  • ناوچەی قورگ دادەخرێت، دەکرێت سەرنجی ئەوەت دابێت، لە کاتی پژمین یاخود کۆکەدا ناوچەی قورگ دادەخرێت. ئەمەش وا دەکات لە بۆشایی سک پەستان دروست ببێت و لەگەڵ نەمانی پژمەکەدا ئەو هەوایەی کۆبووەتەوە دەربچێتە دەرەوە. 
  • بەتوندی و لەناکاو هەناسە دەدەیتەوە. کاتێک دەپژمیت هەموو ئەو پەستانەی لە بۆشایی سک بنیاتنراوە بەخێرایی دەردەچێتە دەرەوە. ئەم کردارە دووبارە خوێن بۆ دڵ زیاد دەکاتەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و لێدانی دڵیش خاودەبێتەوە، دواتر وردە وردە لێدانی دڵ بۆ باری ئاسایی دەگەڕێتەوە. 
    بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوەی لە ڕێژەی خوێن و پەستاندا ڕوودەدات، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لێدانی دڵ تێکدەچێت، بەڵام ناوەستێت. 

ئایا لە کاتی پژمیندا بوورانەوە ڕوودەدات؟

لە زانستی پزیشکیدا حاڵەتێک هەیە بە (sneeze syncope) ناسراوە، واتە بوورانەوە یان بێهۆشبوون لە کاتی پژمیندا. ئەمە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و هەروەها باو نییە، بەهۆی کەمبوونەوەی لێدانی دڵ یان دابەزینی پەستانی خوێن لە کاتی پژمەکەدا ڕوودەدات. کۆتا حاڵەتی تۆمارکراو لەسەر ئەم بابەتە بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، کە کەسێک بەهۆی ئەم حاڵەتەوە گیانی لەدەستداوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بوورانەوە لە کاتی پژمیندا بەهۆی نەخۆشییەکەوە ڕوودەدات، واتە بەهۆی کێشەیەکی تەندروستییەوە، بۆ نموونە ئەو بارودۆخانەی زمانەی دڵ لاواز دەبێت. هەروەها چەندین هۆکاری تریش هەیە، ئەگەر دووچاری هەر شتێکت لەم جۆرە بوویتەوە، واتە ئەگەر لە کاتی پژمیندا هەستت بە بێهۆشی کرد، پێویستە سەردانی پزیشك بکەیت تاکوو زیان بە لایەنی تەندروستیت نەگات. 

هۆکارەکانی پژمین

پژمین کردارێکە لەلایەن لەشەوە ئەنجام دەدرێت بۆ کردنە دەرەوەی ئەو تەنۆلکە دەرەکییانەی بە هەر هۆکارێک گەیشتوونەتە کۆئەندامی هەناسە، بۆ نموونە دەشێت لە ناوچەی لوت، قورگ یان سییەکاندا بێت. یەکێک لە باوترین هۆکارەکانی پژمین کە بێزیانە و مەترسی نییە، بریتییە لە هەڵمژینی ئەو شتانەی دەبنە هۆی شێواندنی کۆئەندامی هەناسە، وەکوو تۆز، بۆنی تیژ یان هەڵاڵە. بەڵام دەشێت بەهۆی کێشەی تەندروستیشەوە ڕووبدات، وەکوو:

  • سەرمابوون: ئەم حاڵەتە بەهۆی تووشبوونی کۆئەندامی هەناسە بە ڤایرۆس ڕوودەدات، بەگشتی مەترسیدار نییە و بەپێی کات نیشانەکان نامێنن.
  • هەوکردنی ڕێڕەوی لوت: ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی هەڵمژینی شتێکەوە ڕوودەدات کە کەسەکە هەستیاری بەرامبەر هەیە. لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری پژمە، کۆکە یان خوران دەبێت. حاڵەتێکی مەترسیدار نییە، بەڵام بەپێی کات سەرئێشە و تەنانەت هەناسەتووندی دروست دەکات.
  • تووشبوون بە هەڵامەت: تووشبوون بە هەڵامەت یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی پژمین، لە ئەنجامی تووشبوونە ڤایرۆسییەکان ڕوودەدات و کەسەکە لووتی دەگیرێت و هەست بە ماندووێتی و ئازاری جەستە دەکات. 

لە کاتی هەبوونی هەر یەکێک لەم حاڵەتانە، وا باشترە سەردانی پزیشكی تایبەت بە بوارەکە بکرێت، تاکوو حاڵەتەکە چارەسەر بکرێت و بەزوویی کۆنتڕۆڵ بکرێت.


سەرچاوەکان



274 بینین