چەند خۆراکێک بۆ گەرمبوونەوەی لەش لە زستاندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-01-17:42:00 - کۆدی بابەت: 10822
چەند خۆراکێک بۆ گەرمبوونەوەی لەش لە زستاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چەند خۆراکێک بۆ گەرمبوونەوەی لەش لە زستاندا (بە ئینگلیزی: Foods to keep you warm in winter، بە عەرەبی: أطعمة تمنحك الدفء في الشتاء). جۆری ئەو خۆراکانەی ڕۆژانە دەخورێت، کاریگەری لەسەر لەش دروست دەکات. کاتێک پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە و وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە، بەگشتی پێویستە زیاتر گرنگی بەو خۆراکانە بدرێت، کە جەستە گەرم دەکەنەوە. بێجگە لەوەی کاتێک لە وەرزی زستاندا هەست بە سەرما دەکەیت و هەڵدەلەرزیت، گرنگی بە لەبەرکردنی جلێکی زۆر و بەکارهێنانی سەرچەف دەدەیت، لەگەڵ ئەوەشدا کارێکی باش دەبێت ئەگەر گرنگی بەو خۆراکانە بدەیت کە جەستە گەرم دەکەنەوە. 

ئەو خۆراکانەی جەستە گەرم دەکەنەوە

سوپ

خواردنی سوپ هەڵبژاردەیەکی نایابە، لەبەرئەوەی لە سەوزە جۆراجۆرەکان دروست دەکرێت و ناوەوەی لەش گەرم دەکاتەوە. بە تایبەتی ئەو جۆرە سوپانەی لە پێکهاتەی جۆ دروست دەکرێت گرنگترن و دەتوانرێت وەکوو ژەمێکی سەرەکی بخورێت. ئەگەر تامێکی تیژی وەک زیرە، دارچین یان زەنجەفیل بۆ پێکهاتەکە زیاد بکرێت، وا دادەنرێت تەندروسترین ژەمت وەرگرتبێت. خواردنی سوپ لە وەرزی زستاندا بۆ هەموو تەمەنەکان گونجاوە، ئەو دایکانەی شیر بە منداڵەکانیان دەدەن دەتوانن وەکوو سووکەژەمێک سوودی لێ وەربگرن، یان دایکان دەتوانن بۆ منداڵەکانیان ئامادەی بکەن، لەبەرئەوەی تەندروستە و لە هەمان کاتیشدا جەستەیان گەرم دەکاتەوە. 

میوەکان

بەگشتی ئەو میوانەی لە وەرزی زستاندا پێدەگەن و باون هەڵبژاردەیەکی گونجاوە. بۆ نموونە مۆز، شلیک، کیوی، سێو، پاپایە و هەنار هەندێکن لە باشترین هەڵبژاردەکان. مۆز سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین B و مەگنیسۆمە، کە یارمەتی ڕژێنەی سەرووگورچیلە و ڕژێنەی سایرۆید دەدات بە تەواوی کاربکەن. هەروەها ئەم ڕژێنانە یارمەتی ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش دەدەن. سەرەڕای چەندین سوود لەم میوەیەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ لایەنی دەروونی کەسەکە باشە و لە هەمان کاتیشدا بۆ بیرەوەری گرنگە. 

خواردنەوەی چای زەنجەفیل

خواردنەوەی چای زەنجەفیل لە ڕۆژە ساردەکانی زستاندا لەش بە گەرمی دەهێڵێتەوە. ئەم جۆری چایە بەوە ناسراوە، لە ناوەوە و دەرەوەش کەسەکە گەرم دەکاتەوە. سەرەڕای ئەمانەش، پڕۆسەی زیندەپاڵ بەهێز دەکات و هەروەها بۆ کرداری هەرسیش گرنگە. ئەگەر یەکێکیت لەو کەسانەی ئارەزووی خواردنەوەی چای زەنجەفیل ناکەن، دەتوانیت لەجیاتی ئەوە زەنجەفیل وەکوو پێکهاتەیەک لە دروستکردنی خواردنەکاندا بەکاربهێنیت.

خواردنەوەی قاوە

خواردنەوەی قاوە بە هەڵبژاردەیەکی باش دادەنرێت، لەبەرئەوەی بەهۆی بوونی کافایین لە پێکهاتەیدا پڕۆسەی زیندەپاڵ خێرا دەکات، بەمەش پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە. 

خواردنەوەی ئاو

سادەترین ڕێگا بۆ هێشتنەوەی لەش بەگەرمی بریتییە لە گرنگیدان بە خواردنەوەی ئاو. بەگشتی لە وەرزی زستاندا خەڵکی کەمتر ئاو دەخۆنەوە بە بەراورد بە وەرزەکانی تر. بەڵام ئاو یارمەتی جەستە دەدات تاکوو بە تەواوی کاربکات، هەروەها یارمەتی ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش دەدات. بە پێچەوانە وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی و کەسەکە هەست بە سەرما دەکات.

پەتاتەی شیرین 

پەتاتەی شیرین یەکێکە لەو خۆراکانەی پێویستی بە وزەیەکی زۆر هەیە تاکوو هەرس بکرێت و بە کۆئەندامی هەرسدا تێپەڕ ببێت، لە ئەنجامدا پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە. هەروەها بە پێکهاتەی خۆراکی وەک ڤیتامین A، ڤیتامین C و پۆتاسیۆم دەوڵەمەدندە، لە هەمان کاتیشدا بڕێکی باش لە ڕیشاڵی لەخۆگرتووە.

شۆفان

لەبەرئەوەی لە وەرزی زستاندا کەشوهەوا ساردە، زیاتر هەست بە برسێتی دەکەیت. بەڵام هەوڵ مەدە خۆراکێکی زیاتر بخۆیت، بەڵکوو هەوڵبدە زیرەکانە جۆری خواردنەکەت دیاریبکەیت. خواردنی ئەو خۆراکانەی لە کاربۆهیدراتی سادە پێکهاتوون هەڵبژاردەیەکی گونجاو نییە، لەبەرئەوەی زۆر بەخێرایی هەرس دەکرێن و لەش بەگەرمی ناهێڵنەوە. بەڵام خواردنی کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانی وەک شۆفان هەڵبژاردەیەکی نایابە. شۆفان سەرچاوەیەکی زۆر باشی ڕیشاڵە، ڕیشاڵیش یارمەتی بەرەوپێشبردنی ئاستی کۆلیستڕۆڵ دەدات و بۆ ماوەیەکی درێژ بەتێری دەتهێڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەی بۆ گەرمبوونەوەی لەش باشە، هەروەها چەندین پێکهاتەی خۆراکی لەخۆگرتووە. 

گۆشت 

گۆشت سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتین و ماددەی ئاسنە، هەروەها یارمەتی زیادبوونی پلەی گەرمی لەش دەدات. بەهۆی بوونی ڤیتامین B12 لە پێکهاتەیدا، یارمەتی بەهێزبوون بەگری لەش دەدات و بۆ تەندروستی دەمارەکانیش بەسوودە. 

هەنگوین 

بەکارهێنانی کەوچکێک هەنگوین و تێکدانی لەناو کوپێک ئاوی گەرمدا هەڵبژاردەیەکی بێوێنەیە. بێجگە لەوەی ڕۆڵی لە گەرمبوونی جەستەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری لەش بەهێز دەکات و لە کاتی تووشبوون بە کۆکە و هەڵامەتدا بەسوودە.

هێلکە

خواردنی هێلکە یەکێکی ترە لە هەڵبژاردەکان. هێلکە بە تەنها جەستە گەرم ناکاتەوە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا بە پڕۆتین و ڤیتامینی جۆراوجۆر دەوڵەمەندە، هەروەها دژ بە تووشبوونە میکرۆبییەکان دەجەنگێت و پارێزگاری لە جەستە دەکات. 

کەرەی (Ghee)

ئەم جۆرە کەرەیە (زبدە) بەرگری لەش و ئێسکەکان بەهێز دەکات و کەسەکە لە تووشبوون بە هەڵامەت دەپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە چەورییە بەئاسانی هەرس دەکرێت. بەشێوەیەکی زۆر ئاسان لە سیستمی خۆراکی ڕۆژانە بەکاردەهێنرێت، تەنها لەجیاتی ئەوەی ڕۆن بۆ دروستکردنی خواردنەکان بەکاربهێنرێت، ئەم جۆرە چەورییە لەجێگەی بەکاردێت.


سەرچاوەکان

200 بینین