گاز پڕۆم

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-01-02-15:37:00 - کۆدی بابەت: 10825
گاز پڕۆم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمپانیای گازپڕۆم (بە ئینگلیزی: Gazprom، بە عەرەبی: غازبروم) کۆمپانیایەکی وزەی فرەنەتەوەییە کە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی ڕووسیا، بارەگای سەرەکی لە سەنتەری لاختایە لە شاری سان پترسبۆرگی ڕووسیایە. لە ساڵی ٢٠١٩ بە فرۆشتنی زیاتر لە ١٢٠ بلیۆن دۆلار، بە گەورەترین کۆمپانیای گازی سروشتی لە جیهاندا دانرا هەروەها گەورەترین کۆمپانیای ڕووسیایە. گازپڕۆم ناوێکی ڕووسییە بەواتای پیشەسازی گاز. گازپڕۆم لە هەموو بوارەکانی بەدواداگەڕان، بەرهەمهێنان، پاڵاوتن، گواستنەوە و بازاڕگەری گازی سروشتی و نەوتی خاودا کار و بەرەوپێشچوون دەکات.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا %١٢ـی گازی سروشتی لەلایەن ئەم کۆمپانیایە بەرهەم هێنراوە، جگە لەوە بەرهەمهێنەرێکی نەوتی گەورەیە بەتایبەتی بەهۆی کۆمپانیای گازپڕۆم نەفتەوە لقێکە سەر بە کۆمپانیای گازپڕۆم. گازپڕۆم چەندین لقی تری نەوت و گازی هەیە لە ناوخۆ و دەرەوی وڵات هەروەها لە عێراقیش دوو لقی هەیە بە ناوەکانی گازپڕۆم نەفت-بەدر و گازپڕۆم نەفت-گەرمیان، تەنانەت لقی هەیە لە بوارەکانی تریش وەکوو هێڵی ئاسمانی، دارایی، میدیایی هەروەها لە چەندین کۆمپانیای تر پشکی هەیە. جگە لەوانە سپۆنسەری چەندین یانەی وەرزشی کردووە، گازپرۆم لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ بووە هاوبەشێکی فەرمی پاڵەوانیەتی فیفا، هەروەها گرێبەستەکە جامی جیهانیی فیفای ٢٠١٨ـی ڕووسیاشی لەخۆگرت.

دامەزراندن

لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی ١٩٤٣ حکوومەتی یەکێتیی سۆڤییەت بڕیاریدا پەرە بە پیشەسازی گازی ناوخۆ بدات. لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ وەزارەتی پیشەسازی گاز یەدەگی گەورەی گازی سروشتی لە سیبریا و ناوچەی ئورال و هەرێمی ڤۆڵگا دۆزیەوە، یەکێتیی سۆڤیەت بوو بە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی گاز. لە مانگی ئابی ١٩٨٩دا بە سەرۆکایەتی وەزیری پیشەسازی گازی یەکێتی سۆڤیەت ڤێکتۆر چەرنۆمیردین، ناونرا بە گاز کنسێرن گازپرۆم (gas concern gazprom)، کە بوو بە یەکەم گرووپی کۆمپانیای دەوڵەتیی یەکێتی سۆڤیەت. لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ کاتێک بۆریس یڵتسین (سەرۆکی ڕووسیا) ڤیکتۆر چەرنۆمیردین (سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا)ی وەکوو بەڕێوبەری گازپرۆم دەستنیشانکرد کاریگەری سیاسی کۆمپانیاکە زیادی کرد.

لە دوای بڕیاری سەرۆکی فیدراڵیی ڕووسیا لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ و بڕیاری حکومەتی ڕووسیا لە ١٧ـی شوباتی ١٩٩٣، گازپرۆم بوو بە کۆمپانیایەکی سەرمایە هاوبەش. لەدوای ئەوە گازپرۆم دەستی کرد بە دابەشکردنی پشکەکانی، تا ساڵی ١٩٩٤، ٪٣٣ـی پشکەکانی گازپرۆم لەلایەن ٧٤٧٠٠٠ ئەندامی گشتی و کەسانی ئاسایی کڕدراون، کڕینی پشکەکان بۆ ئەندامی بیانیی سنووردار کرابوو بۆ %٩. %١٥ـی سەرمایەکە بۆ فەرمانبەرانی گازپرۆم تەرخان کرا، هەروەها دەوڵەت ٪٤٠ـی پشکەکانی هێشتەوە. کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠٠٠ ڤلادیمیر پوتین بوو بە سەرۆکی ڕووسیا، دەستی کرد بەزیادکردنی دەسەڵاتی حکوومەتی ڕووسیا لەکۆمپانیا گرنگەکاندا، پوتین چەرنۆمیردینی لەپۆستەکەی دەرکرد وەک سەرۆکی ئەنجومەنی گازپرۆم، لەجێی ئەو دیمیتری مێدڤیدێڤی دانا. 

بەرهەمهێنان

لە ساڵی ٢٠١١ـدا گازپڕۆم ٥١٣.١٧ ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بەرهەم هێناوە، کە لە سەدا ١٧ـی بەرهەمی جیهان و لەسەدا ٨٣ـی بەرهەمهێنانی ڕووسیا بووە. هەروەها کۆمپانیاکە ٣٢.٢٨ ملیۆن تۆن نەوت و ١٢.٧ ملیۆن تۆن گازی شلی بەرهەمهێناوە. زۆربەی کێڵگەکانی گازپرۆم لە ناوچەی نادیم-پوور-تاز (نزیک کەنداوی ئۆب) لە ڕۆژاوای سیبیریادان. لە مێژووەکەیدا، سێ گەورەترین کێڵگەکە بریتین لە مێدڤێژ، ئورێنگۆی و یامبورگ. دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە بەرهەمهێنان، ئێستا ئەو کێڵگانە کورتهاتوون و کۆتاییان پێهاتووە، بەهۆی ئەوەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان بە بیست بۆ بیست و پێنج بلیۆن مەتر سێجا لە ساڵێکدا کەمی کرد. 

داهات و ئابووری 

گازپرۆم لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ٣١٦ ملیار مەتر سێجا گاز بەکڕیاری خۆماڵی فرۆشت، ١٦٢ بلیۆن مەتر سێجا بۆ هەموو ئەورووپا، ١٠١ بلیۆن مەتر سێجا بۆ وڵاتانی سی ئای ئێس و ویلایەتەکانی باڵتیک. گازپرۆم نزیکەی %٦٠ـی داهاتەکەی لە فرۆشتن بە کڕیارەکانی ئەورووپا وەردەگرێت. لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی گشتی گازپرۆم لە فرۆشتنی شتومەک و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی لەسەر ئاستی جیهان لە ١٠ تریلیۆن ڕوبلی ڕووسی زیاتر بووە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٢، ئەو وڵاتانەی زۆرترین بەرهەمیان لە گازپڕۆم کڕیووە بریتین لە:


سەرچاوەکان



374 بینین