سابرینا (١٩٥٤)

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2023-01-03-16:36:00 - کۆدی بابەت: 10832
سابرینا (١٩٥٤)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سابرینا (بە ئینگلیزی: Sabrina) فیلمێکی ئەمریکی کۆمیدیی ڕۆمانسییە کە لەلایەن دەرهێنەر بێڵی وایڵدەر (Billy Wilder) لە ساڵی ١٩٥٤ دەرهێنراوە. لە شانۆی سابرینا فەیری (Sabrina Fair) ساڵی ١٩٥٣ـی نووسەر تەیلەرەوە (Taylor) وەرگیراوە. هاوکات فیلمەکە یەک کاتژمێر و پەنجاوسێ خولەکە؛ فیلمی سابرینا بووە کۆتا فیلمی دەرهێنەر بیڵی وایڵدەر کە لەلایەن کۆمپانیای پاراماونت پیکچەرزەوە (Paramount Pictures) بڵاوکرایەوە و بووە کۆتایی پەیوەندییە بازرگانییەکەی نێوان ئەو کۆمپانیایە و بێڵی دەرهێنەر. فیلمەکە لە سایتی IMDb خاوەنی نمرەی (٧.٦) و مۆسیقای فیلمەکە لەلایەن فریدریک هۆڵاندەرەوە (Fredrick Hollander) دانراوە.

کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکە

  • هەمفری بۆگارد (Humphrey Bogart)
  • ئۆدری هێپبێن (Audrey Hepburn)
  • ویلیەم هۆڵدن (William Holden)
  • جۆن ویلیەمس (John Williams)
  • مارسێل ئیلێغ (Marcel Hillaire)
  • واڵتەر هامدن (Walter Hampden)
  • مارسا هایەڕ(Martha Hyer)
  • نێللا واڵکەر (Nella Walker
  • مارسێڵ دالیۆ (Marcel Dalio)
  • جۆن ڤۆ (Joan Vohs)
  • ئێڵن کۆڕبی (Ellen Corby)
  • فڕانسس سەیڤیەر بەشمان (Francis Xavier Bushman)
  • نێنسی کوپ (Nancy Kulp)

چیرۆکی فیلمەکە

سابرینا خانمێکی جوان و قەشەنگی کچی شۆفێری خانەوادەی لارابییە، پاش دوو ساڵ لە پاریس دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ڕاستەوخۆ سەرنجی دەیڤدی کوڕە نەکاراکەی خاوەنکارە دەوڵەمەندەکەی باوکی ڕادەکێشێت. دەیڤد هەمیشە بە سابرینادا هەڵدەدات تاوەکوو دڵی بۆخۆی ڕادەکێشێت و بە درێژایی ژیانی سابرینا دەکەوێتە خۆشەویستی دەیڤدەوە؛ هەرچەندە پەیوەندییەکەیان لەلایەن لینەسی برا گەورە جدییەکەی دەیڤدەوە مەترسی لەسەرە، لینەس خەریکی بەڕێوبردنی کاروباری خێزانەکەیەتی و پشت بە دەیڤد دەبەستێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ میراتگرێکدا بکات تاوەکوو جێی بگرێتەوە.

خەڵاتەکانی فیلمەکە

فیلمەکە براوەی سێ خەڵات ئەوانیش بریتین لە:

  1. خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی ساڵی ١٩٥٥ (Golden Globe) بۆ باشترین فیلمی سینەمایی و سیناریۆ و چیرۆک بردەوە، کە لەلایەن بیڵی وایڵدەر و ساموێل تایلەر و ئیرنێست لیمنەوە نووسرابوون.
  2. بووە خاوەنی خەڵاتی ئەکادیمی ئەواڕدی ساڵی ١٩٥٥ (Academy Award) بۆ باشترین دیزاینی جل و بەرگی ڕەش و سپی.
  3. خەڵاتی ئەمێریکا ئەواڕدی ساڵی ١٩٥٥ (America Award)ـی سەندیکای نووسەران بۆ باشترین نووسراوی کۆمیدی بردەوە و پاڵێوراوی هەشت خەڵاتی تر بووە. هاوکات فیلمەکە لە ٢٣ ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٤ لە نیو یۆرک و لۆس ئەنجلۆس بڵاوکرایەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە لە پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی ئەمریکادا بوو.


سەرچاوەکان



215 بینین