هێزی بازاڕ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-08-23:33:00 - کۆدی بابەت: 10858
هێزی بازاڕ

ناوه‌ڕۆك

هێزی بازاڕ چییە؟

هێزی بازاڕ (بە ئینگلیزی: Market Power، بە عەرەبی: قوة السوق) ئاماژەیە بۆ توانای ڕێژەیی کۆمپانیایەک بۆ دەستکاریکردنی نرخی شتێک لە بازاڕدا بە دەستکاریکردنی ئاستی خواست و خستنەڕوو یان هەردووکی. 

کۆمپانیایەک کە هێزێکی بەرچاوی لە بازاڕدا هەبێت، توانای دەستکاریکردنی نرخی بازاڕی هەیە و بەو هۆیەوە دەتوانێت ڕێژەی قازانجەکەی کۆنترۆڵ بکات، لەوانەیە توانای زیادکردنی بەربەستەکانی لەبەردەم ئەو کەسە نوێیانەدا هەبێت کە دێنە ناو بازاڕەوە.

ئەو کۆمپانیایانەی کە هێزی بازاڕیان هەیە زۆرجار بە "نرخسازەکان" ناو دەبرێن، چونکە دەتوانن نرخی بازاڕی شتێک دابنێن یان ڕێکبخەن.

تێگەیشتن لە هێزی بازاڕ

دەتوانرێت هێزی بازاڕ بەو ئاستە کاریگەرییە تێبگەین کە کۆمپانیایەک لەسەر دیاریکردنی نرخی بازاڕ هەیەتی، یان بۆ بەرهەمێکی دیاریکراو یان بەگشتی لەناو پیشەسازییەکەیدا. 

نموونەی هێزی بازاڕ بریتییە لە کۆمپانیای ئەپڵ لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکاندا. هەرچەندە ئەپڵ ناتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی بازاڕ بکات، بەڵام بەرهەمی ئایفۆنەکەی بڕێکی بەرچاو لە پشکی بازاڕ و دڵسۆزی کڕیارانی هەیە، بۆیە توانای کاریگەری کردنە سەر نرخی گشتی لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکاندا هەیە.

بارودۆخی نموونەیی بازاڕ ئەوەیە کە بە دۆخێکی کێبەرکێی تەواو ناودەبرێت، کە تێیدا کۆمپانیایەکی زۆر هەن کە بەرهەمی کێبەرکێکار بەرهەم دەهێنن و هیچ کۆمپانیایەک ئاستێکی بەرچاوی هێزی بازاڕی نییە.

لەو بازاڕانەی کە کێبەرکێیەکی تەواو یان نزیک لە تەواوەتییان هەیە، بەرهەمهێنەران هێزی نرخدانانێکی کەمیان هەیە و هەروەها دەبێت نرخ وەرگر (کەسێکە یان کۆمپانیایەکە کە دەبێت قبووڵی نرخە باوەکان لە بازاڕێکدا بکەن.) بن.

بێگومان ئەوە تەنیا نموونەیەکی تیۆرییە کە بە دەگمەن لە پراکتیکی ڕاستەقینەدا بوونی هەیە و ڕوو دەدات. 

زۆرێک لە وڵاتان یاسای دژە پاوان یان یاسای هاوشێوەیان هەیە کە بۆ سنووردارکردنی هێزی بازاڕی هەر کۆمپانیایەک داڕێژراون.

کەمی سەرچاوەیەک یان ماددەیەکی خاو دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە هێزی دانانی نرخەکان، تەنانەت زیاتر لە بوونی ڕکابەری بەرهەمێک. بۆ نموونە هەڕەشە جۆراوجۆرەکان، وەک کارەساتەکان کە خستنەڕووی نەوت دەخاتە مەترسییەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دابینکەران  ڕکابەرییان هەیە و لە بازاڕدا ڕکابەری دەکەن. 

بەردەستبوونی کەمی نەوت، لەگەڵ پشتبەستنی بەرفراوان بە سەرچاوەکە لە چەندین پیشەسازیدا، بەو واتایە دێت کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەسەڵاتی بەرچاوی نرخدانانیان بەسەر ئەم سەرچاوەیەوە هەیە. 

نموونەیەک لە هێزی بازاڕ

بۆ نموونە کاتێک ئایفۆن سەرەتا لەلایەن ئەپڵەوە ناسێندرا، کۆمپانیای ئەپڵ هێزێکی بەرچاوی بازاڕی هەبوو، چونکە لە بنەڕەتدا بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان و ئەپەکانی پێناسە کرد لەگەڵ خستنەبازاڕی بەرهەمەکەدا بۆ ماوەیەکی کورت قۆرخکاری بوو. بەڵام قۆرخکارییەکەی بۆ ماوەیەکی کورت بەردەوام بوو. ئەمەش نموونەیەکی باشی هێزی بازاڕ قۆرخکارییە. دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەبێ کێبەرکێ یان بە کەمترین کێبەرکێ، قۆرخکاری دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی نرخی بازاڕی هەیە و دەتوانێت نرخەکان بەرز بکاتەوە تەنها بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمەکانی.

بەشێک لەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر هێزی بازاڕ هەیە

ژمارەی ڕکابەرەکان لە بازاڕێکدا: بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک دەسەڵاتی بازاڕی بەرفراوانی لەو پیشەسازییەدا هەبێت کە ئەنجامی دەدات و کاری تێدا دەکات، نابێت پیشەسازییەکە زۆر ژمارەی کێبەرکێکاری هەبێت. هێزی بازاڕ پەیوەندییەکی پێچەوانەی بە ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە لە بازاڕدا ئامادەن. تا کۆمپانیاکان کەمتر بن واتای ئەوەیە هێزی زیاتریان لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکاندا هەیە و هێزی بازاڕیان زیاترە. 

نەرمی (لاستیکی) خواست: بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک هێزی بازاڕ بەکاربهێنێت، دەبێت خواستێکی نانەرمی (خواستی نانەرم کاتێکە کە خواستی کڕیار بۆ بەرهەمێک بەقەد گۆڕانی نرخەکەی ناگۆڕێت. لە کاتێکدا نرخ بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرز دەبێتەوە و خواست تەنها بە ڕێژەی ١٪ کەم دەبێتەوە، دەوترێت خواست نانەرمە.) لەسەر بەرهەمەکانی هەبێت. ئەمەش بەو واتایەیە کە بەبێ گوێدانە نرخی بەرهەمەکە، پێویستییەکی بەردەوام بە بەرهەمەکە هەیە. کۆمپانیاکان دەتوانن بە خستنەڕووی بەرهەم و خزمەتگوزارییە ناوازەکان کە بەها بۆ کڕیار دروست دەکەن، چەماوەی خواستی نانەرم بەدەست بهێنن.

جیاوازی بەرهەم: ئەگەر کۆمپانیایەک بەرهەم و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان پێشکەش بکات یان پشکێکی بەرفراوانی لە بازاڕدا هەبێت، ئەوا دەتوانێت تا ڕادەیەک نرخی بەرهەمەکانی بسەپێنێت و خواستی نانەرم لەلایەن کڕیارەکانەوە دابین بکات. پلەیەکی بەرزی هێزی نرخدانان یارمەتی کۆمپانیایەک دەدات بۆ بەدەستهێنانی هێزی بازاڕ.

توانای کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی سەرووی “قازانجی ئاسایی”: لە بازاڕێکی کێبەرکێی تەواودا، کە کڕیار و فرۆشیار هەردووکیان نرخ وەرگرن، ناتوانرێت لە ماوەی درێژخایەندا قازانجێکی سەرووی ئاسایی بەدەستبهێنرێت.

ئەگەر پلانێک هەبێت کە کۆمپانیاکان بتوانن قازانج لە سەرووی مەودای قازانجی ئاساییەوە بەدەستبهێنن، ئەوە کۆمپانیای زیاتر دەچنە ناو پیشەسازییەکەوە و بەدوای هەمان شتدا دەگەڕێن و ئەمەش پێگەی هەر کۆمپانیایەک کەم دەکاتەوە و قازانجەکان بۆ ئاسایی دەهێنێتە خوارەوە. کۆمپانیایەک کە هێزێکی زۆری بازاڕی هەبێت، دەتوانێت قازانج لە سەرووی "قازانجی ئاسایی"ـەوە بەدەستبهێنێت.

هێزی نرخدانان: ئەگەر کۆمپانیایەک بەرهەم و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان پێشکەش بکات یان پشکێکی بەرفراوانی لە بازاڕدا هەبێت، ئەوا دەتوانێت تا ڕادەیەک نرخی بەرهەمەکانی بسەپێنێت و خواستی نانەرمی کڕیارەکان دابین بکات، واتە بەبێ گوێدانە نرخی بەرهەمەکە پێویستییەکی بەردەوام بە بەرهەمەکە هەیە. پلەیەکی بەرزی هێزی نرخدانان یارمەتی کۆمپانیایەک دەدات بۆ بەدەستهێنانی هێزی بازاڕ.

بەربەستەکانی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون: ئەگەر پیشەسازییەک بەربەستی بەرزی بۆ چوونە ژوورەوەی بازاڕ هەبێت، ئەوە پیشەسازییەکان بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی بازاڕیان بەدەستەوەیە. بەربەستە بەرزەکانی چوونە ژوورەوە بەو واتایەیە کە کێبەرکێکارانی ئێستا دەسەڵاتی باڵایان هەیە و کێبەرکێکارە نوێیەکان ناتوانن بە ئاسانی بچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی بازاڕەکە تێک بدەن و کاریگەریی لەسەر نرخەکان و بازاڕ بکەن.


سەرچاوەکان



1089 بینین