شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-01-14-19:46:00 - کۆدی بابەت: 10873
شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان (بە ئینگلیزی: The way of dealing with the elderly)، (بە عەرەبی: طريقة التعامل مع الشيخوخة). کەسانی بەساڵاچوو لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازن، پێویستە مامەڵەیەکی جیاوازیان لەگەڵدا بکرێت و زیاتر گرنگییان پێ بدرێت. زۆرینەی خەڵکی کەسی بەساڵاچوو لە خێزانەکەیدا هەیە و لەوانەیە نەزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەمەش کێشەی بۆ دروست بکات، بۆیە پێویستە هەمووان چەند خاڵێک لەبەرچاوبگرن و بەو ڕێنوێنییانە گرنگی بدەن بە کەسانی بەساڵاچوو.

ڕێنوێنی بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچوواندا

بە بێ هێز سەیریان نەکەیت

وەک هەر تەمەنێکی تر تەمەنی بەساڵاچوویش تایبەتمەندی خۆی هەیە، زۆرێک پێیان وایە کە بەساڵاچووەکان بێتوانان و بێهێزن. بەڵام ئەمە هەڵەیە و بەگشتی ئەوان ئەمەیان پێ ناخۆش دەبێت. پێویستە لێیان تێبگەیت و بهێڵیت خۆیان زۆرینەی کارەکانیان ئەنجام بدەن. کەسانی بەساڵاچوو دڵگران دەبن ئەگەر وابزانن بەزەیتت دێتەوە پێیاندا. 

ئاگاداری زمانی جەستەت بە

لەوانەیە سەیرکردنێک یاخود ئاماژەیەکی تۆ دڵی بەساڵاچوویەک بشکێنێت. وامەزانە کەسانی بەساڵاچوو لە ئاماژە و هەندێک سەیرکردن تێناگەن.

ئارامگرتن و خۆکۆنتڕۆڵکردن

بەگشتی ڕەفتار لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوودا، پێویستی بە ئارامگرتن و خۆکۆنتڕۆڵکردن هەیە. کەسانی بەساڵاچوو دڵیان ناسکترە بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری ڕەفتار و کردەوەکانت بیت لەگەڵیاندا. زۆرجار کەسانی بەساڵاچوو زۆر بە هێواشی دەچن بە ڕێگادا یاخود بە هێواشی نان دەخۆن، ئەمە سروشتییە و بەهۆی تەمەنەکەیانەوەیە. هەربۆیە بۆڵەبۆڵکردن و ڕەفتاری ناشرینیت نیشانەی نزمی ئاستی هۆشیاری تۆیە. 

فەرمان مەکە بەسەریاندا، پرسییان پێ بکە

ئەگەر بەرنامە و یاسا دادەنێیت بۆ ژیانی بەساڵاچوویەک، واتە خەو و خواردن و شێوازی ژیانی دەکەیتە بەرنامەیەک. زۆر گرنگە بە شێوازی فەرمانکردن بەسەریدا پلانەکانی پێ نەڵێیت. ئەوە بۆ ژیانی ئەو دەبێت، بۆیە سەرەتا واباشە پرسی پێ بکەیت و بۆی ڕوونبکەیتەوە کە هەموو ئەمانە لەپێناو هەبوونی تەندروستییەکی باشە بۆ خۆی. بۆ نموونە نابێت بڵێیت (ئەمڕۆ مریشک بخۆ، دەبێت ئەمڕۆ نەچیت بۆ ئەو شوێنە ساردە) لەجێی ئەمانە دەتوانیت بڵێیت (مریشک سوودی زۆرە و پێت چۆنە ئەمڕۆ مریشکت بۆ دروست بکەم؟ ئەمڕۆ کەشوهەوا زۆر ساردە هەمووان لە ماڵەوە دەمێننەوە، بەڕای تۆ باشتر نییە بەیانی بچیت؟.

لێووردەبە بەرانبەر ڕەفتارەکانیان

کەسانی بەساڵاچوو زۆر شتیان بەلاوە جیاواز و سەیرە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەردەمی خۆیاندا نەبووە. هەربۆیە ئەگەری هەیە بەردەوام توانج بدەن، یاخود تەنانەت قسەی ناشرینیش بکەن و دڵت بڕەنجێنن. بەڵام پێویستە لێبووردە بیت و ڕەچاوی تەمەنی ئەو کەسە بکەیت، ئەوەش بزانیت کە ئەو شتانە بۆ ئەو نائاساییە و ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا هەربۆیە کاردانەوەی بەمشێوەیە دەبێت.

ئاگاداری تەندروستییان بە

کەسی بەساڵاچوو بەهۆی زۆری تەمەنەکەیەوە زووتر نەخۆش دەکەوێت، یاخود دەکرێت چەندین نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت. بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری تەندروستی بیت و هەروەها سەردانی پزیشکی پێ بکەیت بۆ دڵنیابوونەوە.


سەرچاوەکان



279 بینین