نیڤادا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-11-22:32:00 - کۆدی بابەت: 10878
نیڤادا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی نیڤادا (بە ئینگلیزی: Nevada، بە عەرەبی: نيفادا، بە ئیسپانی: neˈβaða)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە حەوتەم گەورەترین ویلایەت و ٣٢ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو پەنجا ویلایەتەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی چڕی دانیشتووانەوە لەنێو کەمچڕترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدایە و لە پلەی نۆیەمدایە. پایتەختی نیڤادا کارسۆن سیتییە و گەورەترین شاری ویلایەتەکە لاس ڤێگاسە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی نیڤادا لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ئۆریگۆن، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئایداهۆ، لە ڕۆژاوا لەگەڵ کالیفۆرنیا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەریزۆنا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ یوتا هاوسنوورە. ڕووبەری نیڤادا ٢٨٦٫٣٨٢ کیلۆمەتر دووجایە، کە ٢٨٤٫٣٣٢ کیلۆمەتری وشکانی و ٢٫٤٨ کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. درێژی ویلایەتەکە ٧٨٧ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٥١٩ کیلۆمەترە، سەرەڕای ئەوەش چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٠٫٣ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

بەهۆی گرنگی زیو لە مێژوو و ئابووریی ویلایەتەکەدا نیڤادا بەفەرمی بە "ویلایەتی زیو" ناسراوە. هەروەها بە "ویلایەتی لەدایکبووی جەنگ" ناسراوە، چونکە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بووە بە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا (وشەی "لەدایکبووی جەنگ" لەسەر ئاڵای ویلایەتەکەدا دەردەکەوێت). نزیکەی ٨٦٪ـی زەویی ویلایەتەکە لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێن.

مێژووی ویلایەتەکە

پێش هاتنی ئەوروپییەکان، دانیشتووانی سەرەتایی ناوچەکانی نیڤادای ئێستا هۆزە ڕەسەنە ئەمریکییەکان بوون، پاشان ئیسپانییەکان یەکەمجار بە ناوچەکەدا گەڕان و لێکۆڵینەوەیان لێکرد. بەهۆی ئەو بەفرەی کە لە وەرزی زستاندا شاخەکانی داپۆشیبوو هاوشێوەی سیرا نیڤادا لە ئیسپانیا، ئیسپانییەکان ناوچەکەیان ناونا نیڤادا (بەفراوی). ناوچەکە بەشێک بوو لە خاکی ئەڵتا کالیفۆرنیا لە ئیسپانیای نوێ و لە ساڵی ١٨٢١ـدا وەک مەکسیک سەربەخۆیی بەدەستهێنا. ئەمریکا لە ساڵی ١٨٤٨ و دوای سەرکەوتنی لە جەنگی مەکسیک-ئەمریکیدا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کرد. دۆزینەوەی زیو لە کۆمستۆک لەود (Comstock Lode) لە ساڵی ١٨٥٩ بووە هۆی زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە کە بووە پاڵنەرێک بۆ دروستکردنی ناوچەی نیڤادا لە دەرەوەی ناوچەی ڕۆژاوای یوتا لە ساڵی ١٨٦١. لە ٣١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٦٤ـدا، نیڤادا دووەم ویلایەت بوو لە دوای ویرجینیای ڕۆژاوا کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بۆ یەکێتییەکە زیادکرا و بوو بە ٣٦هەمین ویلایەتی وڵاتەکەی.

نیڤادا بەهۆی یاسا ڕێچکەشکێنەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. لە ساڵی ١٩٤٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە کەمێک زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس بوو. لە سەدەی بیستەمدا بەهۆی بە یاساییکردنی قومار و یاساکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی خاترگر نیڤادا بوو بە شوێنێکی گەشتیاری سەرەکی. ئەم ویلایەتە تاکە ویلایەتی ئەمریکایە کە لەشفرۆشی تێیدا یاساییە، بەڵام لە ناوچە قەرەباڵغترینەکانی وەک کلارک کاونتی (لاس ڤێگاس)، واشۆ کاونتی (رینۆ) و کارسۆن سیتی نایاساییە. پیشەسازی گەشتیاری و کانسازی گەورەترین کەرتی ئابووری نیڤادان، لەگەڵ ئەوەشدا، ویلایەتەکە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕە لەجیهاندا. نیڤادا وشکترین ویلایەتی ئەمریکایە و لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادایە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نوسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادای بە ٣٫١٠٤٫٦١٤ کەس بڕاندەوە. پاشان و لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ٣٫١٤٣٫٩٩١ کەس خەمڵێندرا، ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـەوە ٣٩٫٣٧٧  کەس (١٫٢٧٪) زیادی کردووە. ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٧ تاکوو ٢٠١٨ بەرزترین بوو. سەرەڕای ئەوەش، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٦٫٠٪ـی دانیشتووان لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی، ٢٢٫٥٪ـی دانیشتووان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵی و ١٦٫١٪ لە تەمەنی ٦٥ ساڵی یان زیاتر بوون. هەروەها مێینەکان نزیکەی ٤٩٫٨٪ـی دانیشتووانەکەیان پێکهێناوە.

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادا بەهۆی گەشەی سروشتییەوە ٢٫٣٧٤ کەس (٤٢٠٧٦ لەدایکبوو و ٣٩٧٠٢ مردوو)، و بەهۆی کۆچەوە ٣٦٫٦٠٥ کەس (کە ٣٤٫٢٨٠ـیان بەهۆی کۆچی ناوخۆیی و ٢٫٣٢٥ کەسیان بەهۆی کۆچی نێودەوڵەتییەوە بووە) زیادی کردووە. لە نزیکەی ساڵانی ١٩٤٠ تا ٢٠٠٣، ویلایەتی نیڤادا خێرا گەشەسەندوترین ویلایەتی ئەمریکا بوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ ژمارەی دانیشتووانی نیڤادا بە ڕێژەی ٦٦٪ زیادی کردووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە ڕێژەی ١٣٪ زیادی کردووە. زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە کلارک کاونتی دەژین.

بەپێی ڕاپرسی ساڵی ٢٠١٧ـی کۆمەڵگەی ئەمریکی ٢٨٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادا بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون، مەکسیکی ٢١٫٤٪، پورتوگالی ٠٫٩٪، کوبای ١٫٠٪ و هیسپانی یان لاتینییەکانی تر ٤٫٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. هەروەها پێنج گەورەترین گرووپە ڕەگەزییە سپی پێستە ناهیسپانییەکان بریتی بوون لە:

  • ئەڵمانی: ١١٫٣٪
  • ئێرلەندی: ٩٫٠٪
  • ئینگلیز: ٦٫٩٪
  • ئیتاڵی: ٥٫٨٪
  • ئەمریکی: ٤٫٧٪

لە ساڵی ١٩٨٠ـدا، سپی پێستی ناهسپانی ٨٣٫٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو. هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانی نوسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٨ـەوە، سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٤٨٫٧٪ـی دانیشتووانی نیڤادایان پێکهێناوە. ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادا لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین. کولتووری ئەم شوێنانە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ زلشارەکاندا هەیە. خەڵکی ئەم ناوچانە زیاتر دانیشتووی ڕەسەنی ویلایەتەکەن بە پێچەوانەی ناوچەکانی لاس ڤێگاس و ڕینۆ کە زۆربەیان لە ویلایەتەکانی تر لەدایکبوون. هەروەها دانیشتووانی گوندەکان لەڕووی ڕەگەز و نەتەوەییەوە کەمتر هەمەچەشنن. کانسازی بە بەراورد بە گەشتیاری و ئاژەڵداری ڕۆڵێکی گرنگ لە ئابووری ناوچە گوندنشینەکاندا دەگێڕێت.

ئایین

ڕێژەی ئامادەبوونی دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادا لە کڵێساکاندا لەنێو ڕێژەی ئەو ویلایەتانەدایە کە نزمترینی هەموو ویلایەتەکانی تری ئەمریکان. بەپێی پرسنامەیەکی گالۆپ لە ساڵی ٢٠٠٩ تەنها ٣٠٪ـی خەڵکی نیڤادا هەفتانە دەچنە کڵێسا، بە بەراورد بە ڕێژەی تەواوی ئەمریکییەکان کە  ٤٢٪ـە (تەنها چوار ویلایەت ڕێژەی ئامادەبوونیان نزمترە لە ویلایەتی نیڤادا). لە ساڵی ٢٠٢٠، دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ٦٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بە مەسیحی دا لە قەڵەم. هەروەها بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیو لە ساڵی ٢٠١٤، گرووپە ئایینییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • پرۆتستانت: ٣٥٪
  • بێ ئایینەکان: ٢٨٪
  • كاسۆلیکی: ٢٥٪
  • مۆرمۆن: ٤٪
  • جوولەکە: ٢٪
  • بوودی: ٠٫٥٪
  • مسوڵمان: ١٪
  • هیندۆس: ١٪

گەورەترین گرووپە ئایینییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەپێی ژمارەی شوێنکەوتەکان لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەم شێوەیە بوو، کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی پێشەنگ بوو کە ٤٥١٫٧٠ شوێنکەوتەی هەبوو، بەدوای ئەویشدا، قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح دێت کە ١٧٥٫١٤٩ شوێنکەوتەی هەبوو، پاشان کۆنفڕانسی باپتیستی باشوور ٤٥٫٥٣٥ شوێنکەوتە، کۆبوونەوە بوودییەکان ١٤٫٧٢٧ لایەنگر، ئایینی بەهایی ١٫٧٢٣ لایەنگر و مسوڵمان ١٫٧٠٠ لایەنگری هەبوو.

زمانەکان

باوترین زمانی نائینگلیزی کە دانیشتووانی ویلایەتی نیڤادا قسەیان پێ دەکەن بریتین لە ئیسپانی، تاگالۆگ و چینی. زمانە ڕەسەنەکانی خودی ویلایەتەکە بریتین لە پایووتی باکوور، پایووتی باشوور، شۆشۆن و واشۆ.

ئابووری نیڤادا

ئابووری ویلایەتی نیڤادا پشت بە کەرتی گەشتیاری، کانسازی و ئاژەڵداری دەبەستێت. بەرهەمە پیشەسازییەکانی نیڤادا بریتین لە گەشتیاری، کانسازی، ئامێر، چاپ و بڵاوکردنەوە، پرۆسێسکردنی خۆراک و ئامێری کارەبایی. نووسینگەی شیکاری ئابووری کۆی بەرهەمی ویلایەتی نیڤادا لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بە ١٧٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٥٣٫٦٣٥ دۆلار و لە پلەی ٣١ـی وڵاتەکەیدا بوو. قەرزی ویلایەتی نیڤادا لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ٧٫٥ ملیار دۆلار بوو، واتە ٣٫١٠٠ دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەک.‌ هەروەها لە مانگی ئایاری ٢٠٢١، ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا ٧٫٨٪ بوو.

کەشوهەوا

ویلایەتی نیڤادا وشکترین ویلایەتی ئەمریکایە و کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی بیابان و نیمچە وشکە. لە وەرزی هاویندا، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا، دۆڵی لاس ڤێگاسی لێ دەرچێت، ٢٢ پلەی سەدیە. لە کاتێکدا وەرزی زستان لە باکووری نیڤادا درێژ و تا ڕادەیەک ساردە و لە بەشی باشووری ویلایەتەکەدا کورت و مامناوەندە. هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا بارانێکی کەم دەبارێت و زۆرترین ڕێژەش لە لێژاییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سیرا نیڤادا دەبارێت.

تێکڕای بارانبارینی ساڵانە نزیکەی ١٨٠ مللیمەترە، بەڵام لە باراناویترین بەشەکانی ویلایەتەکەدا نزیکەی ١٫٠٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ویلایەتی نیڤادا ٥٢ پلەی سەدییە کە لە ٢٩ـی حوزەیرانی ١٩٩٤ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦- پلەی سەدییە کە لە ٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٣٧ـدا تۆمارکرا. لە دوای ویلایەتی ئەریزۆنا کە بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لێی ٥٣ پلەی سەدی و ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لێی ٥٧ پلەی سەدی بوو، بەرزترین پلەی گەرمی لە سەرانسەری ویلایەتەکانی ئەمریکا لەم ویلایەتەدا تۆمارکرا، کە ٥٢ پلەی سەدی بوو.


سەرچاوەکان



333 بینین