چەند یاسایەکی سەلامەتی بۆ منداڵەکان لە ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-01-14-21:40:00 - کۆدی بابەت: 10902
چەند یاسایەکی سەلامەتی بۆ منداڵەکان لە ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند یاسایەکی سەلامەتی بۆ منداڵەکان لە ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Some safety rule for kids at home، بە عەرەبی: بعض قواعد السلامة للأطفال في المنزل)  پاراستنی سەلامەتی منداڵەکان لە ماڵەوە گرنگترین ئەرکی دایک و باوکانە. پێویستە منداڵەکان یاساکانی سەلامەتی ماڵەوە بزانن، چونکە ئەوان دەکەونە ژێر بارودۆخی جیاوازەوە. تەنانەت منداڵە بچووکەکانیش پێویستە لە یاساکانی سەلامەتی ماڵەوە تێبگەن. پێویستە ئەم یاسایانە لە دایک و باوکیانەوە فێر ببن، یاساکانی سەلامەتی منداڵ وانەیەکی گرنگە بۆ هەموو خێزانێک. چەندین یاسای گرنگ دەربارەی سەلامەتی منداڵەکان لە ماڵەوە هەن.

چەند یاسایەکی گرنگی سەلامەتی

  • هەمیشە چاوت لەسەر منداڵەکەت بێت: یەکێک لە گرنگترین کارەکان بۆ پاراستنی منداڵ لە ڕووداوەکان بریتییە لە ئەوەی هەمیشە چاوت لەسەر منداڵەکەت بێت. کاتێک خەوتووە، کاتێک نان دەخوات یان یاری دەکات. ئەگەر پێویست بوو ژوورەکە بەجێ بهێڵیت بۆ هەر هۆکارێک بێت، یان منداڵەکەت لەگەڵ خۆت ببە یان داوا لە کەسێک بکە تاکوو دەگەڕێیتەوە چاودێری بکات.
  • جێگەیەکی سەلامەت بۆ منداڵەکان دابین بکە: ئەمەش واتا شوێنی سەلامەت بۆ یاریکردنی منداڵەکان لە ماڵەوە دروست بکرێت.
  • منداڵەکەت لە کەسە نەناسراوەکان ئاگادار بکەرەوە: گرنگە منداڵەکان بزانن کە نابێت بەبێ مۆڵەت قسە لەگەڵ کەسانی نەناسراودا بکەن یان لەگەڵیاندا بڕۆن. گرنگە فێر بکرێت کاتێک لەلایەن کەسێکی نەناسراوە زۆریان لێ کرا بۆ ڕۆیشتن لەگەڵیان، ڕابکەن یان داوای یارمەتی بکەن. پێویستە دایک و باوکان لە تەمەنێکی زوودا دەربارەی کەسە نەناسراوەکان لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن و لەم بارودۆخە ئاگاداریان بکەنەوە. هەروەها بۆیان ڕوون بکەنەوە مەترسییەکانی چین و دەبێت لەو حاڵەتانەدا چی بکەن.
  • پێویستە یاسای نەکردنەوەی دەرگا لە کەسی نەناسراو بۆ منداڵەکان ڕوون بکرێتەوە: پێویستە بۆیان باس بکرێت هەرکەسێک لە دەرگای دا سەرەتا بەر لە کردنەوەی دەرگاکە پرسیار بکەن ئایا کێ لە دەرگا دەدات. گرنگە بۆیان ڕوون بکرێتەوە، هەرگیز نابێت دەرگا لە کەسانێک بکەنەوە کە نایان ناسن. هەوڵبدە بە زووترین کات لەگەڵ منداڵەکەت دەربارەی ئەم یاسایانە گفتۆگۆ بکە.
  • یەکێک لە گرنگترین یاساکانی سەلامەتی منداڵەکان بریتییە لە دانانی شتە مەترسیدارەکان لە شوێنێک کە منداڵان نەتوانن دەستی لێ بدەن: ئەم کەلوپەلە مەترسیدارانەش وەک چەقۆ، ماددە پاککەرەوەکانی ناو ماڵ و دەرمان. پێویستە ئەم کەلوپەلانە لە شوێنێک هەڵبگیرێن کە منداڵەکان نەتوانن دەستی لێ بدەن. یان لە شوێنێک کە بتوانرێت قوفڵ بکرێت دابنرێن.
  • دەربارەی خۆپارێزی لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر لەگەڵ منداڵەکەت قسە بکە: بۆ منداڵەکەتی باس بکە لە کاتی ئاگر کەوتنەوە دەبێت چی بکات، چۆن ئامێری ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنێت یان چۆن پەیوەندی بە تیمی فریاکەوتن بکات. ئەو منداڵانەی تەمەنیان گەورەیە، پێویستە فێر بکرێن چۆن لە کاتی پێویستدا کارەبا و پێداویستییەکانی تر بکوژێننەوە.
  • پلان بۆ کاتی فریاکەوتن دابنێن: پلان بۆ کاتی ئاگر کەوتنەوە یان ڕووداوە سروشتییەکانی تر دابنێن. دەکرێت بەشێک لە پلانەکە دروستکردنی لیستێک لە ژمارە تەلەفۆنەکان بۆ کاتی فریاکەوتن بێت. دڵنیابە کە منداڵەکان ناوی خێزانەکەیان، ناونیشانی ماڵ و ژمارەی تەلەفۆنی دایک و باوکیان بەباشی دەزانن.
  • لە ئامێرە کارەباییەکان بە دووری بگرە: پێویستە بۆ منداڵان ڕوون بکرێتەوە کە چۆن ئامێرە کارەباییەکان کار دەکەن. ڤیدیۆ یان کتێب بەکاربهێنە، تاکوو بۆ منداڵەکەتی ڕوون بکەیتەوە چۆن کارەبا هێز بە ئامێرە کارەباییەکان و گڵۆپەکانی ماڵەکە دەدات. دواتر پێویستە بۆیان ڕوون بکرێتەوە کە ئاو چەند بۆ کارەبا مەترسیدارە، هەرگیز نابێت کاتێک دەستییان تەڕە دەست لە ئامێرە کارەباییەکان یان پلاکەکان بدەن.
  • لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان بەباشی مامەڵە بکەن: دەکرێت منداڵان لە کاتی یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان فێری چەندین وانەی گرنگ ببن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە منداڵان فێر بکرێن بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵەیان لەگەڵ بکەن تاکوو ئازاریان نەدەن. دەبێت منداڵان تێبگەن کە ئاژەڵە ماڵییەکانیش هەستیان هەیە و هەست بە ئازار دەکەن. ئەوانیش دەتوانن خاوەندارێتی لە کەلوپەلەکانیان بکەن، لەبەر ئەمەش نابێت منداڵەکان قاپی خواردنەکەیان یان کەلوپەلەکانی تریان ببەن.
  • سەرکەوتن بەسەر کەلوپەلەکاندا: منداڵان هەمیشە ئارەزوو دەکەن بەسەر کەلوپەلەکاندا سەربکەون، بەڵام ئەمە مەترسی زۆر بۆ منداڵان دروست دەکات و دەکرێت زیانیان پێ بگەیەنێت. پێویستە باس لە مەترسییەکانی سەرکەوتنە سەر کەلوپەلەکان بۆ منداڵان ڕوون بکرێتەوە. کاتێک پێوستییان بە کەلوپەلێک بێت کە لەشوێنێکی بەرزدا بێت، داوای یارمەتی لە کەسانی پێگەیشتوو بکەن و نەچنە سەر کەلوپەلەکان. باشترە فێر بکرێن کە بازدان لەسەر قەنەفەکان و کەلوپەلەکانی تر گونجاو نییە.
  • هەرچەندە دایک و باوکان نەیانەوێت، بەڵام منداڵان بەهۆی بارودۆخە لەناکاوەکان و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بوارەکانی خوێندن، زیاتر بەرکەوتنیان بە ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیە، گرنگە دایک و باوکان منداڵەکانیان فێر بکەن کە تەنها لە کاتی ئامادەبوونی دایک و باوکیان دەتوانن ئینتەرنێت بەکاربهێنن. باشترە لە شوێنی کراوەدا وەک ژووری دانیشتن یان هۆڵی سەرەکی منداڵەکان ئینتەرنێت بەکاربهێنن، هەروەها دەبێت فێر بکرێت کە نابێت زانیارییە تایبەتییەکانی خۆیان بۆ هیچ کەسێک باس بکەن.


سەرچاوەکان



344 بینین