ئێڵڤس (٢٠٢٢)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-08-20:16:00 - کۆدی بابەت: 10953
ئێڵڤس (٢٠٢٢)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فیلمی ئێڵڤس (بە عەرەبی: إلفيس، بە ئینگلیزی: Elvis) لە ژانەری دراما و ژیاننامەیە، لەلایەن باز ڵرمنەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. لەلایەن ڵرمن، سام برۆمێڵ، کرەیگ پیەرس و جێریمی دۆنەریشەوە کاری نووسینی فیلمەکە ئەنجامدراوە. فیلمەکە بۆ یەکەمجار لە فیستیڤاڵی فیلمی کان لە بەرواری ٢٥ـی مایسی ساڵی ٢٠٢٢ نمایشکرا. کاتەکەی دوو کاتژمێر و ٣٩ خوولەکە. فیلمەکە لە ڕووی دارایی و لەلای ڕەخنەگرانیشەوە سەرکەوتنێکی زۆرباشی بەدەستهێنا.

چیرۆک

فیلمەکە باسی ژیانی نواندنکار و گۆرانیبێژی ئەمریکی ژانەری ڕۆک ئەند ڕۆڵ، ئێڵڤس پرێسلی دەکات. چیرۆکی فیلمەکە لە گۆشەنیگای بەرێوەبەری کارەکانییەوە، کۆلۆنێل تۆم پارکەر دەگێڕدرێتەوە. باسی کاروانی ژیانی هونەری ئێڵڤس و ئەو ئاڵنگاریانە دەکات کە بە درێژاییی پیشەکەی هاتووەتە بەردەمی.

ئەکتەرەکان

  • ئۆستن بەتڵەر بە کەسایەتی ئێڵڤس پرێسلی
  • تۆم هانکس بە کەسایەتی کۆلۆنێل تۆم پارکەر
  • ئۆلیڤیا دییۆنگ بە کەسایەتی پریسڵا
  • هێلن تۆمسن بە کەسایەتی گڵادیس
  • ڕیچرد ڕۆکسبێرگ بە کەسایەتی ڤێرنن

زانیاری گشتی

دەرهێنانی لەلایەن

باز ڵرمن

نووسینی لەلایەن

باز ڵرمن، سام برۆمێڵ، کرەیگ پیەرس، جێریمی دۆنەر

بەرهەمهێنان لەلایەن

باز ڵرمن، کاثرین مارتن، گەیڵ بێرمن، پاتریک مککۆرمیک، سکایڵەر وایس

ئەکتەرانی بەشداربوو

ئۆستن بەتڵەر، تۆم هانکس، ئۆڵیڤیا دیۆنگ، هێڵن تۆمسن و ڕیچرد ڕۆکسبێرگ

سینەماتۆگرافی لەلایەن

ماندی واکەر

مۆسیقا لەلایەن

ئێڵیەت ویڵەر

کۆمپانیای بەرهەمهێنان

وارنەر برۆس، بازمارک فیڵمس، جاکال گرووپ

کۆمپانیای بڵاوکەرەوە

وارنەر برۆس

بەرواری نمایش

٢٥ـی مایسی ٢٠٢٢ (کان)، ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ (ئوسترالیا)، ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ (ئەمریکا)

کات

١٥٩ خوولەک

وڵات

ئوستوڕالیا

زمان

ئینگلیزی

نمرە

٧،٤/١٠ لە پێگەی IMDB. ٧٧٪ لە پێگەی Rotten Tomatoes

بوودجە

٨٥ ملیۆن دۆلار

داهاتی بۆکس ئۆفیس

٢٨٧،٣ ملیۆن دۆلار

خەڵاتەکان

فیلمی ئێڵڤس پاڵێوراوی ١٦٨ خەڵات و براوەی ٤٨ خەڵاتی ترە. گرنگترین براوەکان بریتیین لە:

  1. براوەی خەڵاتی AFI بۆ فیلمی ساڵ.
  2. براوەی خەڵاتی مۆسیقای ئەمریکی بۆ دڵخوازترین مۆسیقای فیلم.
  3. براوەی خەڵاتی تایبەتی AFCC بۆ باشترین نواندن.
  4. براوەی ١١ خەڵاتی AACTA لە نێویاندا باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دیزاینی جلوبەرگ، باشترین ئەکتەری پاڵپشت، باشترین فیلم، باشترین ئەکتەری سەرەکی و باشترین قژ و ئارایشت.
  5. براوەی خەڵاتی CACF بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ.
  6. براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین نواندنی ئەکتەرێکی لە فیلمی درامیدا.
  7. براوەی خەڵاتی Sierra بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ و باشترین گۆرانی ڕەسەن.
  8. براوەی خەڵاتی PCA بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ.

چەند زانیارییەک

  1. بەدرێژایی نواندنەکەی ئۆستن بەتڵەر لە ڕۆڵی ئێڵڤسدا، ٩٠ جۆر جلوبەرگی لەبەرکردووە.
  2. پێش ئەوەی باز ڵرمن نواندنکارەکان هەڵبژێرێت، دێنزڵ واشنتن پەیوەندی بە دەرهێنەرەکەوە کردووە تا پێشنیاری ئۆستن بەتڵەر بکات بۆ ڕۆڵەکە.
  3. تەواوی فیلمەکە لە کویزلاند، ئوسترالیا وێنەی گیراوە.
  4. لە دوای فیلمی Bohemian rhapsodyیەوە دووەم فیلمی مۆسیقی/ژیاننامەیە کە بتوانێت زۆرترین داهات بەدەستبهێنێت.
  5. ئارایشتەکەی تۆم هانکس بۆ ڕۆڵی کۆلۆنێل تۆم پارکەر پێنج کاتژمێری پێچووە. بەلای زۆربەی بینەرانەوە ئارایشتەکەی زیاتر لە کەسایەتی پێنگوین چووە وەک لە کۆلۆنێل تۆم پارکەر.
  6. ئۆستن بەتڵەر وانەی سەمای تاپ و سوینگی وەرگرتووە بۆ ئەوەی جووڵەی سەماکان و زمانی جەستەی کەسایەتیی ئێڵڤس بەباشترین شێوە بنوێنێت.
  7. لەدوای تەواوبوونی فیلمەکە لە ڤیستیڤاڵی فیلمی کان، ئامادەبووان ١٢ خوولەک بەپێوە چەپڵەڕێزانیان کرد.
  8. وێنەگرتنی فیلمەکە زیاتر لە ساڵێکی خایاند. لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ وێنەگرتنی فیلمەکە دەستی پێکرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە مانگی ئاداردا کارەکانی ڕاگیرا. بەرهەمهێنان لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ دەستی پێکردەوە و لە ئاداری ٢٠٢١ کارەکانی تەواو بوو.
  9. ئەم فیلمە یەکەم فیلمی ژیاننامەیی ئێڵڤسە لە سینەماکان نمایش بکرێن، ئەوانەی پێشتر هەمووی فیلم و کورتە زنجیرە بوون و تەنها لە تەلەڤیزیۆن پەخش دەکران.
  10. ئەم خاڵە سپۆیڵە: لە فیلمەکەدا وا باسکراوە کە ئێڵڤس ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە کۆلۆنێل کۆچبەرێکی بێ ناسنامەیە و لەبەردەم جەماوەردا ئەمە ئاشکرا دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا تا سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ـاکان ئەمە ئاشکرا نەبوو.
  11. لە فیلمەکەدا وا باسکراوە کە ئێڵڤس بەهۆی جووڵە سەماکانییەوە دەستگیردەکرێت، لە ژیانی ڕاستیدا یەکجار هەڕەشەی دەستگیرکردنی لێکرا و پرێسلیش گوێڕایەڵ بوو و نمایشەکەی بە ڕێکوپێکی ئەنجامدا.


سەرچاوەکان



232 بینین