ڤێرجینیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-08-21:47:00 - کۆدی بابەت: 10956
ڤێرجینیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ڤێرجینیا (بە ئینگلیزی: Virginia، بە عەرەبی: فيرجينيا)، بە فەرمی کۆمۆنوێڵتی ڤێرجینیا، ویلایەتێکە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەتڵەسی و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، لە نێوان کەناراوەکانی ئەتڵەسی و زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٥ـەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتە و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ١٢ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. پایتەختی کۆمۆنوێڵتی ڤێرجینیا شاری ڕیچمۆندە و ڤێرجینیا بیچیش قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەیە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا زیاتر لە ٧,٦٥ ملیۆن کەس بوو کە ٣٦٪ـیان لە گەورەناوچەی بالتیمۆر-واشنتن دەژین.

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەری ویلایەتی ڤێرجینیا ١١٠,٧٨٥ کیلۆمەتر دووجایە و ١١٠,٧٨٤, ٧کیلۆمەتر دووجای کە دەکاتە ٧,٤٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. چڕی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٧٩,٨ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و لە پلەی ١٤ وڵاتدا بوو. هەروەها، ڤێرجینیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میریلاند و واشنتن دی سی؛ لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی؛ لە باشوورەوە لەگەڵ کارۆلینای باکوور؛ لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ تێنسی؛ لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ کێنتاکیی و لە باکوور و ڕۆژئاواوە لەگەڵ ڤێرجینیای ڕۆژئاوادا هاوسنوورە. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٦٢٪ـی ڤێرجینیا لە دارستانەکان پێکهاتبوو، کە ٧٨٪ـیان دارستانی سەختەدار و ٢٢٪ـیان سنەوبەرەکان بوون و زۆربەی ناوچەکانی ڤێرجینیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتیان گرتبووەوە. زنجیرە چیاکانی بلو ڕیج و کەنداوی چیساپیک کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر جوگرافیا و کەشوهەوای کۆمۆنوێڵت هەیە و ژینگەیەکی گونجاو بۆ زۆربەی ڕووەک و گیاندارەکانی ویلایەتەکە دابین دەکەن.

مێژوو

زیاتر لە ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤەکان گەیشتنە ڤێرجینیا و مێژووی ناوچەکە بە چەند گرووپێکی ڕەسەن دەست پێ دەکات، یەکێک لەو گرووپە ڕەسەنانە پۆوهاتانە. لە ساڵی ١٦٠٧ـدا کۆمپانیای لەندەن کۆڵۆنی ڤێرجینیای وەکوو یەکەم کۆلۆنی هەمیشەیی ئینگلیزی لە جیهانی نوێ (ئەمریکای باکوور و باشوور)ـدا دامەزراند. ڤێرجینیا یەکێک بوو لەو سیازدە کۆلۆنییانەی کە لە شۆڕشی ئەمریکا و جەنگەکانی ڤێرجینادا سەربەخۆیی ئەمریکایان مسۆگەر کرد. لە ٢٥ـی حوزەیرانی ساڵی ١٧٨٨ـدا وەکوو ١٠ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا لەلایەن یەکێتییەکەوە دانیپێدانرا. لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا، کە لە ساڵی ١٨٦١ تا ١٨٦٥ـدا ڕوویدا، ڤێرجینیا و دە ویلایەتی تری باشووری ئەمریکا لە یەکێتییەکە جیابوونەوە و پەیوەندیان بە کۆنفیدڕاڵییەکەوە کرد، بەڵام زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتەکە دڵسۆزی یەکێتییەکە مانەوە و لە ساڵی ١٨٦٣ـدا بوونە ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرجینیای لە یەکی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ٨,٦٣١,٣٩٣ کەس دیاریکرد، ئەم ژمارەیەش لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٧,٩٪ زیادیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ٢٣,١٤٩ ڤێرجینیای تر لە دەرەوەی ویلایەتەکەدا دەژین، کە کۆی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان کردووە بە ٨,٦٥٤,٥٤٢ کەس. ئەم ویلایەتە بەهۆی کارمەندە فیدراڵییەکان و تیمە سەربازییەکانییەوە چوارەم گەورەترین ژمارەی دانیشتووانی دەرەوەی ویلایەتەکەی هەیە لە ئەمریکادا. تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا هاوشێوەی تێکڕای نیشتمانی بوو کە ٣٨,٨ ساڵییە.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٨ـدا شەپۆلێک کۆچبەر لە دەرەوەی ئەمریکاوە هاتنە ویلایەتەکە، لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە و ١٥٩,٦٢٧ کەس زیادی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆچکردن لە ناوخۆی وڵاتدا ١٥٥,٢٠٥ کەسی خستەسەر ژمارەی دانیشتووان. جگە لە ویلایەتی ڤێرجینیا، ویلایەتی نیویۆرک زۆرترین هاوڵاتی ڤێرجینیایی تێدا لەدایک دەبێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی لەسەدا دوانزەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبوون، کە بە پلەی یەکەم لە ئەلسەلڤادۆر، هیندستان، کۆریای باشوور، ڤێتنام، ئەسیوبیا و فلیپین لەدایکبوون.

ڕەگەز و نەتەوە

گەورەترین گرووپی ڕەگەزی لە ڤێرجینیا سپی پێستە ناهیسپانییەکانە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٥٨,٦٪ـی کۆی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو، ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ زیادبوونی نەتەوەکانی تر و بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە ڕێژەی سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٧٦٪ـی کۆی دانیشتووان بوو دابەزیوە. کۆچبەرانی دوورگەکانی بەریتانیا و ئێرلەندا لە سەردەمی داگیرکاریدا ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد، سەردەمێک کە نزیکەی سێ لەسەر چوار کۆچبەران وەک قۆنتەراتێکی شاگردی هاتبوونه ناوچەکە. ئەو دانیشتووانانەی ڤێرجینیا کە لە سەرژمێرییەکاندا ڕەگەزی خۆیان بە ئەمریکی دەناسێنن، بەگشتی بە ڕەچەڵەک ئینگلیزین. شاخەکانی ڕۆژئاوا چەندین شوێنی نیشتەجێبوونیان تێدایە کە پێش شۆڕشی ئەمریکا لەلایەن کۆچبەرانی سکۆتلەندی-ئیرلەندییەوە دامەزراون. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو دانیشتووی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لە چیاکانی باکووری ڕۆژئاوا و دۆڵی شاناندۆوا نیشتەجێن کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بە ١٠,٣٪ـی کۆی دانیشتووانی ڤێرجینیا خەمڵێندران.

گەورەترین گرووپی کەمینەی ڤێرجینیا ڕەش پێستەکان و ئەمریکییە ئەفریقییەکانن، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێک دەهێنن. ڕەش پێستەکانی ئەم ویلایەتە بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تری باشوور، زیاتر بە ڕەچەڵەک ئەورووپین. شیکاری دی ئێن ئەی دەریدەخات کە لە سەردەمی کۆیلایەتیدا، لە باوکانی ئەورووپی و دایکانی ئەفریقی یان ئەمریکی ڕەسەنن. سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ژمارەی دانیشتووە ڕەش پێستەکانی ڤێرجینیا بەهۆی کۆچە گەورەکەوە بۆ شارە پیشەسازییەکانی باکوور کەم بوویەوە، بەڵام لە ساڵی١٩٦٥ـەوە کۆچی پێچەوانەی ڕەش پێستەکان ڕوویداوە و گەڕانەوە باشوور. زۆرترین هاوسەرگیری نێوان ڕەش پێست و سپی پێستەکانی ئەمریکا لە ڤێرجینیا دەکرێت و ٨,٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە خۆیان بە فرەڕەگەز وەسف دەکەن.

نوێترین کۆچی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەک کۆمەڵگە نوێیەکانی هیسپانی و ئاسیاییەکانی دروست کرد. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٠,٥٪ـی کۆی دانیشتووانی ڤێرجینیا خۆیان بە هیسپانی یان لاتینی و ٨,٨٪ـی دانیشتووان خۆیان بە ئاسیایی دا لە قەڵەم. ژمارەی دانیشتووانی هیسپانی لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٠ بە ڕێژەی ٩٢٪ بەرزبووەتەوە و دوو لەسەر سێی هیسپانییەکانی ویلایەتەکە لە باکووری ڤێرجینیا دەژین. هەروەها باکووری ڤێرجینیا دانیشتووانێکی بەرچاوی ئەمریکییە ڤێتنامییەکانی تێدایە، کە لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە ڕوویان لە ناوچەکە کرد. لەم دواییانەدا کوالێتی سیستمی خوێندنگەیی ڤێرجینیا سەرنجی ئەمریکییە کۆرییەکانی ڕاکێشا و ژمارەیەک ئەمریکی کۆری ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، نزیکەی ٤٥ هەزار دانیشتووی ئەمریکی فلیپینی لە ناوچەی هامپتۆن ڕۆدز نیشتەجێن.

زمان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ڤێرجینیا ئینگلیزییە، بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩، ٨٣,٢٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٦,٨٪ـی دانیشتووان بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسە دەکەن. زمانی ئیسپانی لە دوای ئینگلیزییەوە باوترین زمانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بوو و لەلایەن ٧,٦٪ـی خاوخێزانی ویلایەتەکە و ١٠,٣٪ـی دانیشتووانی خوار هەژدە ساڵەوە بەکارهات. زمانە چینییەکانی کانتۆنیز و ماندەرین، سێیەم زمانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بوون کە زۆرترین قسەکەریان هەبوو و لەلایەن نزیکەی ٠,٨٪ـی دانیشتووانەوە بەکارهاتن. پاشان زمانەکانی ڤێتنام و عەرەبی دێن کە لەلایەن کەمێک زیاتر لە ٠,٧٪ـی دانیشتووانەوە قسەیان پێ کرا و دواتر زمانەکانی کۆری و تاگاڵۆگ بەدوای یەکدا لەلایەن ٠,٦٪ و ٠,٥٪ـی دانیشتووانەوە بەکارهاتن.

ئایین

دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرجینیا بەزۆری مەسیحی و پرۆتستانتن؛ گرووپە ئایینییە باپتیستیەکان لە ساڵی ٢٠١٤ـدا زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووانیان پێکهێنا. بەپێی هەمان زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٤، پەیڕەوکەرانی ئایینی پرۆتستانتی ٥٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا و ٢٠٪ـی دانیشتووانیش سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نەبوون. هەروەها ١٢٪ـی دانیشتووان مۆرمۆنی، ٢٪ـی دانیشتووان ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی و ١٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون.

ئابووری

سەرچاوە ئابوورییەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا جۆراوجۆرن، لەوانە حکوومەتی ناوخۆیی و فیدراڵی، سەربازی، کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو. تێکڕای داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە ٦٣,٢٨١ دۆلار بوو و لە پلەی ١١ـەمی وڵاتدا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٤٧٦,٤ ملیار دۆلار بوو کە ١٣ـەم گەورەترینی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکانی ئەمریکا بوو. پێش قەیرانی ئابووری کۆڤید نۆزدە (COVID-19)، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠، ڤێرجینیا ٤,٣٦ ملیۆن کەسی دامەزراوی هەبوو و ڕێژەی بێکاریش ٢,٩٪ بوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە ڕێژەی بێکاری لە سەرەتای نیسانی ٢٠٢٠ بۆ ١٠٪ بەرزبوویەوە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ نزیکەی ٥٪ بوو. پاش کۆتاییهاتنی پەتای کۆرۆنا، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ـدا ڕێژەی بێکاری لە ڤێرجینیا نۆیەم نزمترینی ئاستی وڵات و ٢,٧٪ بوو.

کەشوهەوا

ویلایەتی ڤێرجینیا کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە کە لە ڕۆژئاوای زنجیرە چیاکانی بلو ڕیج بۆ کەشەوهەوای کیشوەری شێدار دەگۆڕێت. تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی لە ٤- پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم بۆ تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٣٠ پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. زەریای ئەتڵەسی و چەمی کەنداو کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر ناوچە کەنارییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆمۆنوێڵتی ڤێرجینیا هەیە و کەشوهەوای ئەو ناوچانە گەرمتر و جێگیرتر دەکەن. نزمترین پلەی گەرمی و بەرزترین ڕێژەی بارانبارین لە زنجیرە چیاکانی بلو ڕیج و ناوچەکانی ڕۆژئاوا تۆمارکراون. ساڵانە بە تێکڕایی ١١٠ سانتیمەتر باران لە ڤێرجینیا دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا دۆڵی شاناندۆوا بەهۆی شاخەکانی هەر دوو لایەوە وشکترین ناوچەی ویلایەتەکەیە.

لە ڤێرجینیا ساڵانە نزیکەی ٣٥ بۆ ٤٥ ڕۆژ ڕەشەبای بروسکاوییە و هەڵکردنی باوبۆران لە پاشنیوەڕۆ و ئێواران لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئەیلوولدا باوە. هەروەها لە هەمان مانگەکانی نیسان و ئەیلوولدا گەردەلوولەکان باون و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٥ گەردەلوول دای لە ویلایەتەکە. زریان و ڕەشەبا خولگەییەکان لە مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم ڕوودەدەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرییان لەسەر ناوچە کەنارییەکان هەیە. کوشندەترین کارەساتی سروشتی لە ڤێرجینیا زریانی کامیلی بوو، کە لە ساڵی ١٩٦٩ـدا ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٥٠ کەس. لە نێوان مانگەکانی کانوونی یەکەم و ئازاردا، بەهۆی زنجیرە شاخەکانی ئەپالاچیانەوە دیاردەیەکی کەشناسی دروست دەبێت کە پێی دەوترێت بەندبوونی هەوای سارد و دەبێتە هۆی بارینی بەفرێکی بەرچاو لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا، وەک تۆفانە بەفرینە بەهێزەکەی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، کە ٩٣ سانتیمەتر بەفر لە ویلایەتەکەدا باری. لە زستانی ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ تەنها ٣٣ سانتیمەتر بەفر لە ڤێرجینیا باری کە کەمێک لە سەرووی تێکڕای ویلایەتەکەوە بوو کە ٢٥ سانتیمەتر بوو.


سەرچاوەکان



319 بینین