نەخۆشیی ڵایم

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-12-20:32:00 - کۆدی بابەت: 10979
نەخۆشیی ڵایم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی ڵایم (بە عەرەبی: داء لایم، بە ئینگلیزی: Lyme disease یان Borreliosis) تووشبوونێكی بەکتریایییە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی گەستنی گەنەی ئاسک (گەنەی قاچ ڕەش). کاتێك مرۆڤ تووشی ئەم بەکتریایە دەبێت، بەکتریاکە بەناو خوێنیدا دەگوازرێتەوە و شانەی جیاواز جیاوازی لەش تووش دەکات. ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت دەکرێت ببێتە حاڵەتێکی هەوکردن و چەند ئەندامێک تووش بکات، وەکوو پێست، جومگەکان و کۆئەندامی دەمار.

هۆکاری ڕوودانی ئەم نەخۆشییە

نەخۆشیی ڵایم بەهۆی بەکتریای بورێلیا بورگدۆرفەرییەوە ڕوودەدات، کە بەهۆی گەنەی ئاسکی تووشبوو بەم بەکتریایە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و مرۆڤ تووش دەکات. تەنها جۆری گەنەی ئاسک (گەنەی قاچ ڕەش) دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە، جۆرەکانی تری گەنە هەڵگری ئەم نەخۆشییە نین. نەخۆشیی ڵایم بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٥دا تێبینیکرا، کاتێک کۆمەڵە منداڵێک لە شارۆچکەی ڵایم، کەنێتیکەت و دوو شارۆچکەی تری هاوسێ تووشی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمیی نەوجەوانیی بووبوون. توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە گەستنی گەنەی ئاسکی تووشبوو هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم هەوکردنی جومگەیییەیە.

قۆناغەکانی نەخۆشی ڵایم

نەخۆشیی ڵایم بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک لە پێست، جومگەکان، دڵ و کۆئەندامی دەماردا. قۆناغەکان بریتیین لە:

  1. قۆناغی شوێنەکی سەرەتایی (بڵاونەبووەوە): هەفتەی یەک تا چوار.
  2. قۆناغی بڵاوبوونەوەی سەرەتایی: مانگی یەک تا چوار.
  3. قۆناغی بڵاوبوونەوەی درەنگ: دوای چوار مانگ تا ساڵێک.

نیشانەکان

نیشانەکانی نەخۆشیی ڵایمی سەرەتایی بریتیین لە:

  1. پەڵەیەکی سوور یان برینی پێست کە بە پەڵەی بازنەیی ناسراوە. پەڵەکە لە سەرەتادا وەکوو خاڵێكی بچووکی سوور دەستپێدەکات لە ماوەی یەک بۆ چوار هەفتە لە شوێنی گەستنی گەنەکەوە. لەماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەیەکدا خاڵەکە فراوان دەبێت و دەبێت بە پەڵەیەکی شێوە بازنەیی، سێگۆشەیی یان هێلکەیی. پەڵەکە لەوانەیە وەکوو چاوی گا دەربکەوێت، چونکە لە شێوەی ئەڵقەیەکی سووردایە و چواردەوری ناوچەیەکی بێ ڕەنگی داوە. هەتا تووشبوونەکە زیاتر بڵاوببێتەوە، چەندین پەڵەی بازنەیی و برین لە شوێنی جیاوازی جەستەدا دەردەکەون.
  2. لەرز
  3. تـا
  4. سەرئێشە
  5. ڕەقبوونی مل
  6. ئازاری جەستە و جومگەکان
  7. شەکەتی
  8. هەڵئاوسانی گرێ لیمفییەکان

نیشانەکانی قۆناغی دووەمی نەخۆشیی ڵایم بریتیین لە:

  1. دەرکەوتنی پەڵە لە چەندین شوێنی جیاوازی جەستە
  2. ئیفلیج بوونی ماسولکەکانی دەموچاو
  3. تێکچوونی سیستمی کارەبایی دڵ
  4. هەستکردن بە سڕبوون

گەر نەخۆشییەکە چارەسەر نەکرێت، نیشانەکان بەم شێوەیەیان لێدێت:

  1. دووبارە دەرکەوتنەوەی هەڵئاوسانی جومگە. بەزۆری کاردەکاتە سەر جومگە گەورەکان وەکوو ئەژنۆ
  2. کەمبوونەوەی توانای تەرکیزکردن
  3. لەدەستدانی بیرەوەری
  4. هەموو دەمارەکانی جەستە زیانیان بەردەکەوێت.

ژمارەیەکی کەم لە تووشبووان تووشی نیشانەی درێژخایەن دەبن وەکوو بەڕیشاڵبوونی ماسوولکەیی و کۆنیشانەی شەکەتیی درێژخایەن. ئەمە بە تووشبونی دوای نەخۆشیی ڵایم دەناسرێت. هۆکاری ئەمە بەتەواوی دیاری نەکراوە بۆچی ڕوودەدات. لەوانەیە پەیوەندی هەبێت بە زیاد لە پێویست چالاکبوونی کۆئەندامی بەرگری.

شێوازی تووشبوون

کاتێک گەنەیەک ئاژەڵێک دەگەزێت کە هەڵگری ئەو بەکتریایەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ڵایم، گەنەکە تووش دەبێت. دواتر بە گەستنی مرۆڤێک بەکتریاکە بۆ مرۆڤەکە دەگوازێتەوە.

گەنە نافڕێت و باز نادات. بە پێست و جلوبەرگی مرۆڤدا هەڵدەگەڕێت کاتێک مرۆڤ بەر ڕوویەک دەکەوێت کە گەنەی لەسەرە. پاشان پێستەکە دەگەزێت و دەست دەکات بە مژینی خوێن. بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر گەنەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بە پێستەوە بێت ئەو کاتە کەسەکە تووش دەبێت، واتە ئەگەر لەماوەی پێش ٤٨ کاتژمێردا گەنەکە لێ ببێتەوە لە جەستە ئەوا ئەگەری تووشبوون زۆر کەمە. گەنەکان زیندەوەری زۆر بچووکن و گازگرتنەکەیان بێ ئازارە، بۆیە مرۆڤ لەوانەیە هەستی پێ نەکات ئەگەر گەنە لەسەر جەستەشی بێت.

ئەو کەسانەی لەبەردەم مەترسی تووشبووندان

ئەو کەسانەی لە ناوچە دارستانی و زەلکاوەکاندا دەژین ئەگەری تووشبوونیان زۆرترە. لە نێوان مانگی ئادار بۆ تشرینی یەکەمیشدا ئەگەری تووشبوون زۆرە چونکە لەو کاتەدا خەڵك زیاتر ڕوو لە دەرەوە و ناو سروشت دەکات.

دەستنیشانکردن

بۆ دەستنیشانکردن پزیشک پشت بە نیشانە دەرکەوتووەکان دەبەستێت و لەوە دڵنیا دەبێتەوە ئایا ئەگەری بەرکەوتنت هەبووە بە گەنە یاخود نا. کۆمەڵە پشکنینێکی خوێنیش ئەنجامدەدرێت. لە سەرەتادا، لەوانەیە ئەنجامی پشکنینەکان نەرێنی بن چونکە دژەتەنەکان دوای چەند هەفتەیەک دروست دەبن. هەتا زووتر نەخۆشییەکە چارەسەر بکرێت، ئەگەری خراپبوونی نیشانەکان کەمترە.

چارەسەر

چارەسەری نەخۆشیی ڵایم بە پێدانی دەرمانی دژەبەکتریایە. بە مەرجێک دەرمانەکان بەتەواوی و بەپێی ڕێنمایی پزیشکەکە تەواو بکرێت، تا هەموو بەکتریاکانی لە جەستەی کەسەکەدان بکوژرێن. ئەگەر نیشانەکان توند بن ئەوا کەسەکە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەرمانەکە وەردەگرێت. دەرمانە کاریگەرەکان بریتیین لە دۆکسیسایکڵین و ئەمۆکسیسیلین.

تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ هاوڕایییەک نییە لەسەر هەڵبژاردنی باشترین چارەسەر بۆ تووشبوونی دوای نەخۆشیی ڵایم، چونکە هۆکارەکەی نەزانراوە. لە ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیایەکی فەڕەنسی دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی پێکوتەی ڵایم لەسەر پێگەیشتووان لە ئەمریکا و ئەورووپا. توێژینەوەکە لە قۆناغی دووەمیدایە و لە پلاندایە لە ساڵی ٢٠٢٦ تەواو ببێت.


سەرچاوەکان



1643 بینین