دیاری بۆ خانمانی دووگیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-12-20:46:00 - کۆدی بابەت: 10980
دیاری بۆ خانمانی دووگیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دیاری بۆ خانمانی دووگیان (بە ئینگلیزی: Gifts for pregnant women، بە عەرەبی: هدايا للحوامل). خانمانی دووگیان بارودۆخیان تایبەتە و پێوستە بەپێی بارودۆخەکەیان ئەو دیارییەی کە پێیان دەدەیت تایبەت بێت. لەوانەیە زۆرێک وابزانن کڕینی دیاری بۆ منداڵەکە دڵی دایکەکە خۆش دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا دایکان زۆریان پێ خۆشە لەماوەی دووگیانیدا دیاری تایبەتیان پێ بدرێت. بە پێدانی دیاری بە دایکەکە دەریدەخەیت کە خودی خۆت گرنگیت نەک تەنها منداڵەکەت. بەگشتی خەڵکی گوێ بە دایکەکە نادات و زۆرجار تەنها دیاری بۆ منداڵەکە دەکڕن. لەکاتێکدا پێویستە دیاری بەتایبەت بۆ دایکەکە بکڕدرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە ٪٥٥ـی خانمان پێیان خۆشە دیارییان پێ بدرێت. هەروەها ٪٤٠ـی خانمانیش هێنانی دیاری بۆ منداڵەکە بێ مانایە، چونکە منداڵ بە درێژایی ماوەی دووگیانیەکە ئەوەندەی پێداویستی بۆ دەکڕدرێت کە چیتر پێویستی پێی نەبێت.

تایبەتمەندی دیارییەکە

خانمان لەماوەی دووگیانیدا گۆڕانکاری بەسەر هەموو جەستەیاندا دێت، ئاوسانی دەست و پێیەکان، گەورەبوونی سک، زیادبوونی کێشی جەستە، هەربۆیە پێویستە دیارییەکان تایبەت بێت بۆ ئەوکاتە و شتێک بێت بتوانێت ژیانی ڕۆژانەی دایکەکەئاسانتر بکات.

دیارییەکان چیین؟

پێڵاوی تایبەت: خانمانی دووگیان قاچیان دەئاوسێت، هەروەها بەدرێژایی ڕۆژ بەهۆی زۆر ڕۆشتن و هەبوونی کێشێکی زۆری جەستەیان، ئازار و ئاوسانەکەیان زیاتر دەبێت. کڕینی پێڵاوێک یاخود نەعلێکی سەر فەرشی نەرم و فراوان دەکرێت باشترین دیاریبێت بۆی.

ملوانکەی ئاڵتوون: کڕینی ملوانکەی ئاڵتوون لەلایەن پیاوەوە بۆ خانمەکەی دەکرێت جوانترین دیاری بێت، وەک ڕێزێک بۆ ڕێزگرتن لە ماندووبوون و ئەو ئازارەی کە خانمەکەی لەماوەی دووگیانیدا دەیچێژێت. مەرج نییە ئاڵتوونەکە قورس و گرانبەها بێت، دەکرێت ملوانکەیەکی سادە و ساکاریش بێت، تەنها دیارییەکە گرنگە.

بیستۆک بۆ منداڵەکە: لێدانی قورئان، مۆسیقا، گۆرانی بۆ منداڵ لە منداڵدانی دایکدا یەکێکە لەو کارانەی دایک حەز دەکات بۆ کۆرپەکەی ئەنجام بدات. هەربۆیە دەتوانیت ئەم بیستۆکە وەک دیارییەک پێشکەش بە هاوسەرەکەتی بکەیت. ئەم جۆرە بیستۆکانە بەشێوەک دروستکراون کە دەنوسێن بە سکی دایکەکەوە و بەکارهێنانی زۆر ئاسانە. هەروەها دەکرێت دایک دەنگی خۆی بگرێت و دواتر بۆ منداڵەکەی لێ بداتەوە.

شەڵتەی گەرم: دایکانی دووگیان لەماوەی دووگیانیدا هەست بە ئازارێکی زۆری پشت و سکیان دەکەن، بەکارهێنانی شەڵتەی گەرم لەم ماوەیەدا زۆر گونجاوە و ماسولکە گرژەکانیان خاو دەکاتەوە، بۆیە دەکرێت شەڵتەیەکی گەرم دیارییەکی زۆر گونجاو بێت بۆ خانمێکی دووگیان. 

سەرینی دووگیانی: یەکێک لە کێشەکانی خانمانی دووگیان هەبوونی کێشەیە لە کاتی خەوتندا. بەتایبەت لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیەکەدا دایکان بەهۆی گەورەبوونی سک و زیادبوونی کێشی جەستەوە بە قورسی دەتواننن خەوێکی ئارامیان هەبێت. ئەم خانمانە ناتوانن لەسەر پشت بخەون چونکە کێشە بۆ هەناسەدانیان دروست دەبێت. بەڵام واباشە خانمان لەسەر لا بخەون و لە کاتی خەوتنەکەشدا سەرینێک بخەنە نێوان قاچەکانیان. جوانترین دیارییە کڕینی سەرینێکی تایبەت بە خانمانی دووگیان بۆ ئەوەی بتوانن لە کاتی خەوتندا سوودی لێ وەربگرن.

جلی ژێرەوە: هەر لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانییەوه، مەمک و ناوچەی حەوز دەست بە گۆڕانکاری دەکەن. مەمکی خانمان توند و ڕەق و گەورە دەبێت، ئەمەش وادەکات کە وەک پێشتر نەتوانێت ستیانی ئاسایی ببەستێت. یاخود بەهۆی کشانی ناوچەی حەوزییەوە، نەتوانێت هەمان جلەکانی ژێرەوەی لەبەربکات. پێدانی جلی ژێرەوەی گونجاو وجوانی تایبەت بە ماوەی دووگیانی یەکێکە لە جوانترین دیارییەکان.

کرێمی شێدارکەرەوە: بەگشتی بەهۆی کێشی زیادی جەستە، هەروەها کێشهاتنی پێستی خانمانی دووگیانەوە، جەستە دووچاری ترەکین و قڵیش دەبێتەوە. دەتوانیت کرێمێکی شێدارکەرەوە وەک دیارییەکی تایبەت بە خانمەکە دابنێیت، دەبێت بزانیت چ جۆرە کرێمێک دەکڕیت. کرێمێک نەبێت کە ماددەی کیمیایی یاخود هەندێک ماددەی تێدا بێت کە گونجاو نەبێت بۆ خانمانی دووگیان.

شیردۆش: ئەو ئامێرەی کە شیری دایکەکەی پێ دادەدۆشرێت زۆر پێویستە. زۆرجار دایکەکە دەیەوێت شیری خۆی هەڵبگرێت بۆ منداڵەکەی. یاخود بەهۆی زۆری شیرەوە سنگی توند بووە و مەمکی ئازاری هەیە، واباشە شیردۆشێک بەکاربهێنێت. پێدانی شیردۆشێک وەک دیاری بە دایکەکە زۆر دڵی خۆش دەکات.


سەرچاوەکان



610 بینین