تەحین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-13-23:15:00 - کۆدی بابەت: 10997
تەحین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەحین، ڕاشی، ڕۆنی کونجی یاخود دۆشاوی کونجی، گوشراوی کونجی یان هاڕاوی کونجی یان کونجینە (بە عەرەبی: طحينة یان راشي، بە ئینگلیزی: Tahini) گیراوەیەکی چڕی قورسە لە هاڕین و گوشینی کونجی برژاو دروست دەکرێت. ڕەنگێکی قاوەیی کاڵی هەیە و پێکهاتەی خۆراکی بە زۆر ماددەی گرنگ و بەسوود دەوڵەمەندە.

مێژووەکەی و واتای ناوەکەی

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان لە نووسراو و دۆزراوە مسمارییەکان کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش چوار هەزار ساڵی پێش زایین دۆزرانەتەوە ناوی ڕۆحی کونجی هێنراوە و لە ڕابردوودا وەکوو مەی سوودیان لێ بینیوە. لە دۆڵی دوو ڕووبار وەکوو سەرچاوەی زەیت سوودیان لێی بینیوە و لە پزیشکیدا بەکاریانهێناوە. زۆرێک تەحین بە سۆسێکی عەرەبی دادەنێن، بەهۆی ئەوەی عەرەب هۆکاری بڵاوبووەنەی تەحین بووە لە جیهاندا. لە خوانە چینی و ژاپۆنییەکان بە هەویری کونجی ناسراوە و لە زۆرێک لە خوانەکانیان بەکاریانهێناوه.

لە ئەمریکای باکوور کونجی بە چەرەزات دانرابوو، بۆیە تەحینیان بە چەوری کونجی دانابوو و لە دوای ساڵی ١٩٤٠ـەوە لە ناوچەکانیان بەربڵاوبووە. بنەچە و واتای ناوی تەحین دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی، لە وشەی (طحن) وەرگیراوە کە واتای هاڕین یان کوتراو دەبەخشێت، لە کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوو وشەی (Tahini) لە ئینگلیزیشدا پەیدابوو کە هەر لە وشە عەرەبییەکەوە وەرگیراوە.

ئامادەکردن و کۆگاکردنی

تەحین لە کونجی دروست دەکرێت، هەندێک جۆر لە کونجی برژاو دروست دەکرێت و هەندێکی تریش لە کونجی کاڵ بەرهەم دەهێنرێت. کونجییەکە بە ئامێری تایبەتی دەهاڕدرێت و دەکوترێت، پاشان بە ئامێرێکی تایبەت دەگوشرێت و گیراوەیەکی نیمچەشلی ڕەنگ قاوەیی کاڵ دروست دەبێت و چڕییەکی دیارییکراوی هەیە. کۆگاکردن و هەڵگرتنی تەحین دوو بۆچوونی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی تەحین زۆر چەورە و چڕی بەرزە، هەندێک پێشنیاری ساردکردنەوەی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی بە پێویستی دەزانن کە لە ساردکەرە هەڵبگیرێت، بە پێچەوانەشەوه هەندێکی تر پرۆسەی ساردکردنی پێشنیار ناکەن، چونکە ساردکردنەوەی چڕی پێکهاتەکانی زیاتر دەکات و خەست دەبێتەوە.

پێکهاتەی خۆراکی

یەک کەوچکی گەورە لە تەحین پێکهاتووە لە:

سوودەکانی تەحین

  1. بۆ کەم کردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی لەش زۆر بەسوودە.
  2. بۆ چالاککردن و زیادکردنی ژمارەی خانەکانی بەرگری لەش سوودبەخشە.
  3. یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری قوڕگ دەدات و سوودی هەیە لە کەمکردنەوەی کۆکە و وشکی قوڕگ ناهێڵێت.
  4. یارمەتی هەرس دەدات و بۆ هەرسکردن زۆر بەسوودە و دژی قەبزییە و دڵەکزێی گەدە ناهێڵێت.
  5. بەهۆی بوونی ماددەی پۆتاسیۆم لە پێکهاتەکەیدا ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی بەرز و فشاری خوێن دادەگرێت.
  6. بەهۆی ئەوەی لە پێکهاتەکەیدا چەوری و ئۆمێگا سێ بوونیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنی جومگەکان سوودی زۆری هەیە.

زیانەکانی تەحین

  1. زیادەڕۆیی لە خواردنی دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سکچوون.
  2. ئەوانەی هەستیارییان بە کونجی هەیە خواردنی تەحین بۆیان پەسەند و گونجاو نییە.

شێوازی بەکارهێنانی

ڕاشی لە دروستکردنی سۆس و چەند جۆرێکی زەڵاتەی ڕۆژهەڵاتی بەکاردەهێنرێت. لە خوانی بەیانیان یان لە وەرزی زستاندا لەگەڵ دۆشاوی خورما دەخورێت و دوو تێکەڵەی زۆر بەسوودن، زۆرجار لەگەڵ چەند جۆرێکی چەرەزات نموونەی گوێز و بادەم و فستق. تێکەڵ دەکرێت و دەخورێت، هەروەها لە دروستکردنی چەند جۆرێکی  شیرینی نموونەی حەلوادا ڕاشی بەکاردەهێنرت.


سەرچاوەکان



799 بینین