حیجاز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-16-23:01:00 - کۆدی بابەت: 11031
حیجاز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

حیجاز یان هەرێمی حیجاز (بە عەرەبی: الحجاز، بە ئینگلیزی: Hejaz) ناوچەیەکی جوگرافی و مێژووییە و یەکێکە لە پێنج هەرێمە جوگرافییەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی. حیجاز ئەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە و بە فەرمی ڕۆژاوای شانشینی عەرەبی سعودییە پێکدەهێنێت، سنووری جوگرافی لە ڕۆژاوای سعودییەوە بە درێژایی دەریای سوور دەست پێدەکات و لە باکوورەووە لە سنووری نێوان ئوردن و سعودییەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاکوو دەگاتە ناوچەی باشووری عەسیر. ڕووبەری گشتی ناوچەکە نزیکەی ٤٣٨٫٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەشێک لە ناوچەکانی شاخاویین و بەشێکیشیان ناوچەی زوورگن و بەڵا بشێکی زۆری ناوچەکانی بیابانیین، بۆیە ناوچە جوگرافییەکانی حیجاز بە ناوچەی هەمەچەشن ناسراون.

زانیاری گشتی
وڵات شانشینی عەرەبی سعوودییە
ڕووبەر ٤٣٨٫٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە
ژمارەی دانیشتووان ١٠ ملیۆن کەس
زمانی دانیشتووان زمانی عەرەبی
ئایینی دانیشتووان

ئیسلامی پەیڕەوەی ڕێبازی سوننە

واتای ناوەکەی

وشەی حیجاز لە زمانی عەرەبیدا واتای بەربەست یان ڕێگر دەبەخشێت، هێڵی جیاکەرەوەی ناوچەی نەجد و ناوچەی تەهامەیە و بەهۆی حیجازەوە ئەو دوو ناوچەیە لەیەک دابڕاوان و هەر بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە. هەروەها بۆچوونێکی تریش لەسەر ناوەکە هەیە کە بریتییە لەوەی حیجاز ناوی زنجیرەچیایەکە بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور درێژ دەبێتەوە و تاکوو دەگاتە بەشی ڕۆژاوای نیمچەدوورگەی عەرەبی و ناوچەکە بە ناوی ئەو زنجیرە چیایەوە ناونراوە.

گرنگی ناوچەی حیجاز

چەند ناوچەیەکی حیجاز بە ناوچەیەکی پیرۆزی ڕۆحی بۆ موسڵمانان دادەنرێت، ناوچەیەکە بە گەشت و سەردانی ئایینی تایبەتمەندە، بۆیە شوێنێکی ئابووری و ڕۆشنبیری گرنگە بۆ سعودییە. سەرچاوەی پەیامی ئیسلامە و ئایینی ئیسلام لەو ناوچەیەوە سەریهەڵداوە و بڵاوبووەتەوە. کەعبەی پیرۆز، مزگەوتی حەڕەم، بیری زەمزەم لەگەڵ کێوی سەفا و مەڕوە لە مەککەن، هاوکات مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ گۆڕی ئەبووبەکری سدیق و گۆڕی عومەری کوڕی خەتتاب لە مەدینەن، بۆیە ناوچەکە شوێنێکی گرنگە و موسڵمانان بە مەبەستی ئەنجامدان و بەجێگەیاندنی ئەرکی حەج و عەمرە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن.

مێژووی حیجاز

سەردەمی پێش ئایینی ئیسلام

چەندان سەرچاوە و شوێنەواری مێژوویی هەیە کە دەریانخستووە ناوچەی حیجاز لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤی لێ نیشتەجێ بووە و چەندان شوێنەواری مێژوویی لە حیجاز بوونیان هەیە نموونەی: 

-مەدائینی ساڵح

دیارترین شوێنەواری مێژوویی حیجازە و لە ناوچەی عولای سەر بە مەدینەی پیرۆزە. لە ڕابردوودا ئەم ناوچەیە شوێنێکی ستراتیجی و بازرگانی بووە لە نێوان باشووری ڕۆژاوای نیمچەدوورگەی عەرەب و لە نێوان شام و میسر و عێراق. هەروەها ئەو ناوچەیە بە شوێنی گەلی (ثەموود) دادەنرێت کە پێغەمبەر ساڵحیان بۆ ڕەوانە کرابوو و لە قورئاندا باسکراون.

لە سەردەمەکانی دوای گەلی (ثەموود) ئەم شوێنە کراوە بە پایتەختی شانشیینی حەییان کە شانشینێک بووە لە باکووری نیمچە دوورگەی عەرەب پێش ئیسلام دەرکەوتوون. ئەم شوێەوارە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٨ وەکوو یەکەمین شوێنەواری جیهانی لە سعودییە و حیجاز تۆمار کرا، هاوکات ئەم شوێنەوارە نزیکەی ١٥٣ بەردی هەڵکۆڵراوی تێدایە.

- مەدائینی شوعەیب

هاوشێوەی مەدائینی ساڵحە سەر بە ناوچەی تەبووکە و بەپیی سەرچاوە ئایینی و مێژووییەکان ئەم شوێنە شوێنی گەلەکەی پێغەمبەر شوعەیب بووە.
 
ئایینە کۆنەکان لە حیجاز

دانیشتووانی دێرینی حیجاز پێکهاتبوون لە هۆز و تیرەی هەمەجۆر کە پەیڕەوەی ئایینی ئیبراهیمی و یەکتاپەرستی بوونە. دواتر بتپەرستی بووەتە جێگرەوەی ئایینی ئیبراهیمی و پەیکەر و بتی هەمەجۆر و مانگ و ئەستێرەکانیان دەپەرست. خاوەن ئایینە ئاسمانییەکانی تری پێش ئیسلام نموونەی جوولەکە و نەسڕانییەکان لە ناوچەکانی خەیبەر و یەثرب و باکووری حیجاز نیشتەجێ بوونە.

سەردەمی ئیسلامی لە حیجاز

ئایینی ئیسلام لەلایەن پێغەمبەر موحەمەد ﷺ لە مەککەوە بڵاوبووەوە و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەدا ئایینەکە دژایەتی کرا و پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵەکانی کۆچیان بۆ شاری مەدینە کرد لەوێوە ئیسلام بڵاوکرایەوە، دوای هەشت ساڵ لە کۆچکردن گەڕانەوە مەککە و فەتحی مەککە کرا.

دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ و دەستپێکردنی دەسەڵاتی خەلافەتی ڕاشیدەین ئایینی ئیسلام بە پلەبەندی لە زۆرێک لە ناوچەکانی حیجاز بڵاوبوونەوە و هۆزە تیرەکانی ناوچەکە دەبوونە هاوپەیمانی ئیسلام، لە سەردەمی پێغەمەر ﷺ تاکوو کۆتایی دەسەڵاتی جێنشینەکانی ڕاشیدەین شاری مەدینە و حیجاز ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی بوون، بەڵام دوای سەرهەڵدانی دەسەڵات و خەلافەتی دەوڵەتی ئومەوی ناوەند و هێزی دەسەڵات گوازرایەوە بۆ دیمەشق و شام، بەڵام ناوچەی مەدینە و حیجاز کران بە هەرێمێکی ڕاستەوخۆی پەیوەست بە دیمەشقەوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان مەدینە وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ پەیوەست کرا بە شاری بەغدادەوە، چونکە ناوەندی هێز و دەسەڵات گواسترایەوە بۆ عێراق. دوای سستبوون و شکستی دەسەڵاتی عەباسییەکان، ناوچەی حیجاز پشتگوێ خرا و برسێتی و ئاژاوەیەکی زۆر لە ناوچەکانی حیجاز بڵاوبوونەوە، ڕووبەڕووی هێرشی قەڕامیتەکانی بەحرەین بوونەوە و تەنانەت بەردە ڕەشەکەی نێو کەعبەی پیرۆز لەلایەن قەڕامیتەکانەوە دزرا دوای چەند ساڵێک گەڕێندرایەوە.

مێژووی سەردەمی هاوچەرخ

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی عەباسییەکان لە سەرەتای سەردەمی سەدەی چوارەمی کۆچی دەسەڵاتی حیجاز کەوتە دەست تیر و هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە بەڵام بە هەماهەنگی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوون، نموونەی مووسەوییەکان پاشان سلێمانییەکان و دوای ئەوانیش هاشمییەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست، دوای داگیرکردنی ناوچەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە حیجاز بووە بەشێک لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان و بە دوورگەی عەرەب ناوزەد دەکرا.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، لەلایەن شەریف حسێنەوە شانشینی حیجاز دامەزرا و حیجاز بووە ناوچەیەکی سەربەخۆی عەرەبی و لە حیجازەوە شۆڕشی گەورەی عەرەبی هەڵگیرسا و بانگەشەی بۆ کرا، بەڵام ئەو شانشینە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و شکستی هێنا. لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەم دەسەڵات گەیشتە ئال سعوودەکانی ئێستا و شانشینی سعودییەیان دامەزراند و بوونە دەسەڵاتداری حیجاز.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکانی حیجاز زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆز و تیرەی عەرەبی و بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بەڵام بە شێوەزاری هەمەجۆر و جیاواز، هەروەها ڕەچەڵەکە دانیشتووان لە هۆز و نەتەوەی عەرەبی دێرین پێکهاتوون کە هەر لە سەردەمەکانی ڕابردووەوە لە بیابانەکانی حیجاز نیشتەجێ بوونە. ئایینی فەرمی دانیشتووانی حیجاز ئایینی ئیسلامە و بەشێکی زۆری دانیشتووان پەیڕەوەی ڕێبازی سوننەی ئایینی ئیسلام دەکەن.

ناوچە سەرەکییەکانی حیجاز

  • مەدینەی پیرۆز
  • مەککەی پیرۆز
  • ناوچەی باحە
  • باکووری ناوچەی عەسیر
  • باشووری ناوچەی تەبووک

کەشوهەوای ناوچەکە

بە گشتی کەشوهەوای حیجاز مامناوەندە و لەو ناوچانەی کە لە ڕووی دەریاوە ئاستیان بەرزە پلەی گەرمی بەرزە، وەرزی بارانباراین لە وەرزی پاییزەوە بە دیاریکراوی لە کۆتاییەکانی مانگی ئابەوە تاکوو سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم دەست پێدەکات. لە زستاندا کەشوهەوای وشک و ساردە و کەشێکی نیمچەبیابانی هەیە، بە ڕۆژ گەرمە و بە شەو ساردە، هاوکات کەشی هاوینی زۆر گەرم و وشکە.


سەرچاوەکان



454 بینین