کنکتیکوت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-19-21:17:00 - کۆدی بابەت: 11049
کنکتیکوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی کنکتیکوت (بە ئینگلیزی: Connecticut، بە عەرەبی: كونيتيكت)، باشووریترین ویلایەتە لە ناوچەی نیو ئینگلاند لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕۆد ئایلەند، لە باکوورەوە لەگەڵ ماسەشوستس، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ نیویۆرک و لە باشوورەوە لەگەڵ دەربەندی لۆنگ ئایلەند هاوسنوورە. پایتەختی کنکتیکوت هارتفۆردە و قەرەباڵغترین و گەورەترین شاری بریجپۆرتە. لەڕووی مێژووییەوە ویلایەتەکە بەشێکە لە نیو ئینگلاند و هەروەها گەورەناوچەی نیۆرک لەگەڵ ویلایەتی نیویۆرک و نیوجێرسی. کنکتیکوت لەڕووی ڕووبەرەوە سێیەم بچووکترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٢٩ـەیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە. لە ٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٧٨٨ـدا کنکتیکوت وەکوو پێنجەم ویلایەتی ئەمریکا دانی پێدانرا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا، ویلایەتی کنکتیکوت خاوەنی بەرزترین داهاتی تاکەکان، دووەم بەرزترین ئاستی گەشەسەندنی مرۆیی (لە دوای ویلایەتی ماسەشوستسەوە) و بەرزترین داهاتی ناوەندی خێزانە لە ئەمریکا.

ناوی ویلایەتەکە

ویلایەتەکە بە ناوی ڕووباری کنکتیکوتییەوە ناونراوە کە بەنزیکەیی ویلایەتەکە دەکات بە دوو بەشەوە. وشەی "connecticut" لە وشەی "Quinnetket"ـەوە وەرگیراوە، کە وشەیەکی موهیگان-پیکواتیە و بە واتای "ڕووباری کشاویی درێژ" دێت.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی کنکتیکوت ١٤,٣٥٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٢,٥٥٩ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١,٨٠٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٢.٦% کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٨٥ کەس و لە پلەی چوارەمی وڵاتدا بوو.

مێژوو

دانیشتووە ئەوروو‌‌پییە سەرەتاییەکانی کنکتیکوت هۆڵەندییەکان بوون کە شارۆچکەیەکی بچووک و کاتییان لە ناوچەکەدا دامەزراند بە ناوی خانووی هیوا یان هاوس ئۆڤ هۆپ (House of Hope) لە شاری هارتفۆرد، لە شوێنی یەکگرتنی پارک و ڕووبارەکانی کنکتیکوت. سەرەڕای ئەوەی یەکەم جێگیرگەی گەورە لە ساڵانی ١٦٣٠ـەکاندا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دامەزرا، بەڵام لە سەرەتادا کۆڵۆنی هۆڵەندی هۆڵەندای نوێ بانگەشەی ئەوەی کرد کە مافی بەسەر نیوەی کنکتیکوتەوە هەیە، کە زۆربەی زەویەکانی نێوان ڕووبارەکانی کنکتیکوت و دێلاوێر لەخۆ دەگرت. تۆماس هوکەر (Thomas Hooker) لە کۆلۆنی ماسەشوستس بەی سەرکردایەتی گرووپێکی یارمەتیدەری کرد و کۆلۆنی کنکتیکوتیان دامەزراند؛ دانیشتووەکانی تری ویلایەتی ماسەشوستس کۆلۆنی سەیبرۆک و کۆڵۆنی نیو هاڤنیان دامەزراند. لە ساڵی ١٦٦٢ـدا، ئەو سێ کۆلۆنییە بەپێی چارتەرێکی شاهانە یەکخران و کنکتیکوتیان کردە کۆلۆنییەکی شاهانە. کنکتیکوت یەکێک بوو لەو سیازدە کۆلۆنییەی کە لە شۆڕشی ئەمریکادا دەسەڵاتی بەریتانیایان ڕەتکردەوە و ڕاپەڕی. ئەم ویلایەتە کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا هەبوو.

نازناوەکانی ویلایەتەکە

کنکتیکوت بە "ویلایەتی دەستوور"، "ویلایەتی گوێزەبۆن"، "ویلایەتی بەندەکان" و "زەوی خووە نەگۆڕەکان" ناسراوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کنکتیکوت ٣,٦٠٥,٩٤٤ کەس بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بەڕێژەی ٠.٩% زیادیکردووه. هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرژمێرییەکەدا تۆمارکراوە، ٢٠.٤%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە خوار ١٨ ساڵییەوە بوون. لە ساڵی ١٧٩٠ـدا ٩٧%ـی دانیشتووانی ویلایەتی کنکتیکوت بە گوندنشین پۆلێن کرابوون.

یەکەم سەرژمێری کە کەمتر لە نیوەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە گوندنشین پۆلێنکران سەرژمێری ساڵی ١٨٩٠ بوو. وردەوردە ژمارەی گوندنیشانی ویلایەتەکە کەمبوویەوە و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا، گوندنشینەکانی ویلایەتەکە تەنیا ١٢.٣%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

ڕەگەز و نەتەوە

بە هەمان شێوەی زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان لە ویلایەتی کنکتیکوتدا وەک گرووپی ڕەگەزی و نەتەوەیی باڵادەست ماونەتەوە. بەڵام ڕێژەیان لە ٩٨%ـی دانیشتووان لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە بۆ ٦٣%ـی دانیشتووان لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ دابەزیوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ١١.٤%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە کە ٤٠٠,٠٠٠ کەس بوون لەدایکبووی بیانی بوو. پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بریتی بوون لە:

  • سپی پێست (ناهیسپانی): ٦٦.٦%
  • هیسپانی یان لاتینی (لە هەر ڕەگەزێکدا): ١٧.٣%
  • ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی (ناهیسپانی): ١١.٤%
  • ئاسیایی: ٥.٥%
  • ئەمریکی ڕەسەن: ١.١%
  • دوورگەنشینیەکانی زەریای هێمن: ٠.١%
  • ڕەگەزەکانی تر: ٢.١%

گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بریتی بوون لە:

  • ئیتاڵی: ١٩.٣%
  • ئێرلەندی: ١٧.٩%
  • ئینگلیزی: ١٠.٧%
  • ئەڵمانی: ١٠.٤%
  • پۆڵەندی: ٨.٦%
  • فەڕەنسی: ٦.٦%
  • کەنەدی فەڕەنسی: ٣.٠%
  • ئەمریکی: ٢.٧%
  • سکۆتلەندی: ٢.٠%
  • سکۆتلەندی-ئێرلەندی: ١.٤%

زمان

لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٨١.٦٩%ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتی کنکتیکوت لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا ٨.٤٢%ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی دەدوان. زمانە قسەپێکراوەکانی تری دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە ئیتاڵی کە لەلایەن ١.٥٩%ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهات، لەگەڵ فەڕەنسی و پۆڵەندی کە یەکەمیان لەلایەن ١.٣١%ـی دانیشتووان و دووەمیان لەلایەن ١.٢٠%ـی دانیشتووانەوە قسەیان پێکرا.

ئایین

بەپێی لێکۆڵینەوەی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەنجامدرا، ٧١%ـی دانیشتووانی ویلایەتی کنکتیکوت مەسیحی بوون. هەروەها لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە ٢١%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بێ ئایینن. گەورەترین گرووپە ئاینییەکانی کنکتیکوت لە ساڵی ٢٠١٠ و بەپێی ژمارەی لایەنگران کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی بوو کە خاوەنی ١,٢٥٢,٩٣٦ شوێنکەوتە و لە پلەی یەکەمدا بوو، بە دوای ئەویشدا کڵێسای یەکگرتووی مەسیح یان پرۆتستانتی کۆنەپارێز بە پلەی دووەم هات کە ٩٦,٥٠٦ لایەنگری هەبوو و پاشانیش پرۆتستانتی ئینجیلی نائایینی بە ٧٢,٨٦٣ شوێنکەوتەوە لە پلەی سێیەمدا بوو. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە و ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان و ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • پرۆتستانت: ٣٥%
  • کاسۆلیکی: ٣٣%
  • بێ ئایین: ٢٨%
  • جوولەکە: ٣%
  • مۆرمۆن: ١%
  • ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات: ١%
  • بوودی: ١%
  • هیندۆس: ١%
  • مسوڵمان: ١%
  • ئایینەکانی تر: ٢%
  • نازانم‌باوەڕی: ١%

ئابووری

بەرهەمی ئابووری ویلایەتی کنکتیکوت لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٢٨٩ ملیار دۆلار بوو و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کە ٢٧٧.٩ ملیار دۆلار بوو بەرزبووەتەوە. هەروەها داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بە ٧٩,٠٨٧ دۆلار خەمڵێندرا، کە بەرزترینی نێو هەموو ویلایەتەکانی وڵات بوو. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨، کە لەلایەن کۆمپانیای فینیکس مارکێتینگ ئینتەرناشناڵەوە ئەنجامدرا، کنکتیکوت سێیەم زۆرترین ژمارەی ملیۆنێرەکانی ئەمریکای لێ نیشتەجێیە، کە بە ڕێژە ٧.٧٥%ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا نیو کانان دەوڵەمەندترین شارۆچکەی ویلایەتەکە بوو کە داهاتی تاکەکانی ٨٥,٤٥٩ دۆلار بوو، هەروەها هارتفۆرد هەژارترین شارەوانی ویلایەتی کنکتیکوت بوو و داهاتی تاکەکانی ١٣,٤٢٨ دۆلار بوو.

ڕێژەی بێکاری

تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ڕێژەی بێکاری وەرزانەی کنکتیکوت ٣.٨% بوو، لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری ئەمریکا لەو مانگەدا ٣.٥% بوو. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا و لە نێوان مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەمدا کەمترین ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا تۆمارکرا ٢.٢%. بەرزترین ڕێژەی بێکاری لەو ماوەیەدا و مانگەکانی تشرینی دووەمەوە و کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ ٩.٣% بوو. ئابووریناسان لە بەهاری ٢٠٢٠ و لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەهۆی ڕاگرتنی کارەوە چاوەڕێی تۆمارکردنی ڕێژەیەکی بەرزتریان دەکرد.

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی کنکتیکوت کیشوەرییە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی زۆر سارد و بەفراوییە و هاوینی گەرم تا زۆر گەرمە. لەبەر بچووکی ویلایەتەکە هەست بە جیاوازییەکی بەرچاوی کەشوهەوا ناکرێت لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا، بەڵام زستانی بەشی باکوور ساردترە و بەفرێکی زیاتریشی لێ دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، دەکرێت لە زستاندا، پلەکانی گەرما بۆ ٤- پلەی سەدی یان نزمتر لەو پلەیەش داببەزن. جگە لەوەش، دەشێت بەفرێکی زۆری لێ ببارێت.

هاوینی کنکتیکوت گەرم و هەتاوییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ڕەشەبا بروسکاوییەکان لە پاشنیوەڕۆدا هەڵبکەن. هەروەها دەکرێت هەندێک ڕۆژیش تاڕادەیەک فێنک و باراناوی بن. هەندێکجار، لەوانەیە شەپۆلەکانی گەرما هەڵبکەن و پلەی گەرمی ویلایەتەکە بگاتە ٣٧ بۆ ٣٨ پلەی سەدی. تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا لە نێوان نزیکەی ٣- پلەی سەدی لە بەشی باکوور تا نزیکەی سفر پلەی سەدی لە کەنارەکانی باشووردا دەگۆڕێت. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی تەممووز لە نێوان ٢٣ پلەی سەدی لە ناوچەی باکوور بۆ ٢٤ پلەی سەدی لە ناوچە کەنارییەکاندایە. جگە لەوانەش، ڕێژەی دابارینی باران لە ویلایەتەکەدا زۆر بەرزە و ساڵانە ١,٠٠٠ مللیمەتر تێدەپەڕێنێت. پلەی گەرمی دەریا لە ویلایەتی کنکتیکوت لە نێوان ٤ بۆ ٢٢ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانی کردنی ویلایەتی کنکتیکوت وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بۆ ئەوەی لە هەردوو ساردی زستان و گەرمای هاوین بەدوور بین، بەتایبەتی مانگی ئایار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم. زۆرجار مانگی حوزەیران مانگێکی خۆشە، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە گەرم بێت. لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، دەکرێت کەشوهەوا گەرم و شێدار بێت، بەڵام هێندەی ناوەڕاستی هاوین گەرم نییە. لە مانگی نیساندا هەندێکجار دەشێت کەشوهەوا سارد و ناجێگیر بێت، بەتایبەتی لە سەرەتای مانگدا، لە کاتێکدا نیوەی دووەمی مانگەکە بەزۆری مامناوەندە.

لە پاییزدا، بەزۆری لە دەوروبەری ناوەڕاستی تشرینی یەکەم لە ناوەڕاست-باکوور و کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لە باشوور، بە ڕەنگە جوانەکانی ئەو درەختانە سەرسام دەبیت کە خەریکە گەڵاکانیان هەڵدەوەرێن.


سەرچاوەکان



193 بینین