ئەدیس ئەبابا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-20-21:45:00 - کۆدی بابەت: 11064
ئەدیس ئەبابا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەدیس ئەبابا (بە ئینگلیزی: Addis Ababa، بە عەرەبی: أديس أبابا، بە ئەمهاری: አዲስ አበባ)، پایتەخت و گەورەترین شاری ئەسیوبیایە، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٧ـدا بە ٢,٧٣٩,٥٥١ کەس مەزەندە کرا. ئەدیس ئەبابا ناوەندێکی کولتووری، هونەری، دارایی و ئیداریی زۆر گەشەسەندوو و گرنگی ئەسیوبیایە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری شاری ئەدیس ئەبابا ٥٢٧ کیلۆمەتر دووجایە و تەواوی ڕووبەری شارەکە وشکانییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا ٥,١٦٥.١ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئەدیس ئەبابا لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٩٤ـدا بە ٢,١١٢,٧٣٧ کەس ڕاپۆرتکرد، لەنێویاندا ١,٠٢٣,٤٥٢ کەسیان پیاو و ١,٠٨٩,٢٨٥ کەسیان ژن بوون. لەو کاتەدا ٩٨.٧%ـی دانیشتووان لە ناوچە شارستانیەتییەکاندا دەژیان کە بە ژمارە ٢,٠٨٤,٥٨٨ کەس بوون. لە کاتێکدا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٧ـدا گەشتە ٢,٧٣٩,٥٥١ کەس. ٦٦٢,٧٢٨ خێزان لە ٦٢٨,٩٨٤ یەکەی نیشتەجێبووندا ژیان و هەر خێزانێکیش بەتێکڕایی لە ٥.٣ کەس پێکهاتبوو. هەموو گرووپە نەتەوەییەکانی ئەسیوبیا لە ئەدیس ئەبابادا هەن، چونکە پایتەختی وڵاتە، بەڵام گەورەترین گرووپە نەتەوەییەکانی بریتین لە:

  • ئەمهارا: ٤٧.٠٥%
  • ئۆرۆمۆ: ١٩.٥١%
  • گوراج: ١٦.٣٤%
  • تیگرایی: ٦.١٨%
  • سیڵتی: ٢.٩٤%
  • گامۆ: ١.٦٨%

زمان

ئەو زمانانەی کە دانیشتووانی شارەکە وەکوو زمانی دایک قسەیان پێ دەکەن بریتین لە:

  • ئەمهاری: ٧٠.٩٩%
  • ئافان ئۆرۆمۆ: ١٠.٧٢%
  • گوراج: ٨.٣٧%
  • تیگرینی: ٣.٦٠%
  • سیڵتی: ١.٨٢%
  • گامۆ: ١.٠٣%

ئایین

پەیڕەوکەرانی ئۆرتۆدۆکسی ئەسیوبی گەورەترین گرووپن لە ئەدیس ئەبابا و ٧٤.٦٦%ـی دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنن، لە کاتێکدا ١٦.٢١%ـی دانیشتووان مسوڵمان، ٧.٧٧%ـی دانیشتووان پرۆتستانت و ٠.٤٨%ـی دانیشتووان کاسۆلیکن.

ئابووری

چالاکییە ئابوورییەکانی ئەدیس ئەبابای پایتەخت هەمەچەشنن. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی فیدراڵی، نزیکەی ١١٩,١٩٧ کەس لە شارەکەدا سەرقاڵی کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتنن؛ ١١٣,٩٧٧ کەسیش لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازیدا کار دەکەن، لە کاتێکدا ٨٠,٣٩١ کەسیش کەیبانوو یان ژنی ماڵەوەن؛ ٧١,١٨٦ کەس لە بەڕێوبەرایەتی مەدەنی؛ ٥٠,٥٣٨ کەس لە گواستنەوە و پەیوەندی؛ ٤٢,٥١٤ کەس لە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی و کۆمەڵایەتی؛ ٣٢,٦٨٥ کەس لە خزمەتگوزاری هۆتێل و دابینکردنی خۆراک و ١٦,٦٠٢ کەس لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن. جگە لە دانیشتوانی ناوچە گوندنشینەکانی ئەدیس ئەبابا، دانیشتوانی شارەکەش خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دەبن.

گەشتیاری

گەشتیاری پیشەسازییەکی گەشەسەندووی ئەسیوبیا بەگشتی و ئەدیس ئەبابایە. لە مانگی تەممووزی ٢٠١٥ـدا ئەسیوبیا وەکوو باشترین وڵات بۆ گەشتیاری دەستنیشانکرا، بەڵام جەنگی تیگرای و پەتای کۆڤید-١٩ لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئەدیس ئەبابا کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شاخاوی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارین تا ڕادەیەکی زۆر بەگوێرەی مانگەکە دەگۆڕێت. شارەکە تێکەڵەیەکی ئاڵۆز ناوچەی کەشوهەوای شاخاوی هەیە و بەپێی بەرزایی و جۆری باوەبا جیاوازی پلەی گەرمی لەو ناوچانەدا تا ١٠ پلەی سەدیە. بەرزایی بەرز بەدرێژایی ساڵ پلەکانی گەرمی شارەکە مامناوەند دەکات و بەهۆی شوێنی شارەکەوە کە لە نزیک هێڵی یەکسانبوونی زەویە پلەکانی گەرما لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر زۆر جێگیرە. خۆ ئەگەر بەرزییەکەی لەبەرچاو نەگیرێت ئەوا کەشوهەوا دەریایی دەبێت و پلەی گەرمیی مامناوەندی شارەکە لە هیچ مانگێکدا لە سەرووی ٢٢ پلەی سەدیەوە نابێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٠.٦ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٦ شوباتی ٢٠١٩ـدا تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی لە تۆمارکراو سفر پلەی سەدی بوو کە چەند جارێک لە ناوچەکەدا تۆمارکراوە.


سەرچاوەکان



219 بینین