کۆمەڵێک ئامۆژگاری لەکاتی گەشتکردن بە فڕۆکە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-26-16:37:00 - کۆدی بابەت: 11106
کۆمەڵێک ئامۆژگاری لەکاتی گەشتکردن بە فڕۆکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمەڵێک ئامۆژگاری لەکاتی گەشتکردن بە فڕۆکە (بە ئینگلیزی: Some tips when traveling by plane، بە عەرەبی: بعض النصائح عند السفر بالطائرة). بەگشتی گەشتکردن بە فڕۆکە لەچاو گەشتکردن بە هۆکارەکانی تری گواستنەوە زۆر کەمە، بەڵام بەهۆی گەشتکردن بە فڕۆکە جیاوازە و زیاتر ماندووت دەکات. واباشە بزانیت پێوویستە لە کاتی گەشتەکەتدا چی بکەیت، بۆ ئەوەی زیاتر چێژی لێ ببینیت و ماندوویەتیت کەمتر ببێتەوە. پێویستە پێش ئەوەی گەشتەکە دەست پێ بکات چەند کارێک ئەنجام بدەیت.

ئامۆژگارییەکان چیین؟

لەسەر کورسی تەنیشت پەنجەرەکە دابنیشە

دوای ئەوەی بلیتی گەشتەکەت بەدەست هێنا، بڕیار لە دەستی خۆتدایە کە لە کام جێگادا دادەنیشیت. واباشە هەمیشە تەنیشت پەنجەرە دابنێیت و لێی دانیشیت، لێرەدا بەباشی دەتوانیت پشوو بدەیت و کاتێک ویستت بخەویت سەرت بخەیتە سەر پەنجەرەکە. بەڵام ئەگەر لە کورسی ناوەڕاست دابنیشیت ناتوانیت ئاسوودەبیت و لە هەر بارێکی پشووداندا دەبیتە ئەرک بۆ کەسەکانی دەوروبەرت. 
هەروەها لە کورسییەکانی تەنیشت پەنجەرەوە دەتوانیت دەرەوە و ئاسمان و سروشتەکە ببینیت و بەمەش زیاتر چێژ دەبینیت لە گەشتەکەت.

کەمێک بە ڕێگادا بڕۆ

ئەگەر گەشتەکەت دورودرێژە و کاتێکی زۆر دەخایەنێت، بە مۆڵەت وەرگرتن لە کارمەندان و سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە، پێش ئەوەی فڕۆکەکە هەڵسێت کەمێک لەناویدا هاتوچۆ بکە. هەبوونی جوڵەی پێشینە وادەکات ترست کەمتر بێت و هەروەها خوێنێکی زیاتر بچێت بۆ قاچەکانت.

سەرینێکی ملت پێ بێت

دەتوانیت سەرینێکی تایبەتت پێ بێت، ئەوانەی کە لە دەوری مل دەسوڕێن و لە کاتی خەوتن یاخود پشوودان دەتوانیت بەکاریبهێنیت و بیکەیتە ملت، تاکوو خەوێکی ئاسوودەت هەبێت.

جلێکی ئاسوودە لەبەربکە

هەمیشە جلێک لەبەربکە ئاسوودەیت پێ ببەخشێت، دوورکەوە لە پۆشینی جلی زۆر تەسک یان پان. هەوڵبدە جلەکە سایزی خۆت بێت و جلێک بێت کە پێوەی بتوانیت هەموو کارێک ئەنجام بدەیت.

کەلوپەلی پێویست لەگەڵ خۆت ببە

هەرچەندە ناتوانی کەلوپەلی زۆر لەگەڵ خۆت ببەیت، بەڵام زۆر گرنگە ئەوانەی خووت پێوە گرتوون و زۆر پێویستن لەگەڵ خۆت بیانبەیت. بۆ نموونە ئەگەر لە کاتی خەودا چاوبەست یاخود ماسک بەکاردەهێنیت ئەوا زۆر گرنگە ئەوەت پێ بێت. جیا لەو کەلوپەلانەی کە لە بەردەستدا نین، پێویستە هەمیشە کیفێکی بچووکت پێ بێت، کە ئەو پێویستیانەی تیابێت کە زۆر گرنگن بەلاتەوە و بەردەوام بەکاریان دەهێنیت.

چەرەسات بخۆ

یەکێک لە خۆشییەکانی گەشتکردن ئەوەیە کە خواردنی خۆش بخۆیت و بەشێکی گەشتەکەت بەوەوە بەسەر ببەیت. بەڵام زۆر گرنگە ئاگاداری خۆراکت بیت و دڵنیابیتەوە لەوەی کە زۆرخۆری نەکەیت، چونکە لەناو فڕۆکەدا ئەگەری تێکچوونی گەدە و ڕشانەوە زۆرە. واباشە تەنها کەمێک لە چەرەسات بخۆیت.

دەبەی ئاوت پێ بێت

ئاو گرنگترین پێویستییە و واباشە دەبەیەکت پێ بێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا هەڵنەسیتەوە بۆ ئاو خواردنەوە. هەروەها پێوویستە زیادەڕەویی نەکرێت لە خواردنەوەی ئاودا چونکە لەم کاتەدا دەبێتە هۆی زۆر میزهاتن و ئەمەش گەشتەکت لێ تێک دەدات. هەروەها نەخواردنەوەی ئاویش وشکبوونەوەی جەستە و نەخۆشی بەدواوەیە، بۆیە واباشە ئاو بە بڕێکی پێویست بخۆیتەوە و نە زیاد و نە کەم.

فڕین لە بەیانیاندا باشترە

لە کاتێکدا لە هەموو کاتێکی ڕۆژدا بلیت بەردەستە، بەڵام تاکوو بۆت دەکرێت لە بەیانیاندا بلیت بکڕە و لەم کاتەدا زۆر باشترە، مرۆڤ لە بەیانیاندا وزەیەکی باشتری پێیە و هەروەها ئاسمانیش لە و کاتەدا هەواکەی پاکترە و لەبارترە بۆ فڕین. زۆرینەی کێشەکانی فڕین ئێواران ڕوودەدەن. ئەگەری گەرمبوونی زەوی یاخود بارانی زۆر و هەورەبروسکە لە ئێواراندا زیاتره وەک لە بەیانیانی زوودا.


سەرچاوەکان



152 بینین