هۆکاری هەستکردن بە سەرما لە جەستەدا چییە؟

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2023-08-29-11:22:00 - کۆدی بابەت: 11130
هۆکاری هەستکردن بە سەرما لە جەستەدا چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

‎هۆکاری هەستکردن بە سەرما لە جەستەدا چییە؟ (بە ئینگلیزی: What is the reason for feeling cold in the body?، بە عەرەبی؛ ما هو سبب الشعور بالبرد في الجسم؟) هەندێک کەس بە شێوەیەکی ئاسایی و بە بەردەوامی هەست بە سەرما و تەزینی جەستەیان دەکەن تەنانەت لەو ڕۆژانەشدا کە کەشووهەوا مامناوەندە یاخود گەرمە، ئەمەش بێ هۆکار نیە. هەمیشە هەستکردن بە سەرما لەوانەیە نیشانەی نەخۆشییەکی پزیشکی بنچینەیی بێت.

 

هۆکارەکانی هەست کرد بە سەرما لە جەستەدا

  • کەم خوێنی: بەتایبەتی لە دەست و قاچەکاندا، ئەوەش بەھۆی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە کە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ بەشەکانی جەستە.
  •  کەمی ماددەی ئاسن لە جەستەدا: گەر بەھۆی کەم خوێنییەوە بێت یاخود خوێن بەربوونەوە بێت یانیش کەمی ھەڵمژینی بێت لە گەدەدا.
  • کەم خوێنی بەهۆی کەمی ڤیتامین: کەم خوێنی لەوانەیە بەهۆی کەمی خۆراکەوە بێت. کەمی ڕێژەی ڤیتامین B-12 و ترشی فۆلیک دەتوانێت ببێتە هۆی کەم خوێنی، بەزۆری بەهۆی نەبوونی خواردنی پێویست.
  • سستی غودەی دەرەقی: کاتێک کە ھۆرمۆنی تایرۆکسین کەم دەڕێژرێت ئەمە دەبێتە ھۆی ھەستیاری بەرامبەر سەرما، ئازاری جومگەکان، وشک بونەوەی پێست، قەبزی و زیادبوونی کێش.
  • سستی کارکردنی ڕژێنی ژێر مێشکە ڕژێن (پیتویتاری): کە کەمی دەردانی ئەو ھۆرمۆنانەی لەم ڕژێنەوە دەردەچن دەبێتە ھۆی ھەستکردنی بەردەوام بە سەرما و گەرم نەبوونەوە، کەم خوێنی، کەمبونەوەی کێش، کەم خۆراکی.
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە: نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێن کاریگەریەکی خراپیان لەسەر گورچیلەکان هەیە و کارەکانیان تێکدەدەن و دەبنە ھۆی کۆبوونەوەی پاشەڕۆ لە جەستەدا کە ئەمەش دەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە.
  • نەخۆشی ڕاینۆد: بریتییە لە نەخۆشییەکی بۆری خوێن، تێیدا بۆری خوێنەکان ھەستیار دەبن بەرامبەر سەرما و سترێس و گرژ دەبن و خوێن بە باشی ناگەیەنن بە پەلەکان. وەڵامی ئاسایی جەستەی ئێمە بۆ پلەی گەرمی سارد ئەوەیە کە خوێن لە پێست دوور بکەوێتەوە بۆ ئەوەی ئەندامە ناوخۆییەکان گەرم بێت. لەو کەسانەی کە دیاردەی ڕاینۆدیان هەیە، ئەو کاردانەوە سروشتییە زۆر توندە. بۆرییە بچووکەکانی خوێن بە توندی تەسک دەبنەوە و ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێست بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە زۆر هەستیارترن بۆ دابەزینی پلەی گەرمی. ھەر لەبەرئەوە پەنجەکانی دەست و قاچ شین ھەڵدەگەرێن و سارد و سڕ دەبن، ئەم حاڵەتە لەوانەیە چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.
  • نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو: لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا دەمارەکان سست دەبن و تێک دەشکێن بەھۆی بەرزی ئاستی شەکرەوە، لەبەرئەوە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرەکە زۆر گرنگە، جگە لەوەی ئەم نەخۆشانە لەوانەیە کەم خوێنی و نەخۆشی گورچیلەشیان ھەبێت.
  • نەخۆشی خوێنبەرەکانی پەلەکان یاخود ھەوکردنیان: لەکاتێکدا دەبێت خوێنبەرەکان لە پەلەکاندا دەگیرێن یاخود ھەودەکەن، ئەمە زیاتر لە یەک قاچدا ڕوودەدات واتە ھەست بە ساردی و بێ ھێزی دەکەیت لە لایەکدا و لاکەی تری پلەی گەرمێکەی ئاسایی دەبێت.
  • ئەنۆڕێکسیا نێرڤۆسا: ئەم نەخۆشانە دەگمەنە بارێکی دەروونی کە پێیان وایە کێشیان زۆرە، هەربۆیە دەگەنە ئەو ڕادەیەی بە ھیچ شێوەیەک خواردن ناخۆن بۆ ئەوەی جەستەیان هیچ کالۆریەک وەرنەگرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی لاوازبوونیان بەشێوەیەکی ترسناک، بەهۆی کەمبوونەوەی چەوری جەستەیانەوە، ھەستکردنیان بە سەرما زیاددەکات.
  • کەم خەوی: نەبوونی خەوێکی پێویست زیان بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت، کە لەوانەیە سیستەمی جەستەت بگۆڕێت کە پلەی گەرمی لەش ڕێکدەخات. توێژینەوەیەک دەریخستووە کەم خەوی دەتوانێت کاریگەری خراپی لەسەر میتابۆلیزم هەبێت. هەبوونی تێکچوونی میتابۆلیزم لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە سەرما.
  • وشکبوونەوە: نەتوانین بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی جەستە  لەوانەیه نیشانەی ئەوە بێت کە دەبێت ئاوی زیاتر بخۆیتەوە. ئاو یارمەتی ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەت دەدات و زیاتر لە دوو لەسەر سێی کێشی جەستەت پێکدەهێنێت.
  •  ھەڵامەت: بەھۆی ڤایرۆسەوە تووشمان دەبێت، کاریگەری ھەیە لەسەر ھەموو جەستە وەک: لوت تەڕبوون، ئازاری قوڕگ، کۆکە،  ئازاری سەر، ئازاری ماسولکە، لەرز و تاش.
  • دەرمان: بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان دەبێتە ھۆی ھەست کردن بە سەرما وەک کاریگەرێکی لاوەکی دەرمانەکە بۆ نموونە: وەک ئیندیراڵ یاخود بێتا بلۆکەرەکان کە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن بەکاردێن.
  • خواردنەوە ئەلکھولیەکان: لەوانەیە لە پێشدا ھەستی گەرمکردنەوە ببەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی کشانی موولوولەکانی خوێن لەژێر پێستدا، خوێن لە مێشکەوە و لە سەنتەرەوە زیاتر دێت بۆ پەلەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستە بە گشتی. ھەروەھا ئەلکھول کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئەو بەشەی مێشک کە پلەی گەرما ڕێک دەخات ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی ھەیە بۆ زیاتر دابەزینی پلەی گەرمای جەستە بەتایبەت لە وەرزە ساردەکاندا.


سەرچاوەکان



538 بینین