ئارمەدیلۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-03-22:14:00 - کۆدی بابەت: 11194
ئارمەدیلۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئارمەدیلۆ (بە ئینگلیزی: Armadillo، بە عەرەبی: ارمادیلو)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و تاکە بوونەوەری ئەم کۆمەڵەیە کە زۆرینەی جەستەی بە بەرگ داپۆشراوە، نشینگەکەی دەکەوێتە ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاست لەگەڵ هەندێک لە جێگەکانی ئەمریکای باکوور، لە دارستان و ناوچە گژوگیاکاندا دەژی، هەروەها دەکرێت ڕووبەڕووی زۆرینەی ئەو نەخۆشییانە ببێتەوە کە مرۆڤەکان تووشی دەبن، بۆ نموونە نەخۆشی گولی تووشی هەردوو مرۆڤ و ئارمەدیلۆش دەبێت. لە ڕابردوودا و لە کلتووری چەندین کۆمەڵگەی جیاوازی مرۆڤەکاندا، گیانەوەری ئارمەدیلۆ ژمارەیەک بەکارهێنانی هەبووە، بۆ نموونە ڕاوکردنی بە مەبەستی خواردن یان دروستکردنی جلوبەرگ و تەنانەت ئامێری مۆسیقی، هەرچەندە بەهۆی بەرگە پارێزەرەکەیەوە زیاتر وەک خشۆک دەردەکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا بوونەوەرێکی بێ مووی مەمکدارە، ئەو ئارمەدیلۆ دێرینانەی کە باوانی ئەوانەی ئەم سەدانەی ئێستان قەبارەیان گەورەتربووە، واتە ئەوانەی ئێستا قەبارەیان بچووکترە. هەرچەندە جەستەی بە بەرگێکی کیراتینی دەورەدراوە، بەڵام بەڕادەیەک تەنکە کە تەنانەت سەگێکی قەبارە مامناوەندیش دەتوانێت بیشکێنێت، ژمارەی تاکەکان بە تەواوەتی زانراو نییە، بەڵام بەهۆی پتەوی و بەهێزی جەستەیانەوە هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی ئارمەدیلۆ هەڕەشە و مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە، تەنها بە نەمانی نشینگەکانیان یاخود ڕاوکردنیان هەڕەشە بۆ ژیانیان دروستدەبێت.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین جیاکەرەوەی ئەوەیە کە دەتوانێت خۆی لوولبدات و بچێتە سەر شێوەی تۆپێکی ڕەق، ئەم بەرگرییە سروشتییە هاوکاری کردووە کە بۆ ملیۆنان ساڵ بژی، ئەو بەرگەی کە هەیەتی لە پوولەکەی زۆر پێکهاتووە کە بەسەر یەکتریدا کەوتوون، پێکهاتەکەی کیراتینە کە جۆرێکی پڕۆتینە و بە گوێرەی بەڵگەکان ئەو کیراتینە لە ڕابردوودا پێستێک بووە و گۆڕانکاری بەسەرداهێنراوە یاخود پەرەیسەندووە هەتاکوو ببێتە بەرگێکی پارێزەر، ژمارەی چینەکانی بەرگەکەی لە جۆرێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، بە جۆرێکە کە هەندێکیان بە ناوی ئەو ژمارەوە ناودەنرێن. پەلەکانی ئارمەدیلۆ کورتن بەڵام کلکی درێژە و چنگەکانیشی تیژن کە بۆ هەڵکۆڵین بەکاریدەهێنێت، گوێچکەکانی گەورەن و زیاد لە سەد ددانی هەیە، جەستەی بە پارچە ئێسکێکی پتەو دەورەدراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک، ڕەش، ڕەساسی، سوور، زەرد و پەمەیی، کێشی دەکرێت ٤-٣٠ کیلۆگرامبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٣٦-٧٥ سانتیمەتردایە، کە ئەم جیاوازییانە بە گوێرەی جۆرەکانی دروستدەبێت.  بۆ مانەوە و دروستکردنی هێلانە سوود لە چنگە درێژ و تیژەکانی وەردەگرێت، هەڵکۆڵەرێکی لێهاتووە و جێگەیەکی باش  دروستدەکات هەتاکوو تێیدا پشوو بدات، ئەم گیانەوەرە ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر دەخەوێت، ئەو هێلانە گونجاوەی ئارمەدیلۆ هەڵیدەکۆلێت دەکرێت دواتر ببێتە جێگەی مار، کەروێشک، جرج، فسۆک و چەندین گیانەوەری جیاوازی تر، جگە لە ناو خاکیش دەکرێت لە داری ناو بەتاڵ و جێگەی گژوگیادا هێلانە دروستکات، ئارمەدیلۆ خێرایە  و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت.  

خۆراک

مەمکدارێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتین لە مێروو و بێ بڕبڕەکان، مێروولەکان و مێروولە سپییەکان خواردنی پەسەندییەتی، بەڵام چەندین نێچیری تریشی هەیە وەک، کرمۆکە، قالۆنچە، سیسرک، زەردەواڵە، هێلکە شەیتانۆکە یان دووپشک، سەرچاوەی خۆراکی جیاوازتریشی هەیە وەک میوە، هێلکە، خشۆکی بچووک، وشکاوەکی یان لاک. ئارمەدیلۆکان هاوکاری جووتیارەکان دەکەن بە خواردنی ئەو مێرووانەی کە زیان بە دانەوێڵەکانیان دەگەیەنن، بەڵام هەندێکجار بەبێ مەبەست خۆی دەبێتە سەرچاوەی زیانگەیاندن، چونکە دەوروبەری ئەو پارچە زەوییە کشتوکاڵییانە هەڵدەکۆڵن و دەبنە هۆی بێزارکردنی جووتیارەکان، لە ئەنجامدا دەکرێت جووتیارەکانیش ڕاویانبکەن و بیانکوژن.  

هەڵکۆڵین و بۆنکردن پێکەوە هاوکاری دەکەن هەتاکوو جێگەی خواردن دیاریبکات، هەرچەندە هەستی بینینی لاوازە بەڵام بۆنکردنی بە ڕادەیەک بەهێزە کە ئەو خۆراکانەی لە مەودای بینینی زۆر گیانەوەردا نابینرێت ئارمەدیلۆ دەتوانێت بۆنیبکات، دواتریش بە بەکارهێنانی ئەو مووانەی کە بە جەستەوەیەتی هەست بە ڕێگاکەی دەکات و دەگاتە جێگەی خۆراکەکەی، هاوشێوەی گیانەوەری مێروولە خۆر ئارمەدیلۆش زمانێکی درێژی لینجی هەیە کە دەگاتە خۆراکەکەی لە قوڵایی خاکدا و دەیخوات. بەڵام خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک گورگ و ورچ، تاکە ڕێگەی بەرگریکردن لە خۆی بەرگە ڕەقەکەیەتی ئەگەر ئەوەش سوودی نەبوو ئەوا دەتوانێت، چنگەکانی بەکاربهێنێت یاخود ڕابکات و هەڵبێت، جگە لە ئەو گیانەوەرە ڕاوکەرانە لە سەدەکانی ڕابردووشدا خەڵکی ڕاویاندەکرد بە مەبەستی خواردن.

یەکگرتن و زۆربوون

زۆرینەی کاتەکان ئارمەدیلۆ بە تەنها دەژی و لەگەڵ یەکتریدا کۆمەڵە دروستناکەن، تەنها بۆ دوو مەبەست دەبنە کۆمەڵە یەکەمیان دۆزینەوەی هاوبەشێکە بۆ یەکگرتن، دووەمیشیان لە وەرزی سەرمادا لە نزیک یەکتری دەمێننەوە هەتاکوو جێگەکەیان گەرمبێت، چونکە زیندە چالاکییان کەمە و بەهەمان شێوە پلەی گەرمی جەستەشیان نزمە، واتە هەبوونی وەرزێکی درێژخایەنی سەرما دەکرێت هۆکاربێت بۆ مردنی ئارمەدیلۆ. کاتی یەکگرتن بە گوێرەی جۆر و ناوچەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێکیان بە درێژایی ساڵ توانای یەکگرتنیان هەیە بەڵام هەندێکی تریان کاتی دیاریکراویان هەیە، نێرینە و مێینەکە چەندین تایبەتمەندییان هەیە کە جیاواز و تاکە لە ناو هەموو گیانەوەراندا، بە گوێرەی جۆرەکانیش ژمارەی بێچووەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە مێینەی جۆرێک دەتوانێت بە جارێک نۆ بێچووی ببێت، بەڵام بەگشتی ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکانی دەگاتە چوار دانە.

دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی ٢-٥ مانگ دەخایەنێت، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان لاوازن و پێستێکی تەنکیان هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک پتەو و ئەستوور دەبن، دواتر لە تەمەنی ٢-٤ مانگیدا لە شیر دەبڕدرێنەوە، کاتێک تەمەنیان دەبێتە ساڵێک دەگەنە قۆناغی توخمە پێگەیشتن و جیادەبنەوە و دەتوانن بە تەنیا بژین، سوڕی ژیانی ئارمەدیلۆ لە نێوان ٤-١٢ ساڵدایە.

جۆرە سەرەکییەکان

ئارمەدیلۆ ٢٠ جۆری سەرەکی هەیە کە بە گوێرەی جیاوازی جێگە و شێوەی دەرەوەیان ناونراون، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە باوترین جۆرەکانییەتی:

  • ئارمەدیلۆی گەورەی خەیاڵی
  • ئارمەدیلۆی پەمەیی خەیاڵی
  • ئارمەدیلۆی کلک ڕووتی چکۆن
  • ئارمەدیلۆی کلک ڕووتی گەورە
  • ئارمەدیلۆی کلک ڕووتی باکووری
  • ئارمەدیلۆی کلک ڕووتی باشووری
  • ئارمەدیلۆی تووکن
  • ئارمەدیلۆی تووکنی ئەندی
  • ئارمەدیلۆی تووکنی بچووک
  • ئارمەدیلۆی لووت درێژی گەورە
  • ئارمەدیلۆی لووت درێژی تووکن
  • ئارمەدیلۆی نۆ شریتی
  • ئارمەدیلۆی حەوت شریتی
  • ئارمەدیلۆی شەش شریتی


سەرچاوەکان



243 بینین