شەونوێژ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-09-05-21:48:00 - کۆدی بابەت: 11226
شەونوێژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەونوێژ یان تەهەجوود (بە ئینگلیزی: Night Prayer یان Tahajjud، بە عەرەبی: صلاة التهجد) نوێژێکی خۆویستانەیە و یەکێکە لە نوێژە سوننەتەکان کە پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام ئەنجامی دەدەن، یەکێک نییە لە پێنج نوێژە فەرزەکەی کە لە هەموو موسوڵمانان داوا دەکرێت، لە پاش نوێژی عیشا دەست پێدەکات و بە نوێژی بەیانی کۆتایی دێت، پێغەمبەر محەمەد ﷺ، شەونوێژی ئەنجامداوە و هاوەڵانیشی هانداوە بۆ ئەنجامدانی. 

شەونوێژ چییە؟

شەونوێژ یان تەهەجوود بە یەکێک لە نوێژە خۆویستانەکان دادەنرێت و فەرز نییە وەکوو پێنج نوێژە فەرزەکە کە ئەوانیش، نوێژی بەیانی، نوێژی نیوەڕۆ، نوێژی عەسر، نوێژی مەغریب و نوێژی عیشایە، واتە ئەنجامنەدانی سزای لەسەر نییە، لە ڕێگەی ئەم نوێژەوە زیاتر لە خودا نزیکدەبیتەوە، لە ڕۆژی کۆتاییدا ئەم نوێژانە کەم و کورتی نوێژە فەرزەکان پڕ دەکەنەوە. 

شەونوێژ بە زۆری لە دوای نوێژی عیشا دەست پێدەکات کە نوێژێکی فەرزی شەوانە تا نوێژی بەیانی، تەهەجوود واتە وازهێنان لە خەوتن، هەربۆیە ئەم نوێژە گونجاوترە لە سێیەکی کۆتایی شەودا ئەنجام بدرێت. 

گرنگی شەونوێژ

هەرچەندە شەونوێژ فەرز نییە بەڵام گرنگییەکی بێهاوتا و چەندین نیعمەتی پەیوەست بە شەونوێژ هەیە، هەروەها بە بەشێک کە سوننەتی پێغەمبەر محەمەد ﷺ دادەنرێت.

چەندەها بەڵگەش بۆ بەرز و پیرۆزی شەونوێژ هەیە کە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە و خوای گەورە دەفەرمووێت: {وَمِنَ اللَّيْلِ فَتَهَجَّدْ بِهِ نَافِلَةً لَّكَ عَسَىٰ أَن يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامًا مَّحْمُودًا} (سوڕەتی ١٧، ئایەتی ٧٩)، کە بە واتای ئەوە دێت “ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ لە هەندێک کاتی شەودا لەخەو هەستە بۆ ئەوەی شەونوێژەکەت ببێتە زیادەیەک بۆت لە بەرزی ڕێز و پلە بەرزیت، بەڵکوو خوای پەروەردگار زیندووت بکاتەوە وەک شەفاعەت کارێک بۆ خەڵک لە ڕۆژی دواییدا، بەوەش بەزەیی پێیاندا بێتەوە لەوەی کە تێیدان، لە جێگە و مەقامێک بیت یەکەمین و دوایینەکانیش سوپاسگوزار و شوکرانە بژێرت بن.” (تەفسیری المیسر).

هەروەها بوخارییش گێڕاویەتییەوە و دەڵێت “خوای گەورە هەموو شەوێک دێتە خوارەوە بۆ نزمترین ئاسمان لە کاتی سێیەکی کۆتایی شەودا، دەفەرموێت کێ بانگم دەکات تا وەڵامی بدەمەوە؟ کێ داوام لێدەکات تا پێی ببەخشم؟ کێ داوای لێخۆشبوون دەکات تا لێی خۆش بم؟”

هاوکات ئەلبانی گێڕاویەتییەوە و دەڵێت “پەیوەست بن بە شەونوێژەوە، چونکە نەریتی چاکەکارانی پێش ئێوەیە و نزیک بونەوەیە لە خوا، ڕێگریکارە لە تاوانکردن، سڕەرەوەیە بۆ تاوان و نەخۆشی لە جەستە دووردەخاتەوە.”

چۆنیەتی ئەنجامدانی شەونوێژ

چەند ڕێنماییەکی گرنگ کە لەلایەن پێغەمبەر ﷺ دانراون بۆ ئەنجامدانی ئەم نوێژە: 

کەی شەونوێژ ئەنجام بدرێت؟

شەونوێژ لە سێیەکی کۆتایی شەو و پێش دەستپێکردنی نوێژی بەیانی ئەنجام دەدرێت. کاتی ئەنجامدانی ئەو نوێژە کاتێکە کە فریشتەکان لە ئاسمانەوە بە فەرمانی خوا دادەبەزن بۆ ئەوەی نزا بۆ بەندەکانی خوا بکەن. 

لە شەونوێژدا چەند ڕکات دەکرێت؟

مرۆڤ دەتوانێت بەپێی ئارەزووی خۆی نوێژ بکات، شەونوێژ لە دوو ڕکاتەوە دەست پێدەکات، وەک لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ هاتووە، زۆرجار نزیکەی ١٣ ڕکاتی ئەنجامداوە، لێرەشدا گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت ڕکات بە جووت ئەنجام بدرێت، هەروەها بە ڕکاتێکی ویتر کۆتایی پێ بهێنرێت پێش ئەوەی بانگی نوێژی بەیانی بدرێت. بەڵام لە شەوێکدا دوو نوێژی ویتر ناکرێت بۆیە ئەگەر پێشتر نوێژی ویتر ئەنجام درابوو نابێت ویتر ئەنجام بدرێتەوە. 

چۆن ئامادەکاری بکرێت؟ 

لە سێیەکی شەودا لەخەو هەستە، دەستنوێژ بگرە، شوێنێکی ئارام هەڵبژێرە بۆ ئەنجامدانی نوێژەکەت، لە کاتی نوێژ بەتەواوی خۆت بۆ خوا تەرخان بکە، نیگەرانییەکانت وەلا بنێ و تەنها دڵ و دەروونت بە خوا ببەخشە، فێربە بە ڕوونی و دروستی بخوێنیتەوە. 

چۆن شەونوێژ بکرێت؟ 

پێش نووستن دەستنوێژ بگرە و نیەتی ئەوە بهێنە کە ویستی ئەوەت هەیە بۆ شەونوێژ بەئاگابێیتەوە و شەونوێژ بکەیت، لەم کاتەدا پاداشتی نووستنەکەشت وەردەگریت. 

لە کاتی دەستپێکردنی نوێژ نیەتی شەونوێژ بهێنە، هەروەها مەبەست لە ئەنجامدانی نوێژەکەت پشتڕاست بکەرەوە کە ئایا نوێژەکەت بۆ بەدەستهێنانی بەخشندەیی خوایە، بۆ سوپاسگوزاری بێ ئەندازەی خوایە یان شکۆمەندی دەسەڵاتی خوایە و هەر هۆکارێکی تر.

بۆ دەستپێکردن سەرەتا دوو ڕکات نوێژ وەک هەر نوێژێکی تر ئەنجام دەدرێت، لە کاتی قورئان خوێندنی ناو نوێژەکەت با دەنگت زۆر بەرز نەبێت و زۆریش نزم نەبێت، واتە مامناوەند بێت و بتوانیت گوێت لە خۆت بێت،  پاش ڕکاتەکان دەتوانن تەواوی نزاکانتان بەو پەڕی باوەڕەوە بکەن، دان بە تاوان و سەرپێچییەکانتان بنێن و داوای بەزەیی خوا بکەن. بەڵێن بدەن هەڵەکانتان دووبارە مەکەنەوە و هەوڵ بدەن ببنە موسوڵمانێکی باشتر. 

وردبوونەوە لە شەونوێژ

موسوڵمان پێویستە کات بۆ خوێندنەوەی پەرتووکە ئیسلامییەکان و وەرگرتنی زانیاری تەرخان بکات، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی باشتری بۆ شەونوێژ هەبێت، هەروەها پێویستە شوێنپێی پێغەمبەر ﷺ بکەوێت بۆ وردبوونەوە لە چۆنیەتی ئەنجامدانی شەونوێژ. وەکوو خاتوو عائیشە گێڕاویەتیەوە “پێغەمبەری خوا ﷺ ١١ ڕکاتی دەکرد و ئەوە نوێژی ئەو بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ لە سوجدەدا بوو تا ڕادەیەک مرۆڤ بتوانێت ٥٠ ئایەتی قورئان بخوێنێت پێش ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە، پێش نوێژی بەیانی دوو ڕکاتی سونەتی دەکرد و پاشان لەسەر لای ڕاست پاڵدەکەوت تا بانگخواز لە نوێژ ئاگاداری دەکردەوە.” (بوخاری)

هەر وەک شەونوێژ ئارەزوومەندانەیە و سوننەتە، بەڵام نوێژێکی گرنگە بەو پێیەی مرۆڤ لە خوا نزیک دەکاتەوە. ڕێگەیەکی ناوازەیە تا بتوانیت داوای لێخۆشبوون لە خوا بکەیت. 

سوودەکانی شەونوێژ

شەونوێژ بە چەندین سوود و پاداشتەوە پەیوەستە، بەشێکیان بریتین لە:

  • یەکێکە لە باشترین ڕێگاکانی نزیکبوونەوە لە خوای گەورە. هەروەها دەرگای گەڕانەوە بۆلای خوا و پەشیمانبوونەوە لە سەرپێچییەکان بە فراوانی کراوەیە. 
  • لە قورئاندا ئاماژەی پێدراوە ئەوانەی شەونوێژ ئەنجام دەدەن سوودی گەورە دەچننەوە. 
  • شەونوێژ هێزی ناوەوە و ئارامی دەروونی دەبەخشێت. هەروەها توانای ئەوەی هەیە کە لە خراپە و سەرپێچی دوورت بخاتەوە.
  • ناسراوە بەوەی باشترینی ناو نوێژە سوننەتەکانە، یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی یارمەتیدەری کێشەکانی ڕۆژانەیە. مرۆڤ لە کاتی ئەم نوێژە و بەردەوامبوونی پشت بە خوا دەبەستێت و واز لە خەمی دونیا دەهێنێت، کاتێکیش باوەڕدار بەتەواوی پشت بە خوا دەبەستێت خوا یارمەتیدەری دەبێت.
  • هەروەها شەونوێژ ئارامی لە بەرانبەر کێشەکاندا دەبەخشێت، هێنانە ناوەوەی شەونوێژ بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانەت بەوە ناسراوە ئارامی بۆ دڵی تەنگ دەهێنێت. 
  • پاکبوونەوەی دڵ لە ڕق و کینە لە موسوڵمانان.


سەرچاوەکان



1270 بینین