دەیڤد فینچەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-09-06-17:41:00 - کۆدی بابەت: 11232
دەیڤد فینچەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەیڤد فینچەر (بە عەرەبی: دیفید فینشر، بە ئینگلیزی: David fincher) ناوی تەواوی دەیڤد ئاندروو لیۆ فینچەرە. لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئابی ساڵی ١٩٦٢ لە دێنڤەر، کۆلۆرادۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە. دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری فیلمە و زۆربەی فیلمەکانی لە ژانەری هەستبزوێنی سایکۆلۆژین.

زانیاری گشتی

ناو

دەیڤد ئاندروو لیۆ فینچەر

ڕێکەوتی لەدایکبوون

٢٨ی ئابی ١٩٦٢

پیشە

فیلمساز

ماوەی کارکردن

١٩٨٠- بەردەوامە

هاوسەر

دۆنیا فیۆرەنتینۆ (١٩٩٠- ١٩٩٥)

سییەن شافن (١٩٩٦)

منداڵ

یەک

ژیاننامە

دەیڤد ئاندروو لیۆ فینچەر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئابی ساڵی١٩٦٢، لە شاری دێنڤەر لەدایکبووە. دایکی ناوی کڵێر مەی بوو، پەرستاری نەخۆشخانەی دەروونی بوو لە ویلایەتی داکۆتای باشوور لە پڕۆگرامی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان کاری دەکرد. باوکیشی ناوی هاوۆرد کێڵی جاک فینچەر بوو (١٩٣٠-٢٠٠٣)، نووسەرێک بوو خەڵکی ئۆکلاهۆما بوو. وەکوو  نووسەر و سەرۆکی نووسینگە کاری بۆ گۆڤاری ڵایف کردووە. ئەو کاتەی فینچەر تەمەنی دوو ساڵان بوو خێزانەکەی ماڵیان گواستەوە بۆ کالیفۆڕنیا، لەوێ بوو بە هاوسێی دەرهێنەر جۆرج لوکس. بەرهەمهێنان و دەرهێنانی فیلمەکان سەریان سوڕماند و لە تەمەنی هەشت ساڵاندا دەستی بە بەرهەمهێنانی فیلم کرد لەسەر کامێرای هەشت میللیمەتری.

لە تەمەنی هەرزەکاریدا فینچەر ڕووی لە ویلایەتی ئۆریگۆن کرد و چووە قوتابخانەی ئامادەییی ئاشلاند. لەوێ کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری دەکرد و لە دوای تەواوبوونی قوتابخانە ڕووناکی و سێتەکانی شانۆکەی چاک دەکرد. بە کارکردنی وەکوو گارسۆن، قاپشۆر و چێشت لێنان بژێوی ژیانی بۆ خۆی دابین کردووە.

لە سەرەتای دەستپێکی کارکردنی لە پیشەسازی فیلمدا، فینچەر لە ستۆدیۆی دەرهێنەر جۆن کۆرتی وەکوو سەرۆکی بەرهەمهێنان کاری کردووە. لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتردا، بووە بە بەرهەمهێنەری ڤیژوەڵ ئیفێکت و لەگەڵ جۆرج لوکسدا کاری لەسەر فیلمی ئەنیمەیشنی Twice upon a time 1983 کردووە. پاشان وەکوو یاریدەدەری کامێرەمان و وێنەگر لە کۆمپانیای Industrial light & magic دەست بە کار بووە، لەوێ کاری لەسەر هەردوو فیلمی Return of jedi 1983  و Indiana jones and the temple doom 1984 کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤دا ئەو کۆمپانیایەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی کاری دەرهێنان بۆ ڕیکلامێکی تەلەڤیزیۆنی بۆ کۆمەڵگەی شێرپەنجەی ئەمریکی بکات. بەم کارەی سەرنجی بەرهەمهێنەرانی لۆس ئانجڵسی بە لای خۆیدا ڕاکێشا و دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسێنرا کاری دەرهێنان بۆ فیلمێکی بەڵگەنامەیی بکات سەبارەت بە ژیانی هونەرمەند ڕیک سپرینگفیڵد.

لەگەڵ دەستپێکردنی بە کاری دەرهێنەری، بوو بە هاودامەزرێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی Propaganda films و دەستی بە کاری دەرهێنان کرد بۆ ڕیکلام و ڤیدیۆی گۆرانی. فینچەر کاری دەرهێنانی ڕیکلامی بۆ چەندین کۆمپانیا کردووە، وەکوو لیڤایز، کۆنڤێرز، نایک، پێپسی، سۆنی، کۆکا-کۆلا و شانێڵ. کاری دەرهێنانی ڤیدیۆی گۆرانیشی بۆ چەندین هونەرمەند کردووە لە نێویاندا، ڕیک سپرینگفیڵد، مارسا دەیڤس، باندی ڕۆکی زە ئاوتفیڵد، جۆرج مایکڵ، مایکڵ جاکسن، بیلی ئایدڵ و مادۆنا. بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی گۆرانییەکان بە لای خۆیەوە وەکوو قوتابخانەی فیلم وابووە بۆی. کە تێیدا فێربووە بە کارامەیی، بودجەی کەم و کاتی کەم کارێکی باش پێشکەش بکات.

لە ساڵی ١٩٩٠، کۆمپانیای 20th century fox فینچەریان کرد بە جێگرەوەی ڤنسنت وارد وەکوو دەرهێنەری فیلمی ترسناکی زانستی- خەیاڵی Alien 3 1992. ئەم کارەی بووە هۆی دەرکەوتن و ناساندنی وەکوو دەرهێنەر. ئەم فیلمە سێیەم بەشی زنجیرە فیلمەکانی Alien  بوو. کاتێک فیلمەکە لە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٩٢دا بڵاوبووەوە، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە فیلمێکی لاواز وەسپ کرا. لە سەرەتای بەرهەمهێنانی فیلمەکەوە ستۆدیۆکە دەستێوەردانی دەکرد و چەندین سکریپتی پشتگوێخراو نووسرابوو بۆ فیلمەکە. فیلمەکە بووە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت. چەندین ساڵ دواتر فینچەر ئاشکرای کرد کە فیلمەکە زۆر نائومێدکەرانە بووە بۆی و حاشای لە کارەکەی کرد. فینچەر لۆمەی بەرهەمهێنەرەکانی کرد بەوەی کە متمانەیان پێی نەبووە و لە چاوپێکەوتنێکیشدا ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ کەس هێندەی ئەو ڕقی لەو فیلمە نییە.

لە دوای ئەو شکستە ڕەخنەیییە، فینچەر سکرین پلەی ڕەسەنی فیلمی Seven 1995ی دەستکەوت و خوێندییەوە، بڕیاریدا کاری دەرهێنانی لەسەر بکات. بە بەشداری هەریەکە لە نواندنکاران براد پیت، مۆرگن فریمن، گوینیث پاڵتڕۆو و کێڤن سپەیسی. فیلمی Seven لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی باش و ئەرێنی لێ کرا و بووە پڕ داهاتترین فیلمی ساڵی ١٩٩٥. پتر لە ٣٢٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا کۆکردەوە. لە دوای ئەوەش سەرکەوتنەکانی لە پیشەسازی فیلمدا بەردەوام بوو و بە کارەکانی وەکوو The game 1997، Fight club 1999، Panic room 2002 و Zodiac 2007 ناوبانگی پیشەیی بۆ خۆی بەدەستهێنا. فینچەر بووە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەکوو باشترین دەرهێنەر بۆ فیلمەکانی The curious case of benjamin button 2008، The social network 2010 و Mank 2020. هەروەها کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی The girl with the dragon tattoo 2011 و Gone girl 2014ش کردووە.

لە بواری تەلەڤیزیۆنیشدا، وەکوو بەرهەمهێنەری جێبەجێکار و دەرهێنەر کاری بۆ زنجیرەی House of cards 2013-2018 و Mindhunter 2017-2019 کردووە، بووەتە براوەی خەڵاتی پرایم تایمی ئێمی بۆ باشترین دەرهێنانی زنجیرەیەکی درامی بۆ ئەڵقەی یەکەمی House of cards. هەروەها جێبەجێکەری بەرهەمهێنەر و هاوداهێنەری  زنجیرەی ئەنیمەیشنی Love, death & robots 2019- بووە.

ژیانی تایبەت

فینچەر لە ساڵی ١٩٩٠ هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە نمایشكار دیۆنا فیۆرەنتینۆ کرد، پێکەوە لە ساڵی ١٩٩٤ بوونە خاوەنی منداڵێکی کچ. ساڵی ١٩٩٥ جیابوونەوە. ساڵێک دواتر فینچەر هاوسەرگیری لەگەڵ سییەن شافنی بەرهەمهێنەردا کرد.

کارەکانی

وەکوو دەرهێنەر:

ساڵ

ناوی بەرهەم

 

فیلمسازی

١٩٩٢

Alien 3

١٩٩٥

Seven

١٩٩٧

The game

١٩٩٩

Fight club

٢٠٠٢

Panic room

٢٠٠٧

Zodiac

٢٠٠٨

The curious case of benjamin button

٢٠١٠

The social network

٢٠١١

The girl with the dragon tattoo

٢٠١٤

Gone girl

٢٠٢٠

Mank

٢٠٢٣

The killer

 

زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی

٢٠١٣-٢٠١٨

House of cards

٢٠١٧-٢٠١٩

Mindhunter

٢٠١٩- بەردەوامە

Love, death & robots

٢٠٢١

Voir

 

ڤیدیۆی گۆرانی

١٩٨٧

Englishman in new york, Sting

١٩٨٩

The end of innocence, Don henley

١٩٨٩

Janie’s got a gun, Aerosmith

١٩٨٩

Express yourself, Madonna

١٩٨٩

Oh father, Madonna

١٩٩٠

Freedom ’90, George michael

١٩٩٠

Vogue, Madonna

١٩٩٢

Who is it?, Michael jackson

١٩٩٣

Bad girl, Madonna

١٩٩٤

Love is strong, The rolling stones

٢٠٠٠

Judith, A perfect circle

٢٠١٣

Suit & tie, Justin timberlake feat. Jay-z

خەڵات

فینچەر لە ماوەی ژیانی پیشەییدا سێ جار پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بووە وەکوو باشترین دەرهێنەر بۆ هەر یەکە لە فیلمەکانی Mank 2021، The social network 2011 و The curious case of benjamin button 2009.  لەگەڵ ئەمەشدا براوەی ٧٢ خەڵاتی تر و پاڵێوراوی ١٥٠ خەڵاتی ترە.


سەرچاوەکان



313 بینین