سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ پێست

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-06-22:01:00 - کۆدی بابەت: 11235
سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ پێست

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ پێست (بە ئینگلیزی: The benefits of omega 3 for the skin، بە عەرەبی: فوائد أوميغا 3 للبشرة) چاودێریکردنی تەندروستی پێست بە درێژایی ساڵ باشترین ڕێگایە بۆ پشتگیریکردنی پێستی جەستە بۆ ماوەیەکی درێژ. بەڵام هاوکات خۆراکیش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. بەتایبەتی سوودەکانی خواردنی ئۆمێگا سێ بۆ پێست ناتوانرێت پشتگوێ خرێت.

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە  وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە (ئەو بەکتریایانەی بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێڕەوی هەرس دەژین) دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن لە دیاریکردنی شێوازی پێست و تەندروستی و هەڵسوکەوتی پێست. واتا پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش لە نێوان ڕیخۆڵە و پێست هەیە. بۆ نموونە، ئۆمیگا سێ (ترشە چەورییەکان کە لە ڕۆنی ماسی و خواردنە دەریاییەکانی دیکەدا دەدۆزرێنەوە) دەتوانن یارمەتی پاراستنی تەندروستی ڕیخۆڵە بدەن و هەروەها ڕوخسارێکی ئارام و درەوشاوەیی بە پێست بدەن. ئەگەر بە پێی پێویست ئۆمیگا سێ لە ژەمە خۆراکییەکاندا وەرنەگیرێت، ئەوە گرنگە کە تێبگەیت کە لەوانەیە چی لەدەست بدەیت و چۆن ئەمانە کاردەکەنە سەر تەندروستی پێستت، بەم هۆیەش هەوڵبدەیت ڕێگری لەوە بکەیت و بڕی پێویستی ئۆمێگا سێ لە ژەمە خۆراکییەکانتدا دابین بکەیت و وەریانبگریت.

شەش پرسیاری باو دەربارەی سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ پێست و وڵامەکانیان

ترشی چەوری ئۆمیگا سێ چییە و چی بۆ پێست دەکات؟

ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ ئەو ماددە خۆراکییەن کە لە هەندێک خۆراکدا دەدۆزرێنەوە و دەتوانن سوودێکی گرنگ بە تەواوی جەستە و پێست بگەیەنن. ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی ڕۆنی پێست، دابینکردنی شێدارییەکی هاوسەنگی پێست، کەمکردنەوەی برین و تێکشکانی خانەکانی پێست و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون. هەروەها ئۆمیگا سێ دەتوانێت یارمەتی نەرمکردنەوەی پێستی ڕەق و وشک بدات و کاریگەری ئارامکردنەوەی هەبێت لەسەر هەستیاری و هەوکردنی پێست.

 هەر ئەوەنەش نا بەڵکو سوودی زیاتر لە وەرگرتنی ترشە چەوری ئۆمێگا سێ هەیە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بەکارهێنانی ڕۆنی ماسی کە ئۆمێگا سێی تێدایە بە شێوەیەکی بەردەوام وادەکات بەرگری پێست زیاد بکات بەرامبەر تیشکە سەروو وەنەوشەییە زیانبەخشەکان و ڕێگری لە شێرپەنجەی پێست بکات.

ئەو خواردنانە چین کە ئۆمیگا سێیان تێدایە؟

بەناوبانگترین خۆراک کە پێویستە و ناسراوە بەوەی دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا سێ ڕۆنی ماسییە. هەروەها خۆراکە دەریاییەکان بە گشتی بەوە دادەنرێن کە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا سێ. بێگومان سەرچاوەی ڕووەکیش هەیە کە ئۆمێگا سێی تێدایە لەوانە تۆوی کەتان و پاقلەی سۆیا کە ئەمانەش وەکو سەرچاوەی ڕووەکی بۆ ئۆمێگا سێ ئەژماردەکرێن.
جیاوازی سەرچاوە ڕووەکییەکان بۆ ئۆمێگا سێ بەراورد بە خۆراکە دەریاییەکان ئەوەیە کە دوای خواردنی خواردنە دەریاییەکان ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی ئۆمێگا سێ وەردەگیرێت، بەڵام لە ڕووەکدا ئەمە جیاوازترە و پێویستی بە چەند گۆڕانکارییەک هەیە کە دوای خواردنیان لە جەستەدا ڕووبدات و پاشان ئۆمێگا سێیان لێوە دەستبخرێت.

ئۆمێگا سێ چۆن کارلێک لەگەڵ پێست دەکات؟

بەدەستهێنانی ئۆمیگا سێ لە ڕێگەی تەواوکەری ڕۆنی ماسی یان خۆراکەکانی ترەوە دەتوانێت پێکهاتەی ترشی چەوری پێست باشتر بکات و هاوسەنگی بکات لە وەڵامدانەوەی هەوکردن. بە واتایەکی تر، پێست نەرمتر دەبێت و کەمتر تووشی هەوکردن دەبێت. هەروەها هێشتنەوەی ئاستی ترشی چەوری لە جەستەدا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی کاریگەری تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر و باشترکردنی بارودۆخی ئەو پێستانەی هەستیارییان هەیە.

باشترین سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ پێست چییە؟

هیچ ڕاسپاردەیەکی دیاریکراو نییە لە سەر ئەوەی ڕۆژانە  پێویستە بڕی چەند لە ئۆمیگا سێ وەربگیرێت. بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گەورەکان ڕۆژانە ٥٠٠ میلیگرام وەربگرن، یان هاوتای دوو جار خواردنی ماسییە (ماسی تەواو نەک پارچەیەکی بچووکی ماسی) لە هەفتەیەکدا. ئەمە بۆ باشترکردنی تەندروستی گشتی گرنگە نەک تەنها بۆ پاراستنی پێست و نەرمکردنی زیاتر و درەوشانەوەی پێست.

ئەو ئەفسانەیە چییە کە لە دەوری ترشی چەوری ئۆمیگا سێدا هەیە؟

سوودەکانی ئۆمیگا سێ بابەتێکی گرنگن، هەروەها زۆر بابەت هەن دەربارەی ماسییەکان کە چۆن سوودێکی زۆر باشییان هەیە لە دابینکردنی ئۆمێگا سێدا. بەڵام یەکێک لە هەڵە تێگەشتنە باوەکان کە هەیە دەربارەی ئەم بابەتە ئەویش ئەوەیە کە هەر ماسییەک بە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئۆمێگا سێ دانراوە. کە لە ڕاستیدا بەم جۆرە نییە، بەڵکو ماسییەکان جیاوازن و ئەمەش وایکردووە بڕی جیاوازی ئۆمێگا سێ ببەخشن، هەروەها هەنێک ماسی ڕێژەیەکی زۆر جیوەیان تێدایە کە دەکرێت خواردنی ئەم جۆرە ماسییانە ئەسڵەن زیانبەخشبێت. ماسییە جیاوازەکان بەهۆی جیاوازی بایەلۆجی و جیاوازی ئەو ژینگە و بارودۆخەی تێیدا گەورەبوون پێکهاتەی خۆراکی جیاواز دەبەخشن.

سەلامەتی ماسییەکان هۆکارێکی گرنگە لە دیاریکردنی ئەوەی ماسییەکان بتوانن ماددەی خۆراکی گرنگ ببەخشن و زیانیشیان نەبێت. زۆرجار خواردنی ماسییە بچووکەکان باشترە چونکە ماسییە بچووکەکان بە گشتی بڕێکی کەمتر لە جیوەیان تێدایە و بەمەش سوودیان زیاتر دەبێت.

کاتێک باشترین ڕێگات هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی ئۆمیگا سێ، لەبیرت بێت کە ڕۆژانە تەنها پێویستت بە ٥٠٠ میلیگرامە. پێویست ناکات پارە بەفیڕۆ بدەیت لەسەر کەپسولی چڕکراوەی زۆر کە دەتوانێت زەرەری ماددیت لێ بدات. 

هەروەها پێویستە ئەوە بزانیت سەرچاوە ڕووەکییەکانی ئۆمێگا سێ هەمان خزمەتی زەیتی ماسی ناکەن بۆ ئۆمێگا سێ. گرنگە ئەوە زانراوبێت کە ئۆمێگا سێ پێویستی بە چەند پێکهاتەیەک هەیە تا چالاک بێت. لەگەڵ ئەوەی ئۆمێگا سێی ڕووەکی ترشێکی تێدایە کە یارمەتی گەنجبوونەوەی پێست دەدات بەڵام پێکهاتەکانی تری کەمە بۆ سوود وەرگرتنی تەواو لە ماددە خۆراکییە گرنگەکەی ئۆمێگا سێ. بەڵام ڕۆنی ماسی هەردوو ترش و پێکهاتە چالاکەکانی تێدایە.

پێویستە چیت لەبیربێت کاتێک ئۆمیگا سێ وەردەگریت؟

هەموو ئۆمێگایەک هەمان سوودی نییە. بۆ نموونە، ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا شەش کە لەوانەیە بە خوشک و برا بەهێزترەکانی ئۆمیگا سێ دابنرێن، بەڵام لە کرداردا ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا شەش لەگەڵ ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ بەیەکەوە پێشبڕکێ دەکەن بۆ هەمان ئەنزیم کە ترشە چەورییەکان لە لەشدا چالاک دەکەن. کاتێک ئاستی ئۆمیگا شەش بەرزە، لە ڕاستیدا دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن و کەمکردنەوەی کاریگەری ئۆمیگا سێ. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ڕێی خۆراکەوە بڕێکی زۆر ئۆمیگا شەش لەپاڵ ئۆمێگا سێدا وەربگیرێت.


سەرچاوەکان



654 بینین