خانەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-07-00:07:00 - کۆدی بابەت: 11238
خانەکان

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

خانەکان (بە ئینگلیزی: Cells، بە عەرەبی: الخلايا) یەکەی بنچینەیی ژیانن. قەبارەیان لە ٠،٠٠٠١ ملم بۆ نزیکەی  ١٥٠ ملم دەبێت. بۆیە، ئەگەر زیندەوەرێک بۆ ئاستی خانەیی جیاببێتەوە، بچووکترین پێکهاتەی سەربەخۆ کە ئێمە دەیبینین خانەکە دەبێت.

خانە چییە؟

خانە بە بچووکترین یەکەی بنەڕەتی ژیان پێناسە دەکرێت کە بەرپرسیارە لە هەموو پرۆسەکانی ژیان. خانەکان یەکەی پێکهاتەیی و کرداری و بایۆلۆجی هەموو بوونەوەرە زیندووەکانن. خانەیەک دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆیە بە بەردی بناغەی ژیان ناسراون.
هەر خانەیەک شلەیەکی تێدایە کە پێی دەوترێت سایتۆپلازم هەروەها بە پەردەیەک دەورەدراوە کە پیی دەوترێت پەردەی خانە. هەروەها لە سایتۆپلازمدا چەندین ماددەی زیندەیی هەن وەک پڕۆتین، ناوکە ترش و چەوری. لەگەڵ ئەوەشدا، پێکهاتە خانەییەکان پێیان دەوترێت ئەندامۆچکەی خانە و لە سایتۆپلازمدا هەڵواسراون.

خانەکان یەکەی پێکهاتەیی و بنچینەیی ژیانن. لێکۆڵینەوە لە خانەکان لە پێکهاتە بنەڕەتییەکەیەوە بۆ ئەرکەکانی هەر ئەندامۆچکەیەکی خانە پێی دەوترێت زیندەزانی خانە. ڕۆبەرت هوک یەکەم زیندەزان بوو کە خانەی دۆزیەوە. هەموو زیندەوەرەکان لە خانەکان پێکدێن، لەوانەیە لە یەک خانە (یەک خانە) یان لە چەندین خانە (فرەخانەیی) پێکبێن. مایکۆپلاسما بچووکترین خانەی زانراوە. خانەکان بەردی بناغەی هەموو بوونەوەرە زیندووەکانن، چونکە پێکهاتەیەک بۆ جەستە دابین دەکەن و ئەو خۆراکە ماددانەی کە لە خۆراکەکەوە وەردەگیرێن دەگۆڕن بۆ وزە.

خانەکان ئاڵۆزن لە پێکهاتەکانیان و ئەرکی جۆراوجۆر لە زیندەوەردا ئەنجام دەدەن. خانەکان شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە، وەک خشتی بیناکان کە بەجیاوازییانەوە باڵەخانەکانیان دروستکردووە. جەستەی ئێمەش لە خانەی قەبارە و شێوە جیاواز پێکهاتووە. خانەکان نزمترین ئاستی ڕێکخستنن لە هەموو جۆرەکانی ژیاندا. لە زیندەوەرێکەوە بۆ زیندەوەرێک، ژمارەی خانەکان لەوانەیە بگۆڕێت. ژمارەی خانەکانی مرۆڤ بە بەراورد لەگەڵ بەکتریاکان زۆر زیاترە.

خانەکان لە چەند ئەندامۆچکەیەک پێکدێن کە ئەرکی تایبەت ئەنجام دەدەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ژیان. هەر ئەندامۆچکەیەکیش پێکهاتەیەکی تایبەتی هەیە. هەروەها ماددەی بۆماوەیی زیندەوەرەکان لە خانەکاندا هەیە.

دۆزینەوەی خانەکان

دۆزینەوەی خانەکان یەکێکە لە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی بواری زانست. یارمەتیمان دەدات بزانین کە هەموو زیندەوەرەکان لە خانەکان پێکهاتوون و ئەم خانانە یارمەتیدەرن لە ئەنجامدانی پرۆسەی جۆراوجۆری ژیان. پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەکان یارمەتیدەر بوون بۆ تێگەیشتن لە ژیان بە شێوەیەکی باشتر.

کێ خانەی دۆزییەوە؟
ڕۆبەرت هوکی زانا لە ساڵی ١٦٦٥ خانەی دۆزییەوە. ڕۆبەرت هوک تێبینی پارچەیەک لە تەپەدۆری کرد لە ژێر مایکرۆسکۆپێکی ئاوێتە و تێبینی پێکهاتە بچووکەکانی کرد کە ژوورە بچووکەکانی  بیر ئەو خستەوە لەبەر ئەوە، ئەو ژوورەی ناونا "ژوورەکان" وەک خانە. لەگەڵ ئەوەشدا، مایکرۆسکۆپی ئاوێتەکەی توانای گەورەکردنێکی سنوورداری هەبوو، بۆیە نەیتوانی هیچ وردەکارییەک لە پێکهاتەکەدا ببینێت. بەهۆی ئەم سنووردارییەوە، هۆک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمانە بوونەوەری نازیندوون.

دواتر ئەنتۆن ڤان لیوێنھۆک خانەکانی لەژێر مایکرۆسکۆپێکی ئاوێتەی دیکەدا تێبینی کرد کە توانای گەورەکردنی مایکرۆسکۆپەکە زیاتربوو. ئەمجارە، تێبینی ئەوەی کرد کە خانەکان جۆرێک لە جووڵەیان پیشان داوە. لە ئەنجامدا لیوێنھۆک گەیشتە ئەوەی کە ئەم قەوارە مایکرۆسکۆپییانە "زیندوون". لە کۆتاییدا، دوای چەندین تێبینی دیکە، ئەم قەوارەیانە بە زیندەوەری بە چاو نەبینراو ناونراون.

لە ساڵی ١٨٨٣، ڕۆبەرت براون، ڕووەکزانێکی سکۆتلەندی، یەکەم تێڕوانینی دەربارەی پێکهاتەی خانە پێشکەش کرد. ئەو دەیتوانی وەسفی ئەو ناوکە بکات کە لە خانەکانی ئەرخەوان هەیە.

تایبەتمەندییەکانی خانە

ئەمانەی خوارەوە چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی خانەکانن:

  • خانەکان پێکهاتە و پشتگیری لەش دەکەن.
  • ناوەوەی خانەکە ڕێکخراون بە یارمەتی ئەندامۆچکە جیاوازەکان و تەواوی خانەکەش بە پەردە دەورەدراوە.
  • ناوک (ئەندامە سەرەکییەکە) زانیاری بۆماوەیی پێویست بۆ زاوزێکردن و گەشەی خانە هەڵدەگرێت.
  • هەر خانەیەک یەک ناوکی بە پەردە دەورەدراو و ئەندامۆچکەی بە پەردە دەورەدراوی هەیە لە سیتۆپلازمەکەیدا.
  •  مایتۆکۆندریا ئەندامۆچکەیەکی بە دوو پەردە دەورە دراوە و بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسیارە لە مامەڵەکردنی وزە کە گرنگە بۆ مانەوەی خانە.
  • لایسۆسۆمەکان هەرسی ماددە نەخوازراوەکان لە خانەدا دەکەن.
  • ناوە پلازمە تۆڕ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ڕێکخستنی ناوەکی خانەکە بە دروستکردنی گەردە هەڵبژێردراوەکان و پرۆسەکردن و ئاڕاستەکردن و پۆلێنکردنیان بۆ شوێنی گونجاویان.

جۆرەکانی خانە

خانەکان هاوشێوەی ئەو کارگانەن کە کرێکار و بەشە جیاوازەکانیان هەیە و بەیەکەوە کار بۆ ئامانجێکی هاوبەش دەکەن. واتا خانە جیاوازەکان چەند کارێکی جیاواز ئەنجام دەدەن. لەسەر بنەمای پێکهاتەی خانەیی، دوو جۆر خانە هەیە:

خانە ناوک سەرەتاییەکان

خانە ناوک سەرەتاییەکان ناوکی ڕاستەقیەیان نییە. لەبری ئەوە، هەندێک لە خانە ناوک سەرەتاییەکانی وەک بەکتریا ناوچەیەکیان هەیە لەناو خانەکەدا کە ماددە بۆماوەییەکە بە ئازادی ڕاگیراوە. ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت ناوک. بەکتریاکان میکرۆبی تاک خانەییین. نموونەکان بریتین لە بەکتریای کۆن، بەکتریا ناوک سەرەتاییەکان و سیانۆبەکتریا. قەبارەی خانەکە لە ٠.١ بۆ ٠.٥ مایکرۆمەتر تیرەیە. هەروەها ماددەی بۆماوەیی لەوانەیە DNA یان RNA بێت. ناوک سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی دوو کەرتبوونەوە زاوزێ دەکەن، کە جۆرێکە لە زاوزێی ناجووتبوون. 

خانە ناوک ڕاستەقینەکان

خانە ناوک ڕاستەقینەکان  ناوکی ڕاستەقینەیان هەیە و بۆیەش وا ناونراون. قەبارەی خانەکان لە نێوان١٠ - ١٠٠ مایکڕۆمەتر لە تیرەیە. ئەم پۆلە فراوانە ڕووەک و کەڕوو و مشەخۆر و پاراسایتەکان و ئاژەڵەکان دەگرێتەوە. پەردەی پلازما بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی گواستنەوەی خۆراک و ئەلیکترۆلیتەکان لەناو و دەرەوەی خانەکان. هەروەها بەرپرسیارە لە پەیوەندییەکانی خانە. ئەم جۆرە خانانە بە شێوەیەکی توخمانە و ناتوخمانە دەتوانن زاوزێ بکەن.
چەند تایبەتمەندییەکی جیاواز لە نێوان خانەکانی ڕووەک و ئاژەڵدا هەیە. بۆ نموونە، خانەی ڕووەکی کلۆرۆپلاست، بۆشایی ناوەندی، ئەندامۆچکەکانی تر لەخۆ دەگرێت، لە کاتێکدا خانەکانی ئاژەڵ وا نین.

پێکهاتەکانی خانە

پێکهاتەکانی خانە پێکدێت لە پێکهاتە تاکەکان کە ئەرکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی ژیان. ئەم پێکهاتانە دیواری خانە، پەردەی خانە، سایتۆپلازم، ناوک، و ئەندامۆچکەکانی خانە دەگرنەوە.

پەردەی خانە

پەردرەی خانە پشتگیری خانەکە دەکات و پارێزگاری لە خانە دەکات. کۆنترۆڵی جووڵەی ماددەکان دەکات لە ناوەوە و دەرەوەی خانەکان. هەروەها خانە لە ژینگەی دەرەوە جیادەکاتەوە. پەردەی خانە لە هەموو خانەکاندا هەیە. پەردەی خانە بریتییە لە داپۆشینی دەرەوەی خانەیەک کە تێیدا هەموو ئەندامۆچەکانی تر، وەک سایتۆپلازیم و ناوکی تێدایە. هەروەها پەردەی خانە بە پەردەی پلازماش ناودەبرێت. بە پێی پێکهاتە، پەردەیەکی کوندارە (دەرچەی تێپەڕینی هەیە) کە ڕێگە بە جوڵەی ماددە هەڵبژێردراوەکان دەدات لە ناوەوە و دەرەوەی خانەکە. جگە لەمەش، پەردەی خانە پێکهاتەکانی خانە لە زیان و دزەکردن دەپارێزێت. ئەم پێکهاتەیە لە نێوان دوو خانە هەروەها لە نێوان خانە و دەوروبەری وەک دیوارێک هەڵسوکەوت دەکات.

دیواری خانە

ڕووەکەکان بێ جووڵەن، بۆیە پێکهاتەی خانەکانیان بە باشی خۆیان دەگونجێنن بۆ پاراستنیان لە هۆکارە دەرەکییەکان. دیواری خانە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ئەم کرداری پاراستنە. دیواری خانە دیارترین بەشی خانەی ڕووەکە. لە سیلیلۆز، هێمیکلولۆس و پێکتین پێکهاتووە. دیواری خانەکە تەنها لە خانەکانی ڕووەکدا هەیە. پارێزگاری لە پەردەی پلازما و پێکهاتەکانی تری خانەی ڕووەک دەکات. هەروەها دیواری خانە گەورەترین چینە لە خانەی ڕووەک. پێکهاتەیەکی ڕەق و پتەوە لە دەوری پەردەی خانە. شێوە و پشتگیری خانەکان دەکات و دەیانپارێزێت لە شۆکی میکانیکی و برینەکان. 

سایتۆپلازم

سایتۆپلازم ماددەیەکی ئەستوور و ڕوون و ئاشکرایە کە لەناو پەردەی خانەدا هەیە. زۆربەی کارلێکە کیمیاییەکانی ناو خانە لە سایتۆپلازمدا ڕوودەدەن. ئەندامۆچکەکانی خانە وەک ناوەنە پلازمە تۆڕ، بۆشایی، مایتۆکۆندریا، ڕایبۆسۆمەکان لەم سایتۆپلازمەدا هەڵواسراون.

ناوک

ناوک ماددەی بۆماوەیی خانەی تێدایە (DNA). هەروەها ئاماژە دەنێرێت بۆ خانەکان بۆ گەشەکردن، پێگەیشتن، دابەشبوون و تەنانەت مردنیش. ناوک بە بەرگی ناوەکی دەورە دراوە کە دی ئێن ئەی لە بەشەکانی دیکەی خانەکە جیا دەکاتەوە. ناوک دی ئێن ئەی و پێکهاتە ناوەکییەکانی ناوی دەپارێزێت لە خانەدا.

ئەندامۆچکەکانی خانە

خانەکان لە ئەندامۆچکەی جۆراوجۆر پێکهاتوون کە چەندین ئەرکی دیاریکراو ئەنجام دەدەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی ژیان. ئەندامۆچکە جیاوازەکانی خانە، لەگەڵ ئەرکە سەرەکییەکانیان:

ناوکۆکە: بریتییە لە شوێنی دروستکردنی ڕایبۆسۆم. هەروەها بەشداری دەکات لە کۆنترۆڵکردنی چالاکییە خانەییەکان و بەرهەمهێنانی خانەیی.
پەردەی ناوک: ناوک دەپارێزێت بە دروستکردنی سنوورێک لە نێوان ناوک و ئەندامۆچکەکانی تر.
کرۆمۆسۆمەکان: ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دیاریکردنی ڕەگەزی کەسەکان. هەر خانەیەکی مرۆڤ ٢٣ جووت کرۆمۆسۆمی تێدایە.

ناوەندە پلازمە تۆڕ: ئەم ئەندامۆچکەیە بەشداری دەکات لە گواستنەوەی ماددەکان لە تەواوی خانەکەدا. ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە میتابۆلیزم و زیندەچالاکی کاربۆهیدراتەکان، دروستکردنی چەورییەکان، ستێرۆیدەکان و پڕۆتین.
دەزگای گۆڵجی: دەزگای گۆڵجی پێیان دەوترێت نوسینگەی پۆستی خانەکە چونکە بەشدارن لە گواستنەوەی ماددەکان لەناو خانەکەدا.
ڕایبۆسۆم: ڕایبۆسۆمەکان دروستکەری پڕۆتینی خانەن.
مایتۆکۆندریا: مایتۆکۆندریا پێشی دەوترێت "هێزی خانە." بۆیە وای پێدەگوترێت چونکە ئەدینۆسینی سیانە فۆسفاتی (ATP) بەرهەم دەهێنێت، ئەی تی پی دراوی وزەی خانەیە.
لایسۆسۆم: لایۆسۆمەکان خانەکە دەپارێزن بە گرتنی لاشە بیانییەکان کە دەچنە ناو خانەکە و یارمەتی نوێبوونەوەی خانەکە دەدەن. لەبەر ئەوە، ئەوان بە جانتای خۆکوژی خانەکە ناسراون
کلۆرۆپلاست: کلۆرۆپلاتس ئەندامۆچکەیەکی سەرەکی ڕۆشنەپێکهاتنە. ئەو ڕەنگانەی تێدایە کە پێی دەوترێت کلۆرۆفیل.
بۆشاییەکان: بۆشاییەکان خۆراک و ئاو و ماددەی پاشماوەی تر لە خانەکەدا هەڵدەگرن.

بیردۆزی خانە

بیردۆزی خانە پێشنیارکراوە لەلایەن زانا ئەڵمانییەکان، تیۆدۆر شوان، ماتیاس شلیدن و ڕۆدۆڵف ڤیرچۆو. بیردۆزی خانە دەڵێت: هەموو زیندەوەرە زیندووەکانی سەر زەوی لە خانە پێکهاتوون، خانە یەکەی بنەڕەتی ژیانە. هەروەها دەشڵێت هەموو خانەکان لە خانەی پێشووەوە سەرچاوە دەگرن. لە کۆتاییدا ڤێرژنێکی مۆدێرنی بیردۆزی خانە دروستکرا، و ئەم مەرجانەی تێدایە:

  • وزە لەناو خانەکاندا دەگوازرێتەوە.
  • بۆماوە لە خانەیەکەوە بۆ خانەیەکی تر دەگوازرێتەوە.
  • پێکهاتەی کیمیایی هەموو خانەکان وەک یەکە.

ئەرکەکانی خانە

خانە ئەرکی سەرەکی ئەنجام دەدات کە پێویستە بۆ گەشەکردن و گەورەبوونی زیندەوەرێک. ئەرکە گرنگەکانی خانە بەم شێوەیەیە:

دابینکردنی پاڵپشتی و پێکهاتەی: هەموو زیندەوەرەکان لە خانەکان پێکدێن. خانەکان بناغەی پێکهاتەی هەموو زیندەوەرەکان پێکدەهێنن. دیواری خانە و پەردەی خانە پێکهاتەی سەرەکین کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پشتگیری و پێکهاتە بۆ زیندەوەرەکە. بۆ نموونە، پێست لە ژمارەیەکی زۆر خانە پێکهاتووە. ئەو ۆێکهاتانەی کە لە لوولەی ڕووەکەکاندا هەیە لە خانەکان دروستکراون و پشتگیری پێکهاتەی ڕووەکەکان دەکەن.

دەزووە دابەشبوون: کرداری دابەشبوونی خانەی دایکە بۆ دوو خانەی وەک یەک

ڕێگەدان بە گواستنەوەی ماددەکان: پێکهاتە خۆراکییە جۆراوجۆرەکان لەلایەن خانەکانەوە هاوردە دەکرێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی کیمیایی جۆراوجۆر کە لەناو خانەکاندا ڕوودەدات پاشماوەی بەرهەمهێنراو لەلایەن پرۆسە کیمیاییەکانەوە لە خانەکان لادەبرێت بە گواستنەوەی چالاک و ناچالاک. گەردە بچووکەکانی وەک ئۆکسجین و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و ئیسانۆل بڵاو دەبنەوە لە پەردەی خانەوە بە گوێرەی خەستەلێژی. ئەمە بە گواستنەوەی ناچالاک ناسراوە. هەروەها گەردیلە گەورەکانیش لە پەردەی خانەکەدا بڵاو دەبنەوە لە ڕێگەی گواستنەوەی چالاکەوە کە خانەکان پێویستیان بە وزەیەکی زۆر هەیە بۆ گواستنەوەی ماددەکان بەم ڕێگەیە.

بەرهەمهێنانی وزە: خانەکان پێویستیان بە وزە هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی کیمیایی جۆراوجۆر. بۆ ئەمەش وزە لەلایەن خانەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە کە پێی دەوترێت ڕۆشنەپێکهاتن لە ڕووەکەکان و هەناسەدان لە ئاژەڵاندا.


سەرچاوەکان



1609 بینین