ددانە جیڕە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-09-01:43:00 - کۆدی بابەت: 11254
ددانە جیڕە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ددانە جیڕە (بە عەرەبی: صرير الأسنان، بە ئینگلیزی: bruxism یان teeth grindingددانە جیڕە (لێکخشاندنی ددان) بریتییە لێکخشاندنی خۆنەویستی ددانەکان، زۆربەی خەڵکی جار جارە ددانە جیڕە دەکەن، نزیکەی ٥٪ی دانیشتووان بە بەهێزی و بەردەوامی ئەم کارە دەکەن. بەڵام بەزۆری لە کاتی خەوتندا ڕوودەدات. بەگشتی مرۆڤ هەست ناکات کە لە خەودا ددانەکانی لێکدەخشێنێت. زۆرجار ئەو کەسەی کە لە نزیکیان دەخەوێت یەکەم  کەسە کە سەرنجی کێشەکە دەدات. لێکخشاندنی ددانەکان دەکرێت لە ئەنجامی فشارەوە بێت. بۆ نموونە هەندێک کەس لەکاتی توڕەبوون، سەرنجدان یان هەستکردن بە دڵەڕاوکێ ددانەکانیان لێکدەخشێنن.

نیشانەکانی ددانە جیڕە

  • سەرئێشە، ئازاری جومگەی شەویلگە یان گوێ
  • ئازاری ددانەکان، بە تایبەتی ڕاستەوخۆ دوای لە خەو هەستان
  • ئازار یان ڕەقبوونی دەم و چاو ڕاستەوخۆ دوای لە خەو هەستان
  • ئازار یان ڕەقبوونی شەویلگە لەکاتی جویندا، بەتایبەتی لە کاتی نانی بەیانیدا
  • توندکردنی شەویلگە لەکاتی توڕەبوون، دڵەڕاوکێ یان سەرنجدان
  • هەستیاری ددان بە گەرمی یان ساردی
  • بوونی درز یان شکانی ددان
  • دەرکەوتنی شوێنەواری ددان لە قەراغی زمان
  • بەرزبوونەوەی شانە لە ڕووی ناوەوەی ڕوومەت کە بەهۆی گازگرتنەوە دروست دەبێت
  • زیان گەیاندن بە ددان لەوانە پرکردنەوەکان و ئەو ددانانەی کە کیفت کردوون
  • لەدەستدانی ددان (دەگمەن)
  • گەورەبوونی ماسولکەکانی چەناگە (دەگمەن)

هۆکارەکانی ددانە جیڕە

ددانە جیڕە لە منداڵاندا

زۆرێک لە دایک و باوکان سەرنجی دەنگی منداڵەکانیان ددەن لە کاتی ددانە جیڕە، زۆرجار لەکاتی خەوتندا ڕوودەدات. بەڵام لەبەر ئەوەی ددان و شەویلگەی منداڵان زۆر بە خێرایی دەگۆڕدرێن و گەشە دەکەن بەزۆری خوویەکی زیانبەخش نییە کە پێویستی بە چارەسەرکردن بێت و زۆربەیان لەگەڵ گەورە بوونیان خۆڕسکانە چاک دەبن.

هۆکارە سەرەکییەکانی لێکخشاندنی ددان لە منداڵاندا 

  • ئازار لە کاتی هاتنی ددانی نوێ
  • فشار و دڵەڕاوکێ
  • هەندێک دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان
  • حاڵەتی تر  وەکوو ئیفلیجی مێشک، کەمی سەرنج و چالاکیی زۆر (ADHD).
  • زۆرێک لە نیشانانەکانی منداڵان هەمان نیشانەکانی گەورەکانن

چارەسەرکردنی ددانە جیڕە لە منداڵاندا بەندە بە بڕی داخوران یان شکانی ددانەوە، تەمەنی منداڵ و ئەو نیشانانەی کە بە دەستییەوە دەناڵێنێت. پزیشکی ددان یان پسپۆڕێکی تری تەندروستی دەم و ددان باشترینە بۆ هەڵسەنگاندنی تەواوی دۆخی هەر منداڵێک.

چارەسەری ددانە جیڕە

لە ڕێگەی ددان

لەکاتی ددانە جیڕە، لەوانەیە پزیشکەکەت ڕێگاکانی پاراستن یان باشترکردنی ددانەکانت پێشنیار بکات. ئەم ڕێگایانە ڕەنگە ڕێگری لە داخوران یان شکانی ددانەکانت بکەن، بەڵام مەرج نییە بەتەواوی ددانە جیڕە بوەستێنن.

بەکارهێنانی سپلینت و پارێزەری دەم کە بە شێوەیەک دروستکراون وا دەکات ددانەکان بە جیا بمێننەوە بۆ ڕێگریکردن لە زیانەکانی توندکردن و لێکخشاندنی ددانەکان.

لە حاڵەتە توندەکاندا کاتێک ڕووشانی ددانەکان بووەتە هۆی هەستیاری  و تەختبوونی ددانەکان یان نەتوانینی جوین بە باشی لەوانەیە پزیشکی ددان ڕووی ددانەکانت چاک بکات یان کیفت بۆ دابنێت.

ڕێگاکانی تر

چارەسەرکردنی فشار یان دڵەڕاوکێ: ئەگەر بەهۆی فشارەوە ددانەکانت لێکدەخشێنیت، لەوانەیە بتوانیت ڕێگری لە کێشەکە بکەیت بە فێربوونی ئەو ستراتیژانەی کە یارمەتی ئارامبوونت دەدەن، وەک مێدیتەیشن. ئەگەر ددانە جیڕە پەیوەندی بە دڵەڕاوکێوە هەبێت، ئامۆژگاری یان ڕاوێژ ڕەنگە یارمەتیدەر بێت.

گۆڕینی ڕەفتار: کاتێک بۆت دەردەکەوێت کە ددانە جیڕەت هەیە، لەوانەیە بتوانیت ڕەفتارەکانت بگۆڕیت بە مەشقکردنی شوێنی دروستی دەم و شەویلگە.

بایۆفیدباک: ئەگەر بە سەختی خووەکانت دەگۆڕیت، لەوانەیە سوود لە بایۆفیدباک وەربگریت، شێوازێکە لە ڕێکارەکانی چاودێریکردن، کە ئامێر بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی فێرت بکات کە چالاکیی ماسولکەکانی چەناگەت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

دەرمانەکان

بەگشتی دەرمانەکان زۆر کاریگەر نین بۆ چارەسەرکردنی ددانە جیڕە و لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دیاریکردنی کاریگەرییەکانیان. نموونەی ئەو دەرمانانەی کە ڕەنگە  بەکاربهێنرێن بریتین لە:

١- دەرمانەکانی خاوکردنەوەی ماسولکە: لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک پێشنیاری ئەم دەرمانانە دەکات پێش خەوتن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت.

٢- دەرزی بۆتۆکس: ڕەنگە یارمەتی هەندێک کەس بدات کە بە  توندی ددانەکانیان لێکدەخشێنن و بە دەرمانەکانی تر چارەسەر ناکرێن.

٣- دەرمان بۆ دڵەڕاوکێ یان فشاری دەروونی: دەکرێت پزیشک پێشنیاری ئەم دەرمانانە بکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات مامەڵە لەگەڵ فشار یان کێشە سۆزدارییەکانی تر بکەیت کە لەوانەیە هۆکاری ددانە جیڕە بن.

چارەسەری کێشە پەیوەندیدارەکان

١- دەرمانەکان: ئەگەر هۆکاری ددانە جیڕە کاریگەری لاوەکی دەرمانێک بوو، لەوانەیە پزیشک دەرمانەکە بگۆڕێت یان دەرمانێکی تر بنووسێت.

٢- خەوتن: وەک پرخە و نەمانی هەناسە لە کاتی خەودا.

٣- نەخۆشی: ئەگەر حاڵەتێکی نەخۆشی وەک gastroesophageal reflux disease (GERD) وەکوو هۆکار دەستنیشانکرا، چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە ڕەنگە ددانە جیڕە باشتر بکات.


سەرچاوەکان



615 بینین