داگیرکردنی دوورگەی ماڵتا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-14-23:42:00 - کۆدی بابەت: 11286
داگیرکردنی دوورگەی ماڵتا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

داگیرکردنی دوورگەی ماڵتا (بە عەرەبی: احتلال جزيرة مالطا، بە ئینگلیزی: Conquest of the island of Malta) لەسەرەتادا فەڕەنسییەکان پلانیان وا نەبوو کە ماڵتا داگیربکەن. بەڵکو تەنها دەیانویست یەدەگی خۆیان پڕبکەنەوە لە بەندەرەکانی ماڵتا، بەڵام فەرماندەی شارەکە کە ناوی (ڤان هامپێش) بوو ڕەتیکردەوە ڕێگا بدات هەموو کەشتییەکان بێنە ناو بەندەری ماڵتا، گووتی تەنها دوو کەشتی ڕێگا پێدراوە بێتە ناوەوە. ئەمەش لە بەرژوەندی فەڕەنسییەکان نەبوو، چونکە پڕکردنەوەی یەدەگی کەشتییەکان پێویستی بە چەند هەفتەیەک دەبوو و بەمەش کەشتی گەلی بەریتانی پێی دەزانین و لێی دەدان. بۆیە ناپلیۆن فەرمانی کرد بە داگیرکردنی ماڵتا.

شەڕەکە بۆ فەڕەنسییەکان ئاسان بوو، چونکە نیوەی سوارچاکەکانی شارەکە فەڕەنسی بوون و ئامادەنەبوون شەڕبکەن دژی فەڕەنسا.

داگیرکردنی دوورگەکە

لەبەرەبەیانی ١١ی مانگی حوزەیران هێزەکانی فەڕەنسا لە کەناراوەکانی دوورگەکە دابەزین و دەستیان کرد بە پێشڕەوی بە سەرکردایەتی (لویز بارگوەی دیلیرس) لە بەشی ڕۆژاوای دوورگەکە. لە سەرەتادا فەڕەنسییەکان تووشی هەندێک بەرەنگاری بوونەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سوارچاکەکانی دورگەکە هیچ ئامادەی شەڕنەبوون و بەتەواوی لە ناکاو بوو، ژمارەیان تەنها دوو هەزار کەس بوون بەرگریان ئەوەندەی نەخایند و شکان زۆربەی هێزەکانی بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە خۆیان بەدەستەوەدا. جەنگەکە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری خایەند. ناپلیۆن بۆ پشوودان لە شاری (ڤالێدا) لە (پلازا پاریسیۆ) مایەوە. 

دواتر لە ڕێگای وتووێژ فەرماندەی شارەکە (ڤان هامپێش) قەڵای بەرگری شارەکەیان بەدەستەوەدا، چونکە هێزەکانی فەڕەنسا زۆر بەهێز و تۆکمە بوون و لە ئاست ئەواندا نەبوون، خۆی بەشی ڕۆژاوای شارەکەیان لە دەست دابوو.

بەم جۆرەش دوورگەکە بەتەواوی لەلایەن هێزەکانی فەڕەنساوە کۆنتڕۆڵ کرا و دوای پڕکردنەوەی یەدەگی کەشتییەکانیان دەستیان کرد بە گەشتەکەیان بەرەو میسڕ.


سەرچاوەکان



300 بینین