سیفەت و تایبەتمەندیی مامۆستا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-18-16:39:00 - کۆدی بابەت: 11322
سیفەت و تایبەتمەندیی مامۆستا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیفەت و تایبەتمەندی مامۆستا (بە ئینگلیزی: Qualities and characteristics of the teacher، بە عەرەبی: صفات و الخصاص المعلم)، مامۆستا لە گرنگترین ڕەگەزەکانی بەشەکانی بەشداربووە فێرکارییەکانە، مامۆستا هەڵسوڕێنەر و ڕێکخەر و ئاڕاستەکەری پڕۆسەی فێرکردنە، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر مامۆستا خاوەنی چەندین لێهاتوویی نواندن و پێشکەشکردن و پیشەیی و ئاکاری و زانستی بێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندنگە و پڕۆگرام و خوێندکار و کۆی ژینگەی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی فێرکردن و پەروەردەکردنەوە. 

ئاستەکانی تایبەتمەندییەکانی مامۆستایەکی کارا

  • پەیوەندی نێوان: مامۆستا، پڕۆگرام، خوێندکار و ژینگەی پۆل. 
  • ئەزموونەکانی وانەوتنەوە و ئەوەی کە پەیوەندی بە فێرکردن و فێربوونەوە هەیە. 
  • پەیوەندییەکانی نێوان: مامۆستا و خوێندنگە و کۆمەڵگە. 

دەکرێت تایبەتمەندییەکانی مامۆستا لە چەند لایەنێکەوە بخرێتە ڕوو، ئەوانیش:

تایبەتمەندییە جەستەییەکان

  • پێویستە لە ڕووی تەندروستییەوە خاوەنی هێز و چالاکی پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکە پیشەییەکانی لە وتنەوەی وانەیەکی سەرکەوتوو. 
  • تا بکرێت کەموکوڕی و کەمئەندامی ئاشکرای تیایدا نەبێت وەکو: زمان گیران و نابینایی، بۆ ئەوەی نەبێتە جێگای گاڵتەپێکردنی خوێندکاران و دواتریش کاریگەری نەبێت لەسەر ئاستی وانەوتنەوە، چونکە لە بنەڕەتدا مەرجە لانیکەم مامۆستا لە لایەنی جەستەییەوە تەندروست بێت. 
  • گرنگی بە لایەنی ڕووخساری و ڕەفتاری هەمامەنگی جل و بەرگ بدات، چونکە مامۆستا نموونەی باڵایە لە دیدی خوێندکارەکانیەوە. 

تایبەتمەندییە عەقڵی و زانستییەکان

  • خاوەنی زیرەکی و زانیاری پێویست بێت و بتوانێت ئەو زیرەکی و زانیارییە بە شێوەیەکی گونجاو بگەیەنێتە خوێندکارەکانی، ئەو وانەیەی کە دەیڵێتەوە باشی و قووڵی شارەزایی تێدا هەبێت، تەنها بە وتنەوە و لەبەرکردنی وانەکە کۆتایی پێنەهێنێت، بەڵکو بۆ مامۆستایەکی وەک مامۆستای کۆمەڵایەتی پێویستە بنچینە و سوود و گرنگی و بنەما سەرەکییەکانی وانەکەی بزانێت، بتوانێت لە ڕووداو و زانیارییە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجام و گشتاندن دەربهێنێت. 
  • پێویستە مامۆستا لە بابەت و بەکارهێنانی کەرەستەکاندا بەتوانا بێت، زانیاری پێویستی لەسەر شێواز و بنەما هاوچەرخەکانی وانەوتنەوە هەبێت، لەمەشدا دەبێت خاوەنی زانیاری و زیرەکی پێویست بێت، چونکە ڕێگای وانەوتنەوەی کاریگەر بەبێ زانیاری و توانای مامۆستا زیرەکییەکەی سوودێکی ئەوتۆی نابێت. 
  • مامۆستای بەتوانا هەوڵدەدات زانیاری هەبێت لەسەر دەروون و عەقڵ و ئارەزوو  و ئاڕاستە و ئامادەیی و توانای خوێندکارەکانی، تا بتوانێت لە مامەڵەکردندا سەرکەوتوو و کاریگەر بێت و مامەڵە لەگەڵ کێشە و ململانێکاندا بکات.

تایبەتمەندییە ئاکارییەکان 

  • پێویستە بە ڕادەیەکی پێویست شارەزایی لە بنەماکانی ئاکار و سیاسەت و کۆمەڵناسی و ئابووریدا هەبێت، بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بە ئاڕاستەیەکی تەندروست و سوودبەخشدا ببات، چونکە هەریەک لە بنەماکانی ئەو زانستانە هاوکاری باشن لە پەرەپێدانی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی خوێندکاردا. 
  • پێویستە مامۆستا نەرم و نیان و بەسۆز بێت لەگەڵ خوێندکارەکانیدا، تا خۆشەویستی و توانا و لێهاتووییەکان بەلای خواستن و ڕاهێنانەکانیدا ڕابکێشێت، دووریش بکەوێتەوە لە تووڕەبوون و هەڵچوون و توندوتیژی و ڕقلێبوونەوە. 
  • خاوەنی دانایی و ئەدەب و توانا بێت، ئەمەش بە ئاڕاستەی مامەڵەکردنێکی باش لەگەڵ خوێندکارەکانیدا بشکێنێتەوە، متمانە و گرنگیپێدان و خۆشەویستی لە نێوان خۆی و خوێندکارەکانیدا بڕوێنێت. 
  • لە گەیاندنی پەیامەکەیدا دڵسۆز بێت. 

تایبەتمەندییە پیشەییەکان

  • ڕێز لە ڕێسا و یاساکانی پیشەی فێرکردن بگرێت. 
  • لە بابەتی ئاکارەکانی پیشەی فێرکردن بکۆڵێتەوە و شارەزا بێت. 
  • ئارەزووی پەرەپێدانی پیشەیی هەبێت و لە وەرگرتنی زانیاری لەسەر پیشەکەی و بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی پڕۆسەی فێرکردن بەردەوام بێت. 
  • پەیوەندی توند و تۆڵی لەگەڵ خێزانی خوێندکاردا هەبێت. 
  • هاوکاری خێزانی خوێندکارەکان بکات و هانیان بدات بۆ ئاڕاستەکردنی پیشەیی و فێرکردنی ڕۆڵەکانیان. 
  • لەگەڵ خوێندکاراندا بەشداری لەو کارە گروپانە بکات، کە خزمەتی ژینگە و بواری ژینگە دەکەن. 
  • پێویستە نموونەیەکی باش بێت بۆ ئاکارە بەرزەکان و خۆی بە دووربگرێت لە گومانی خراپی خوێندکارەکانی. 
  • لە پێناو بەرژەوەندی خوێندنگەدا، هاوکاری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خوێندنگە و سەرپەرشتیاری پەروەردەییدا بکات. 

لێرەوە دەکرێت ڕۆڵی مامۆستا بەوە دەستنیشان بکرێت، کە پێویستە بە نەرمی و سازان و نوێکردنەوە و گۆڕان بناسرێتەوە، دیارە ئەم سیفەتانەش هاوبەند دەبن لەگەڵ نوێبوونەوەی زانیاری و تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان، چونکە ئەو گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی خوێندکار و مامۆستا لەگەڵ پڕۆگرام و ژینگەی پەروەردەییدا کاریگەر دەبن. 
بەو پێیەی کە خوێندنگە، کۆمەڵگە لە پێناوی ئەوەدا پێکهاتووە تا ئامانجە باڵاکانی تاک و کۆمەڵگەکەی بێنێتەدی، دیارە لەم نێوەندەدا مامۆستا ڕۆڵێکی قورس و کاریگەر دەکەوێتە ئەستۆی، لەبەر ئەوەی مامۆستا دەکەوێتە چەقی سێ لایەنە سەرەکییەکەی پڕۆسەی خوێندنەوە (خوێندنگە، ستافی وانەوتنەوە، خوێندکاران). 


سەرچاوەکان



401 بینین