سەیرترین یاساکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-18-16:55:00 - کۆدی بابەت: 11323
سەیرترین یاساکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەیرترین یاساکانی جیهان (بە عەرەبی: اغرب قوانين في العالم، بە ئینگلیزی: The strangest laws in the world)، کاتێک بیر لە گەشتکردن دەکەینەوە، تەنها بیر لە جانتای سەفەر و شوێنی مانەوە  و بلیتی گەشتەکە دەکەینەوە، لەگەڵ دیاریکردنی ئەو شوێنانەی کە لەو شارەدا سەردانیان دەکەین، بەڵام پێش ئەوەی پلانی گەشتکردن بۆ شوێنێکی نوێ دابنێیت، هەمیشە وا باشترە هەندێک زانیاری لەسەر دابونەریت و یاساکانی ئەو شوێنە کۆبکەیتەوە، بۆ ئەوەی دواتر ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبیتەوە، بەو پێیەی ئەم جیاوازییە ڕەنگە سەیر و چاوەڕواننەکراو یان ناسروشتی بێت، وڵاتانێک هەن تەنانەت جوینی بنێشت قەدەغە دەکەن، لە کاتێکدا ئەمانە لە شتە ئاساییەکانن و دەتوانین لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێکدا بیانکەین، بۆیە پێویستە ئاگاداری سەیرترین یاسا و ڕێساکان بیت کە دەبێت پێش گەشتکردن بۆ هەندێک وڵات بیانزانیت.

سەیرترین یاسا و ڕێساکان

خۆراکپێدانی کۆتر لە ڤێنیز قەدەغەیە

ڤێنیز بە یەکێک لە شوێنە بەناوبانگەکان دادەنرێت کە زۆر کەس حەز دەکەن سەردانی بکەن، بەڵام  حکومەتەکەی بە توندی قەدەغەی خۆراکپێدانی کۆترەکان دەکەن لە شەقامی بەناوبانگی سانت مارکس، ئەگەر گەشتیارێک بەو شێوەیە دەستگیر بکرێت دەبێت غەرامەیەکی زۆر بدات بە وتەی دەسەڵاتداران، چونکە کۆترەکان بە دەنوکیان زیان بە پەیکەری شارەکە و پێکهاتەکانی دیکە دەگەیەنن.

پێنان بەسەر دراو لە تایلەند کارێکی تاوانکارییە

ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە دراوەکانی تایلەندی وێنەی پاشای تایلەندییان لەسەرە کە لەلایەن خەڵکی ئەوێ زۆر ڕێزی لێدەگیرێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە تایلەند لە کاتی پێنان بەسەر دراودا بگیرێ، ئەوا  ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

لە ئەندەنوسیا خواردنی میوەی دوریان لە گواستنەوەی گشتی ڕێگەپێنەدراوە

دوریان میوەیەکی زۆر سەیرە و بۆنێکی قێزەونی هەیە، بە بۆگەنترین سوکە ژەم دادەنرێت لە جیهاندا، هەر بۆیەش لە وڵاتانی ئەندەنوسیا و مالیزیا و سەنگافورە لە گوستنەوەی گشتی قەدەغە کراوە، سەرەڕای بۆنە ناخۆشەکەی زۆر تەندروستە و پڕە لە ئاسن و ڤیتامین سی و پۆتاسیۆم.

لە سەنگافورە ڕێگە بە جوینی بنێشت نادرێت

ئەگەر لە سەنگافورە لە کاتی جوینی بنێشتدا پێت بزانن، ئەوا  دووچاری سزا دەبیتەوە، چونکە  جوینی بنێشت بە ڕەفتارێکی ناشرین دادەنرێت، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە لەلایەن پزیشکەوە ڕێگەیان پێدراوە، بەدەر لەوە بە کەسێکی بێ ڕەوشت هەژمار دەکرێت.

جل و بەرگی کامۆفلاج لە وڵاتانی کاریبی قەدەغەیە

ژمارەیەک لە وڵاتانی کاریبی پۆشینی جلوبەرگی کامۆفلاجیان (جۆرە جلوبەرگێکە خۆگونجاندن لە نێوان کەسەکە و سروشتی دەورووبەر دروست دەکات، بە ونبوونیان یان دەرکەوتن وەک ئەوەی بەشێک بن لە سروشتی دەورووبەر) قەدەغەکردووە، لەنێویاندا منداڵان، شوێنەکانی وەک باربادۆس، جامایکا و سانت ڤینسێنت و سانت لوسیا بەتەواوەتی پۆشینی جلوبەرگی کامۆفلاجیان لە خەڵکی قەدەغە کردووە.

قەدەغەکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز لە یۆنان

ئەگەر پلانی گەشتکردنت بۆ یۆنان هەیە، گرنگی بە پاککردنەوەی پێڵاوە پاژنە بەرزە دڵخوازەکانت مەدە چونکە لەوێ ناتوانیت لە پێیان بکەیت، لەبەر ئەوەی هەر کاتێک بابەتێک پەیوەندی بە پاراستنی ناوچە دێرینەکانیانەوە هەبێت زۆر جددین و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ قەدەغەکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز لە بینا دێرینە بەنرخەکانیان لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە.

لە ڕۆما دانیشتن لەسەر پلیکانەکان ڕێگە پێنەدراوە

ئەگەر لە ڕۆما بە پێ ڕۆشتیت و ماندوو بوویت، ئاگاداربە لە کوێ دادەنیشیت چونکە دانیشتن لەسەر پلیکانە ئیسپانییە بەناوبانگەکانی نێو شاری ڕۆما قەدەغەیە. دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ئەم یاسایەیان سەپاند، دوای ئەوەی بینیان خەڵکێکی زۆر بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشن و دەبنە ڕێگر لە هاتووچۆی کەسانی تر.

ڕۆشتن بۆ تەوالێت لە شەوان

لە سویسرا بەکارهێنانی تەوالێت لە دوای کاتژمێر ١٠ی شەو قەدەغەیە. چونکە لە یاسای سویسرا بەکارهێنانی سیفۆنی تەوالێت لە دوای کاتژمێر ١٠ی شەو بە جۆرێک لە ژاوەژاو دادەنرێت.


سەرچاوەکان



880 بینین