جیاوازی نێوان ئەنیمەیشن و ئەنیمی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-17:03:00 - کۆدی بابەت: 12261
جیاوازی نێوان ئەنیمەیشن و ئەنیمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان ئەنیمەیشن و ئەنیمی (بە ئینگلیزی: Difference Between Anime and Animation، بە عەرەبی: الفرق بين الأنمي و الأنيميشين) ئەنیمەیشن ئاماژەیە بۆ پڕۆسەی دروستکردنی جووڵە و گۆڕانکاری بە پیشاندانی زنجیرەیەک وێنەی وەستاو بە کەمترین جیاوازی لەنێوان وێنەکان بەخێرایی و جووڵەی جیاواز. ئەنیمی کورتکراوەی ئەنیمەیشنە و ژاپۆنییە، جیاوازی سەرەکی نێوان ئەنیمی و ئەنیمەیشن ئەوەیە کە ئەنیمی زیاتر گرنگی بە دیزاینی شوێن و کەسایەتییەکان دەدات لە کاتێکدا ئەنیمەیشن زیاتر گرنگی بە جووڵە دەدات.

ئەنیمی چییە؟

ئەنیمی شێوازێکی ئەنیمەیشنە کە لەلایەن ژاپۆنیەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت. زاراوەی ئەنیمی کورتکراوەی ئەنیمەیشنە. ئەنیمەیشنەکان بە کارەکتەری ورد و گرافیکی ڕەنگاوڕەنگ تایبەتمەندن. هەرچەندە ئەنیمی لە سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە ساڵانی شەستەکاندا بوو کە شێوازی هونەری ئەنیمی هاتە ئاراوە. ئەم شێوازە بە کارەکانی ئۆسامو تێزوکا بووە جێی بایەخ.

کاریگەرییە بینراوەکان یەکێکە لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی ئەنیمی. ئەم شێوازە گرنگییەکی زۆر بە وردەکارییەکانی هونەرەکە دەدات، ڕێکخستن و کەسایەتییەکان بە وردبینانە دروست کراون. کەسایەتییەکانی ئەنیمییەکان بە شێوەیەکی گشتی چاوی گەورەیان هەیە کە تیشکی ڕەنگدانەوەییان هەیە، جەستەیەکی باریک و درێژیان هەیە.

هەروەها دروستکەران کۆمەڵێک ڕەنگ و سێبەری بەرفراوان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کارە هونەریەکان سەرنجڕاکێشتر بن. وردەکارییەکانی دەموچاو و پێستی بریقەدار و جەستە، هەروەها جلوبەرگەکانیان، ڕاستەقینەتر و سەرنجڕاکێشترن لەوانەی لە ئەنیمەیشنەکانی تردا دەبینرێن.

هەروەها ناوەڕۆک و بابەتی ئەنیمییەکان جیاوازن لە ئەنیمەیشنەکانی تر. ئەنیمییەکان گرووپە تەمەنییە جیاوازەکان دەکەنە ئامانج، ئامانجەکانیان تەنها لە منداڵاندا سنووردار نییە. بەو پێیەی بینەرێکی زۆریان هەیە، ئەنیمی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ بابەتگەلێکی شێلگیر و ئاڵۆزیشدا بکات.

سەرەڕای گرنگیدان بە بوارەکانی وەک دیزاینی کەسایەتییەکان و بابەتەکان، لە ئەنیمییەکاندا بە بەراورد بە ئەنیمەیشنەکانی تر جووڵە کەمتر هەیە.

ئەنیمەیشن چییە؟

ئەنیمەیشن بریتییە لە پرۆسەی دروستکردنی جووڵە و گۆڕانکاری بە بەکارهێنانی نمایشێکی خێرا لە زنجیرەیەک وێنەی وەستاو کە کەمترین جیاوازییان لەگەڵ یەکتردا هەیە یاخوود جیاوازییەکانیان بەپێی جووڵەکانیان دەگۆڕێت.

لە کولتووری باودا ئەنیمەیشن کارتۆنێکە. زاراوەی ئەنیمەیشن زیاتر کاتێک بەکاردەهێنرێت کە باس لە کارتۆنێک دەکرێت کە ژاپۆنی نەبێت. ئەنیمەیشنەکان بینەری گەنج دەکەنە ئامانج، منداڵان و پێش هەرزەکاری ئامانجی سەرەکییانن. بۆیە ناوەڕۆک یان بابەتی ئەنیمەیشن بەزۆری مامەڵە لەگەڵ سەرگەرمی و دۆخە گاڵتەجاڕییەکان دەکات. دیزاینی کەسایەتییە کارتۆنییەکانیش کۆمیدییە، کەسایەتییەکان بۆ دروستکردنی کاریگەرییەکی کۆمیدی زیاتر زیادەڕەوییان تێدا کراوە. جیاوازییەکی تری بەرچاو لە نێوان ئەنیمی و ئەنیمەیشندا ئەوەیە کە ئەنیمەیشنەکان بڕێکی زۆر لە جووڵە لەخۆدەگرن.

جیاوازی نێوان ئەنیمی و ئەنیمەیشن

وردەکاری

  • ئەنیمییەکان زیاتر گرنگی بە ڕێکخستن، کەسایەتییەکان، پاشخان و بارودۆخەکان دەدەن.
  • ئەنیمەیشن کەمتر گرنگی بە ڕێکخستن، کەسایەتییەکان، پاشخان و بارودۆخەکان دەدەن.

جووڵە

  • ئەنیمییەکان کەمتر سەرنجیان لەسەر جووڵەیە، جووڵە زۆر دووبارە دەبێتەوە، کاتێک کەسایەتییەکان قسە دەکەن جووڵەی ڕووخساری کەم هەیە و کەمتر گرنگی بە شێوازی دەربڕین دراوە.
  • ئەنیمەیشن زیاتر سەرنجی لەسەر جووڵەیە، زۆرترین شێوازی دەربڕین و جووڵەی ڕووخسار دەبینرێت.

شێوازی ناوەڕۆک

  • ڕەنگە ئەم جیاوازییە ڕوونترین جیاوازی بێت، ئەنیمییەکان سەرنجیان لەسەر کولتووری ژاپۆنییە و گەشەی پێدەدەن.
  • شێوازی ناوەڕۆکی فیلمە ئەنیمەیشنەکان زیاتر ڕۆژاواییە و هەندێکیان لە سەرانسەری جیهانن.

بابەت

  • زۆرجار ئەنیمییەکان بابەتێکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز و پێگەیشتوو لەخۆدەگرێت.
  • زۆرجار ئەنیمەیشن بابەتگەلێکی گاڵتەجاڕانە و کێشەخوازی لەخۆدەگرێت.

بینەر

  • ئەنیمی منداڵ و گەورە دەکاتە ئامانج.
  • ئەنیمەیشن بە شێوەیەکی سەرەکی منداڵان دەکاتە ئامانج.


سەرچاوەکان



59 بینین