چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-27-21:48:00 - کۆدی بابەت: 11381
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت (بە ئینگلیزی: How to deal with children with special needs، بە عەرەبی: كيفية التعامل مع الاطفال ذوي احتياجات الخاصة)، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کەسانێکن کە پێویستیان بە پڕۆگرامی تایبەت هەیە و هەروەها پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەی تایبەت هەیە. بۆ ئەمەش گرنگە کە بزانین دەبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین.

هەست کردن بە گرفتی منداڵەکە

  • بوونی منداڵێکی دواکەوتوو بە هەر حاڵەتێک دەستنیشان کرابێت، کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ و درێژە، بۆیە خۆتی بۆ ئامادە بکە.
  • دوور بکەوەرەوە لە بیرکردنەوەی خراپ، خۆت ئامادە بکە بۆ ڕاهێنان پێکردنی منداڵەکەت وەکو خێزان.
  • دەست نیشانکردن زۆر گرنگە دوای هەستکردن بە گرفتەکان زوو منداڵەکە دەستنیشان بکرێت، باشتر وایە ئەم حاڵەتانە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەستنیسان بکرێت ئەگەر هەبوو.
  • هەستکردن بە گرفتی منداڵەکە لە ڕووی هەڵسوکەوت و قسەکردن و وەڵامدانەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆی.
  • هەموو پزیشکەکان تاقی مەکەرەوە، ئەوەندە بەسە کە خۆت دەزانیت منداڵەکەت دواکەوتووە و پێویستی بە ڕاهێنان و هەوڵدان هەیە، چونکە زۆر جار گەڕان بە دوای دەستنیشانکردنی تەواو و چارەسەری خێرا، پڕۆسەی ڕاهێنان دوادەخات، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر منداڵەکە.
  • خۆت یان هاوسەرەکەت یان کەسانی تر تاوانبار مەکە، زیاتر بیر لە هاوکاری کردنی منداڵەکەت بکەرەوە.
  • زۆر گرنگە ماوەی دەستنیشانکردن زۆر نەخایەنێت و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە قۆناغی ڕاهێنان دەست پێ بکات، ئەوەش بەپێی هەڵسەنگاندن و دانانی پڕۆگرامی تایبەت لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە.
  • مەرج نییە هەر منداڵێک جووڵەی زۆر بوو، ئۆتیزم بێت یان کێشەی هەبێت، چونکە منداڵ لە قۆناغی منداڵیدا بە گشتی جووڵەی زۆرە.
  • مەرج نییە هەر منداڵێک قسەکردنی دواکەوت یان قسەی نەکرد ئیتر ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەبێت.
  • منداڵەکەت هەڵسوکەوتی نامۆی هەیە، ئەوە نیشانەی  ئەوە نییە ئەو منداڵە ئۆتیزمە، بۆیە دەبێت ئەوە بزانن کە منداڵ هەیە کێشەی هەڵسوکەوتی هەیە، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە پەروەردە و مامەڵەکردنی دایک و باوکەوە هەیە.

قۆناغی پڕۆگرام

  • پەیوەندی لە نێو ماڵ و خێزانەوە دەست پێ دەکات.
  • دانانی منداڵەکە لە سەنتەرێکی تایبەت، کە پێویستە پڕۆگرامی تایبەتی هەبێت و ڕاهێنانی پێ بکرێت.
  • دەبێت پەیوەندییەکی بەهێز هەبێت لە نێوان خێزان و ئەو سەنتەرەی کە منداڵەکەی تێدایە و ڕاهێنانی پێدەکرێت.
  • پێویستە منداڵەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بۆ زانینی ئاستی زیرەکی و تواناکانی و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی و زۆر لایەنی دیکە، دەبێت بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە پڕۆگرامی بۆ دابنرێت.
  • باشتر وایە بۆ کاتەکان و پڕۆگرامەکان و تەنانەت چالاکی ڕۆژانەش وێنە بەکاربهێنرێت، بەڵام دوای باشبوونی ئاستی منداڵەکە، پێویستە لە گوتن تێبگات و لە ڕێگەی گوتنەوە گوزارشت بکات.
  • ئەم منداڵانە لە ژینگەی ئاسایی تێک دەچن و دەشڵەژێن، بۆیە پێویستە ئەو ژینگەیەی کە بۆ ئەوان تەرخان کراوە زۆر سادە و ئارام بێت، خاڵی بێت لە شتە وروژێنەرەکان.
  • دەبێت کات و شوێن و چالاکییەکان بۆ منداڵەکە ڕوون بێت.
  • پێویستە لەو شوێنەی ڕاهێنانی پێ دەکرێت مێز و کورسی منداڵانیان هەبێت بەپێی تەمەنی منداڵەکە.
  • دەبێت منداڵەکە لە ڕووی دەروونی جەستەییەوە ئامادە بێت لە کاتی ڕاهێناندا ئەگەر ئامادەباشی نەبێت ئەوە هیچ دانیشتن و ڕاهێنانێک سەرکەوتوو نابێت.
  • دەبێت کاتی ڕاهێنان بە کات و بە وێنە بۆ منداڵەکە ڕوون بکرێتەوە.

دانانی ئامانج

  • بۆ فێرکردنی هەر توانایەک یان هەر شتێک پێویستە ئامانج دابنرێت و بنوسرێتەوە، واتا لەگەڵ دانانی پڕۆگرامدا، دەبێت ئامانجەکە بنوسرێتەوە.
  • ئەو ئامانجانەی کە دایدەنێن، پێویستە لەگەڵ توانا  وئاستی منداڵەکەدا بگونجێت.
  • نابێت ئامانجی خەیاڵی دابنرێت، چونکە بەدەستهێنانی قورسە و دواتر خۆتان بێ ئومێد دەبن لە کارکردن و ڕاهێنان کردن لەگەڵ منداڵەکە.
  • دەبێت ئامانجی درێژخایەن و کورت خایەن هەبێت.
  • هەوڵ بدەن لە سەرەتادا ئامانجەکان بچوک و ئاسان بن، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بەدی بکەن، ئەمەش هانتان دەدات ئامانجی باشتر و هەنگاوی زیاتر بنێنن.
  • با ئامانجەکان لە نێوان چەند کەسێکدا بێت لە ئەندامانی خێزان، واتا نابێت یەک کەس ئامانج دابنێت، بۆ ئەوەی هەمووان وەک یەک کار لەسەر بەدیهێنانی بکەن.
  • ئەگەر لە کاتی ڕاهێنان و دانیشتنەکاندا، منداڵەکە بە باشی لە گەڵتاندا گونجاو و وەڵامدانەوەی هەبوو، بەڵام ڕۆژێک بە هیچ شێوەیەک وەلامدانەوەی نەبوو، بێ ئومێد مەبە و هەوڵ مەدە زۆری لێبکەیت، چونکە ئەو ڕەنگە نەتوانێت گوزارشت بکات چی کێشەیەکی هەیە.

توانای گرنگیدان بە خود

  • لەبری ئەو هەموو کارەکان ئەنجام مەدە، با فێر نەبێت پشت بە تۆ ببەستێت لە هەموو شتێکدا.
  • ڕۆژانە هەوڵی لەگەڵدا بدە تا فێر ببێت خۆی نان بخوات، بە بەکارهێنانی کەوچک و کوپ و هەندێک جار خۆی ئاو بۆ خۆی بکاتە پەرداخەکەوە.
  • فێری بکە خۆی دەستی بشوات، دوای دەست شتن، خاولی یان کلێنس وەربگرێت و دەست  و دەم و چاوی بسڕێت.
  • تۆ پێڵاوی لە پێ مەکە، چونکە وای لێ دێت گەورەش بێت هەر چاوەڕیی تۆیە پێڵاوی لە پێ بکەیت.
  • با فێر بێت خۆی گۆرەوی لە پێ بکات.
  • با خۆی جل لەبەر بکات، فێری بکە خۆی زنجیری چاکەت یان پانتۆڵ دابخات.
  • ڕایبهێنە لەوەی کە جلی زستانە و جلی هاوینە لە یەکتری جیا بکاتەوە.
  • فێری دان شتنی بکە هەرچەندە ئەمە پڕۆسەیەکی قورسە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات فێر دەبێت و ڕادێت.
  • فێری پارەی بکە، بینێرە بۆ دوکان با شتێک بکڕێت.

پاراستن

  • ئەو منداڵانەی گرفتیان هەیە، بە تایبەت ئۆتیزم گەورە بن یان منداڵ ڕەنگە لە شتی مەترسیدار نەترسن و سڵ نەکەنەوە بۆیە پێویستە ئاگادار بن.
  • ڕەنگە منداڵەکە بڕواتە دەرەوە  و نەزانێت بگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە دەرگاکان بە باشی و بە کلیل بەردەوام داخرابێت.
  • دەرمان و دەرزی و حەپ دەبێت لە شوێنێکی تایبەتدا بێت، جوةکە ترسی بەکارهێنانی هەیە لەلایەن ئەو منداڵانەی کە گرفتیان هەیە.
  • چەرخ و کەرەستەی ئاگر، دەبێت دوور بێت لە بەردەستی ئەم منداڵانە. نەوت و سووتەمەنی دەبێت دوور بێت لە بەردەستی ئەم منداڵانە چونکە نازانن ترسناکە، ڕەنگە لە کاتی تینوبوونیدا هەوڵ بدات بیخواتەوە، دەبێت ئێوە وەکو خێزان بەردەوام لە ئاگابووندا بن، چونکە ئەم منداڵانە لە ماوەیەکی زۆر کەم کێشە دروست دەکەن، ڕەنگە زیانی گەورەشی هەبێت.
  • دەبێت لە دەرەوە و لە شەقامەکاندا زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم منداڵانەدا بکرێت، چونکە ئەوان زۆربەیان لە شتی مەترسیدار ناترسن، ڕەنگە بە شەقامێکدا بپەڕێتەوە بێ ئەوەی سەیری ئەملا و ئەولا بکات.

قۆناغی هەرزەکاری

١- ئەگەر منداڵەکەت لە قۆناغی منداڵیدا بەباشی ڕاهێنانی پێ کرابێت، ئەگەر ئۆتیزم یان هەر حاڵەتێکی نزیک لە ئۆتیزم بێت و گرفتی زۆریشی هەبێت، ئەوە لە قۆناغی هەرزەکاریدا کەمترین کێشە و گرفت ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە پشتگوێخستنی قۆناغی منداڵی، قۆناغی هەرزەکاری ئاڵۆزتر دەکات.

٢- بیرت بێت قۆناغی هەرزەکاری قۆناغێکی نوێیە، بۆ منداڵی ئاسایی ئەگەر جارێک ئاڵۆز بێت، ئەوە بۆ ئەو منداڵانەی گرفتیان هەیە دووجار ئاڵۆزە، بۆیە دەبێت خۆتی بۆ ئامادە بکەیت و گرنگی پێ بدەیت.

٣- لە قۆناغی هەرزەکاریدا و بەهۆی گەورە بوونیان پێویستیان بە خواردنی زیاتر دەبێت و زوو هەست بە برسێتی دەکەن.

٤- دەبێت منداڵەکە ڕابهێنن لەسەر گرنگی دان بە پاک و خاوێنی، بە تایبەتی لە قۆناغی هەرزەکاریدا هەندێک لایەن زیاد دەکات، دەبێت ڕابهێنرێت لەسەر گرنگی دان بە پاک و خاوێنی ئەو لایەنانە، بەڵام گرنگیپێدان و ڕاهاتن لە قۆناغی منداڵیەوە دەست پێ دەکات.

٥- نابێت هیچ کەسێک لە پێش چاوی ئەو خۆی بگۆڕێت، ئەگەر لە ژوورەکەش بوو، دەبێت بە هەر شێوازێک بووە پێی بووترێت نابێت لەو شوێنە بێت، چونکە کەسێک خۆی دەگۆڕێت.

٦- وا باشترە کەس لەگەڵیدا نەبێت لە کاتی خۆشتن و چوون بۆ توالێت.

٧- پێویستە منداڵەکە لە ژوورێکی تایبەت بخەوێت نەک لەگەڵ دایک و باوکیدا.

٨- دەبێت فێر بکرێت کە شەرم لە هەموو ئەندامانی خێزان و کەسانی دیکەش بکات، کاتێک خۆی دەگۆڕێت یان دەچێتە توالێت یان حەمام.

٩- دەبێت لەم قۆناغەدا لەو بابەت و وێنە و فیلم و گرتە ڤیدیۆیانە بپارێزرێت کە دەبنە هۆی وروژاندنی.

١٠- پێویستە منداڵەکەت لەم قۆناغەدا لای هیچ کەسێک بە جێنەهێڵیت، بە تایبەت کەسی نەناسراو یان کارگوزار، چونکە ئەو منداڵانە لەم قۆناغی تەمەنەدا ئەگەر دەستدرێژیان بکرێتە سەر، ڕەنگە نەتوانن گوزارشت بکەن و ئاگادارتان بکەنەوە.

١١- مەرج نییە قۆناغی هەرزەکاری بۆ هەموو منداڵێک لەو منداڵانە کێشە بێت، ڕەنگە هەندێک منداڵ ئەو قۆناغە بە باشی ببڕێت، لەوانەیە هەندێک منداڵ لە قۆناغی هەرزەکاریدا زۆر لایەنی باش بێت، وەک لایەنی قسەکردن و کۆمەڵایەتی.

ڕێنمای گشتی

١- گرنگترین خاڵ بۆ هەموو بابەتەکان دووبارەکردنەوەیە، واتا ئەم منداڵانە پێویستیان بە دووبارەکردنەوەی هەموو شتێک هەیە، پێویستە دووبارەکان ڕوون کردنەوەی لەگەڵدا بێت.

٢- بۆ هەموو ڕاهێنانەکان، پێویستە لەسەرخۆ بن و کات بە منداڵەکە بدەن. تا تێبگات و وەلام بداتەوە.

٣- ئەگەر منداڵەکە ئاستەنگی هەبوو، نابێت پەلەی لێ بکرێت.

٤- پیویستە هەموو ئەندامانی خێزان بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە بکەن کە گرفتیان هەیە، چونکە جیاوازی لە مامەڵەکردندا دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری منداڵەکە.

٥- ڕاهێنان و چاودێری و خزمەتکردن، تەنها ئەرکی دایک نییە، پیویستە هەموو ئەندامانی خێزان لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بن.

٦- باوک وەکو دایک ڕۆڵی هەیە و دەبێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، ڕەنگە  زۆرجار ڕۆڵی کاریگەر ببینێت، بۆیە بە بیانووی ماندووبوون و ئەرکی دابین کردنی بژێوی ژیان، نابێت لەم پڕۆسەیە بچێتە دەرەوە.

٧- منداڵەکەت لە شوێنە گشتییەکان بێ بەش مەکە لەبەر هەڵسوکەوتە جیاوازەکانی لەو شوێنەدا.

٨- منداڵەکەت بێ بەش مەکە لە شوێن و یارییە گشتییەکان لەبەر ئەوەی خەڵکی بە چاوێکی سەیرەوە تەماشای منداڵەکە و هەڵسوکەوتی ئێوەش دەکەن.

٩- شەرم مەکە و بە خەڵکی بڵێ منداڵەکەت گرفتی چییە، بۆ ئەوەی هۆشیئار بن بەرانبەر ئەم حاڵەتانە.

١٠- کە منداڵەکەت لە شوێنێک هەڵسوکەوتێکی نامۆی ئەنجامدا، هەوڵ مەدە منداڵەکەت بگۆڕیت، یان ئەو هەڵسوکەوتە لەو کاتە بگۆڕیت، هەوڵبدە خۆت بگۆڕیت و دەورووبەر تێبگەیەنە.

١١- رێگە مەدە هیچ کەسێک لای خۆیەوە بڕیار بدات لەسەر منداڵەکەت. بە قسەی دەورووبەر دڵتەنگ مەبن.

١٢- ئەگەر لە شوێنێک منداڵێکت بینی و هەستت کرد گرفتی هەیە، هەوڵ بدە بە شێوەیەکی دروست خێزانەکەی لێ ئاگادار بکەیتەوە، ڕەنگە نەزانێت منداڵەکەی گرفتی هەیە.

١٣- ئەمە هەموو شتێک نییە لە بواری کارکردن و ڕاهێنان و فێرکردنی ئەم منداڵانە، بۆیە زۆر جار تۆ لە بواری کارکردنتدا، دەکرێت بیرۆکەیەکی نوێ بدۆزیتەوە و لە کارکردنتدا بەکاری بهێنیت و سەرکەوتوو بیت.

١٤- مەرج نییە ئەم پڕۆگرام و ڕێنماییانە بۆ هەموو ئەو منداڵانە بگونجێت، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن سوود لەم ڕێنماییانە دەبینیت بۆ ئەوەی گەشە بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکەت بدەیت.

١٥- خۆشەویستی و سووربوون، ئارامی و کارکردن وەکو تیم لە خێزان و لە سەنتەرەکاندا، سەیرکردنی منداڵ وەکو ئەوەی خاوەنی توانایەکی تایبەتە، ئەمانە و چەندین خاڵی تر، دەبنە هۆی ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا سەرکەوتوو بن.


سەرچاوەکان



1118 بینین