ماڵتی ڤیتامین

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-05-10:30:00 - کۆدی بابەت: 11400
ماڵتی ڤیتامین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماڵتی ڤیتامین (بە ئینگلیزی: Multivitamin، بە عەرەبی: ملتي فيتامين) بریتییە لە تێکەڵەیەکی سەرجەم ڤیتامینەکان کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە خواردن و سەرچاوە سروشتیەکانی تردا هەیە، لەشی مرۆڤ پێویستییەتی بۆ پاراستنی ئەندامەکانی جەستە و چاکبوونەوەی دوای نەخۆشی و نەشتەرگەری.

لە چ کاتێکدا بەکاردەهێنرێن؟

مەڵتی ڤیتامینەکان لە بارودۆخێکدا بەکاردەهێنرێن کە جەستەی نەخۆش نەتوانێت لە ڕێگەی خۆراکەوە ڤیتامینەکان وەربگرێت، یان نەخۆشەکە بڕی پێویست لەو خۆراکانە نەخوات کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان. هەروەها ماڵتی ڤیتامینەکان بۆ چارەسەرکردنی کەمی ڤیتامینەکان بەکاردەهێنرێت لەکاتێکدا کە بەهۆی: نەخۆشی، دووگیانی، ڕێجیمی قورس، تێکچوونی کۆئەندامی هەرس و چەندین حاڵەتی ترەوە ڤیتامین لە لەشدا کەم دەبێتەوە.

سوودەکانی ماڵتی ڤیتامینەکان

  • بەسوودە بۆ کەمخوێنی کە بەهۆی کەمی ئاسنەوە دروست دەبێت
  • بێتاقەتی و کەمی کێش
  • قژ هەڵوەرین
  • تێکچوونی پێست
  • زەردوویی
  • بەسوودە بۆ دوای نەشتەرگەری
  • ئارەزووی خواردن زیاد دەکات لە کەسانی بەدخۆراکدا
  • چارەسەری کێشەکانی گەشەکردن کە بەهۆی کەمی ڤیتامینەوە دروست بووە

چۆن ماڵتی ڤیتامینەکان بەکار بهێنین؟

  • لەگەڵ پەرداخێکی پڕ ئاو بیخۆ.
  • ماڵتی ڤیتامین لەگەڵ شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکانی تر، دژە ترشەڵۆکەکان و هەروەها تەواوکەری کالیسیۆم مەخۆ.
  • هەندێک جۆریان کە پێویستی بە جوینە، بەجوانی بیجووە پێش ئەوەی قوتی بدەیت.
  • ئەو جۆرانەی کە دەخرێنە بن زمانەوە پێویستە لە بن زمانت دایبنێیت تاکو بەتەواوی دەتوێتەوە و نابێت بیجویت یان قوتی بدەیت.
  • هەرگیز زیاتر لە ژەمی پێشنیارکراو کە لەلایەن پزیشکەوە نوسراوە زیاتر مەڵتی ڤیتامین مەخۆ. 
  • دووربکەوەرەوە لە خواردنی زیاتر لە یەک بەرهەمی مەڵتی ڤیتامین لە یەک کاتدا مەگەر پزیشکەکەت بۆی دانابیت.
  • بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود بە بەردەوامی و لە کاتی دیاریکراودا بەکاریبهێنە.
  • لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵیبگرە دوور لە شێ و گەرمی، نابێت بیبەستێت.
  • ماڵتی ڤیتامینەکان لەناو دەفری ئەسڵی خۆیاندا هەڵبگرن.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ماڵتی ڤیتامین چییە؟

  • هێڵنجدان 
  • ڕشانەوە
  • ئازاری سک و سکچوون

ماڵتی ڤیتامینەکان بە چەند شێواز هەن؟

  • تابلێت
  • کەپسول 
  • دەرزی و فەوار


سەرچاوەکان



1626 بینین