باشترین وێب سایتەکانی خولی ئۆنڵاین بێ بەرانبەر

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-08-22:41:00 - کۆدی بابەت: 11416
باشترین وێب سایتەکانی خولی ئۆنڵاین بێ بەرانبەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین وێب سایتەکانی خولی ئۆنڵاین بێ بەرانبەر (بە عەرەبی: أفضل مواقع الدورات التدريبية المجانية عبر الإنترنت، بە ئینگلیزی: The best websites for online courses for free) لە میانەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ساڵی ٢٠٢٠دا ناوەندەکانی خوێندن و فێربوون بە ڕووی فێرخوازاندا داخران. بەڵام ناوەندەکان نەوەستان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری فێربوون بە خوازیارانی زانست و پەروەردە، چەندین وێب سایت دەرکەوتن کە بێ بەرانبەر یان لە ڕێگەی بەشداریکردنی مانگانە یان پێدانی بڕوانامە بە پارە لە باشترین زانکۆکانی جیهاندا خولی ئۆنڵاینیان دەست پێ کرد کە ئامانجیان بوو ئەو کەسانەی لە ماڵەوە بێ کار بوون توانست و کارامەییان زیاد بکات لە ڕێگەی خوێندنی ئۆنڵاین و بواریش بڕەخسێنن بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی بڕوانامەی زانستی بوون دەست بکەن بە وانە وتنەوەی ئۆنڵاین. 

باشترین وێب سایتەکانی خوێندنی ئۆنڵاین بێ بەرانبەر

یەکەم: Corsera 

وێب سایتێکی ئەمریکییە و بەشێوەیەکی کاریگەر لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا دەرکەوت کە خولی ئەکادیمی چی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بە ئۆنڵاین، یاخود خولی ڕاهێنان و پێشخستنی توانا و کارامەیی کەسەکان لە زانکۆ ئاست بەرزەکانی جیهان لە دەیان بواری جیاوازدا بەردەست خراون، وەک بازرگانی، تەندروستی، مێژوویی، ئەدەبیات، زمانەکان، بەڕێوەبردن، یاسا، تەکنەلۆجیای زانیاری و چەندان بواری تر. 

تۆ وەکو فێرخواز لەسەرتە بە ئیمێڵێکی ئەکادیمی "زانکۆ" ئەکاونتێک دروست بکەیت و لە پۆلێنی کۆرسەکان دەتوانیت کۆرسە بێ بەرانبەرەکان هەڵبژێریت و دەست بکەیت بەخوێندن، هەندێک زانکۆی کوردستان و عێراق تۆمارکراون لە وێب سایتەکەدا و بەبێ بەرانبەر بڕوانامەکەشت دەداتێ دوای تەواو بوون. لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەی کتێب یان وانەت بە PDF دەداتێ و لە تەواوکردنی هەر هەفتەیەکدا تاقیکردنەوەیەک دەکرێیت ئەگەر سەرکەوتوو بوویت ئەوا دەتوانی بچیتە هەفتەی دواتر، لە هەمان کاتدا ئەرکی ماڵەوەت پێ دەدرێت و دەشتوانی بەشداری گفتوگۆ ڕاستەوخۆیەکان بکەیت لەگەڵ فێرخوازەکانی تر.

دووەم: Alison 

وێبسایت و ئەپێکی ئێرلەندییە تیایدا هەزاران کۆرسی ئۆنڵاینی لە چەندین بواری جیاوازدا بەردەست خستووە. فێرخواز دەتوانێت تەنانەت دبلۆمی پیشەیی بە بێ بەرانبەر بخوێنێت. بەڵام بڕوانامەکەی بە پارە پێ دەدرێت کە سێ شێوازە، PDF و شێوازێکیان لە چوارچێوە گیراوە، شێوازەکەی تر تەنها کاغەزێکە و ناوی خۆت و مۆری دەزگاکە و جۆری بڕوانامەکەتی لەسەرە. هەردوو شێوازەکە گەیاندنی بەخۆڕاییە بەڵام دەبێت بیکڕیت و لە پاکێجێکدا دەگاتە دەستت. 

بەکارهێنانی ئاڵیسن تەواو بێ بەرانبەرە بەڵام بڕوانامەکەت پێ نادات. بەڵام تۆی فێرخواز دەتوانیت سوودمەند بیت لە وانەکان بە شێوەی بێ بەرانبەر و چەندێک بتەوێ دەتوانیت دووبارەی بکەیتەوە.

سێیەم: Udemy

وێب سایت و ئەپێکی ئەمریکییە و بنکەی سەرەکی دەکەوێتە شاری سان فراسیسکۆ. ئەم پڕۆگرامە کۆرسەکانی زیاتر دەربارەی گەشە پێدانی لێهاتووییە. وانەکان بە ڤیدیۆی تۆمارکراوە کۆرسەکان بە شێوەی بێ بەرانبەر بێبەشت دەکات لە وەرگرتنی بڕوانامە بەڵام هەمان کۆرس گەر پارە بدەیت چەند تایبەت مەندییەکی ترت پێدەدات. کۆرسەکان بۆ فراوانکردنی ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی زیاترە لە بوارەکان، لە قۆناغی سەرەتایی تا کارامەیی کۆرس بە چەندین زمان بەردەست خراوە لە بوارە جیاوازەکان.

چوارەم: Great learning

وێب سایتێکی هندییە بە زمانی ئینگلیزی لە ژمارەیەک بواردا کۆرسی ئۆنڵاین بە بێ بەرانبەر پێشکەش دەکات و بڕوانامەکەشت دوای تەواو کردن وەردەگریت بە شێوەی PDF. ئەو بوارەی زۆر گرنگی پێ دراوە تەکنەلۆجیای زانیارییە لەگەڵیدا بوارەکانی تر بە شێوەیەکی کەمتر. چونکە وەکو دەزانرێت لە هندستان تەکنەلۆجیای زانیاری جێگەی بایەخە لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانیان.

پێنجەم: Skillup & Simpli learn

وێب سایت و ئەپێکی هاوبەشە لە نێوان دوو دەزگادا. ناوەندەکە ئەمریکییە و بنکەکەی لە شاری سان فراسیسکۆیە. ئەم وێب سایتە پێویست دەکات بە ئیمێڵێکی ئەکادیمی "زانکۆ" هەژمارەکەت دروست بکەیت، چونکە هەندێک تایبەتمەندی هەیە بۆ ئیمێڵی بێ بەرانبەر و خۆڕایی بەردەست نییە بەڵام لە هی زانکۆدا بەردەستە وەکو وەرگرتنی کاردێک بەناوی Reward card کاتێک پێت دەڵێت بە پەنجە بەشە نادیارەکە بسڕە هەندێک جار کتێب و وانەی زیاتر پێ دەدات. 

ئەم وێبسایتە وانەکانی بە شێوەی ڤیدیۆی تۆمارکراوە هەندێک کۆرس هەردوو شێوازی بیردۆزی و کرداری لە خۆ دەگرێت و لە کۆتاییشدا بڕوانامەکەت بەبێ بەرانبەر پێ دەدات.

تێبینی: تەواوی ئەم پێنج وێب سایتە بڕوانامەکەیان دانپێدانراوە لەلایەن "لینکیدن" و دەتوانرێت بخرێنە سەر CV و وەک دەستکەوت دیاری بکرێت لە بوارەکەی خۆتدا و لە کاتی ئامادە کردنی CVدا دەتوانیت ئاماژە بدەیت بەوەی کە لەم بوارەدا بڕوانامەی دان پێدانراوت وەرگرتووە لە خولی ڕاهێنان و پێشخستنی لێهاتووییدا.


سەرچاوەکان



341 بینین