دەروون سووتان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-21:17:00 - کۆدی بابەت: 11419
دەروون سووتان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەروون سووتان (بە ئینگلیزی: Psychological Burnout، بە عەرەبی: الاحتراق النفسي)، مرۆڤ بەردەوام لە ئەنجامی بوونی چەندەها بەربەست و ڕێگری سروشتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و دەروونی ڕووبەڕووی زۆر گرفت و فشاری دەرەکی و ناوەکی دەبێتەوە، ئینجا ئەگەر توانرا بەسەریاندا سەربکەوین، ئەوا لە حاڵەتێکی ئاسایی و هاوسەنگدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر نەمان توانی بەسەریاندا زاڵ ببین، ئەوا هاوسەنگی خۆمان لە دەست دەدەین و نیشانەکانی ناهاوسەنگی وەک: دڵتەنگی، ترس و دڵەڕاوکێ و خەو لێ زڕان و ڕەش بینی دەردەکەون، ئەگەر دوای ماوەیەک چارەسەریان بۆ نەدۆزینەوە ئەوا مرۆڤ دەگاتە حاڵەتی دەروون سووتان. مەبەست لە دەروون سووتان ئەو حاڵەتەیە کە مرۆڤ لە ئەنجامی بە ئاکام گەیاندنی هەندێک کار و چالاکی زەحمەت و نائاسایی، ڕووبەڕووی فشارێکی دەروونی زۆر دەبێتەوە و تووشی بێزاری و وەڕەسی و ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی دەبێت.

بە بۆچوونی هیلیز سووتانی دەروونی بریتییە لە فشار و تێک چوون و ماندوو بوونی جەستەیی و هەڵچوونی بەهۆی فشاری دەروونییەوە. کەواتە سووتانی دەروونی لە ئەنجامی فشارێکی زۆری دەروونییەوە سەر هەڵدەدات و بەردەوام ئەو کەسە خۆی دەخواتەوە و ماندوو و هیلاک دەبێت و بێزار دیارە زۆر جار دەگاتە ئەو بڕوایەی کە لە ژیان و کەسانی چواردەوری بێزار دەبێت و هەندێک جاریش مامەڵەیان لەگەڵدا ناکات و لێیان دوور دەکەوێتەوە، ڕاستییەک هەیە و دەبێت هەموومان بیزانین، ئەویش ئەوەیە کە کەس نییە لە ئێمە ڕووبەڕووی گرفت و ناخۆشی و بێزاری نەبێتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین ئەوەیە کە مرۆڤ کارێکی قورس و دژوار و ناڕەحەت بکات کە لەگەڵ حەز و ئارەزوو  و تواناکانی ئەودا نەگونجێن و چەند هەوڵ بدات نەتوانێت خۆی لەگەڵیدا بسازێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژانە لە ئەنجامی ئەو کار و چالاکییەوە خۆی بخواتەوە و مێشکی هیلاک و ماندوو ببێت.

دیارترین نیشانە و دەرئەنجامەکانی سووتانی دەروونی

  • کەم بوونەوەی گرنگیدان بە کار و چالاکییەکانی و تووشبوون بە بێ هیوایی. 
  • دابەزینی ورە و بڕوا بە خۆبوون. 
  • هەست کردن بە ماندووبوونی بەردەوام و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن
  • تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی سایکۆسۆماتی وەک: سووتاندنەوەی قورحەی دوانزە گرێ یان گەدە، نەخۆشییەکانی دڵ
  • دەرکەوتنی هەست و سۆزی نەرێنی بەرانبەر دۆست و هاوڕێ و خێزان و خزم و کەس. 
  • ململانێ و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەبەر ئەوەی ئەو کارەی کەسی دەروون سووتاو بە ئاکامی دەگەیەنێت حەز و ویست و ئارەزووەکانی ناهێنێتە دی. 

نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت کە هەموو ئەو نیشانە و دەرئەنجامانەی سەرەوە لەلای یەک کەس دەرناکەون، بەڵکو بە پێی رێژەی سووتانی دەروونی و جۆری کەسایەتی تاکەکان دەگۆڕێن، واتا تا مرۆڤ لە کارەکەی بێزار و وەڕەس بێت و لە ئەنجامیەوە تووشی فشاری و گرفتی زۆر دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کەسایەتییەکی پتەو و بەهێزی نەبێت، ئەوەندە نیشانە و دیاردەکانی سەرەوەی لە لای دەردەکەون. 

کاتێک مرۆڤ هەست بە بێزاری و ناڕەحەتی دەکات ئەوا زۆر پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات

  • زۆر گرنگە یەکەم جار مۆڵەتێکی درێژ وەربگرێت و لە گۆڕەپانی کارکردن دوور بکەوێتەوە و هەوڵ بدات لە ماوەی ئەو مۆڵەتەیدا گەشت و گوزار و گەڕان بکات، بۆ ئەوەی فشار و پاڵەپەستۆی کارکردنی لەسەر کەم ببێتەوە. 
  • ئەگەر لە ئەنجامی ئەو کارەی هەستی بەبێ هیوایی و ناڕەحەتییەکی زۆر کردبوو، ئەوا پێویستە ئەو کەسە هەوڵی گۆڕینی ئەو کار و چالاکییەی بدات و کارێکی تر بکات کە لەگەڵ حەز و ئارەزوو و تواناکانی بگونجێت. 
  • نابێت بە هیچ شێوەیەک ئامانج و مەبەستەکانی لە توانا و لێهاتووییەکانی زیاتر بێت بەڵکو دەبێت بیر لە هێنانەدی ئەو مەبەست و ئامانجانە بکاتەوە کە لە توانایدا هەیە بیانهێنێتە دی. 
  • دوور کەوتنەوە لە سەرجەم ئەو شتانەی کە تووشی تووڕەبوون و ترس و خەم و خەفەتی دەکەن. 
  • دەبێت ئەو جۆرە کەسانە هەوڵ بدەن ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان تێکەڵ بە ژیانی کارکردنیان نەکەن، واتە نەهێڵن و بوار نەدەن کە ناخۆشی و گرفتەکانی بواری کارکردن کار بکاتە سەر ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان. 
  • سەردانی ماڵی خزم و کەس و هاوڕێ و چوونە دەرەوە بۆ شوێنە گشتییەکان. 
  • کەمکردنەوەی کار و چالاکییەکان و تەرخانکردنی هەندێک کات بۆ یاری و خوێندنەوە و هێنانەدی حەز و ئارەزووەکانی. 
  • هەوڵدان بۆ فێربوونی چۆنیەتی زاڵبوون  بەسەر ترس و دڵەڕاوکێ و بێ هیوایی و گۆڕانکاری کردن لە هەندێک ڕاوبۆچوونی ڕووخێنەر و نەرێنی و زۆر بیرکردنەوە لە ژیان و کێشەکانی. 

بۆ ئەوەی بزانیت تووشی سووتانی دەروونی بوویت، سەرنجی ئەم نیشانانەی بدە

١- ئایا ئیش و کارەکەت بێزارت دەکات؟ 

٢- ئایا هەست دەکەیت کە لە ئەنجامی کارکردنەوە تووشی بێزاری و خەم و خەفەت بوویت؟ 

٣- ئایا کاتێک بیر لە کارەکەت دەکەیتەوە، تووشی خەم و خەفەت و دڵەڕاوکێ و ترس دەبیت؟ 

٤- ئایا لە ئەنجامی کارکردن تووشی ماندووبوونی زۆر دەبیت؟ 

٥- ئایا لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کاریان لەگەڵ دەکەیت بێزار دەبیت؟ 

٦- ئایا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوکارەکان و هاوپیشەکانت توندوتیژی؟

٧- ئەگەر بوارت هەبێت واز لە کارەکەت دەهێنیت و دەچیت کارێکی تر بکەیت؟ 

٨- ئایا هەست دەکەیت کە کارەکەت زۆربەی کاتت بەفیڕۆ دەدات؟

٩- ئەگەر بوارت بدەن زوو زوو مۆڵەت وەردەگریت؟ 

١٠- ئایا ئەو کارانەی کە دەیکەیت زیاترن لە توانا و لێهاتووی تۆ؟ 

ئەگەر وەڵامی زۆربەی پرسیارەکان بە بەڵێ بوون، واتای ئەوەیە تۆ لە قۆناغی سووتانی دەروونیدایت و پێویستت بە مۆڵەت و کەش و هەوا گۆڕین و چوونەدەرەوە و کەم کردنەوەی کار و چالاکییەکان هەیە. 


سەرچاوەکان



472 بینین