ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی هاویندا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-19-14:24:00 - کۆدی بابەت: 11467
ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی هاویندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی هاویندا (بە ئینگلیزی: The difficulties of working in the summer، بە عەرەبی: صعوبات العمل في الصيف) هاتنی وەرزی هاوین واتا بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی هەروەها وەرزی هاوین لەگەڵ هاتنی بۆنە و پشووەکانە، بۆیە کارکردن لەم وەرزەی ساڵدا قورسییەکی زیاتری پێوە دیارە. هەمووان پێیان خۆشە پشووەکان لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر بەرن و بۆ ماوەیەک لە کارکردن دووربکەونەوە. هەرچەندە کۆمەڵێک شوێن و دەزگای کارکردن هەیە کە پشووی هاوین نایانگرێتەوە و بەڵکو بەردەوامن لە کارکردن. بە گوێرەی چەن توێژینەوەیەک لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئاب ئاستی وەبەرهێنان بە ڕێژەی ٪٢٠ دادەبەزێت هەروەها ئاستی داڕووخانی کارکردن بە ڕێژەی ٪٤٥ زیاددەکات.

لە کاتی هاویندا زۆربەی ئەوانەی کاردەکەن دووچاری قورسییەکی زیاتر دەبنەوە لە ڕایکردنی کارەکانیان بە کۆمەڵێک هۆکار کە وەرزی هاوین لەگەڵ خۆی هێناون.

گرنگترین هۆکارەکان

ئەو هۆکارانەی وادەکەن کارکردن لە وەرزی هاویندا ناخۆشتر بێت لە چاو وەرزەکانی تر بریتین لە:

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما

ئاشکرایە هاوین ئەو وەرزەی ساڵە کە پلەی گەرمی تا بەرزترین ئاستی بەرزدەبێتەوە. لە هەندێک ناوچە و وڵات پلەی گەرمی لە هاویندا دەگاتە سەرووی ٤٥ پلەی سیلیزی لەوانەشە بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی. ئەم پلە گەرمییە تاقەت پروکێنە و ناخۆشی لە بەردەم کارکردنا دروستدەکات. هەروەها پێویستی بۆ ئامێرەکانی ساردکەرەوە زیاددەکات، لەوانەشە کەسانێک هەبن نەتوانن ساردکەرەوەی پێویست لە شوێنی کارەکانیان دابین بکەن. ئەم گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە دەتوانێت کاریگەری خۆی لەسەر توانای کارکردن و وەبەرهێنان بە گشتی جێبهێڵێت.

کۆتایی هاتنی خوێندن لە ناوەندە ئەکادیمییەکان

لە وەرزی هاویندا لە زۆربەی وڵاتان پشووی خوێندن دەست پێدەکات لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەک پەیمانگا و زانکۆکان. بەڵام کاتێک چیتر تۆ خوێندکار نەماویت و ناتوانیت چێژ لە کاتە پشووەکان، پاسکیلسواری، کۆبوونەوە و یاریکردن لەگەڵ هاوڕێیان، گەشت و سەفەرکردن وەرگریت، بەڵکو لەبری ئەوانە کاردەکەیت تەنانەت ناچاریت لە وەرزی هاوینیشدا درێژە بەکارکردن بدەیت ئەمەش هەستێکی ناخۆشت بۆ دروست دەکات. گومانی تیانییە ئەم هەستە ناخۆشە دەتوانێت کاربکاتە سەر توانای کارکردنت لە وەرزی هاویندا.

کەمبوونەوەی ستافی کارکردن

بێگومان کەسانێکی کەمتر لە وەرزی هاویندا کاردەکەن بەراورد بە وەرزەکانی تری ساڵ ئەمەش وادەکات ژمارەی کارمەندەکان کەمبکەن. کاتێک لەگەڵ ستافێکی کەمتر کاردەکەیت لەوانەیە هەست بە قورسییەکی زیاتری کارەکە بکەیت و ئەمەش لایەنێکی دیکەی ناخۆشییەکانی کارکردن دەبێت لە وەرزی هاویندا. هەروەها لەوانەیە ژمارەیەک لە هاوکارەکانت بڕیاریان دابێ لە وەرزی هاویندا پشوو وەبگرن و کارنەکەن ئەمانەش هەموو کاردەکەنە سەر کارکردنی تاک و وەبەرهێنانی گشتی.

کەمتر گرنگیدان بە خێزان

ئەگەر تۆ کەسێکی خێزانداریت و خاوەنی منداڵیت ناتوانیت چێژ لە پشووی خوێندن وەرگریت و لەگەڵ منداڵەکانت کات بەسەربەیت. لە هاویندا زۆربەی خێزانەکان گەشت و سەفەر دەکەن و گرنگی بە دەرچوونە خێزانییەکان زیاتر دەدەن بەهۆی پشووی خوێندنی منداڵەکانەوە بەڵام ئەگەر گەورەکان کاریان هەبێت ئەوا ناتوانن بە تەواوی چێژ لەو پشووانە وەرگرن. هەروەها ناتوانن کاتێکی زۆر لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیان بەسەر بەرن بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە کارکردنەوە.

چۆن دەتوانیت ڕووبەڕووی ئەم ناخۆشییانە ببینەوە؟

بێگومان کارنەکردن لە وەرزی هاویندا بژاردەیەکی باش نییە، چونکە کەسانێک هەن پێویستیان بەو کارکردنەیە هەروەها بێگومان ناکرێت هەموو شوێنەکان لە وەرزی هاویندا دابخرێن. بەڵام لێرەدا چەن خاڵێک هەیە کە دەتوانیت جێبەجێی بکەیت و بەمەش کەمتر بێزاربیت لەسەر کارەکەت هەروەها دەتوانیت کات بۆ خێزان و کەسە ئازیزەکانیشت دابین بکەیت. لەوانە:

  • زووتر بڕۆ بۆ سەر کار بۆ ئەوەی زووتریش بگەڕێیتەوە.
  • خواردنەوەی خۆش وەک ئاوی میوە بخۆرەوە و دەروونت فێنک بکەرەوە.
  • ڕیزبەندییەک بۆ پلانەکانی هاوین دروست بکە و تیایدا بە جوانی کاتی کارکردن و کاتی گرنگیدان بە خۆت و بە کەسە نزیکەکانیشت دیاریبکە.
  • شتێکی ڕووناک و سەرنجڕاکێش زیاد بکە بۆ نووسینگەی کارەکەت یان بۆ سەر مێزەکەت، بۆ ئەوەی بتوانیت زیاتر چێژ لە کارکردن وەرگریت و کەمتر بێزارببیت.
  • چێژ لە خواردنی مۆتە و بەستەنییەکان وەرگرە لە کاتی کارکردندا.
  • ڕووەک و سەوزایی لە شوێنی کارەکەت دابنە و گرنگیان پێبدە، گەر بۆ شوێنی کارەکەت گونجاو بوو.
  • دەتوانیت کاتی نان خواردنەکانت بکەیتە دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوەت لەگەڵ کەسە نزیکەکان. هەروەها دەتوانیت لەو کاتانەدا بچیتە دەرەوە و بەمەش کەشوهەوایەک بگۆڕیت و وەک گرنگیدانێک بە خێزان و کەسە ئازیزەکانیشت بێت.


سەرچاوەکان



305 بینین