مزگەوتی پوترا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-22-19:20:00 - کۆدی بابەت: 11505
مزگەوتی پوترا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی پوترا (بە ئینگلیزی: The Putra Mosque or Masjid Putra، بە عەرەبی: مسجد بوترا) مزگەوتی سەرەکی پوتراجایە لە مالیزیا. دروستکردنی مزگەوتەکە لە ساڵی ١٩٩٧ دەستی پێکرد و دوای دوو ساڵ لە ساڵی ١٩٩٩ تەواو بوو.

زانیاری گشتی

ئایین ئیسلامی سوننی
شوێن  پوتراجایا لە مالیزیا
پۆتانە جوگرافییەکان 2 56'9.84"N 101°41 20.58"E
تەلارسازی  
شێواز ئیسلامی مۆدێرن، بنمیچی کەوانی، ئاوی
ساڵی دروستکردن ١٩٩٧
ساڵی تەواو بوون   ١٩٩٩
تێچووی دروستکردن  ٢٥٠ ملیۆن دراوی مالیزی
تایبەتمەندییەکان  
قەبارە  ١٥٠٠ مەتر سێجا
گومەز (ەکان) نۆ دانە
بەرزی گومەز (دیوی دەرەوە)  ٥٠ مەتر (١٦٠ پێ)
مینارە (ەکان) یەک دانە
بەرزی مناره  ١١٦ مەتر (٣٨١ پێ)

مزگەوتی پوترا لە نیمچە دوورگەی مالیزیا دەکەوێتە گۆڕەپانی پۆترا و تەنیشت دەریاچەی پوتراجایە، لە ناوەڕاستی شارەکە لە تەنیشت داتاران پوترا. دروستکردنی بە فەرمی لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٩ تەواو بوو بە تێچوونی نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دراوی مالیزی بووە. ناونراوە لەدوای یەکەم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، تۆنگکو عەبدولڕەحمان پوترا ئەلحەج.

مزگەوتی پوترا بە ڕەنگی گوڵ دروستکراوە و لە سێ ناوچەی سەرەکی پێکهاتووە: هۆڵی نوێژ، حەوشە، هەروەها شوێنی فێربوونی جۆراوجۆر و ژووری کارکردن. مزگەوتەکە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا پانزە هەزار نوێژخوێن لەخۆبگرێت. گومەزی سەرەکی و گومەزە بچووکەکان لە بەردی گرافیتی ڕەنگاوڕەنگ دروستکراون و بە ئاڵۆزی ڕازێنراونەتەوە. مزگەوتی پوترا شێوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیزاینی نەریتی مالیزیا لە تەلارسازییەکەیدا تێکەڵ دەکات.

نا موسوڵمانەکانیش دێن بۆ سەردانیکردنی مزگەوتەکە، بەڵام بێگومان ڕۆڵی سەرەکی مزگەوتەکە وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری نییە، بەڵکو وەک شوێنێکی سەرەکی پەرستنە بۆ کۆمەڵگەی موسوڵمانانی پوتراجیایە.

بەشەکانی مزگەوتی پوترا

هۆڵی سەرەکی نوێژخوێنان: بەبێ هیچ دابەشبوونێکی ناوەکی و تەنها دوانزە کۆڵەکەی زەبەلاح، ئەم هۆڵە گەورەیە دەتوانێت بە شێوەیەکی فراوان شوێنی ٨٠٠٠ پەرستەری پیاو لە ئاستی زەوی بگرێتەوە لە کاتێکدا لە نهۆمی یەکەم دەتوانێت ٢٠٠٠ پەرستەری ئافرەت لەخۆبگرێت

هۆڵی فێربوون و خوێندن: هۆڵێکی هەیە تایبەت بە گوێگران و ئەوانەی کتێب دەخوێننەوە و گوێ لە قورئان دەگرن لەوێدا. کە هۆڵێکی گەورەیە بەڵام بەراورد بە هۆڵە سەرەکییەکە بچووکترە و دەتوانێت نزیکە ٣٨٠ کەس لەخۆبگرێت. ژووری وانە وتنەوەشی هەیە کە تیایدا گرنگی بە خوێندنی وانە ئایینییەکان دەدرێت.

هۆڵی نانخواردن و میوان: شوێنێکی تایبەتی هەیە بۆ میوان کە دەتوانێت نزیکە ٢٣٠ کەس لە خۆبگرێت.

خزمەتگوزاری پرسە: بەشێکی تایبەتی هەیە بە پرسە و تەرم.

کتێبخانە: شوێنێکی تایبەتیش بۆ کتێبخانە دیاریکراوە لەناو مزگەوتەکە.

کاتژمێرەکانی سەردانیکردن

ڕێگە دەدرێت بە ناموسڵمانان لە دەرەوەی کاتی نوێژدا سەردانی مزگەوتەکە بکەن. هیچ بڕێکی وەرگرتن نییە لە بەرانبەر چوونە ژوورەوە بۆ ناو مزگەوتەکە.

کاتژمێرەکانی سەردانیکردن بریتین لە:

ڕۆژانی شەممە تا پێنجشەممە: ٩ی بەیانی بۆ ١٢:٣٠ی نیوەڕۆ هەروەها دواینیوەڕۆ لە کاتژمێر ٢ بۆ ٤ی ئێوارە، ٥:٣٠ بۆ ٦ی ئێوارە

هەینی: ٣ بۆ ٤ی دوای نیوەڕۆ ، ٥:٣٠ بۆ ٦ی ئێوارە

شێوازی جل و بەرگ و ڕەفتار

بە ڕێزەوە داوا لە سەردانیکەران دەکرێت جل و بەرگی گونجاو لەبەر بکەن. ژنانی سەردانیکەران ئاڕاستە دەکرێن بەرەو کەنتۆری ڕۆبەکان بۆ ئەوەی ڕۆبێکی ڕەنگ پەمەیی لەبەر بکەن هەروەها کڵاویش لەسەر بکەن. پێڵاوەکان دەکرێت لە دەرەوەی حەوشەکە لەبەر بکرێن، بەڵام دەبێت لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی سەرەکی نوێژ لاببرێن.

هێمایەک لە چوونەژوورەوەی سەرەکیدا هەیە چەن شتێکی لێ نووسراوە، بەم شێوەیەیە: ئەو ئافرەتانەی کە لە سووڕی مانگانەدان نابێت بچنە ناو هۆڵی سەرەکی نوێژەوە. هەروەها داوا لە میوانەکان دەکرێت ڕێز لە مزگەوتەکە بگرن بە پاراستنی پاک و خاوێنی. هەروەها بە نووسراوێک جگەرەکێشان بە توندی قەدەغە دەکرێت.

پروشەری خۆڕایی بە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی تر بەردەستن بۆ یارمەتیدانی ناموسوڵمانەکان بۆ تێگەیشتن لە لایەنەکانی ئیسلام وەک جلوبەرگ و فرەژنی. نوێژکردن لە مزگەوتدا، تێڕوانینی ئیسلام لەسەر عیسا و بابەتەکانی تر.

کۆمەڵێک کارمەندی لێیە کە بە شێوەیەکی هاوڕێیانە وڵانی پرسیاری سەردانیکەران دەدەنەوە. ئەگەر کەسێک تەنانەت هیچ شتێکیش دەربارەی ئیسلام نەزانێت بە دڵنیایەوە سەرسام دەبێت دەربارەی دیمەنی مزگەوتی پوترا و هەڵسوکەوتی کەسەکانی ئەوێ.


سەرچاوەکان



262 بینین