بەرەوپێشبردنی ئاستی گوێگرتن لە زمانی ئینگلیزیدا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-28-21:52:00 - کۆدی بابەت: 11554
بەرەوپێشبردنی ئاستی گوێگرتن لە زمانی ئینگلیزیدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەوپێشبردنی ئاستی گوێگرتن لە زمانی ئینگلیزیدا (بە ئینگلیزی: Improve listening skills in english، بە عەرەبی: تحسين مستوى الأستماع في اللغة الإنجليزية)، ئەگەر دەتەوێت ئاستی قسەکردنت بە زمانی ئینگلیزی ئاستێکی بەرز بنوێنێت، ئەوا بێگومان پێویستە ئاستی گوێگرتنت لە ئاستێکی باشدا بێت، بۆ ئەوەی بتوانیت هەم لەکاتی قسەکردن و هەم لە کاتی گوێگرتنیشدا تێگەیشتنێکی باشت لە کەسی بەرانبەر هەبێت، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان بۆ توانینی قسەکردن و تێگەیشتن لەو کەسانەی کە زمانی ئینگلیزی زمانی دایکیانە. 

کۆمەڵێک تەکنیک هەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی گوێگرتنت لە زمانی ئینگلیزیدا

خوێندنی ئینگلیزی 

مەبەست لە تەکنیکی خوێندنی ئینگلیزی ئەوەیە کە تۆ ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٥ خولەک بۆ ٢٠ خولەک بتوانیت بە زمانی ئینگلیزی بخوێنیت، واتا بتوانیت بە زمانی ئینگلیزی خۆت فێربکەیت کە ئەمەش هاوکارت دەبێت لەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاتێک شارەزاییەکت لە زمانی ئینگلیزیدا پەیداکرد، بتوانیت ئەو بابەتەی کە دەتەوێت، بە زمانی ئینگلیزی بەبێ هیچ کێشەیەک لە تێگەیشتنی بابەتەکە خۆتی تێدا شارەزا بکەیت. 

گوێگرتن لە پۆدکاست 

ئەم جۆرە تەکنیکە بۆ باشترکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی لە ڕووی گوێگرتنەوە زۆر باوە، مەبەست لەم تەکنیکە ئەوەیە کە بتوانیت گوێ لە هەمان جۆری ئەو پۆدکاستە بگریت کە هەفتانە خاوەنی پۆدکاستەکە بڵاویدەکاتەوە، جا بە ئەکسێنتی ئەمریکی بێت یاخود بەریتانی، تۆ هەفتانە گوێ لە هەمان ئەو پۆدکاستە بگرە، بەم شێوەیە بە ماوەیەکی کەم ئاستێکی باش لە گوێگرتن بەدەستدەهێنیت، ئەگەر کەسێک تەنها ماوەی ٦ مانگ گوێبگرێت، دەتوانێت بە ئینگلیزییەکی بێ کێشە قسە بکات، دەتوانیت لە شوێنی کارەکەت، لە کاتی بەتاڵ، لە کاتی شۆفێریدا هەندێک کات دەتوانیت گوێ لە پۆدکاست بگریت. 

گوێگرتن لە گفتوگۆی ئینگلیزی

ڕۆژانە بە شێوەی دەنگی یان دەنگ و ڕەنگ گوێ لە گفتوگۆی زمانی ئینگلیزی بگرە، بۆ ئەوەی شێوازی هەڵسوکەوت و گفتوگۆی قسەکەرە ئینگلیزە ڕەسەنەکان شارەزابیت، ئەم تەکنیکە لەسەر چۆنیەتی گفتوگۆکردن لە زمانی ئینگلیزیدا سوودت پێ دەگەیەنێت. 

خوێندنەوە و گوێگرتنی هەمان کاتی 

لەوانەیە لات سەیر بێت کە لە هەمان کاتدا گوێبگریت و بخوێنیتەوە، بێ گومان دەتوانیت و دەبێت، ئەم ڕێگایە یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی هەردوو ئاستی گوێگرتن و خوێندنەوەت لە هەمان کاتدا، ئەگەر تۆ بخوێنیتەوە و گوێبگریت، سوود و کاریگەریشی لەسەر ئاستی نوسینەکەت دەبێت، بەڵام مەبەست لە خوێندنەوە و گوێگرتنی هەمان کاتی ئەوە نییە کە تۆ کتێبێک بخوێنیتەوە و گوێ لە شتێکی تریش بگریت، مەبەست لەم تەکنیکە ئەوەیە کە تۆ ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە، هەوڵبدە لە ڕێگای کتێبی دەنگیشەوە گوێ لە هەمان ڕۆمان بگریت بە زمانی ئینگلیزی. 

گوێگرتن لە کاتی خەوتندا 

کاتێک دەخەویت، گوێ لە کتێبێکی دەنگی یاخود پۆدکاستێک بگرە، بەم شێوەیە لە کاتی خەوتندا مێشکی نائاگات بە ئاگایە، وەک دەشزانین کە مێشکی نا ئاگا سەدان جار لە مێشکی ئاگا خێراترە، واتا لە کاتی خەوتنت و گوێگرتندا لە کتێبی دەنگی مێشکی نا ئاگات شتەکان وەردەگرێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بە شێوەیەکی بەردەوام زۆر باش نییە و زیانی هەیە، تۆ دەتوانیت لە کاتی پشوویەکدا کە تەنها چاو داخستنێکە و بە ئاگایت، گوێ لە پۆدکاست یان کتێبە دەنگییە دڵخوازەکەت بگریت.


سەرچاوەکان



243 بینین