مەترسییەکانی خێرا لێدانی دڵ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-08-22:24:00 - کۆدی بابەت: 11612
مەترسییەکانی خێرا لێدانی دڵ

ناوه‌ڕۆك

 

ناساندن

مەترسییەکانی خێرا لێدانی دڵ چین؟ (بە ئینگلیزی: The risks of fast heart beating، بە عەرەبی: مخاطر سرعة ضربات القلب؟) خێرا لێدانی دڵ بریتییە لە لێدانی زیاتر لە سەد جار لە خولەکێکدا. هەرچەندە دەکرێت خێرا لێدانی دڵ بەهۆی زیادبوونی ڕاهێنان و چالاکییە بێت. یاخود دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ چەند گرفتێکی تەندروستی کە دەکرێت کۆمەڵێک مەترسی بۆ کەسەکە دروستبکات. بۆ نموونە دیارترینیان کەم ئۆکسجینی خانە و شانەکانی لەش، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکاری چەندین گرفتی تەندروستی بۆ کەسەکە.

مەترسییەکانی خێرا لێدانی دڵ

ئاڵۆزییەکانی خێرا لێدانی دڵ بە پشت دەبەستێت بە چەندین هۆکار، لەوانە:

  • جۆری خێرا لێدانی دڵ
  • تا چەنێک دڵ بە خێرایی لێدەدات
  • لێدانی خێرای دڵ چەندێک دەخایەنێت
  • یاخود بوونی هەر کێشەیەک و نەخۆشییەکی تری دڵ

هەندێک لەو کەسانەی کە کێشەی خێرا لێدانی دڵیان هەیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی خوێن زیاد دەکات کە لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتە بە گشتی (زۆرترین مەترسی هەیە لەگەڵ Atrial fibrillation) یان جەڵتەی دڵ.

لەوانەیە کارمەندی چاودێری تەندروستی دەرمانێکی تەنککردنی خوێن بنوسێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی خێرا لێدانی دڵ. ئەگەر کێشەی خێرا لێدانی دڵت لە جیوبەکان هەبێت بەبێ هیچ هۆکارێکی پزیشکی بنچینەیی، ئەگەری ئەوە نییە هیچ ئاڵۆزییەکت هەبێت. هەر چۆنێک بێت ئەوەی کە بووە هۆی لێدانە خێراکەی دڵ لەو کاتەدا ئەگەر نەمێنێت، لێدانی دڵ دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی.

بەڵام ئەگەر جۆرەکانی تری خێرا لێدانی دڵت هەبێت و چارەسەر نەکرابێتن دەتوانن ببنە هۆی:

  • جەڵتە
  • شکستی دڵ
  • وەستانی دڵ

مەترسییەکانی تری خێرا لێدانی دڵ بریتین لە:

  • خوێنبەربوون
  • خوێن مەین
  • تووشبوون بە هەوکردنەکان
  • تێکشکانی دڵ یان لوولەکانی خوێن
  • زۆر جار بێهۆشی یان بێئاگایی
  • بێتوانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێنی پێویست (شکستی دڵ)
  • مردنی لەناکاو بەزۆری تەنها پەیوەندی هەیە بە خێرا لێدانی دڵ لە سکۆڵەکانی دڵ یان ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی سکۆڵەکانی دڵ.

خۆپاراستن

باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە جەڵتەی دڵ، پاراستنی دڵێکی تەندروست و خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ. ئەگەر پێشتر نەخۆشی دڵت هەیە، چاودێری بکە و پلانی چارەسەرەکەت جێبەجێ بکە. دڵنیابە لەوەی کە لە پلانی چارەسەرەکەت بە باشی تێدەگەیت و هەموو دەرمانەکان بەو شێوەیە وەربگرە کە پێشنیارکراوە.

گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشی دڵ لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ کە دەکرێت ببێتە هۆی خێرا لێدانی دڵ. هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بدە:

  • خواردنێکی تەندروست بخۆ هەڵبژاردنی خۆراکێکی دەوڵەمەند بە دانەوێڵەی تەواو، گۆشتی لاواز، شیری کەم چەوری، میوە و سەوزە. خوێ و شەکر و کحول و چەوری تێرکراو و چەوری ترانس سنووردار بکە.
  • بە بەردەوامی وەرزش بکە هەوڵبدە بە لایەنی کەمەوە ٣٠ خولەک وەرزش بکەیت لە زۆربەی ڕۆژەکان.
  • کێشێکی تەندروستت هەبێت. زیادبوونی کێش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
  • پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ کۆنترۆڵ بکە. گۆڕینی شێوازی ژیان و بەکارهێنانی دەرمان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی پەستانی خوێن (Hypertension) یان بەرزی کۆلیسترۆڵ.
  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە ئەگەر جگەرە دەکێشیت و ناتوانیت واز لە جگەرەکێشان بهێنیت، قسە لەگەڵ کارمەندی چاودێری تەندروستی بکە دەربارەی ستراتیژیەت یان بەرنامەکان بۆ یارمەتیدان لە شکاندنی خووی جگەرەکێشان.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کهولییەکان، ئەگەر ئاڵودەی خواردنەوەی کهولیت قسە لەگەڵ پسپۆڕ بکە بۆ یارمەتیدانت لە چۆنیەتی وازهێنان لە خواردنەوە کهولییەکان.
  • بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر و هاندەری نایاسایی وەک کۆکاین. لە کاتی ئاڵوودەبووندا، قسە لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی خۆت بکە دەربارەی بەرنامەیەکی گونجاو بۆت ئەگەر پێویستت بە یارمەتی بوو بۆ کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
  • بەکارهێنانی دەرمان بە وریاییەوە هەندێک لە دەرمانەکانی هەڵامەت و کۆکە هاندەریان تێدایە کە لەوانەیە ببێتە هۆی لێدانی دڵی خێرا. لە کارمەندی تەندروستیت بپرسە کە پێویستە خۆت بەدووربگریت لە چ دەرمانێک.
  • کافاین سنووردار بکە واته، ئەگەر خووت گرتووە لەگەڵ خواردنەوەی قاوە و کافاینییەکان هەوڵبدە کەمیان بکەیتەوە بۆ خواردنەوەی کوپێک ئەوپەڕی دوو کوپ لە ڕۆژێکدا.
  • فشاری دەروونی بەڕێوە ببە، چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی هەن وەک زیاتر ڕاهێنان کردن، ئەنجامدانی ڕاهێنانی بیرکردنەوە و بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تر.
  • ڕۆشتن بۆ پشکنینی خشتەکراو. پشکنینی جەستەیی بەردەوام ئەنجام بدە و هەر گۆڕانکارییەک لە لێدانی دڵ هەبوو گفتوگۆی لەسەر بکە لەگەڵ کارمەندی چاودێری تەندروستی. ئەگەر نیشانەکان گۆڕاون یان خراپتر بوون یان نیشانەکانی نوێ دروست بوون، دەستبەجێ بە کارمەندی چاودێری تەندروستی بڵێ.


سەرچاوەکان



386 بینین