چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی دوای لەخەو هەستان پڕ وزە بیت

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-13-19:48:00 - کۆدی بابەت: 11628
چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی دوای لەخەو هەستان پڕ وزە بیت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی دوای لەخەو هەستان پڕ وزە بیت (بە عەرەبی: بعض الطرق للبقاء نشيطًا بعد الاستيقاظ من النوم، بە ئینگلیزی: Some ways to stay active after waking up)، ئەگەر دەتەوێت بە ئاسوودەیی بخەویت و زوو لە خەو هەستیت، پێویستە سەرلەنوێ بە خووەکانی ڕۆژانەتەوە بچیتەوە چونکە هەندێکیان کاریگەری نەرێنیان لەسەر پشوودانی شەوانەت هەیە. هەروەها زۆربەی ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکەوتووترین کەسەکانی جیهان کاتژمێر پێنجی بەیانی لە خەو هەڵدەستن.

چەند ئامۆژگارییەکی گرنگ بۆ ئەوەی دوای لە خەو هەستان پڕ وزە بیت

کاتەکانی خەوتنت ڕێک بکەرەوە

ڕەنگە پابەندبوون بەم ئامۆژگارییە تارادەیەک قورس بێت، چونکە پێویست دەکات هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا بخەویت و بەیانیان لە هەمان کاتدا لەخەو هەستیت. پێویستە لە کاتێکدا بخەویت کە هەست بە ماندوێتی دەکەیت. ئەگەر تا دوای نیوەشەو هەستت بە خەواڵوویی نەکرد، ئەوە ڕەنگە بەهۆی خواردنەوەی کافایینەوە بێت، کە وادەکات هەتا نزیکی ١٢ کاتژمێر لە دوای خواردنەوەی خەوت لێنەکەوێتەوە. هەروەها باشترە لە کۆتایی هەفتەدا کاتێکی زیاتر نەخەویت، چونکە کاتژمێری بایۆلۆجیت تێکدەدات. کاتێک جەستەت ڕاهات بە خەوتن و هەستان لە کاتی دیاریکراودا، چیتر پێویستت بە زەنگی مۆبایلەکەت نابێت.

با ڕووناکی خەبەرت بکاتەوە

هەندێک کەس ئارەزوو دەکەن لە درەنگانی شەودا پەردەکان  دابدەنەوە و لە ژوورێکی تاریکدا سەیری بەرنامە و فیلمە دڵخوازەکانیان بکەن. بەڵام ئەم پەردانە ڕەنگە وا لە کاتژمێری بایۆلۆژیت بکەن کە هەمیشە وا بیر بکاتەوە کە هەر جارێک لەم ژوورە تاریکەدا بوویت شەوە. ئەگەر ئەتەوێت بەیانیانی تاریکی  زستان زوو لە خەو هەستیت، دەتوانیت سوود لە کاتژمێرێکی زەنگی تایبەت وەربگریت، کە پێی دەوترێت "ساعة المنبه المضيئة". ئەم کاتژمێرە وردە وردە دەست دەکات بە ڕووناکبوونەوە، هەر وەکوو خۆرهەڵهاتن، هەروەها  دەنگەکەی وردە وردە بەرز دەبێتەوە بەمەش بە تێکەڵەیەک لە دەنگ و ڕووناکی خەبەرت دەبێتەوە.

وەرزشکردن لە بەیانیاندا

وەرزشی بەیانیان زۆرترین چالاکیت پێدەبەخشێت. دوای وەرزشی بەیانیان، هەست دەکەیت پڕ وزە و ئامادەیت بۆ هەر شتێک کە دەکرێت لە ماوەی ڕۆژەکەتدا ڕووبەڕووت ببێتەوە. ئەنجامدانی ئەمەش تارادەیەک قورسە، بەتایبەتی لە مانگە سارد و تاریکەکانی زستاندا. هەر بۆیە باشتر وایە شەوی پێشتر جلوبەرگی مەشق و ڕاهێنانەکانت ئامادە بکەیت، بەیانییەکەی بچیت بۆ هۆڵێکی وەرزشی نزیک ماڵەکەت، ڕێگە مەدە کەمی کات ڕێگریت لێبکات.

خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین لە بەیانیاندا 

ژەمە خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین لە بەیانیاندا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی دەردانی هۆرمۆنی برسێتی. وا دەکات بە درێژایی ڕۆژ ئارەزووی خواردن بکەیت، ئەمەش ئەگەری زیادەڕەوەی کردن لە خواردنی شەوانەدا کەم دەکاتەوە و دڵنیای دەدات لە پشوودانی تەواوەتی لە شەواندا.

خۆراکی چەور

دوای خواردنی ژەمێکی دەوڵەمەند بە پرۆتین لە بەیانیاندا هەست بە برسێتی دەکەیت، پێویستت بە ژەمە خۆراکێکی  چەور دەبێت لە نیوەڕۆدا. هەرچەندە زۆرجار ژەمی ئێوارە بە گەورەترین ژەمی ڕۆژەکە ناسراوە، بەڵام باشترە سووک بێت. ئەمەش یارمەتیدەرە کاتێکی زیاتر بە جەستەت بدەیت بۆ هەرسکردنی خۆراک و دوورکەوتنەوە لە کێشەکانی گەدە لەکاتی خەوتندا.

خەوتن قەدەغەیە

دوای خواردنی ژەمێکی قورس لە نیوەرۆدا، ڕەنگە هەست بە خەواڵووی بکەیت، بەڵام ئەمە ڕێگەپێدراو نییە. ئەگەر هەستت بە خەواڵوویی کرد، هەوڵبدە پیاسەک بکەیت. ئەگەر لە شوێنی کارەکەتدا بوویت هەوڵبدە کارێک بکەیت کە سەرقاڵت بکات، بۆ ئەوەی شەو زووتر خەوت لێبکەوێ و چێژ لە خەوێکی ئارام وەربگریت.

ڕۆتینی شەوانەت بگۆڕە

چالاکییەکانی شەوانە گرنگن بۆ ئەو کەسانەی کە بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستن. ئەو کارانەی شەوی پێشتر ئەنجامی دەدەیت کاریگەری لەسەر ڕۆتینی بەیانیانت دەبێت. بۆ نموونە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان خوێندنەوەی کتێبێکی باش لە کاتژمێر هەشتی ئێوارە و خواردنەوەی قاوە تا نیوەی شەو، لە کاتێکدا کە پێویستە کاتژمێر حەوت بەیانی لە خەو هەستیت. وریا بە لە دانانی ڕۆتینی شەوانەتدا بۆ ئەوەی بەیانیەکەت باشتر بێت.

شاشەکەت بگۆڕە بۆ کتێب

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان کە یارمەتیت دەدەن بەیانیان زوو لە خەو هەستیت و چالاک بیت خەوتنە بە باشی. بەڵام تەماشاکردنی شاشە پێش خەوتن شێواز و کاتی خەوتنت تێکدەدات. ئەمەش بەهۆی ئەو ڕووناکییەیە کە لە شاشەی مۆبایلەکەت یان تەلەفزیۆنەکەتەوە دەردەچێت، جەستەت زیاتر هۆشیار دەکات و وادەکات درەنگتر خەوت لێبکەوێت نەتوانیت بەباشی پشوو بدەیت. هەوڵبدە شەوانە دوو کاتژمێر پێش خەوتن لە شاشەکان دوور بکەویتەوە، هەروەها ئەو کاتەی لەبەردەم شاشەکاندا بەسەری دەبەیت بە خوێندنەوەی کتێبێک بەسەری ببە.

پێداویستییەکانی بەیانیان لە شەواندا ئامادە بکە

پێویستە هەموو ئەو شتانەی لە بەیانیاندا پێویستت پێی دەبێ شەوی پێشتر ئامادەی بکەیت، چونکە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوونی مێشکت لە جەنجاڵییەکان. هەروەها ئامادەکاری پێشوەختە پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی لە بەیانیاندا کاری تر بکەیت، وەک وەرزشکردن یان ئامادەکردنی شەربەتێکی سروشتی.

چێژ لە خەوێکی ئارام وەربگرە

ئەگەر مۆبایلەکەت لێت دووربوو، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن خۆت لە هەموو شاشەکان بەدوور گرت، پێداویستییەکانی نانی نیوەڕۆت ئامادە کردبوو، کلیلی ئۆتۆمبێلەکەت لەسەر مێزی چێشتخانەکە لە تەنیشت ئەو جانتایەی کە جلوبەرگی مەشق و ڕاهێنانەکانتی تێدا دانابوو، ئەوا دوای ئامادەکارییەکانی ڕۆژی دواتر هەموو ئەوەی لەسەرتە خەوێکی ئارامە. دڵنیابە لەوەی ژووری نوستنەکەت ئاسوودە و گەرمە، بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئارامی بخەویت و لەگەڵ تیشکی خۆری ڕۆژێکی نوێدا لە خەو هەستیت.


سەرچاوەکان



343 بینین