فۆبیای پەیوەندی تەلەفۆنی

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-12-04-14:22:00 - کۆدی بابەت: 11675
فۆبیای پەیوەندی تەلەفۆنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فۆبیای پەیوەندی تەلەفۆنی (بە ئینگلیزی: Telephobia، بە عەرەبی: تیلیفوبیا)، ئەگەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەترسیت، بزانە کە تۆ تەنها نیت زۆربەی خەڵک ئارەزوویان لە پەیوەندیکردن یان وەرگرتنی پەیوەندی تەلەفۆنی نییە، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی دڵەڕاوکێی جددیت هەبێت، لەوانەیە لە ژیانی کەسی و پیشەییتدا کاریگەری لەسەرت هەبێت. 

تەلەفۆبیا چییە؟

تەلەفۆبیا بریتییە لە دوودڵی یان ترس لە ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی، چەندین  ناوی تری هەیە، لەوانە فۆبیای تەلەفۆن، تەلەفۆنۆفۆبیا و زۆربەی کات بە دڵەڕاوکێی تەلەفۆن ئەناسرێتەوە. تەلەفۆبیا بە شێوەیەکی گشتی بەراورد دەکرێت بە گلۆسۆفۆبیا (ترس لە شانۆ)، چونکە هەردووکیان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە پێویستە لەگەڵ بینەرێکدا بەشداری بکەن. ئەمە بەزۆری پەیوەستە بە ترسی ڕەخنەگرتن، حوکمدان یان ڕەتکردنەوە و لەوانەیە بکەوێتە ژێر چەتری دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کە کاریگەری لەسەر ١٥ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا هەیە. هەندێک جار  دەنگت یان هەڵبژاردنی وشەکان لەوانەیە وا لە تۆ بکات هەست بە هۆشیاری خۆت بکەیت. 

نیشانەکانی دڵەڕاوکێی مۆبایل

هەندێک لە نیشانەکانی دڵەڕاوکێی مۆبایل بریتین لە:

  • خۆت بەدوور دەگریت لە پەیوەندیکردن.
  • دواکەوتن لە ئەنجامدانی یان وەڵامدانەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان.
  • نیگەرانی لە بێزارکردنی کەسەکەی تر.
  • نیگەرانی لەوەی کە دەیڵێیت.

چی دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی مۆبایل؟

چەندین هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵک تووشی دڵەڕاوکێی مۆبایل بن، نموونەی نەخۆشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی یان گۆشەگیری یان شەرم و ترس.

هۆکارەکانی فۆبیای تەلەفۆنی

دڵەڕاوکێی کارکردن 

باوترین هۆکاری فۆبیا بریتییە لە دڵەڕاوکێی کارکردن، دڵەڕاوکێی جێبەجێکردن ئەو کاتەیە کە کەسێک لەو بارودۆخانە دەترسێت کە پێویستە بە شێوەیەکی بنچینەیی لەبەردەم خەڵکدا کار بکەن، ئەوە پێشکەشکردنی وتارێک بێت یان چاوپێکەوتن لەگەڵ کڕیارەکان، تۆڕی بازرگانی، یان پەیوەندی فرۆشتن بێت. ئەم جۆرە دڵەڕاوکێیە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی دڵەڕاوکێ، چونکە کاریگەری لەسەر نزیکەی %٢٠ـی ئەمریکییەکان هەیە. ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەترسن یان خۆیان بەدوور دەگرن، ئەو کارە دەکەن بەهۆی ترسیان لە هەڵسەنگاندنێکی نەرێنی یان ترسی ئەوەیان هەیە کە لەلایەن کەسانی ترەوە ڕەت بکرێنەوە.

خەمۆکی

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوە لە مۆبایل و پەیوەندی تەلەفۆنی خەمۆکییە. خەمۆکی نەخۆشییەکی جدییە کە دەبێتە هۆی نیشانەکانی وەک دڵتەنگی توند، ماندووبوون و کشانەوەی کۆمەڵایەتی.

کەسایەتییەکی گۆشەگیر

هەندێک جار خۆبەدوورگرتن لە مۆبایل ڕوونکردنەوەیەکی زۆر سادەتری هەیە، وەک ئەوەی کە زۆر گۆشەگیر بیت، ئینتروڤێرتەکان نزیکەی %٢٥ بۆ ٤٠٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و زیاتر تیشک دەخەنە سەر بیرکردنەوە  لەجیاتی ئەوەی بەدوای هاندانی دەرەکیدا بگەڕێن. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان، بەکارهێنانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان کەمتر باو بووە لە کاتێکدا نامە نووسین و ئیمەیڵ دەستیان بەسەردا گرتووە. زۆرێک لەو کەسانەی کە گۆشەگیرن ئەم جۆرە پەیوەندییەیان پێ باشترە و ڕێگەیان پێدەدات خۆیان بەدووربگرن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

نەخۆشی فشاری دەروونیPTSD

نەخۆشییەکی دەروونییە کە کاریگەری دەکاتە سەر%٣٫٥ـی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمە دوای ئەوە ڕوودەدات کە کەسێک ئەزموونی هەر جۆرە ڕووداوێکی تراومایی کردووە و دەتوانرێت بەهۆی فاکتەرەکانەوە دروست ببێت. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی کە لەوانەیە ئەزموونی ڕووداوێکی ئازاربەخشیان کردبێت وەک وەرگرتنی هەواڵی خراپ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەتوانن تووشی PTSD و تەلەفۆبیا بن. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەوانەیە ببنە هۆی PTSD، کە وایان لێدەکات داخراوبن یان خۆیان بەدووربگرن لە قسەکردن بە تەلەفۆن.

چارەسەری فۆبیای پەیوەندی تەلەفۆنی

چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێی تەلەفۆن یان فۆبیا لەوانەیە تەکنیکەکانی چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT) لەخۆ بگرێت، وەک دووبارە پێکھێنانەوەی زانستی و ڕاهێنانی بەرکەوتن. چەندین ستراتیژی یارمەتیدەری خۆت هەیە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ دەربارەی بەکارهێنانی مۆبایلەکە. نموونەی چارەسەرەکان:

ڕێکخستنەوەی زانستی

دووبارە پێکهێنانەوەی زانستی بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی باوەڕ و گۆڕینی بیرکردنەوەی نەرێنی بە جێگرەوەی بنیاتنەرتر. بۆ نموونە، ئەگەر بەردەوام نیگەران بیت لەوەی کە کەسێکی دیکە بێزار دەکەیت کاتێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەکەیت. بۆچی کەسەکە وەڵامی تەلەفۆنەکە دەداتەوە ئەگەر زۆر سەرقاڵ بوو؟ بۆچی داوای تەلەفۆنت لێ دەکرد ئەگەر نەیویست قسەت لەگەڵ بکات؟ لە کۆتاییدا، تۆ دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ ئەگەرێک بەو شێوەیە نییە کە تۆ کەسێکی تر بێزار بکەیت یان ئەو  نایەوێت قسە لەگەڵ تۆ بکات.

ڕاهێنانی بەرکەوتن

ڕاهێنانی بەرکەوتن ڕاهێنانی پلە بە پلە لەخۆ دەگرێت بۆ ڕەفتاری سەختتر  لە حاڵەتی دڵەڕاوکێی تەلەفۆندا، هەڕەمی ترس لەوانەیە شتێک بێت وەک ئەوەی خوارەوە بێت کە لە ئاسانترینەوە بۆ قورسترین کە لیست کراوە. هەر ڕەفتارێک ڕاهێنانی تێدا دەکەیت تا ئەو کاتەی ئاسوودە دەبیت و دەتوانیت بەرەو سەختترین ڕەفتار بڕۆیت.

نموونەی هەڕەمی بۆ دڵەڕاوکێی تەلەفۆن

ئەمەی خوارەوە چەند نموونەیەکە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە کارلێک دەکەن:

  • پەیوەندی کردن بە ژمارەیەک کە دەیزانیت تەنها پەیامێکی تۆمارکراوی هەیە وەک هێڵی خزمەتگوزاری کڕیار.
  • پەیوەندی کردن بە ئەندامێکی خێزان یان هاوڕێیەک کە باش دەیناسیت.
  • بانگکردنی کەسێک کە بە پرسیارێکی سادە.
  • پەیوەندی کردن بە کەسێکەوە کە باش نازانیت دەربارەی بابەتێکی ئاڵۆز.

ستراتیژیەتەکانی مامەڵەکردن

بە شێوەیەکی نموونەیی، پێویستە تەکنیکەکانی هەڵسوکەوتی زانستی لە ژێر چاودێری پزیشکێکی ڕاهێنراودا ڕاهێنان بکەیت. 

١- زەردەخەنە بکە: پێش ئەوەی پەیوەندی بکەیت زەردەخەنەیەک بخەرە سەر ڕوخسارت. یارمەتیت دەدات بۆ پشوودان و هەستێکی خۆشی دەگوازێتەوە بۆ ئەو کەسەی کە قسەی لەگەڵ دەکەیت.

٢- خۆت پاداشت بکە: دوای ئەوەی پەیوەندییەکی قورس دەکەیت، خۆت خەڵات بکە بە بەسەربردنی هەندێک کات لە ئەنجامدانی شتێک کە چێژی لێ دەبینێت.

٣- بەردەستبوون: ئەگەر نیگەرانیت لەوەی کە کاری کەسێک دەبڕیت کاتێک تەلەفۆن دەکەیت، پرسیار بکە کە ئایا لە کاتێکی خراپدا پەیوەندیت پێوەی کردووە ئەگەر کەسەکە کاتی هەبێت ئەوا دەرفەتت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجام بدەیت.

٤- زیاد لە پێویست بیرمەکەرەوە: ئەگەر کەسێک بڵێت نەخێر یان داواکارییەکە ڕەت بکاتەوە، ئەوە بزانە کە لەوانەیە لەبەر زۆر هۆکار بێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. هەوڵبدە زۆر لە کردارەکانی کەسێکی تر نەخوێنیتەوە.

٥- ئامادەبە: کەمێک ئامادەکاری بکە پێش ئەوەی پەیوەندی بکەیت، بە شێوەیەکی گشتی بزانە چی دەڵێیت، بەڵام هەوڵبدە پێشبینی ئەوە بکەیت کە گفتوگۆکە لەوانەیە بەو شێوەیە نەبێت کە پلانت بۆ داناوە. 

٦- شێوازێکی تری پەیوەندیکردن تاقی بکەرەوە: لەوانەیە مۆبایل باشترین ڕێگا نەبێت بۆ پەیوەندیکردن. ئەگەر دەتەوێت تۆمارێکی دیجیتاڵی گفتوگۆکەت هەبێت یان ئەگەر دەتەوێت کات بدەیت بە کەسەکەی تر بۆ بیرکردنەوە پێش وەڵامدانەوە، لەوانەیە ئیمەیڵ باشترین بژاردە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر پێویستت بە گفتوگۆکردنی شتێکی هەستیاری هەبێت یان بابەتەکە ئاڵۆزبێت، پەیوەندی تەلەفۆنی یان کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لەوانەیە باشترین بێت.


سەرچاوەکان



325 بینین