یوتیوبەر کێیە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-05-13:39:00 - کۆدی بابەت: 11679
یوتیوبەر کێیە؟

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا

یوتیوبەر کێیە؟ (بە عەرەبی: من هو یوتیوبر؟، بە ئینگلیزی: Who is Youtuber) یوتیوبەر بریتییە لەو کەسەی لە پلاتفۆرمی یوتیوب ڤیدیۆ بڵاو دەکاتەوە و یوتیوب وەکو سەرچاوەی بژێوی ژیانی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئایا هەموو کەسێک کە لە پلاتفۆرمی یوتیوب ڤیدیۆ بڵاو بکاتەوە یوتیوبەرە؟ بێگومان نەخێر، بۆ ئەوەی ببیتە یوتیوبەر چەند ڕێگا و مەرجێک هەیە.

گرنگترین هەنگاوەکانی بوونە یوتیوبەر

دیاریکردنی بوارێک

کاتێک لە پلاتفۆرمی یوتیوب دەتەوێت ڤیدیۆیەک سەیر بکەیت، کۆمەڵێک بوارت بۆ پێشنیار دەکات، وەکو میکانیک، یاری ڤیدیۆیی، مەیکاپ، خواردن دروست کردن، ڕستن و چنین، چەندین بواری تر. ئەو کەسەی ڤیدیۆ بڵاو دەکاتەوە دەبێت بوارێک هەڵبژێرێت.

دروستکردنی ناوەڕۆک

کەسی یوتیوبەر دەبێت ناوەڕۆکی ڤیدیۆکانی دروستکراوی خۆی بێت، واتا نابێت بیرۆکەی کەسانی تر ببات و بڵاوی بکاتەوە.

بیرۆکەی داهێنەرانەی هەبێت

یوتیوبەر دەبێت بەردەوام بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانەی هەبێت بۆ پێشخستنی ئەو بوارەی کاری تێدا دەکات و لەگەڵ نوێگەریدا بێت. 

دۆزینەوەی خاڵی جیاوازی تۆ لەگەڵ ئەوان

بۆ نموونە لە بواری خانماندا کاردەکەیت و مەیکاپ دەکەیت و شارەزاییت تێدا هەیە، یان لە خواردن دروست کردندا شارەزاییت هەیە و ڕێگای تایبەت بەخۆت هەیە لە تام و بۆندا. کاتێک کەناڵی یوتیوب بۆ هەر مەبەستێک دادەنێیت، دەبێت لە خۆت بپرسی، کە خاڵی جیاوازی تۆ لەگەڵ یوتیوبەرەکانی تر چییە؟ بۆچی دەبێت بینەری تۆ بن و ئەوان فەرامۆش بکەن؟ ئەگەر خاڵی جیاوازی لە خۆت و ئەواندا بەدی نەکەیت ئەوا بابەتەکە دەبێتە لاسایی کردنەوە. 

شێوازی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ

ڤیدیۆکان دەبێت بە پڕۆگرامی مۆنتاژ لەسەر کۆمپیوتەر مۆنتاژ کرابێت، واتا ڤیدیۆی مۆنتاژکراوی مۆبایل نابێت، دەبێت ڤیدیۆکان ڕەنگدانەوەی مەبەست و ئامانجی کەناڵەکەت بێت، واتا بۆ نموونە لە بواری خواردن دروستکردن کاردەکەیت نابێت گۆرانی و هەڵپەڕکێ بڵاوبکەیتەوە. 

ڤیدیۆکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسانی یوتیوبدا بێت، ڤیدیۆی کوشتن و بڕین و توند و تیژی ڕێگەپێنەدراوە، یاخود بردنی ئەو ڤیدیۆیانەی موڵکی کەسین و کۆپی ڕایتیان هەیە گەر ڕیپۆرت بکرێت کەناڵەکەت دەسڕدرێتەوە. 

هەندێ جار یوتیوب بۆ ئەوەی بینەرەکانت زیاتر بێت پێشنیاری کۆمەڵێک ڤیدیۆت بۆ دەکات. بۆ نموونە لە یاری ڤیدیۆییدا پێشنیار دەکات چەند یارییەکی دیاریکراو زیاتر بڵاوبکەیتەوە چونکە بەپێی ئامار و داتای یوتیوب ئەم یارییانە بینەریان زۆرە و خەڵک زۆر بینەری دەبێت. چۆن لە ڕێگەی یوتیوبەوە پارە پەیدا دەکرێت؟

هەر کەسێک دەبێتە یوتیوبەر، ئامانجی ئەوەیە پارە لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە بە دەست بهنێت، جا لێرەدا دوو ڕێگە هەیە بۆ بەدەست هێنانی پارە.

  • لە ڕێگەی بینراوی ڤیدیۆکان کە چەند کاتژمێر بینراوە و ڕێژەی ئەکتیڤ بوونی ڤیدیۆکان بەپێی ڕۆژ-هەفتە-مانگ-ساڵ. کە یوتیوب لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ تا کۆتایی ساڵ داتاکانت وەردەگرێت و چەند ڤیدیۆت هەبێت لەو ساڵەدا پارەت بۆ هەژمار دەکات. 
  • لەڕێگەی ڕیکلامی سەر ڤیدیۆیەکان لە کاتی دەستپێک یان ناوەڕاست و کۆتایی ڤیدیۆیەکە. ئەم ڕێگایە بۆ هەموو کەناڵەکان بەردەستە کە ڕیکلامەکان چەند چرکەیەکە لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ چرکەدایە، یوتیوب ناچارت دەکات بینەری بیت ئینجا دەتوانی سەیری ڤیدیۆیەکە بکەیت. بەهەمان شێوە یوتیوب داتای ئەمەش کۆدەکاتەوە و لە کۆتایی ساڵدا پارەکەت بۆ هەژمار دەکات.


سەرچاوەکان



277 بینین