چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەی زانستی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-08-14:09:00 - کۆدی بابەت: 11693
چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەی زانستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەی زانستی (بە عەرەبی: كيفية كتابة بحث علمي، بە ئینگلیزی: How writing scintific reaserch)، ئەم بابەتە چۆنیەتی نووسینەوەی توێژینەوەی زانستی لە خۆ دەگرێت، کۆمەڵێک ئامۆژگاری  گشتی بۆ توێژەران کە دەتوانن سوودمەند بن لێی لە کاتی نووسینی توێژینەوەی زانستیدا، لە کاتی نووسینی توێژینەوەی زانستی پێویستە نووسەر پەیوەست بێت بە چەند بنەمایەکی زانستییەوە، توێژینەوەکە بە بێ هەڵە و کەم و کورتی بنوسێت.

ڕێنمایی گشتی بۆ نووسینی توێژینەوەیەکی زانستی بە دروستی

نووسینی توێژینەوەی زانستی کارێکی قورسە، پڕۆسەیەکی درێژە بۆ نووسین، دووبارە ڕێکخستنەوە، سڕینەوە و دووبارە نووسینەوە، توێژەری سەرکەوتوو ئەوەیە کە چەندین جار پێداچوونەوە بە توێژینەوەکەیدا دەکات، پێشنیاری ئەوانی تر وەردەگرێت بۆ باشترکردنی ئەوەی کە بتوانێت بە شێوەیەکی کارا بنووسێت بۆ ئەمەش دەبێت پابەند بێت بەم خاڵانەی خوارەوە: 
١. هەموو هەفتەیەک کاتژمێرێک دیاری بکات بۆ نووسین و پابەند بێت بەو کاتەی کە دایناوە.
٢. کات و شوێنی گونجاو دابنێ بۆ نووسینی توێژینەوەکەت، کاتێک دابنێ کە توانای کارکردنت هەبێت و بتوانێت بە مێشکێکی ئارامەوە بنووسیت، شوێن و جێگای کارکردنت گونجاو بێت و ڕووناکی و پلەی گەرمی گونجاوی هەبێت. 
٣. گرنگیدان بە خاڵەکانی توێژینەوەکەت و دووبارە پێداچوونەوە پێیدا. 
٤. دووبارە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانەی کە بەکارت هێناون لە نووسینەوەی توێژینەوەکەدا.
٥. ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ بۆچوونی هاوکارەکەت لەسەر خاڵەکانی توێژینەوە بۆ زانینی هەر بۆشاییەک لە توێژینەوەکەدا، یان لاوازییەک یان بیرۆکەیەکی ناڕوون، هەڵەی زمانەوانی.
٦. تەرخانکردنی هەندێک کات بەبێ پەلەکردن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.
٧. نووسینەوەی توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر باشترە، وا باشتریشە کە توێژینەوەکە لەبەربگیریتەوە بۆ کاتی پێویست.

چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەی زانستی 

بابەتێک هەڵبژێرە

ئەمە یەکەم هەنگاوی توێژینەوەی زانستییە، زۆر کات بابەتی توێژینەوەکە لەلایەن مامۆستای بابەتەکەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام هەندێک کات ڕوودەدات کە خوێندکار خۆی بابەتەکەی هەڵبژێرێت، لێرەدا پێویستە خوێندکار ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی زیرەکانە بەکاربهێنێت و بابەتەکە بە دروستی هەڵبژێرێت، ئەمانە کۆمەڵێک ئامۆژگاریین کاتێک بابەتێک بۆ توێژینەوەکەت دادەنێیت: 

  • بابەتێک بدۆزەرەوە کە سەرنجت ڕادەکێشێت و پەرۆشیت بۆ زیاد دەکات بۆ ئەوەی بێزار نەبیت لە کاتی نووسیندا.
  • خۆت بە دوور بگرە لە هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی کە زۆر تایبەتمەندن یان زۆر گشتین. 
  • ئەم بابەتە وەک پرسیارێک کە پێویستە وەڵام بدرێتەوە یان وەکو کێشەیەک کە پێویستە چارەسەر بکرێت.
  • دەربارەی بابەتەکەت لەگەڵ هاوڕێکانت قسە بکە، ڕاوێژ بە مامۆستاکەت بکە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە نوسین. 

کێشەی توێژینەوە 

یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکانی توێژینەوەی زانستی، پێش ئەوەی دەست بکەیت بە نووسینی توێژینەوەیەک، پێویستە گرنگترین کێشە یان بابەتێک دیاری بکەیت کە توێژینەوەکەت هەیەتی، زانینی کێشەی توێژینەوەکە وا دەکات کە بزانیت لایەنەکانی توێژینەوەکەت چین ئەو وێستگانەت بۆ دیاری ئاشکرا دەکات کە لەسەر توێژینەوەکە ڕادەوەستێت.

لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکە کە دەتەوێت لەسەری بنووسیت

پێش دەستکردن به نووسین پێویستە سەرەتا لێکۆڵینەوە بکەیت و زانیارییەکانی دەورووبەرت بگەڕێیت، سەرچاوەی باوەڕ پێکراو بدۆزیتەوە، هەروەها زۆر بخوێنەوە سەبارەت بەو بابەتەی توێژینەوەکەی لەسەر دەکەیت.

دروستکردنی نەخشەیەکی باش بۆ توێژینەوەکەت

دوای ئەوەی زانیاریی و سەرچاوەت کۆکردەوە سەبارەت بە بابەتەکەت دواتر دەست بکە بە ڕێکخستنی زانیاریی و سەرچاوەکان. 

بە نووسینی ڕەشنووسی سەرەتایی دەست پێ بکە 

دوای تەواوکردنی لە ٪٥٠ی کاری توێژینەوەکە کاتی ئەوەیە دەست بکەیت بە سەرەتای توێژینەوەکەت، پێویستە ناونیشانێکی گونجاو هەڵبژێریت و دەست بکەیت بە دیاریکردنی کێشەی توێژینەوەکەت، دواتر بە دوای ناوەڕۆکی سەرەکی توێژینەوەکەتدا بگەڕێ. 

لە کۆتاییدا پێداچوونەوە بکە بە بەشی کۆتایی توێژینەوەکەت

هەر هەڵەیەک کە بوونی هەیە چاکی بکەرەوە، دڵنیاببەوە لەوەی کە سەرچاوەکانت زانستی بن باشتر وایە پشت بە کتێب ببەستی پێش هەر سەرچاوەیەکی دیکە، دواتر ئەو سەرچاوانەی کە بەکارتهێناون بیکە بە لیستی سەرچاوەکان. 


سەرچاوەکان



1014 بینین