کۆمەڵگەی بەفر (٢٠٢٤)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-01-25-21:27:00 - کۆدی بابەت: 11888
کۆمەڵگەی بەفر (٢٠٢٤)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمەڵگەی بەفر (بە عەرەبی: مجتمع الثلج، بە ئینگلیزی: Society of the snow) فیلمێکی نوێی تۆڕی نێتفلێکسە، کە لە ڕووداوێکی ڕاستی وەرگیراوە ئەویش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆرۆگوایی لە ساڵی ١٩٧٢ لە چیای ئەندێز نزیک وڵاتی چیلی. فیلمەکە بینەر دەخاتە دڵەڕاوکێیەکی زۆر کە وێنای ئەو ساتە دەکات کە تیایدا مرۆڤ بۆ مانەوە لە ژیان چۆن بەرەنگاری مەرگ دەبێتەوە.

چیرۆکی فیلمەکە

لە ساڵی ١٩٧٢دا فڕۆکەیەکی ئۆرۆگوایی کە ژمارەکەی ٥٧١ بوو، کە ژمارەیەک یاریکەری ڕەگبی لە ئۆرۆگوای دەبرد بۆ چیلی بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەکی ڕەگبی لەو وڵاتەدا. فڕۆکە ئۆرۆگواییەکە بە چیای ئەندێزدا گەشتەکەی دەست پێ دەکات و بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەفڕێت، بەڵام لەو ناوچەیە بەهۆی سەختییەکەی بەفرێکی زۆر دەبارێت و بەردەوام لە کەشێکی بەفراوی و سارددایە. فڕۆکەکە بە ناوجەرگەی ئەو شەپۆلە بەفرەدا دەفڕێت و لە پڕ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، فڕۆکەکە دەکەوێتە خوارەوە. لە کۆی ٤٥ سەرنشین تەنها ١٦ سەرنشین لە ژیاندا دەمێننەوە و ڕزگاریان دەبێت. ئەم ٤٥ سەرنشینە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ لەم شوێنەدا جەنگی مان و نەمان دەکەن و پێویستە لەسەریان چاوەڕێی تیمی فریاگوزاری بکەن. خواردنیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. هەندێکیان بڕیار دەدەن تەرمی هاوڕێ مردووەکانیان بخۆن، تا ئەو کاتەی پەرجووەکە ڕوودەدات.

پەیامی فیلمەکە

لە ڕاستیدا ئەم فیلمە و هاوشێوەکانیان کە هەوڵدان بۆ زیندوومانەوە دەخاتە ڕوو، گشتیان خاوەن یەک پەیامن. پەیامەکەش بریتییە لە "مرۆڤ گەر لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پێویستە هەوڵی ڕزگاربوون بدات و کۆڵ نەدات" دەکرێت کەسێک تووشی گرفتێک ببێت کە زۆر سەخت و دژوار بێت. بەڵام دەبێت ئەم کەسە بەهێز و خۆڕاگر بێت و ڕووبەڕووی سەختی و ئاڵنگارییەکانی ژیان ببێتەوە و سەرکەوێت.

ئەم فیلمەش ئەو مەبەستە دەخاتە ڕوو، کاتێک لە ڕادیۆ بۆیان ئاشکرا دەبێت کە تیمی فریاگوزاری کۆڵیان داوە لە گەڕان و پشکنین، سێ لەو ڕزگاربووانە چیا سەختەکان دەبڕن و بەڕێ دەکەون بۆ ئەوەی ئاوەدانی بدۆزنەوە تاوەکو یارمەتی هاوڕێیەکانیان بدەن لەم سێ ڕزگاربووە دووبارە یەکێکیان کۆڵ دەدات، بەڵام دوو دانەکەی تر تا کۆتایی بەردەوام دەبن و بە چیاکەدا دێنە خوارەوە تا ئەو کاتەی هاوکاری بەدەست دەهێنن و هەواڵەکە دەگەیەننە تیمی فریاگوزاری و ئەوانیش دەڕۆن بۆ ڕزگارکردنیان.

کەواتە دەکرێت مرۆڤ ڕووبەڕووی زۆر بارودۆخی سەخت و دژوار ببێتەوە لە ژیانیدا، بەڵام کۆڵنەدان و بەردەوامی کلیلی سەرکەوتن و ڕزگاربوونە. 

ئەکتەرەکان

  • ئێنزۆ ڤۆگرینیک لە ڕۆڵی کەسایەتی نوما تورکاتی.
  • ماتیاس ڕێکاڵت لە ڕۆڵی کەسایەتی ڕۆبێرتۆ کانێسیا.
  • ئۆگستین پارادێللا لە ڕۆڵی کەسایەتی ناندۆ پاڕادۆ.
  • تۆماس وۆڵف لە ڕۆڵی کەسایەتی گوستاڤۆ زێربینۆ.
  • دیاگۆ ڤێگیزی لە ڕۆڵی کەسایەتی مارسێلۆ پێرێز.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی فیلم Society of the snow
دەرهێنەر  J. A. Bayona
سکرین پلەی جەی ئەی بایۆن، بێرنێت ڤیلاپلان.
سیناریۆکەی وەرگیراوە لە ڕۆمانی La sociedad de la nieve نووسینی پابلۆ ڤێرکی.
بەرهەمهێنەر بێلێن ئاتینزا، ساندرا هێرمیدا، جەی ئەی بایۆنا.
سینەماتۆگرافی پێدرۆ لوکوی
چاککردن خاومی مارتی، ئاندرێس جیل.
موزیک مایکڵ جیاکینۆ
کۆمپانیای بەرهەمهێنان misión de Audaces film و El Arriero Films و Netflix.
نیشاندان ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
بڵاوبوونەوە لە نێتفلێکس ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
کات ١٤٤ خولەک.
وڵاتەکان ئەمریکا، ئیسپانیا
زمانەکان زمانی سەرەکی (ئیسپانی) و زمانی پاڵپشت (ئینگلیزی)
بودجە ٦٠ملیۆن یۆرۆ.

خەڵاتەکان

  • براوەی San Sebastián International Film Festival
  • براوەی Mill Valley Film Festival
  • براوەی Middleburg Film Festival
  • براوەی Hollywood Music in Media Awards
  • براوەی European Film Awards بۆ باشترین مەیکاپ. و ڤیژواڵ ئیفێکت.


سەرچاوەکان



253 بینین